سەرەکی » ئابووری » نووسینگه‌ و كۆمپانیا كشتوكاڵییه‌كان رێنوێنی ده‌كرێن

کوالێتی دەرمان و ماده‌ قڕكه‌ره‌كان

نووسینگه‌ و كۆمپانیا كشتوكاڵییه‌كان رێنوێنی ده‌كرێن

به‌مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه‌ به‌ كاری نووسینگه‌ و كۆمپانیا كشتوكاڵییه‌كان و چاودێری ئه‌و ده‌رمان و ماده‌ قڕكه‌رانه‌ی ده‌فرۆشرێن، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ دیوانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی به‌رێوه‌چوو.

به‌ڕێگای یاسایی هاورده‌ بكرێن
له‌وباره‌یه‌وه،‌ رزگار حه‌مه‌د خدر جێگری به‌ڕێوبه‌ری كشتوكاڵی سلێمانی رایگه‌یاندوە: كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی و به‌شداری نوێنه‌ری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كشتوكاڵ و ڤێتێرنه‌ری و شاره‌وانی و باخچه‌كانی سلێمانی و لیژنه‌ی باڵای به‌دواداچوونی نووسینگه‌ كشتوكاڵییه‌كان و سه‌ندیكاكانی ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی و پزیشكانی ڤێتێرنه‌ری و فرۆشیارانی كه‌لوپه‌لی كشتوكاڵی به‌ڕێوه‌چوو.
وتیشی: «ئامانج له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌دواداچوونی نووسینگه‌ كشتوكاڵییه‌كان و مه‌شته‌له‌كان بوو به‌تایبه‌ت بابه‌تی ماده‌ قڕكه‌ره‌كان و ئه‌و ده‌رمانانه‌ی هاورده‌ ده‌كرێن و پێویسته‌ به‌ڕێگای یاسایی هاورده‌ بكرێن و رێگه‌پێدراو بن، رێگه‌ش بگیرێت له‌ هاورده‌كردنی ده‌رمان و په‌ینی كیمیایی و ماده‌ قڕكه‌ره‌ زیانبه‌خش و به‌سه‌رچووه‌كان، ئه‌وه‌ش له‌پێناو پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتییان و به‌رهه‌مهێنانی خۆراكێكی شیاو بۆ به‌كارهێنان».

له‌ژێر چاودێری و رێنمایی
راشیگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كەدا‌ بڕیاردرا سه‌رجه‌م نووسینگه‌ و كۆمپانیا كشتوكاڵییه‌كان له‌ژێر چاودێری ئه‌ندازیاری كشتوكاڵیدا بن كه‌ ئه‌ندامی سه‌ندیكای ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی و هونه‌روه‌رانی كشتوكاڵی بن و له‌ژێر چاودێری و رێنمایی ئه‌واندا ده‌رمان بدرێت به‌ جوتیاران و خانووه‌ پلاستیكییه‌كان و باخه‌كان، به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش رێگه‌ نادرێت نووسینگه‌ و كۆمپانیای كشتوكاڵی به‌بێ ئه‌ندازیاری كشتوكاڵی كار بكات.

پێداچونه‌وه‌ به‌ هاورده‌كردنی بنه‌تۆو
هاوكات بڕیاردرا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی باخچه‌كان سه‌رژمێرییه‌كی ته‌واوی نه‌مامگاكان و مه‌شته‌له‌كان بكرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی چاودێری وردی هاورده‌ و فرۆشتنی نه‌مام بكرێت. بڕیارێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بریتی بوو له‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ هاورده‌كردنی بنه‌تۆو، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و بنه‌تۆوه‌ی هاورده ‌ده‌كرێت گونجاو و رێگه‌پێدراوه‌و رێگه‌ نه‌ده‌ین بنه‌تۆی تۆمار نه‌كراو هاورده‌ بكرێت.
رزگار حه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ به‌هاوكاری لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت و ئاسایش و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌كه‌ن و ئامانجیان ده‌ستكه‌وتنی به‌رهه‌مێكی ته‌ندروسته‌ له‌لایه‌ن جووتیارانه‌وه‌ بۆ هاووڵاتییان.

 296 جار بینراوە