سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » كەركوك، پرسـە سەرەكییەكەی رێكەوتنی یەكێتی و پارتی

كەركوك، پرسـە سەرەكییەكەی رێكەوتنی یەكێتی و پارتی

كەركوك لە نێو پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، یەكێكە لە پرسە كێشە لە سەرەكان، بەجۆرێك تا نووسینی ئەم بابەتەش هێشتا روون نییە چارەسەرە مام ناوەندییەكە چی دەبێت بۆ ئەوەی پرسەكە بەلایەكدا بكەوێت.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یەكەم كۆبوونەوەی راوێژكاریدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كودرستان، هەڵوێستی روون بوو لەوەی كە پرسی كەركوك، پرسێكی دانەبڕاو دەبێت لە پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەم پێداگیرییەی یەكێتی تاوەكو ئێستا وایكردووە كە پارتی نەتوانێت بلیتی پێكهێنانی حكومەت بەئاسانی ببڕێت و كێشەكە یەكلایی بكاتەوە.
پارتی وەك چۆن پێیی وایە كەركوك داگیركراوە، ئاواش دەیەوێت گفتوگۆ لە بارەی پێكهێنانی حكومەت بەبێ كەركوك بگەیەنێتە دوا وێستگەی خۆی. واتە هەموو ئەو حزبانەی كە دەوێت لە بارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێدا گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات، كەركوك بخاتە دەرەوەی پرسە سەرەكییەكان. هەر وەك ئەوەی كە پارتی لەگەڵ گۆڕان كردی و تەنانەت رێككەوتنیشیان ئیمزا كرد.
بۆ بزووتنەوەی گۆڕان چەقی ململانێكان چوار پارێزگاكەی هەرێمە، واتە بزووتنەوەیەكە هێشتا روون نییە كە سیاسەت و بیركردنەوەی لە بارەی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لە كوێی داكۆكیكردنی خەباتە نەتەوەییەكەیەتی.
گۆڕان لە ساتەوەختی دەركەوتنیدا خۆی وەك هێزێك پیشانداوە كە خەباتی جەماوەری خۆی لە پێناو گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە هەرێم دژ بە دوو هێزی دەسەڵات (یەكێتی و پارتی) پەرە پێدەدات، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات، چ گوتاری سیاسی و چ خەباتە سیاسییەكەی بزووتنەوەی گۆڕان، لەو چوارچێوەیە دوور كەوتۆتەوە كە ئومێدی گۆڕانكارییە ریشەییەكەی لێ بكرێت.
ئێستا لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێدا، تەنانەت شتەكە بەجۆرێك گۆڕاوە كە گۆڕان نایەوێت لە رێككەوتنە سیاسیەكانیدا گوێ بە هەندێك روودواو لەحزەی مێژوویی بدات كە سەردەمانێك خۆراكی پێگەیاندن و گەشەكردنی بزووتنەوەكە بووە، (خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات). بۆیە كە ئەمە روودەدات رێككەوتنیش لەگەڵ نەیاری سەرسەختدا زۆر ئاسان دەبێت.
پارتی لە خراپترین دۆخدا هەمیشە پێی وابووە دەتوانێت بزووتنەوەی گۆڕان بەو جۆرە رازیبكات كە خۆی دەیەوێت، تەنانەت هەندێك جار وەك كارتێكی گوشاریش بەكاری هێناوە.
لە كابینەی رابردوودا، رێككەوتنی پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان، رێككەوتنێكە بوو بۆ (گێم ئاوتی یەكێتی)، كە بۆ ئەوە پارتی زۆر زیرەكانە بزووتنەوەی گۆڕانی وەك كارتێكی گوشار بەرامبەر یەكێتی بەكاردەهێنا. بەتایبەت كە ئەوكات یەكێتی لەلایەنی دەروونییەوە چ سەبارەت بەوەی كە پاشەكشەیەكی زۆری لە سەر ئاستی جەماوەریدا كرد، چ ئەوەی كە لە ناوخۆشیدا ململانێی باڵەكان گەیشتبۆوە ئاستێكی خراپ.
لەم كابینەیەدا و لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتدا، گۆڕان لە رێی رێكەوتنێكەیەوە لەگەڵ پارتی دەیەوێت گوشارێكی سیاسی بۆ سەر یەكێتی دروست بكات، بەتایبەت كە یەكێتی هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی بەبێ یەكلایی بوونەوەی پرسی كەركوك هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ لەگەڵ پارتی خێراتر بكات.
بەڵام رەوشەكە ئێستا كەمێك جیاوازترە، بەجۆرێك كە ئەم رێكەوتنەی گۆڕان و پارتی ئەو كاریگەرییەی رێكەوتنەكەی كابینەی هەشتی بەسەر یەكێتییەوە نابێت.
ئێستا یەكێتی هەم لەسەر ئاستی جەماوەریی بارودۆخی باشترە، هەم لە ناوخۆشدا رەوشەكەی باشترە و جۆرێك لە كۆدەنگی هەیە لە شێوازی مامەڵكردن لە گەڵ پارتی و شێوزای رێكەوتنەكەی لە پرسی پێكهێنانی حكومەتدا.
روونە كەركوك، بەهۆی رووداوەكانی دوای ریفراندۆمەوە بەم رەوشەی ئێستای گەیشت، بۆیە دوای ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ ناوەند، ئێستا یەكێتی هیچ بەهانەیەك بۆ ئەوە نابینێت كە پارتی لە بارەی ئاساییكردنەوەی مەسەلەی كەركوك بەهەمان گوتارە میدیایی و سیاسییەكەی ساڵێك لەمەوبەر لە بارەی مامەڵە لەگەڵ كەركوكدا بكات. بۆیە یەكێتی دەیەوێت پرسەكە لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێدا گرێبدات و رێكەوتن بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی دووەم حزبە نوێیەكان لە هەرێمی كوردستان، وەك چۆن بە ...