سەرەکی » مانشێت » مـیـری ئـێـزدیـیــان مـــاڵـئـاوایـی كــرد

مـیـری ئـێـزدیـیــان مـــاڵـئـاوایـی كــرد

كۆسرەت رەسوڵ: بەكۆچی دوایی میر تەحسین بەگ كۆستێكی گەورە لەهەموومان كەوت
زۆر بەداخەوە هەواڵی كۆچی دوایی میر تەحسین بەگ میری كوردانی ئێزدی لەجیهان-مان پێگەیشت، لەناخەوە دڵگران‌و خەمباری كردم، پرسەو سەرەخۆشی‌و هاوخەمیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو ‌و سەرجەم خوشك‌و برایانی ئێزدی دەكەم‌و دەخوازم ئەمە دواكۆست‌و ناخۆشیی هەموومان بێت.
لەمێژووی كوردداو لەسەردەمە جیاوازەكاندا، هەمیشە لەلایەن رژێمە دیكتاتۆرەكانەوە، كوردانی ئێزدی چەوسێنراونەتەوە. بەكۆچی دوایی میر تەحسین بەگ، كۆستێكی گەورە لەهەموومان كەوت‌و داواكارم لەخوای گەورە سەبووریی هەموومان بدات‌و كۆچكردوو بەبەهەشتی بەرینی خۆی شادبكات.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی
جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك)

سەرۆك كۆمار: هەڵوێستە نیشتمانییەكانی میر تەحسین بەگ بەرزدەنرخێنین
بەداخ‌و كەسەرێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی (میر تەحسین بەگ)مان بیست، میری ئایینی ئێزدییانی كوردستان‌و جیهان.
رۆڵ‌و هەڵوێستی نیشتمانیی خوالێخۆشبوو میر تەحسین بەگ؛ لەبەرەنگاربوونەوەی ستەم‌و تیرۆردا، كە یەخەی بەگەلەكەمان بەگشتی‌و برا ئێزدییەكان بەتایبەتی گرتبوو، بەرزدەنرخێنین، مێژوو هەڵوێستی نیشتمانیی خوالێخۆشبوو وەك سیمبولێك بۆ یەكڕیزیی گەل تۆماردەكات.
بەم بۆنە خەمبارەوە پرسە‌و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی خانەوادە‌و كەسوكاری خوالێخۆشبوو ‌و ئێزدییانی كوردستان‌و جیهان‌و هەموو عیراق دەكەم‌و داوام لەخودای گەورە ئەوەیە بەر رەحمەتی خۆی بخات‌و بەبەهەشتی بەرینی شادبكات‌و سەبووریی هەموولایەك بدات.
بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عیراق

مەكتەبی سیاسی: میر تەحسین بەگ چەتری گەورەی پێكەوەژیان بوو
بەداخ‌و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی بەڕێز (میر تەحسین بەگ)، میری كوردانی ئێزدی-مان لەجیهان پێگەیشت، كە بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
بەم بۆنە خەمناكەوە، پرسەو سەرەخۆشی لەكوردانی ئێزدی‌و كەسوكارو بنەماڵەی میری ئێزدیان دەكەین، هاوبەشی خەم‌و پەژارەی هەموولایەكین. میر تەحسین بەگ، وەك میری ئێزدییان رۆڵی گەورەی هەبووە لەپرسە نیشتمانی‌و كۆمەڵایەتییەكاندا، چەترێكی گەورەی پێكەوەژیان‌و ئاشتی بووە بۆ ئێزدیان‌و هەموو پێكهاتەكان.
رۆحی شادبێت‌و ئومێدەوارین ئەوە دواناخۆشیی كەسوكارو بنەماڵەكەیان بێت.
مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك)

