سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » گزنگ، داربه‌ڕووه‌كه‌ی‌ كه‌ركوك به‌ر له‌ 35 ساڵ بڵاوكرایه‌وه‌

گزنگ، داربه‌ڕووه‌كه‌ی‌ كه‌ركوك به‌ر له‌ 35 ساڵ بڵاوكرایه‌وه‌

رۆژی‌ 29/4/2019، له‌ كافێ نێتی‌ ئه‌منه‌سووره‌كه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌، مه‌راسیمی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ كتێبی‌ (گزنگ، داربه‌ڕوه‌كه‌ی‌ كه‌ركوك) به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی‌ محه‌مه‌د مێرگه‌سۆری‌-یه‌.
داربه‌ڕووه‌كه‌ی‌ كه‌ركوك، ناوی‌ دوابه‌رهه‌می‌ نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( محه‌مه‌د مێرگه‌سۆر) یه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ به‌رهه‌مێكی‌ دیكۆمێنتاری‌ و كۆكراوه‌ی‌ (6) ژماره‌ی‌ گزنگ. ناوه‌كه‌ی‌ ئه‌م كتێبه‌ بۆ خۆی‌ ناوێكی‌ (مجاز –(Metaphorیه‌. گوزارشته‌ له‌ ره‌سه‌نایه‌تی‌ و زێدپه‌رستی‌ گۆڤاری‌ گزنگ و كه‌ركوك.
له‌باره‌ی‌ كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی‌ گۆڤاره‌كه‌و چاپكردنی‌ كتێبه‌كه‌، نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس محه‌مه‌د مێرگه‌سۆری‌، تایبه‌ت به‌ دوتوێی‌ (سێبه‌رو سایه‌) وتی‌:
-ئاماده‌كردن و كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م گۆڤاره‌ و چاپكردنی‌ ، ئه‌ركێكی‌ ئێجگار قورس بوو، چونكه‌ ته‌مه‌نی‌ ده‌رچوون و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م ژماره‌ی‌ سه‌رده‌می‌ شاخ زیاتر له‌ (35) ساڵه‌. جگه‌ له‌وه‌ش قۆناغ و سه‌رده‌می‌ ده‌رچوونی‌ ئه‌و گۆڤاره‌ و هه‌لومه‌رجه‌ دژواره‌كه‌ی‌، وه‌ك به‌شێكی‌ زۆری‌ چاپ و بڵاوكراوه‌كانی‌ شاخ ئه‌م گۆڤاره‌ش به‌ر شاڵاوی‌ شوێنبزركردن بۆته‌وه‌ و به‌ئاسانی‌ نه‌ده‌ده‌دۆزرایه‌وه‌. ئه‌و به‌رگه‌ی‌ له‌به‌ر ده‌ستماندایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ (6) چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ كه‌مه‌، به‌رهه‌می‌ زیاتر له‌ 5 ساڵی‌ گه‌ڕان و كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌رشیفی‌ و دیكۆمێنتاری‌. له‌به‌ر ئه‌م چه‌ند هۆكاره‌ كارمان له‌سه‌ر ئه‌و صڕۆژه‌یه‌ كردووه‌:
یه‌ك: بۆ پاراستنی‌ چاپ و بڵاوكراوه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ شاخ و ناساندنیان به‌ نه‌وه‌ی‌ ئه‌مرۆ و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمی‌ و مه‌عریفیه‌كان. له‌ پێناو سوودوه‌رگرتن له‌ پڕۆژه‌ و هه‌وڵی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌دا.
دووه‌م: گرنگی و بایه‌خدان به‌ بوار و كایه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌ و ڕۆشنبیری‌ و ڕۆژنامه‌وانی‌ قۆناغی‌ شاخ و ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕۆڵی‌ كارایان له‌ پاراستنی‌ ئه‌ده‌بیاتی‌ ره‌سه‌نی‌ كوردی‌ و كوردستانی‌ ده‌بینی‌ وه‌ك ڕێكخراوی‌ یه‌كێتیی‌ نوسه‌رانی‌ كوردستان.
