قوباد تاڵەبانی: هاووڵاتیان چاوەڕوانی زیاتر دەكەن لە حوكمڕانیی باشتر و خزمەتگوزاریی زیاتر
دوێنێ، شەشەمین دیداری سلێمانی لەژێر ناونیشانی (عێراقو دراوسێكانی بەرەو سیستمێكی نوێی هەرێمایەتی)، لەزانكۆی ئەمریكی دەستیپێكردو دوو رۆژ بەردەوام دەبێتو لەچەند پانێلێكدا دوایین پێشهاتو رووداوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو سەقامگیریو حوكمڕانییەكی دروستو ئابوورییەكی گەشەسەندوو، گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت. هاوكات دیارترین ئەو ئاستەنگانەی كە عیراق روبەڕوی بۆتەوە، وەك چڕیی دانیشتووانو پیشەسازیی وزەو گەشەپێدانو وەبەرهێنانی كەرتی تایبەتو دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكانو ئاسایشی ئاو، تاوتوێدەكرێن.
گفتوگۆ لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان بكەین
لەدیدارەكەدا، بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك)و د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراقو ژمارەیەكی زۆر لەلێپرسراوانی باڵای ناوخۆو دەرەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتاری دەستپێكردنی دیدارەكەی پێشكەشكرد، تێیدا باسی لەگرنگیی دیدارەكە كرد بۆ كۆكردنەوەی سیاسەتمەدارو لێپرسراوانی عێراقیو نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێكردنی پرسە گرنگەكانی ئەم سەردەمەو وتی: «دیداری سلێمانی ساڵ لەدوای ساڵ لەگەشەكردندایە»، ئاماژەی بەوەشكرد، كە»پێویستە دیدارەكە تەنها كێشەكان نەخاتەڕوو، بەڵكو گرنگیشە گفتوگۆ لەسەر چارەسەركردنیان بکات»، جەختیشیكردەوە لەسەر پێكەوە كاركردن لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەكاندا.
قوباد تاڵەبانی، راشیگەیاند: رێكخستنی ئەم دیدارە لەكاتێكی هەستیارو مەترسیداردایە، كە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەتایبەت كە عێراق دابڕاو نییە لەكێشەو ململانێ جیهانییەكانو لەمكاتەشدا مەیدانی ململانێ هەرێمیو نێودەوڵەتییەكانە، ئەم ململانێیانەش بەشێكن لەو تەحەددایانەی روویان لەعیراق كردووە، كە ئەم كێشانە كێشەی سەرەكیو تاكە تەحەددی بەردەم عیراق نییە، بەڵكو گەورەترین تەحەددی لەبەردەم عێراقدا بەكوردستانیشەوە، چاوەڕوانییەكانی كۆمەڵانی خەڵكەو وتیشی: خەڵكی عیراق بەدانیشتووانی هەرێمی كوردستانیشەوە، چاوەڕوانی زیاتر دەكەن لەحكومەتەكانیان، لەحوكمڕانیی باشترو خزمەتگوزاریی باشترو زیاتر، بۆ ئەوەش لەئێستادا دەرفەتی مێژوویی رەخساوەو نەخشەی سیاسی لەعێراقدا گۆڕاوەو حكومەتێكی نوێ پێكهێنراوە، ئومێدێكی نوێ بەخشراوە بەكۆمەڵانی خەڵك.
ئەو دەرفەتە مێژووییەی رەخساوە دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی كۆمەڵانی خەڵك
لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو عێراقیشەوە، جێگری سەرۆكی حكومەت، تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە كە خۆشبەختانە ئێستا پەیوەندییەكی بەهێزترو كاریگەرتر هەیە لەنێوان هەرێمو عێراقدا، بەتایبەت كە لە دوو سێ رۆژی رابردوودا هەنگاوێكی گرنگ بۆ پێشخستنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نرا، بەوەش بە حكومەتێكی نوێ لەبەغداو لەهەرێمیشو پابەندبوونی هەردوو حكومەت بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانیانو هەماهەنگییەكانیان، ئەوا دڵنیام ئەو دەرفەتە مێژووییەی بۆمان رەخساوە دەبێتە مایەی خێرو خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی عێراقو كوردستان.
لەكۆتایی قسەكانیشیدا، لەبارەی هەڕەشەو مەترسییەكان، بەتایبەت هەڕەشەی گروپە تیرۆریستییەكان، قوباد تاڵەبانی، ئەوەی خستەڕوو كە ئێستا عێراق لە جەنگێكی تردایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا، كە داعش لەئێستادا خاوەنی خاك نییەو بۆتە ریكخراوێكی تیرۆریستی، بۆیە دەبێت بەهەمووان روبەڕوی مەترسییە نوێیەكانی داعشو گروپە تیرۆریستییەكان، ببینەوە.
