سەرەکی » زانست » پۆشاكی ئاینده‌ وه‌ك فێنككه‌ره‌وه‌…

پۆشاكی ئاینده‌ وه‌ك فێنككه‌ره‌وه‌…

پۆشاكی ئاینده‌ وه‌ك فێنككه‌ره‌وه‌ و زۆپا ده‌بێت

پۆشاكی ئاینده‌ گه‌رمی و ساردی له‌ش كۆنترۆڵ ده‌كات
له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا پۆشاكه‌كان جۆرێك دروست ده‌كرێن كه‌ هه‌ندێك كه‌پسولی پرۆگرامكراو له‌ خۆ بگرن و پله‌ی گه‌رمی له‌ش كۆنترۆڵ بكه‌ن له‌ڕێگه‌ی فێنككردنه‌وه‌ی له‌ش له‌گه‌رما و گه‌رمكردنه‌وه‌ی له‌ش له‌كاتی سه‌رمادا.
 زانایانی سه‌نته‌ری ته‌كنه‌لۆژیای نانۆ‌و مادده‌ هۆشمه‌نده‌كان كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ باكوری پۆرتۆیه‌ له‌ پرتوگال، سه‌رقاڵی كاركردنن له‌سه‌ر ئه‌و دیزاینه‌ نوێیه‌ی پۆشاك كه‌ ده‌توانێت فریادڕه‌سێكی باشی ئه‌وانه‌ بێت له‌ هاویندا زۆر گه‌رمایان ده‌بێت یان له‌ شوێنی گه‌رمدا كار ده‌كه‌ن و یانیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ زستاندا زۆر سه‌رمایان ده‌بێت.
زانایان كه‌پسولی زۆر بچووكیان دیزاین كردووه‌  كه‌ هه‌زار جار له‌ پانیی تاڵه‌ مووی مرۆڤ بچووكتره‌ و له‌ كه‌پسولی نیشاسته‌ دروست كراوه‌ و پڕ كراوه‌ له‌ مادده‌ی مۆمیی، ئه‌و كه‌پسولانه‌ ده‌توانن گه‌رمی بمژن و گه‌رمی بده‌نه‌وه‌ و ده‌توانرێت به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی به‌ڕیشاڵی جلوبه‌رگه‌وه‌ بلكێنرێت، مۆمه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌ك دروست كراوه‌ كه‌ له‌سه‌روو پله‌ی گه‌رمیی له‌شی مرۆڤه‌وه‌ ده‌توێته‌وه‌‌و گه‌رما هه‌ڵده‌مژێت و كاتێك له‌ش سارد ده‌بێت مۆمه‌كه‌ ده‌یبه‌ستێت و ڕێگه‌ له‌ سه‌رماكه‌ ده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر له‌شی مرۆڤ نه‌كه‌وێت.
زاناكان له‌و بڕوایه‌دان ئه‌و ته‌كنیكه‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی دیزاینكردنی تازه‌ی جلوبه‌رگی وه‌رزشیش كه‌ زۆر یارمه‌تیده‌ری وه‌رزشكاران ده‌بێت له‌ كاتی مه‌شقه‌كانیاندا.
خانمه‌دكتۆر (كارلا سیلیڤا) كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و ته‌كنیكه‌ نوێیه‌یه‌ ده‌ڵێت» هه‌وڵ ده‌ده‌ین  ئه‌و دیزاینه‌مان تا سێ ساڵی دیكه‌ له‌ڕووی بازرگانییه‌وه‌ بكه‌وێته‌ بازاڕه‌وه‌».
 ئه‌و وتیشی» ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ ده‌توانرێت له‌ جلوبه‌رگی ده‌ره‌وه‌ و جلوبه‌رگی كار‌و وه‌رزشییه‌كان‌و جلوبه‌رگی ناوماڵیشدا به‌كار بهێنرێت، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی باشتركردنی مه‌گێزی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌  به‌رگه‌ی كه‌شی سارد و گه‌رم ناگرن، به‌ تایبه‌ت مناڵان و به‌ ساڵاچووان».
 ئه‌و زانایانه‌ كه‌ پرۆژه‌كه‌یان له‌ لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ یارمه‌تی دارایی بۆ ته‌رخان كراوه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كدا قسه‌یان كردووه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی ته‌كنه‌لۆژیاكه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له‌ دروستكردنی جلوبه‌رگدا به‌كار بهێنرێت.
سه‌رچاوه‌: العلوم والتكنولوجیا
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*