سەرەکی » راپۆرت » قوباد تاڵەبانی: وەكو حزب، گرنگی بە ریفۆرم دەدەین لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانی

قوباد تاڵەبانی: وەكو حزب، گرنگی بە ریفۆرم دەدەین لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانی

ئامادەكردنەوەی بۆ كوردستانی نوێ، دیاری سابیر

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە دیدارێكدا لە بەرنامەی كالوس لە كەناڵی ئەلفوراتی عیراقی، دەربارەی دوا گۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان ‌و عیراق، وەڵامی چەند پرسیارێكی دایەوە.

هاوبەشین لە هەمان شتدا
سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ بەغدا، قوباد تاڵەبانی ئاشكرایكرد: سەردانەكەی بۆ بەغدا، دەرفەتێك بووە بۆ دیداری ژمارەیەك كەسایەتی‌و لایەنی سیاسی، بەتایبەتی كە عیراق لە قۆناغێكی راگوزەردایە، كە حكومەتی فیدراڵ لە قۆناغی تەواوبوونی كابینەكەیدایەو هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە قۆناغی دەستپێكردنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدایە. وتیشی: من لێرەم بۆ ئامادەبوون لە كۆڕبەندو هەروەها بۆ دیداری سەركردە سیاسییەكان‌و كەسایەتییە كاریگەرەكان. لەبەرئەوەی ئێستا بارودۆخەكانیش ئاسایین، پێویست ناكات من پەیام بگەیەنمە بەغدا بەشێوەی تایبەت، ئەو رۆژانە كۆتاییان هات كە هەردوو حكومەتی ناوەندو هەرێم بە یەكەوە قسە نەكەن، چونكە ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە، هەمان ئاستەنگن. ئێمە هاوبەشین لە هەمان شتدا.

سێ سەرۆكایەتییەكە
پێویستیان بە پشتیوانییە
سەبارەت بە سەرۆك وەزیران‌و سەرۆك كۆماری عیراقیش، ئاماژەی بەوەكرد: ئەوان بڕوای بەهێزیان هەیە بە د.عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیران ‌و بڕوای بەهێزیان هەیە بە د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆمار، كە ببنە تیمێكی باشی كاركردن لە بەغدا، بەڵام پێویستیان بەپشتیوانیی ئێمەو سیستمی سیاسییە.
روونیشیكردەوە: دیداری هەبووە لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەو سەركردە گەنجە چالاكەو دەیەوێت گۆڕانكاریی بكات، بۆیە پێیوایە ئەوە هەلێكی زێڕینە بۆ پشتیوانیكردنی گۆڕانكاریی‌و پێویستیان بە كۆمەڵگەو حزبە سیاسییەكان‌و حكومەتیشە بۆ پشتیوانیكردنی سێ سەرۆكایەتییەكە.

یەكێتی و پارتی خاوەنی پەیوەندی مێژوویین
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەربارەی بودجە، وتی: پێموایە كە ئەمساڵ بودجەی گشتیی عیراق زۆر باشترە لە بودجەی ساڵی رابردوو، ئەو رێوشوێنانەی گرتمانەبەر سەرجەمیان دروست‌و دیموكراسی بوون. هەروەها بینیمان كە حكومەت‌و پەرلەمان ویستیان هەبووە بۆ تێپەڕاندنی بودجەو چارەسەركردنی كێشەكان.
باسی لەوەشكرد: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی پەیوەندی مێژوویین‌و سەركەوتن‌و دابەزین لە پەیوەندییەكانیاندا هەیە، بەڵام لە یەكتری تێگەیشتووین. گرنگ ئەوەیە ئێمە كۆكین لەسەر پێكهێنانی حكومەت هەروەك چۆن لە بەغدا رێككەوتین، نەك تەنها یەكێتی‌و پارتی بەڵكو هەموو حزبە كوردستانییەكان لەسەر شێوەی كوتلەیەك توانیمان بودجە تێپەڕێنین. ئەمە پەیوەستە بە عیراقیشەوەو ئەگەر توانیمان ببینە یەك كوتلە، ئەوا دەتوانین زۆر كێشە تێپەڕێنین.
روونیشیكردەوە: یەكێتی‌و پارتی هۆكاری سەقامگیرین‌و ئێمە هەوڵی دەستەبەركردنی سەقامگیریی دەدەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناكۆكییەكان لەسەر مەسەلە ناوخۆییەكان لە هەرێم، هەمیشە ئەو دوو پارتە لەسەر مەسەلە سەرەكییەكان رێككەوتوون، بەتایبەتی لە بەغدا. وڵات پێویستی بە متمانە هەیە، ئێمەش كاری لەسەر دەكەین، بۆیە لە بەغداش پێكەوە دەبین.

گرنگیی بدەن بە كێشە گەورەكان
سەبارەت بە رێكنەكەوتنی یەكێتی‌و پارتی لەسەر كاندیدی وەزارەتی دادی عیراق، ئاماژەی بەوەكرد: ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەن، عیراق كێشەی گەورەتری هەیەو ئێمە كێشەی زیاترمان هەیە، بۆیە پێویستە زیاتر سەرنج‌و گرنگیی بدەن بە كێشە گەورەكان‌و بڕوای زۆری بەوە هەیە كە كێشەی وەزارەتی داد بەم نزیكانە چارەسەر دەبێت. بەڵام پێویستە لەسەریان سەرنج لەسەر كێشە گەورەكان چڕبكەنەوە. وتیشی: حكومەتی رابردوو چوار ساڵ شەڕی لەگەڵ داعش كرد. پاساوەكەشی ئەوەبوو كە بەهۆی سەرقاڵبوونی بە جەنگەوە ناتوانێت خزمەتگوزاری‌و حوكمێكی رەشید پێشكەش بكات‌و هەلی كار دەستەبەر بكات. بەڵام ئێستا چ بیانوویەكی هەیە لە بەرامبەر رای گشتی؟ ئێمە ئێستا وەكو حزب، گرنگیی بە متمانەی گشتی، ریفۆرم دەدەین لەسەر ئاستی ناوخۆیی‌و نیشتمانی. ئەوە كێشەی گەورەیە نەك كێشەی وەزارەتی داد.

ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز هەبوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەر
دەربارەی مەسەلەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان یەكێكە لە ئاستەنگە گەورەكان‌و پێویستە چارەسەر بكرێت. چارەسەری زۆرمان هەیە بۆ كێشەی كەركوك‌و ئەو ناوچانە، لەوانە مادەی 140 ی دەستوور، كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان تەنها پەیوەست نییە بە كەركوكەوە، بەڵكو چەند پارێزگایەكی دیكە دەگرێتەوەو پشتگوێخستنی ئەو كێشەیە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كێشەی سیاسی‌و رەنگە دواتر بگۆڕێت بۆ كێشەی سەربازی. بۆیە دەبێت بە شێوەیەكی حەكیمانە ئیدارە بدرێت. وتیشی: خەڵكی كوردستان‌و یەكێتی دەڵێن كەركوك بەشێكە لە كوردستان‌و ئەوان بڕوایان پێی هەیە، بەڵام دیدی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال ئەوەبوو كە هەموو پێكهاتەكان بە ئاشتی لە كەركوك بژین‌و خۆیان بەڕێوە ببەن. پێویستمان بە چارەسەرە بۆ ئەوەی نەبێتە ناوچەیەكی ناكۆكی لەسەر، خەڵك حكومەتی خۆیان هەڵببژێرن. هەموو خەڵك پێیانوایە كە كێشەكە كێشەی نەوتەو ئەگەر كێشەكە نەوتە، وەرن با چارەسەرێكی بۆ بدۆزینەوە، با نەخشەیەك دابنێین كە چۆن بەغدا یان هەرێم نەوت دەفرۆشن، با كێشەكە چارەسەر بكەین‌و ئەگەر كێشەی نەوت چارەسەر كرا، دەگەینە كێشەی زەوی‌و خانوو، وەرن با نەخشەی چۆنێتیی دابەشكردنی‌و قەرەبووكردنەوەی ماڵەكان دابڕێژین‌و ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسی هەبێت، (ئەمە ئەوەیە كە مام جەلال پێی وتین)، ئەوا چارەسەر دەدۆزینەوە.
دەربارەی دەنگەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكاندا، قوباد تاڵەبانی وتی: لە هەڵبژاردنەكانی 2013، 18 كورسیمان بەدەستهێنا، ئێستا 21 كورسیمان بەدەستهێناوە، بووین بە دووەم، لەكاتێكدا سێیەم بووین و لە هەندێ ناوچە كوردییەكانیشدا یەكەم بووین، ئەوانە هەموویان سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن بوو سەبارەت بە حزبمان‌و هەنگاوێك چوونە پێشەوەیە. بەڵام دەربارەی پێكهێنانی حكومەت، هۆكاری زۆر هەیە بۆ دواكەوتنی، پێكهێنانی حكومەتی پێشوو 10 مانگی خایاند، بەڵام پێموانییە پێكهێنانی ئەم حكومەتە ئەوەندە بخایەنێ.
سەبارەت بە چاكسازییەكانیش، ئاماژەی بەوەكرد: پێویستمان بە چاكسازیی بوو، 400 هەزار ئاوارە لە كوردستان بوون، لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت‌و بوونی كێشەی سیاسی، بەڵام ئێمە بڕیارماندا چاكسازیی بكەین، بە تایبەت لە كەرتی گشتیدا.

حزبەكەمان پێویستی بە سەركردایەتی و خوێنی تازە هەیە
دەربارەی دۆخی یەكێتی-ش، قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە: لە دوای نەخۆشكەوتن‌و كۆچی دوایی مام جەلال، شۆكێكی گەورە دروستبوو، ئەوەش ئاساییە بۆ حزبێكی پەیوەست بە رابەرەكەیەوە كە تووشی كێشەی دەروونی ببێت، بەڵام كۆنگرەی نوێی یەكێتی دەبەستین‌و حزبەكەمان پێویستی بە سەركردایەتی‌و خوێنی تازە هەیە بۆ ئەوەی سەركردایەتیی حزب بكات. وتیشی: پێموایە حزب سەركردەی نوێ هەڵدەبژێرێت، بەڵام كەس نییە شوێنی مام جەلال پڕ بكاتەوەو ناتوانێت كێشەكانیش وەكو مام جەلال چارەسەر بكات، ئەو دیدو خوێندنەوەو وتەی خۆی هەبوو كە تائێستاش بە زیندوویی ماونەتەوە، پێویستە ئێمە پارێزگاری لە دیدو رێبازی مام جەلال بكەین. كوردستان بەهێزە بە یەكێتییەكی بەهێزو عیراقیش بەهێزە بە یەكێتییەكی بەهێز.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״زامنكردنی مافەكانی گەلی كوردستان״

دوای دەستپێشخەرییەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی ...