سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » زەمەنی نووسین!

زەمەنی نووسین!

لە دنیای نوسین و ڕۆژنامەوانیدا ، هیچ شتێك هێندەی ئەوە خۆش نییە كاتێك بۆ یەكەمجار نوسینێكت یان كارێكی ڕۆژنامەوانیت لە یەكێك لە دەزگا بینراو و بیسراو و خوێنراوەكاندا بڵاودەبێتەوە و دەبێتە جێبایەخی خوێنەر و وەرگر. هەر ئەو یەكەم بابەت و نوسینە دەبێتە كلیلی چوونی تۆی قەڵەم بەدەست بۆ ناو دنیایەكی پڕ كێشە و جەنجاڵی نوسین و میدیا و ڕۆژنامەگەری. زۆرجار بۆخۆم دەڵێم ئەو یەكەم نوسینە وەك یەكەم نیگای كچێكە كە بۆ ناو دنیای عیشق و خۆشەویستی خۆیت ڕادەكێشێت و ئیدی توشی هەزاران سەرەداوی خەیاڵی سەیرسەیرت دەكاتەوە.
هەموومان وەك ڕۆژنامەنووس یان وەك قەڵەمبەدەست یان هەرچیمان ناو دەنێن!، ئەم قۆناغەمان بینیووە كە كاتێك یەكەم نوسینمان بڵاوبووەتەوە، هەموومان بەركەوتەی ئەو چركەساتەمان كردووە یەكەم نوسینمان بڵاوبووەتەوە كە خاوەن چی هەستێكی خۆش بوین. هەر ئەم هەستە پاڵی پێوەناوین كە لە ڕۆژێكدا زیاتر لە نوسینێك بنێرین بۆ دەزگایەك، هەر ئەو هەستە وایلێكردووین لە قەیسەرقوویەكی بەردەوامدا بین كە كەی نوسینەكەمان لە فڵان دەزگا بڵاوببێتەوە. هەر ئەو یەكەم نوسینە هەندێكجار لە دنیایەكەوە دەمانباتە دنیایەكیتر. بەڵام كێشەی ئەم یەكەم نوسینە ئەوەیە توشی غرور و لە خۆباییمان بكات ! .
بۆ چركەساتی دەركەوتن ڕەنگە نوسینی زۆر هەڵەیەكی كوشندە نەبێت و شتێكی ئاسایی بێت هەموو ڕۆژنامەنوس و نوسەرێك شانازی بە هەموو نوسینەكانی خۆیەوە بكات. بەڵام هەڵەی كوشندە و لێكەوتەی خراپی ئەم یەكەم نوسینە ئەوەیە كە یەكەم نوسین و بڵاوبوونەوەی یەكەم بابەتمان لە دنیای خوێندنەوە و گەڕان بەدوای زانیاری زۆر و ورددا دامانببڕێت و ئیتر یەكەم نوسین ببێتە هێڵی لێكتر جوداكردنەوەی دنیای خوێندنەوە بە دنیای نوسین. بەڵای ئەم یەكەم نوسینە ئەوەیە لە كەسێكی خوێنەرەوە بمانگۆڕێت و هەستی بوون بە نوسەر و قسەكەرمان تێدا دروست بكات.
ئەوەی ئێستا لە واقیعی كوردستاندا دەبینین خەریكە نوسین دەبێت بە مۆدێل و وەسیلەی دەركەوتن و خۆبەشتزانین ! ، ئەمڕۆ خەریكە نوسین وایلێدێت ببێتە پێویستی و ئەوەی چوار دێڕ دەخوێنێتەوە ! چل دێڕ بنوسێت ! و خۆی لێ ببێتە نوسەر و ستاری شاشە. بۆیە ئەتوانین ئەوەی ئێستا لە میدیا و ماڵپەڕە كوردییەكاندا دەبینرێت پێی بڵێین «زەمەنی نوسین» ، بەبێ خوێندنەوەی قوڵ و ورد بۆ تەواوی ئەو ڕوداوانەی لە ناوچەكە و ناوخۆی كوردستاندا ڕوودەدەن و مەشهەدی سیاسی پێكدێنن.
زەمەنی نوسین پڕ كارەساتترین زەمەنی نوخبەی ڕۆشنبیران و میدیاكاران و ڕۆژنامەنوسانە. كە نوسەر ! خۆی تەنها بە قسەكەر زانی و دابڕا لە دنیای خوێندنەوە و كۆی ئەو زانیارییانەی ڕۆژانە دێنەناو دنیای ئێمەوە ، ئیدی نوسەر ! شتێكی نوێی نیە بۆ گواستنەوەی لە خوارەوە بۆ سەرەوە تاكو وەرگر لێی وەربگرێت، چونكە ئەو هەمیشە خۆی واپیشان دەدات كە لە سەرەوەی هەرەمی زانیارییە و پێویستی بە هاتنەخوارەوە نییە بۆ زانیاریی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بازاڕی خۆرهه‌ڵات، به‌ دۆزه‌خكردنی خۆرهه‌ڵات

ده‌سپێكی ئه‌م نوسینه‌ به‌و پرسیاره‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین كه‌: ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا ...