لە رێوڕەسمێكدا كە لەكافیتریای ئەمنە سوورەكە لەسلێمانی بەڕێوەچوو، نەرمین عوسمان، چالاكوانی بواری خەباتی ژنان و نووسەرو ئەندامی سەركردایەتی ی.ن.ك، سێ كتێبـی خۆی بڵاوكردەوە، كە یەكێك لە كتێبەكانی بە زمانی عەرەبییە و یەكێكیشیان سەبارەت بە پەروەردەی منداڵانە، ئەوەی دیكەشیان كۆمەڵێك وتارە.
لە چەند رۆژی رابردووداو لە كافیتریای ئەمنە سوورەكە لە سلێمانی، رێوڕەسمی واژۆكردن و بڵاوكردنەوەی سێ كتێبـی نووسەرو چالاكوانی خەباتی ژنان نەرمین عوسمان لە ژێر ناونیشانەكانی «دیاردە و دیدگا»، «لمحات استراتیجیە»و شمشاڵژەنی ئاڵوواڵا» بەڕێوەچوو.
لەو رێوڕەسمەدا سەرەتا نەرمین عوسمان، نووسەری كتێبەكان باسی لە ناوەڕۆك و ئامانجی چاپكردنی كتێبەكانی كردو رایگەیاند: كتێبـی «شمشاڵژەنی ئاڵوواڵا» كتێبكە تایبەتە بە بواری منداڵان و سێكتەری پەروەردەیی، كە بەشێك لە وێنەكانی ناو كتێبەكە بەدەست نەخشێنراون و كۆمەڵە چیرۆكێكی تێدایە، سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان منداڵ و دایك و باوكی و ژمارەیەكیش لەو كتێبە دەخرێتە كتێبخانەی خوێندنگەكانەوە.
هەروەك روونیكردەوە كە كتێبـی «دیاردە و دیدگا» كۆمەڵە وتارێكی خۆیەتی سەبارەت بە گرفتەكانی ژن و ژینگەو بابەتی سیاسی و پەروردەیی.
لەبارەی كتێبـی سێیەمیشەوە كە بەزمانی عەرەبییە بەناونیشانی «لمحات استراتیجیە»، چەندین بابەتی سەبارەت بە ژن و دیموكراسی لەخۆ گرتووە.
لەكۆتایی رێوڕەسمەكەشدا كتێبەكان بەسەر ئامادەبوواندا دابەشكرا.
پرۆفایلی نووسەر:
*نەرمین عوسمان
*ساڵی 1951 لە شاری كۆیە لەدایك بووە.
*ساڵی 1971 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بیركاری لە زانكۆی بەغدا وەرگرتووە، هەر لەگەڵ دروستبوونی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا، بووەتە ئەندامی كۆمەڵە.
*لەساڵی 1970 ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بووە.
*لەساڵی 1979بووە بە پێشمەرگە.
*لە كابینە جیاجیاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان -ئیدارەی سلێمانی پێشوو- چەندین پۆستی وەرگرتووە لەوانە وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزیری پەروەردە.
*لەدوای رووخانی رژێمی عیراق یەكێك بووە لە وەزیرە كوردەكان لەسەر پشكی یەكێتی و لە كابینەی یەكەمی نوری مالكیدا وەزیری دەوڵەت بووە بۆ كاروباری ژنان.
143 جار بینراوە