سەرەکی » وتار » (کەڵکەڵەوان، کونە بەبوو، کوندە پەپو)

(کەڵکەڵەوان، کونە بەبوو، کوندە پەپو)

نەرمین عوسمان

کوندە بۆ، کەڵکەڵەوان، کونە بەبوو، کوندە پەپو باڵندەیەکی تایبەتە، بایەخی لای مرۆڤ هەیە شوێنی گفتوگۆی نێوان خەڵکە، هەندێک بەباڵندەیەکی تایبەت و جوان و دانا و ژینگە پارێزی دەناسێ و هەندێکیش بەناشرین و شوم و دەنگ ناخۆش و زۆر خەڵکی ناشرینی (روح و شێوە) بەو باڵندەیە دەشوبهێنن، ئەو جۆرە بیرکردنەوانە هیچ لەتایبەتمەندی ئەو باڵندەیە ناگۆڕێ.
کوندە بۆ باڵندەیەکی گۆشتخۆرە، ناوەزانستیەکەی (Strigiformes)ە و بەزمانی ئینگلیزی پێیدەڵێن (OWL).
باڵندەیەکی شەویە، زۆربەیان بەشەوان نێچیڕەکانیان ڕاو دەکەن و بەڕۆژیش لەسەر دار و باخ پشوو ئەدەن و لەچالایی زیندەگی دەکەن و زۆربەی جار چاڵی بەجێماوی بونەوەرەکان بەکاردەهێنن وەک چاڵی زەردەوی کیسەڵ و هەروەها باز و هەڵۆ و چاڵی ناو دارەکان، کونە بەبوو باڵندەیەکی تەمەڵە لەدروستکردنی هێلانەدا.
ئەم باڵندەیە بۆ دوو بەش پۆڵین کراون، پۆلێکیان پێیان دەڵێن کوندەبۆی ڕاستەقینە و دووەمیان کوندەبۆی شوێنی وێران و کاولە لەتەویلەکان و گەوڕدا دەژین 15 جۆری هەیە لەهەموو دونیا بڵاون، تەنها لەبەستەڵەکی باشور ناژین، بچوکترینیان پێیان دەڵێن کورتە باڵا کە درێژیەکەی (12) سم و گەورەترینیان کوندەبۆ هەڵۆیە کە (71) سم، ڕووی پانە لەشێوەی بازنەییە دوو چاوی گەورەی هەیە، ئەتوانێ ملی بەپلەی (270) پلە بسوڕێنێ ئەوەی یارمەتی ئەدات بڕبڕەکانی ملیەتی، لە (14) بڕبڕە پێک هاتووە، لەکاتێکدا هی مرۆڤ (7) بڕبڕەیە، هەروەها ئەو بۆشاییەی دەماری خوێن بەری پیا تێپەڕدەبێ، تەوەرەکەی 10 ئەوەندەی تەوەری دەمارەکەیەتی کەهی مرۆڤ هێندەی خۆیەتی، بۆیە لای کوندە بۆ یارمەتی سەر سوڕاندنی بەو پلەیە دەدات، پەرەکانی سوک و قەدیفەییە وا رێکە کە دەنگ دەمژێ و یارمەتی فڕینی بێدەنگی ئەدات، چاوەکانی لەدەرەوە وەک ژێرپیاڵە وایە و ناجوڵێ لەناو چاڵی چاویدا، چاڵایی چاوی خڕ نیە لەشێوەی ڕەحەتی دایە لاگەورەکەی لەپەیکەری سەریەوە نوساوە و ئەو شێوەیە وایکردووە دەمارە هەستیارەکان ڕاستەوخۆ بە گوێچکە و کەلە سەرەوە بەستراون، هەر بۆیەشە چاو گوێچکەیان یارمەتی یەک ئەدەن بۆ ئەوەی هەست بەکەمترین جوڵە و نزمترین ڕووناکی بکەن، لەبری چاو جوڵاندن مل دەسوڕێنێ بەو پلە زۆرەوە، ئەتوانێ لەدوورەوە بەباشی ببینێ و لەنزیک کەمتر، شێوەی گوێچکەکانی لەئاستی یەکدا نین و هەروەها لەڕووی قەبارەشەوە جیاوازن .
دەنوکی قەلانگە (قەوسە) و نینۆکەکانی بەهەمان شێوە، دەمی وا هەڵکەوتووە بتوانێ نێچیرە بچووکەکان بەیەکسەری قوت بدات و ئەگەر گەورەش بوو دەیباتە هێلانەکەی و بەهۆی دەنوک و نینۆکیەوە پارچە پارچەی دەکات و قوتی ئەدات. ئەوە باوە دەڵێن «کوندە بۆ لەتاریکی زۆردا دەبینین» راستیەکە دەبێ کەمێك ڕووناکی هەبێ، بەڵام بەهۆی پێکهاتەی چاویەوە ئەو تروسکاییانە باش لێکجیادەکاتەوە ، (3) پێڵوی چاوی هەیە یەکێکیان بۆ چاو تروکانە دووانەکەی تریان بۆ خەوتن و هەڵخەڵەتاندنی بەرامبەرە، تاکە باڵندەیە بتوانێ بەهەردوو چاو سەیری یەک ئامانج بکات، مێیەکانیان قورستر و گەورەترن و دڕترن لە نێرەکانیان، مێیەکان لەسەر هێلکە دەنیشن، بەڵام نێر و مێیەکە بەشدارن لە بەخێوکردنی بێچوەکان، بێچوەکان (10 – 12) هەفتە لەهێلانەکانیان دەمێننەوە و (6 – 7) مانگیان دەوێ تافێری فڕین و ڕاو دەبن ئەو باڵندەیەیی کەبۆتە شوێنی ترسی ئێمە، هەستی دایکایەتی و باوکایەتی ئەوەندە بەهێزە و رێز لەژیانی خێزانیان دەگرن تارادەی پەرستن و ناوەستن لەئاگاداری بێچوەکانیان .
بەکۆمەڵە باڵندەیەکی کوندە بۆ دەڵێن پەرلەمان، بێدەنگ بوونیان نیە بەتایبەتی کاتێ تێر دەبن، قیرەی کوندە بۆ لە (4 – 5) بڕگە پێکهاتووە. ئەو باڵندەیە لەڕووی زانستیەوە پاککەرەوەی ژینگەیە دۆستی جوتیارە، و ژینگە لەمشک و جرج پاکدەکاتەوە، کوندە بۆی کاولەکان ئەتوانن (1000) مشک ڕاوبکەن لەساڵێکدا، هەندێکیان نزیک (5-7) مشک ڕاو دەکەن و دەخۆن، کەوایکردووە جوتیارەکان ماددە زیانبەخشەکان بەکارنەهێنن بۆ کوشتنی مشک و جرج بەتایبەتی لەو کێڵگانەی گەنم و جۆ و گەنمەشامی لێیە . کوندە بۆ لەو باڵندانەیە بۆتە شوێنی بایەخی خەڵک و لەدێر زەمانەوە بەهێمای جیاواز باسی لێوەدەکرێت لە (١٥ – ٢٠) هەزار ساڵ پێش ئێستاوە لەئەشکەوتەکانی فەرەنسا وێنەی کێشراوە .
داستان و میسۆلۆجیا و ئاین و کلتورەکان باسیان کردوون، بەشێوەیەکی گشتی لەناوچەکانی ڕوژهەڵات بەهێمای شوم و ماڵوێرانکەر و ئەزیزمردە دائەنرێ، هێمای ناشرینی و ترسە، ئەو جۆرە بیرکردنەوانە تەنها پەیوەستە بەڕۆژهەڵاتەوە، بەڵام لەئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتە پێشکەوتووەکانیش وەک کلتوور و ئەدەبیات و نووسین و شانۆ و فلیم و فلیمی کارتۆن، لەفلیمی هاری پۆتەر بەخراپی باسی لێوەی دەکەن، بەڵام لەهەندێ فلیمی کارتۆنی و خوێندەوار و داناو بیرمەند باسی لێوەی دەکرێ و لەشانۆی (یۆلیوس قەیسەر) پیش مردنی گوێیان لەدەنگی ئەو باڵندەیە دەبێ .
لای فرعەونەکان، رەمسیس (5) کوندە بۆیەکی دەبێ بەناوی (تاووکت) و بایەخێکی زۆری پێ ئەدا تا ڕۆژێک خەریک دەبێ بەباڵەکانی چاوی رەمسیس کوێر بکات ئیتر ڕقی لێ هەڵدەگرێ.
لەداستانی یۆنانیەکان نیشانەی دانایی و بیرمەندی و سەرکەوتنە، لای هیندیە سورەکان نیشانەی مردن و روحی شەرکەرێکە، لای ئوسترالیەکان ڕەگەزی ئەسڵی باڵندەیەکی پیرۆزە و دەڵێن ڕۆحی ژنی تیایە، بۆیە نابێ ئازار بدرێن، لای ئەوروپیەکان خودای بیرمەند ئەو باڵندەیەی لەسەر شانی داناوە، لەوڵاتی هیند بەبیرمەند و دانا دادەنرێ و یارمەتیدەری پەیامبەر بووە، لای ئینگلیزەکان باوەڕیان وابوو ئەگەر کوندەبۆیەکی مردوو بەدەرگا هەڵواسی مردنت لێبەدوور دەخا .
لەکتابی پیرۆز پەیمانی کۆن (تەورات)، 16 جار باسکراوە بەڕق و کینەوە باسی لێوە دەکرێت وەک هێمایەکی شەڕ و شوم و وێرانکەر و فەوتان باسی دەکرێت.
لەشاری وێڵز جاران دەیانگوت گەر کوندە بۆیەک ببینی مانای کچێک کچێنی لەدەستئەدا. لەئیسلامدا بەخراپی ناو نابرێ بەپێچەوانەوە هەندێ لە شیعەکان دەڵێن «لەو کاتەوەی ئیمام حوسێن (ع) شەهید کراوە لە 10 ی موحەرەمدا ئەو باڵندەیە دەگری و خەفەتبارە» (سەرچاوە ، بحار الانوار) ، لەچین نیشانەی گۆڕ هەڵکەندن بووە، لەلای ئۆردونیەکانی کۆن بەبکوژی منداڵی شیرەخۆرە دائەنرێ، لای کورد بەشوم و ماڵوێرانی و مردن باسی لێوە دەکرێ، ئەو بیرو باوەرانە زۆر کەم بوونەتەوە بەهۆی زانیاری و زانستەوە، ئەمانەش سەرچاوەیان گرتووە لەگێڕانەوەی زۆر و بەستنەوەی دەنگ و بینینی بەڕووداوێکی خۆش یان ناخۆشەوە، هەروەها ترس لەشێوە و دەنگە تایبەتیەکەی . لەکوردستان جۆری جیاوازی هەیە لەوانە (کوندەبۆی سپی و کورتەباڵا، گەورە، سەردار، بۆهە، گوێچکە بچوک، قۆچدار و هتد …..) بەپێی سەرچاوەی الدلیل الحقلی لطیور العراق – منظمه‌ طبیعه‌ العراق.
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەو باڵندەیە بۆ باڵانسی ژینگە و پاراستنی و دۆستایەتی جوتیار باڵندەیەکی گرنگە .

 507 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*