بەم زووانە كەموكوڕییەكان كۆتاییان پێدێتو حكومەت پێكدەهێنرێت
هەر لەیەكەم رۆژی دیداری سلێمانیدا، چەندین پانێل بەڕێوەچوو. د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، لەگفتوگۆیەكدا، قسەی لەسەر چەند پرسێكی تایبەت بەعێراقو ناوچەكە كردو هیوای خواست، «شەشەم دیداری سلێمانی دەرفەتێكی باش بۆ لێكتێگەیشتن بهێنێتە ئاراوە»و راشیگەیاند: بەم زووانە كەموكوڕییەكان كۆتاییان پێدێتو حكومەت پێكدەهێنرێت.
د.بەرهەم ساڵح، لەسەرەتادا باسی لەدوایین بەرەوپێشچوونەكانی شەڕی روبەڕوبونەوەی داعش كردو وتی: ئەو سەركەوتنانەی بەرامبەر رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بەدەستهاتن، سەركەوتنی گرنگن، وتیشی: ئێستا چەند شانەیەكی داعش لەعێراقو سوریا ماون، ئەوەش بەو مانایە دێت كە مەترسیی تیرۆرو داعش ریشەكێش نەكراون، كە رەنگە تیرۆریستانی داعش هەلێك بدۆزنەوە بۆ خۆڕێكخستنەوە بەتایبەت لەسوریا، بۆیە پێویستە بارودۆخی سیاسی رێكبخرێتەوە، ئەوەش لەپێناوی روبەڕوبونەوەی مەترسییەكان.
ئەگەر گەندەڵی لەناونەبەین ناتوانین روبەڕوی كارەساتەكان ببینەوە
سەبارەت بەگەندەڵیش، سەرۆك كۆمار، تەئكیدیكردەوە كە گەندەڵی، كارەكان پەكدەخات، ئەگەر گەندەڵی لەناونەبەین ناتوانین روبەڕوی كارەساتەكان ببینەوە، ئاشكراشە پرسی گەندەڵی بەدروشم چارەسەرناكرێت، هەر لەوڕووەشەوە لەوەرزی دووەمی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەراندا میكانیزمی نوێ بۆ لەناوبردنی گەندەڵی دەخرێتەڕوو، كە هیوادارم ئەوەی لەتواناماندایە ئەنجامی بدەین بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی. لەبارەی تێپەڕاندنی كێشەكانی بەردەم حكومەتی عێراقیش، ئەوەی خستەڕوو كە عێراق نزیكبۆتەوە لەوەی لەو گێژاوە بێتەدەرەوە كە چوار دەیەیە پێیدا تێدەپەڕێتو وتیشی: عێراق بەرەو گۆڕانكاریی ئابووریی گەورە هەنگاودەنێتو لەتوانایدایە وەبەرهێنانی گەورە بكات، كە ئێستا عێراق بۆتە پردێك بۆ ئابووریی ناوچەكە، بۆیە ئەگەر عێراق هەرەس بهێنێت ناوچەكە هەرەس دەهێنێت.
لەدرێژەی گفتوگۆكەیدا، د.بەرهەم ساڵح، لەبارەی قەیرانی هەشت ساڵەی سوریاوە، قسەی كردو رایگەیاند: ئەوەی لەسوریا روویدا كارەساتێكی گەورە بوو بۆ وڵاتەكەو ناوچەكە، رەوشی سوریا بەرگەی دواكەوتنی زیاتر ناگرێت، بۆیە وەك عێراق پشتگیری لەچارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا دەكات.
عەممار حەكیم: بەرژەوەندیی عێراق لەوەدا نییە لایەنگریی بكات
عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە لەمیانی بەشداریكردنی لەشەشەمین دیداری سلێمانی، رایگەیاند: بەرژەوەندیی عێراق لەوەدا نییە لەكێشەو ململانێی نێوان هێزە هەرێمیو نێودەوڵەتییەكان، لایەنگریی بكات، وتیشی، هەڵەیە ئەگەر عێراق لەسیاسەتی دەرەوەیدا پشتیوانی بەرەیەك بكات لەدژی بەرەیەكی تر.
لاهور شێخ جەنگی: داعش، مەترسییەكانی لەسەر عێراق و ناوچەكە ماوە
لاهور شێخ جەنگی لێپرسراوی ئاژانسی پاراستنو زانیاری/زانیاری، لەمیانی بەشداریكردنی لەدیداری سلێمانی، رایگەیاند: داعش وەك ئەو خەلافەتەی كە رایگەیاندبوو كۆتایی هاتووە، بەڵام بەشێوازێكی ترو لەشێوەی رێكخراوەكانی قاعیدەو ئەنساروئیسلام، دێنەوە مەیدان، داعش مەترسییەكانی لەسەر عێراقو ناوچەكە ماوەو بەشێوەی گروپی بچووك بچووك دروستبوونەتەوە.
شەشەمین دیداری سلێمانی، لەلایەن دەزگایی میدیایی كوردسات سپۆنسەری میدیایی دەكرێت
232 جار بینراوە