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: رۆڵی میر تەحسین بەگ لە پرسە نیشتمانییەكاندا هەرگیز لەبیرناكرێت
بەڕێزان: بنەماڵەی كۆچكردوو میر تەحسین بەگ.. خوشك‌و برایانی ئێزدی لەكوردستان‌و جیهان
بەداخ‌و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی ماڵئاوایی یەكجارەكیی میر تەحسین بەگ میری ئێزدییانی كوردستان‌و جیهان-مان پێگەیشت، بۆ ئەو خەمەتان پرسەو ماتەمینیی قوڵی خۆمتان پێ دەگەیەنم، پرسەو سەرەخۆشیمان ئاڕاستەی خانەوادەی میر تەحسین بەگ بەتایبەت‌و ئەنجومەنی رۆحانیی ئێزدی‌و كوردانی ئێزدی دەكەین.
میر تەحسین بەگ، وەك كەسایەتییەكی دیاری كوردستان‌و میری ئێزدییان، پێگەو رۆڵی لەپرسە نیشتمانییەكان‌و بەهێزكردنی كولتوری پێكەوەژیان‌و نزیكردنەوەی باوەڕەكان‌و سڕینەوەی گیانی توندڕەویی لەكوردستان‌و لەناو ئێزدییان هەرگیز لەبیرناكرێت، لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەمووان.
لەپەروەردگارمان داوایە گیانی كۆچكردوو بەبەزەیی خۆی شادبكات، سەبووریی‌و دڵنەواییش بەخانەوادەكەی‌و خوشك‌و برایانی ئێزدی ببەخشێت‌و ئەوە دوایین دڵتەنگی‌و ناخۆشی بێت.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك)

عەدنان موفتی: هەمیشە هەڵوێستی مەردانە و نیشتمانپەروەرانەی هەبووە
بەداخ‌و دڵگرانیی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی میر تەحسین بەگ میری ئێزدییانمان پێگەیشت.
بۆ ئەو خەمە، پرسەو هاوخەمیی ئاراستەی بنەماڵەی تێكۆشەری میر تەحسین بەگ ‌و سەرجەم خوشك‌و برایانی ئێزدی دەكەم‌و هیوادارم ئەمە دواناخۆشیی هەموولایەكمان بێت.
میر تەحسین بەگ، هەموو كاتێك‌و لەقۆناغە جیاوازەكان‌و لەمێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كوردستاندا، هەمیشە هەڵوێستی مەردانەو نیشتمانپەروەرانەی هەبووەو دەوری كاریگەری گێڕاوە، تا ئەو رۆژەشی گیانی پاكی سپارد، لەهەڵوێستە نیشتمانی‌و نەتەوەییەكانی درێغی نەكردووە.
دووبارە پرسەو هاوخەمی خۆم ئاراستەی هەموولایەك دەكەم‌و هیوادارم ئەمە دواكۆست‌و ناخۆشی بێت.
عەدنان موفتی
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك)

سەعدی پیرە: میر تەحسین بەگ یەكێكە لە كەسایەتییە دیار‌و گرنگەكان لەجیهاندا
هەواڵی كۆچی دوایی میر تەحسین بەگ میری ئێزدییان لەكوردستان‌و جیهان، هەموومانی تاساند، داخ‌و پەژارەی خستە دڵی هەموولایەكمان.
میر تەحسین بەگ؛ یەكێكبوو لەدۆستە دێرینەكانی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال، هەمیشە بەهۆی هەڵوێستی كوردانەی‌و بەشداریكردن لەشۆڕشەكاندا، روبەڕوی دەستگیركردن‌و دوورخستنەوە‌و پەراوێزخستن بۆتەوە، ساڵی ١٩٥٩ بەهۆی پشتگیریكردن لەڕاپەرینی (شواف) لەموسڵ دەستگیركراوە، ساڵی ١٩٦٠ دوورخراوەتەوە بۆ بەغدا‌و دیوانیە‌و عەممارە، ساڵی ١٩٧٥تا١٩٨١ بەناچاری كوردستان‌و عیراقی جێهێشتووە‌و لەبەریتانیا ژیاوە، هەروەها بەهۆی هەڵوێستەكانییەوە دووجار هەوڵی تیرۆركردنی دراوە‌و برینداربووە.
لەكاتی گفتوگۆكانی نێوان ی.ن.ك‌و حكومەتی عیراق لەساڵی ١٩٨٣-١٩٨٤، ئەوكاتە حكومەتی عیراق دەیویست ئێزدییەكان بەعەرەب لەقەڵەمبدات، بەڵام كاتێك میر تەحسین بەگ دەهێننە سەر تەلەفزیۆن‌و بەعەرەبی پرسیاری لێدەكەن، لەوەڵامدا میر تەحسین بەگ، دەڵێت: لەپرسیارەكەت تێنەگەیشتم، چونكە من عەرەبی نازانم، كوردی دەزانم.
میر تەحسین بەگ؛ نەك تەنها لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكە، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهان یەكێكبوو لەكەسایەتییە دیار‌و گرنگەكان.
بەم بۆنەیەوە، پرسە‌و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی میر تەحسین بەگ‌و سەرجەم ئێزدییەكانی كوردستان‌و جیهان دەكەین، لەخوای گەورە‌و میهرەبان دەپاڕێینەوە گیانی خوالێخۆشبوو بەبەهەشتی بەرین شادبكات، سەبر‌و ئارامییش بەهەموولایەك ببەخشێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە
ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و وتەبێژی (ی.ن.ك)

