سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » مه‌رگی ره‌خنه‌گر

مه‌رگی ره‌خنه‌گر

حسه‌ین له‌تیف

رۆلان بارت مه‌رگی نووسه‌ری راگه‌یاند، چونكه‌ ئه‌ویش وه‌ك مالارمێ پێی وابوو ئه‌وه‌ی له‌ ده‌قدا قسه‌ ده‌كات زمانه‌، نه‌ك ده‌قنووس. ده‌قنووس به‌ ته‌نها كه‌ناڵێكه‌ زمان لێیه‌وه‌ خۆی نمایش ده‌كات. زمانیش به‌ ده‌ربڕینی سۆسیر، سیستمێكه‌ له‌ ئاماژه‌، هه‌موو ئاماژه‌یه‌ك ئاماژه‌ بۆ كراوێكی هه‌یه‌، ده‌كرێت هه‌ر ئاماژه‌یه‌ك زیاتر له‌ ئاماژه‌ بۆ كراوێكی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌وه‌ستیته‌ سه‌ر پاشخانی خوێنه‌ر، تاچه‌ند ده‌توانێت له‌ پشت هه‌ر ئاماژه‌یه‌كه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ كراوی جیاواز ببینێته‌وه‌. له‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی رۆلان بارته‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگی په‌یدا كردووه‌ ده‌ق و خوێنه‌ره‌، ئه‌وه‌شی گرنگی نه‌ماوه‌ ده‌قنووسه‌. خوێنه‌ر كاری به‌سه‌ر ده‌قنووسه‌وه‌ نییه‌، هه‌وڵیش نادات مه‌به‌سته‌كانی ده‌قنووس بزانێت، هێنده‌ی مه‌به‌ستێتی خۆی راڤه‌ی ده‌ق بكات و مانای جیاوازی پێببه‌خشێت. راگه‌یاندنی مه‌رگی ده‌قنووس له‌ كارخستنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌قنووسه‌ به‌سه‌ر ده‌قه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ فلۆبێر پێی وابوو هاوتای ده‌سه‌ڵاتی خودایه‌ به‌سه‌ر گه‌ردوونه‌وه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌بێت نه‌بینرێت و له‌ هه‌موو پنتێكی ده‌قدا هه‌ستی پێبكرێت.
دوای تێپه‌ربوونی چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی رۆلان بارت ئێمه‌ گوێمان له‌ مه‌رگی ره‌خنه‌گر ده‌بێت، رونان ماكدۆنالد له‌ كتێبی (مه‌رگی ره‌خنه‌گر)دا باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ دونیای دیجیتاڵیدا، ره‌خنه‌گری ئه‌كادیمی رۆڵی نامێنێت، چونكه‌ پێگه‌ و ماڵپه‌ڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌رفه‌تی نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆچوون ده‌ده‌ن به‌ خوێنه‌ر، خوێنه‌ر ده‌توانێت به‌ ئاسانی كۆمینتی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و كتێبه‌ بنووسێت و بڵاوی بكاته‌وه‌ كه‌ ده‌یخوێنێته‌وه‌ یان خوێندوویه‌تییه‌وه‌. خوێنه‌ر ده‌توانێت به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر كتێبێك بخوێنێته‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنجی جیاواز له‌سه‌ر ئه‌و كتێبه‌ بزانێت كه‌ به‌نیازه‌ بیخوێنێته‌وه‌. رۆنان ماكدۆناڵد ده‌ترسێت به‌ هۆی نووسینی خێراوه‌ رۆڵی ره‌خنه‌گرانی ئه‌كادیمی له‌ شانۆی رۆشنبیرییدا كورت ببێته‌وه‌ بۆ ئاماده‌كردنی په‌یپه‌ری پڕ له‌ ده‌ربڕینی ئاڵۆز كه‌ ده‌سته‌بژێریكی ئه‌كادیمی ناو زانكۆكان نه‌بێت كه‌سی تر لێی تێناگات و گرنگی پێنادات.
راگه‌یاندنه‌كه‌ی ماكدۆناڵد
راگه‌یاندنه‌كه‌ی ماكدۆناڵد وه‌ك ئه‌وه‌ی بارت پرسه‌ بارانه‌ نییه‌، بارت پرسه‌ی ده‌قنووسی دانا، خێرا ناوه‌نده‌كان به‌ده‌م راگه‌یاندنه‌كه‌وه‌ رۆیشتن، راگه‌یاندنه‌كه‌ی بارت هاوكاتی شۆڕشه‌ خوێندكارییه‌كه‌ی ساڵی 1968 بوو، كه‌ داوای ئازادبوونیان له‌ هه‌موو فۆرمه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌كرد، به‌تایبه‌تی له‌ناو ئه‌كادیمیاكاندا، ئه‌گه‌ر شۆڕشی خوێندكاری فه‌ره‌نسا نه‌یتوانی بێت ده‌سه‌ڵات ملكه‌چ به‌ ویستی خۆی بكات، ئه‌وا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ رۆلان بارت كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌قنووس هێنا. ده‌سه‌ڵاتی ره‌خنه‌گریش له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت بڕیار له‌سه‌ر چۆنایه‌تی ده‌قه‌كان ده‌دات و خوێنه‌ر ئاراسته‌ ده‌كات، شۆڕشه‌ خوێندكارییه‌كه‌ی ساڵی 1968 و راگه‌یاندنه‌كه‌ی بارت، زه‌مینه‌ی هه‌ستكردن به‌ مه‌ترسی مه‌رگی ره‌خنه‌گر و راگه‌یاندنی ئه‌و مه‌رگه‌ لای ماكدۆناڵد دروست ده‌كه‌ن. ده‌ترسێت خوێنه‌ر جێگای ره‌خنه‌گر بگرێته‌وه‌، ئه‌م مه‌ترسییه‌ش زه‌مینه‌و بیانووی هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌موو كه‌سێك میدیا و كه‌ناڵی په‌یوه‌ندی خۆی هه‌یه‌، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت به‌بێ فلته‌ركردن چی پێخۆشه‌ بینووسێت و بڵاوی بكاته‌وه‌، كتێبێك گه‌وره‌و گرنگ بكات و كتێبێكی تر بێبه‌ها بكات، سه‌رنجدانێك له‌ پێگه‌و ماڵپه‌ڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێمان ده‌ڵێت ئه‌مه‌ حاڵه‌ت نییه‌ و دیارده‌یه‌. وه‌ها دیارده‌یه‌ك ناتوانێت مه‌ترسی بۆ ره‌خنه‌گری ئه‌كادیمی دروست بكات، چونكه‌ ئه‌و كۆمێنتانه‌ی له‌ ماڵپه‌ره‌كاندا ده‌یانخوێنینه‌وه‌ خێران و زیاتر ره‌هه‌ندی چێژ به‌سه‌ریاندا زاڵه‌، له‌ كاتێكدا پێوه‌ری ره‌خنه‌گره‌كان بۆ نرخ پێدانی ده‌ق زانستییه‌، ره‌خنه‌گره‌كان به‌ تیۆره‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی و زمان ده‌قه‌كان ده‌خوێننه‌وه‌ و حوكمیان له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، هه‌موو ئه‌و تیۆره‌ جیاوازانه‌ پێكه‌وه‌ ره‌خنه‌ ده‌كه‌ن به‌ زانستێك وه‌ك هه‌ر لقێكی تری زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان.
ماكدۆناڵد هه‌ر به‌ته‌نها پێگه‌ و ماڵپه‌ره‌كان به‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر چاره‌نووسی ره‌خنه‌گر نازانێت به‌ڵكو جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ندین بۆچوونی دژه‌ ره‌خنه‌گر له‌ كه‌لتووری رۆژئاوادا ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ پشتیوانی له‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كه‌ن، بۆ نموونه‌ ده‌ڵێت:»ره‌خنه‌گر له‌ وێنه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌یدا بوونه‌وه‌رێكی پاسیڤه‌، توانای به‌رهه‌مهێنانی تێكستی هونه‌ری نییه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی ناشایسته‌ به‌توانایه‌، له‌ تێكشكاندنی ناوبانگی داهێنه‌راندا، به‌هۆی نووكی قه‌ڵه‌مه‌ ژه‌هراوییه‌كه‌یه‌وه‌». ئه‌و وێنایه‌ی بۆ ره‌خنه‌گری ئه‌كادیمی هه‌یه‌ له‌و چه‌شنه‌ بێبنه‌مایه‌، چونكه‌ مێژووی ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی چه‌ندین ناوی گه‌وره‌ی تێدایه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ره‌خنه‌گری دیاری سه‌رده‌می خۆیان بوون و كاریگه‌ریشیان به‌سه‌ر سه‌رده‌مه‌كانی دوای خۆیانه‌وه‌ هه‌بووه‌، توانای به‌رهه‌مهێنای تێكستی داهێنه‌رانه‌شیان هه‌بووه‌، له‌وانه‌ (تی.ئێس.ئیلیۆت) نه‌ك هه‌ر تێكستی داهێنه‌رانه‌ی نووسیووه‌، به‌ڵكو چه‌ندین كتێبی له‌سه‌ر لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی رۆشنبیریی هه‌یه‌.
كۆمپانیای ئه‌مازۆن، هانی خوێنه‌ره‌كانی ده‌دات كۆمێنت له‌سه‌ر ئه‌و كتێبانه‌ بنووسن كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی ئه‌مازۆن دانراون. رۆنان ماكۆدۆناڵد، باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ ئه‌مڕۆدا خوێنه‌ر پێویستی به‌وه‌ نه‌ماوه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بكات بزانێت چ ده‌قێك له‌لایه‌ن ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ ڤیزا و نرخی ده‌درێتێ. ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌گری ئه‌كادیمی به‌ره‌و مردن ده‌بات! پرسیاری من ئه‌وه‌یه‌ ئایا ده‌كرێت سه‌رنجی (خوێنه‌ری ئاره‌زوومه‌ند) جێگا به‌ ( خوێنه‌ری ئه‌كادیمی-ره‌خنه‌گر) لێژبكات؟ ئه‌ركی كۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌به‌ به‌ دوای ئه‌م پرسیاره‌دا بڕوات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*