سێ: كۆكردنه‌وه‌ و پاراستنی‌ به‌شێكی‌ ئه‌رشیف و دیكۆمێنتی‌ كایه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌ شارێكی‌ كوردستانی‌ وه‌ك « كه‌ركوك» له‌ چه‌ند قۆناغ و سه‌رده‌می‌ جیاوازدا.
چوار: ئاشنابوون و دورستكردنی‌ رایه‌ڵه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌ و هونه‌ری‌ و كایه‌ی‌ رۆشنبیری‌ به‌ گشتی‌، له‌ نێوان نه‌وه‌ی‌ ئه‌مرۆ و دوێنی‌. یاخود قه‌له‌می‌ دوێنی‌ شاخ له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌می‌ ئه‌مرۆ.
پێنج: ناساندن و ئاشناكردنی‌ كۆمه‌ڵێك قه‌ڵه‌می‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست و دڵسۆزی‌ ڕۆژانێكه‌ ، كه‌ نوسین و ئازادی‌ بیروڕا له‌ سێداره‌دان و سزای‌ قورسی‌ به‌دواوه‌ بوو، به‌ڵام گزنگ مینبه‌رێكی‌ فراوان و ئازادی‌ ئه‌و قه‌ڵه‌م خاوه‌ن هه‌ڵوێستانه‌ بوو، كه‌ به‌بێ‌ سڵكردنه‌وه‌ی‌ به‌ ووشه‌ و په‌یڤی‌ جوان و ڕه‌سه‌نی‌ شۆڕشگێرانه‌ به‌رووی‌ رژێمی‌ به‌عس و نۆكه‌ره‌كانیان ده‌وه‌ستانه‌وه‌.
مێرگه‌سۆری‌، وتیشی‌: جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌م به‌رهه‌مه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ به‌یاخدان به‌ هۆشیاری‌ به‌ڵگه‌پارێزی‌ و ئه‌رشیفدۆستی‌ له‌لای‌ ئێمه‌ ، له‌پێناو دوورخستنه‌وه‌ی‌ هه‌موو جۆره‌ چاپ و بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ دوێنی‌ و ئه‌مرۆش له‌ فه‌نابوون و له‌ناوچوون، كه‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین رێگه‌ و فكته‌ره‌كانی‌ پاراستن و هێشته‌وه‌ی‌ ئه‌و چاپ و بڵاوكراوانه‌، كۆكردنه‌وه‌ و ساغكردنه‌وه‌ و دووباره‌ چاپكردنه‌وه‌یانه‌ له‌ دووتوێی‌ چه‌ند به‌رگ و به‌شێكدا.
كتێبی‌ داربه‌ڕووه‌كه‌ی‌ كه‌ركوك، ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ زه‌نگینه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌س و داموده‌زگا ئه‌كادیمی‌ و مه‌عریفیه‌كان، بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك بواری‌ ئه‌ده‌بی‌ و ڕه‌خنه‌وه‌یی‌ و وێژه‌یی‌، به‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م كۆڤاره‌ خاوه‌ن ناوه‌خنێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ شیعر و شانۆ و بابه‌تی‌ ڕه‌خنه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌ و نووسین و ووتاری‌ هه‌مه‌چه‌شن، كه‌ ده‌توانرێ‌ توێژینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ و ئه‌كادیمی‌ به‌ پێزییان له‌سه‌ بكرێ‌. به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌س و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مانه‌ی‌ به‌ دوای‌ به‌رهه‌می‌ به‌وجۆره‌ ده‌گه‌ڕێن و له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌نوسن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مــه‌ره‌كــه‌بی ئاســمانی

حسب الله یحیی‌ پێشكه‌شه‌ به‌ رۆحی شاعیر عه‌باس به‌دری له‌ ...