سەرەکی » وەرزش » سیستمی نوێی چامپیۆنس لیگ

سیستمی نوێی چامپیۆنس لیگ

وه‌رزی تۆپی پێی ئه‌وروپا له‌ كۆتایی نزیكبۆته‌وه، ركابه‌ریش له‌سه‌ر خوله‌ ئه‌وروپیه‌كان به‌رده‌وامه‌، به‌هێزترین ركابه‌ری خوله‌ ناوخۆییه‌کانیش سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ‌ چامپیۆنس لیگ و یۆرۆپا لیگی وه‌رزی داهاتوو.
تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ یانه‌كان به‌ده‌ستهێنانی بلیتی چامپیۆنس لیگی وه‌رزی داهاتوویان مسۆگه‌ر كردووه‌ له‌وانه‌ (لیڤه‌رپوڵ و مان سیتی و پاریس سان جێرمان و یۆڤانتۆس و ناپۆلی و بارسێلۆنا و ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید).
حساباتی گه‌یشتن به‌ چامپیۆنس لیگ گرنگی ئه‌م وه‌رزه‌ ئاڵۆزه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بوونی 4 یانه‌ی ئینگلته‌را له‌ قۆناغی پێش كۆتایی 2 پاڵه‌وانێتییه‌که‌ی ئه‌وروپا‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌مووان پرسیاری سیناریۆ پێشبینیكراوه‌كان بكه‌ن بۆ كۆتایی وه‌رز، بۆیه‌ لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین سیناریۆكان روونبكه‌ینه‌وه‌.
چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كی
26 یانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌گه‌نه‌ قۆناغی گروپه‌کانی چامپیۆنس لیگی وه‌رزی داهاتوو له‌نێویاندا پاڵه‌وانی چامپیۆنس لیگ و یۆرۆپالیگی ئه‌م وه‌رزه‌، 6 یانه‌ ده‌مێنێت، ئه‌وانیش له‌ رێگه‌ی‌ پاڵاوتنه‌وه‌ دیاری ده‌كرێن، قۆناغه‌کانی پاڵاوتنێش سێ قۆناغ ده‌بێت، هه‌ر یانه‌یه‌كیش له‌و قۆناغانه‌ی پاڵاوتنه‌وه‌ بكرێته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وا هه‌لی ئه‌وه‌ی پێده‌درێت به‌شداری له‌ یۆرۆپالیگ بكات.
یۆرۆپا لیگ
-17 یانه‌ راسته‌وخۆ سه‌رده‌كه‌ون بۆ قۆناغی گروپه‌کانی یۆرۆپالیگ، 10 یانه‌ش دوای كرانه‌ ده‌ره‌وه‌یان‌ له‌ سێ قۆناغه‌که‌ی پاڵاوتنی چامپیۆنس لیگدا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌گه‌نه‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی یۆرۆپالیگ، 21 یانه‌ش له‌ رێگه‌ی‌ پاڵاوتن سه‌رده‌كه‌ون بۆ هه‌مان قۆناغ، سه‌رجه‌م ده‌کاته‌ 48 یانه‌.

دابه‌شكردنی بلیته‌كانی چامپیۆنس لیگ
بلیته‌كانی چامپیۆنس لیگ دوای گۆڕانكارییه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردوو به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
-بلیتێك بۆ پاڵه‌وانی چامپیۆنس لیگ.
-بلیتێك بۆ پاڵه‌وانی یۆرۆپالیگ.
-16 بلیت بۆ خوله‌كانی ئیسپانیا و ئه‌ڵمانیا و ئینگلته‌را و ئیتاڵیا (یه‌كه‌م تا چواره‌می ئه‌و خولانه‌) که‌ به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ به‌شداریی چامپیۆنس لیگ ده‌كه‌ن.
-(پاڵه‌وان و دووه‌می) خوله‌كانی فه‌ره‌نسا و روسیا.
-4 بلیت بۆ پاڵه‌وانی ئه‌و خولانه‌ی‌ له‌ ریزبه‌ندی حه‌وته‌م تا ده‌یه‌می یوفادان كه‌ یوفا ساڵانه‌ خۆی ریزبه‌ندی باشترین خوله‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌.
-ئه‌گه‌ر پاڵه‌وانی چامپیۆنس لیگ له‌ خولی وڵاته‌كه‌شی سه‌ركه‌وتن بۆ چامپیۆنس لیگ مسۆگه‌ر بكات ئه‌وا بلیته‌كه‌ی‌ ده‌چێت بۆ پاڵه‌وانی ئه‌و خوله‌ی له‌ ریزبه‌ندی یوفا له‌ پله‌ی یانزه‌یه‌م دایه‌.
-ئه‌گه‌ر پاڵه‌وانی یۆرۆپالیگ له‌ رێگه‌ی‌ خولی وڵاته‌كه‌ی‌ بلیتی چامپیۆنس لیگ به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وا بلیته‌كه‌ی‌ بۆ سێیه‌می خولی فه‌ره‌نسا ده‌بێت.
-هیچ خولێك بۆ نییه‌ له‌ 5 یانه‌ی‌ زیاتر به‌شداری له‌ چامپیۆنس لیگدا بكات.
سیناریۆكان
-ئه‌گه‌ر تۆتنهام چامپیۆنس لیگ بباته‌وه‌و چێڵسی-ش ببێته‌ پاڵه‌وانی یۆرۆپالیگ و لیڤه‌رپوڵ و مان سیتی و ئه‌رسناڵ و مان یونایتد پله‌كانی یه‌كه‌م تا چواره‌می پریمه‌رلیگ به‌ده‌ستبهێنن ئه‌وا مان یونایتد ده‌بێت به‌شداری یۆرۆپالیگ بكات.
-ئه‌گه‌ر لیڤه‌رپوڵ ببێته‌ پاڵه‌وانی ئه‌وروپا ئه‌وا بلیته‌كه‌ی‌ ده‌چێت بۆ پاڵه‌وانی ئه‌و خوله‌ی له‌ ریزبه‌ندی یوفا له‌پله‌ی یانزه‌یه‌م دایه‌.
-ئه‌گه‌ر چێڵسی ببێته‌ پاڵه‌وانی یۆرۆپالیگ و له‌ پریمه‌رلیگیش پله‌ی سێیه‌م یان چواره‌م به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وا بلیته‌كه‌ی‌ ده‌چێت بۆ سێیه‌می خولی فه‌ره‌نسا.

 11 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*