قوباد تاڵەبانی: میر تەحسین بەگ‌و بنەماڵەكەی هەمیشە پەیامی ئاشتی‌و پێكەوەژیانیان بڵاوكردۆتەوە
بەڕێزان خوشك‌و برایانی ئێزدی
بەبۆنەی كۆچی دوایی، میر تەحسین بەگ میری ئێزدییان، پرسەو ماتەمینیی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە‌و كەسوكار‌و هەموو خوشك‌و برایانی ئێزدی دەكەین.
میر تەحسین بەگ، كە كوڕی میر سەعید بەگی ئێزدییە‌و نەوەی عەلی بەگی میری ئێزدییەكانە، رۆڵی بەرچاویان هەبووە لەڕێكخستنی نێوماڵی ئێزدییان‌و راگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ لایەن‌و پێكهاتە‌و نەتەوەكانی تر‌و هەمیشە پەیامی ئاشتی‌و تەبایی‌و پێكەوەژیانیان بڵاوكردۆتەوە، پەیوەندییەكی زۆر پتەو‌و مێژووییشی لەگەڵ هەڤاڵ مام جەلال هەبووە، ئەو پەیوەندییەش رۆڵی گەورەی هەبووە لەبەرپاكردنی ئاشتەوایی لەكوردستان‌و عیراقدا. هەروەها رۆڵێكی گەورەو بەرچاوی هەبووە لەكاتی روودانی نەهامەتییەكانی شەڕی داعش‌و كارەساتەكانی سەر خوشك‌و برا ئێزدییەكان بەڕێگریكردن لەتێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتیی ئێزدییەكان لەوكاتە سەختەدا.
لەدەستدانی میر تەحسین بەگ، جێگەی ئەسەفی هەموولایەكمانە، هیوادارین ئەمە كۆتا ناخۆشیی كەسوكار‌و خوشك‌و برا ئێزدییەكان بێت.
لەپەروەردگاری مەزنمان داوایە، گیانی كۆچكردوو بەبەهەشتی بەرین شادبكات‌و سەبووریی هەموولایەكیش بدات.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆك وەزیران

بافڵ تاڵەبانی: میر تەحسین بەگ، كەسایەتییەكی بەهێزو پێگەیەكی دیاری هەبوو
هەواڵی كۆچی دوایی، میر تەحسین بەگ میری ئێزدییان لەكوردستان‌و جیهان، لەناخەوە دڵگرانی كردین.
میر تەحسین بەگ، كەسایەتییەكی بەهێزو پێگەیەكی دیاری هەبوو لەهەرێم‌و عیراقدا، دۆستی دێرینی هەڤاڵ مام جەلال بوو، كەهەمیشە یەكێكبوو لەو كەسایەتییانەی، گیانی برایەتی‌و پێكەوەژیان‌و یەكتری قبوڵكردنی بەهێزتر دەكرد. لەدەستدانی میر تەحسین بەگ، خەسارەتێكی گەورەیە بۆ خوشك‌و برا ئێزدییەكانمان‌و هەموومان.
بۆ ئەو خەمە، پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی میر تەحسین بەگ‌و كوردانی ئێزدی دەكەین‌و رۆحی كۆچكردووش شادبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی

لاهور شێخ جەنگی: میر تەحسین بەگ كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر بوو
بۆ بنەماڵەی خوالێخۆشبوو میر تەحسین بەگ میری ئێزدییان
بەبۆنەی كۆچی دوایی میری ئێزدییان میر تەحسین بەگ، پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی بنەماڵەو خوشك‌و برا ئێزدییەكان دەكەم. ئەم هەواڵە لەدڵەوە خەمباری كردم‌و هاوبەشی خەمتانم.
خوالێخۆشبوو كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر‌و مرۆڤدۆست بوو، هەمیشە بەگیانی برایەتی‌و تەبایی هەڵسوكەوتی دەكرد، كۆچی دوایی میر تەحسین بەگ، كۆچی یەكێك لەسیمبولەكانی نەتەوەكەمانە.
لەیەزدانی مەزن دەخوازم دواناخۆشی بێت‌و میر تەحسین بەبەهەشتی بەرین شادبكات.
براتان
لاهور شێخ جەنگی

 141 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*