سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » روسیا ‌دەستیوەرداوەتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپاوە؟

روسیا ‌دەستیوەرداوەتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپاوە؟

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، روسیا هه‌وڵیداوه‌ كاریگه‌ریی هه‌ژموونی خۆی بخاته‌ سه‌ر زۆر له‌ په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی دونیا، ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وه‌یان بڵاوکردەوە كه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌م خوله‌ی ئێستادا له‌ رێی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی خۆیه‌وه‌، ده‌ستی خستۆته‌ ناو پرۆسه‌كه‌ و كاریگه‌ریشی به‌جێهێشتووه‌. ئێستاش كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌یه‌، دیسان زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌به‌خشن كه‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌یه‌وێت وه‌ك سێبه‌ر له‌ پرۆسه‌كه‌دا ده‌ركه‌وێ و ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ده‌یكات.

په‌یداكردنی ده‌نگ بۆ پارته‌ راستڕه‌و و گه‌لپه‌رسته‌كان
به‌پێی راپۆرتێكی ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌ڵمانی، ده‌زگا نهێنییه‌كانی ئه‌وروپا هه‌وڵێكی روسیایان ئاشكراكردووه‌ به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت شۆڕبێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ٢٦ ی مانگی ئایاری داهاتوودا به‌ڕێوه‌بچێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: روسیا له‌ڕێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ده‌زگا نهێنی‌ و كه‌ناڵه‌كانی میدیاوه‌، ده‌یه‌وێت كاریگه‌رییه‌كانی خۆی به‌سه‌ر رای گشتیی وڵاتانی یه‌كێتییه‌كه‌دا به‌جێبهێڵێت به‌وه‌ی ده‌نگ بۆ پارته‌ راستڕه‌و و گه‌لپه‌رسته‌كان په‌یدا بكات، كه‌ داوای له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن. روونیشیكردۆته‌وه‌: ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌ئاشكرا له‌ تۆڕی هه‌واڵی (روسیای ئه‌مڕۆ- RT) ده‌رده‌كه‌ون كه‌ به‌چه‌ند زمانێك په‌خش ده‌كا و پڕوپاگه‌نده‌ بۆ ئه‌و پارتانه‌ ده‌كا و ژیر به‌ژێریش ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانیان كاریان بۆ ده‌كه‌ن.

كاره‌كانیان نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراوه‌
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی دی تسایت بڵاویكردۆته‌وه‌: روسیا له‌و هه‌وڵانه‌یدا ده‌یه‌وێت كار له‌سه‌ر گه‌نج‌ و لاوانی وڵاتانی ئه‌وروپی بكات، تا سه‌رنجیان به‌لای راسیزمه‌كاندا رابكێشێ، ئه‌ویش له‌ رێی ته‌كنۆلۆژیای ئینته‌رنێت‌ و سۆسیال میدیاوه‌یە. ئه‌و چالاكییانه‌شی هه‌مووی له‌ رێی بنكه‌ی توێژینه‌وه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ ده‌كات، كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ (سان پترسبۆرگ)ه‌ و له‌وێ ده‌یان په‌یج‌ و ئه‌كاونت‌ و واڵی جۆراوجۆر كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ رای گشتیی ده‌ستپێكردووه‌ و كاره‌كانیان نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراوه‌.

دیپلۆماتكارانیان ده‌ركردن
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ: به‌رپرسێكی باڵای ئه‌و ده‌زگا نهێنییانه‌ ئاشكرایكردووه‌، كه‌ ئه‌مجاره‌ روسیا له‌ جاران پتر مشوری هه‌ژموونی خۆی‌ و تێكدانی ریزه‌كانی ئه‌وروپا ده‌خوات‌ و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زیره‌كانه‌تر له‌وانه‌ی رابردووی، ده‌یه‌وێت كاریگه‌ریی به‌جێبهێڵێت، به‌ڵام به‌ شێواز و ته‌كتیكی تازه‌تر، تاكو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان نه‌توانن زه‌فه‌ری پێ ببه‌ن‌ و ده‌سته‌كانی ئاشكرا بكه‌ن. هەروەها‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا به‌ تۆمەتی كاری سیخوڕی، دیپلۆماتكارانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ رۆژئاوادا نزیكه‌ی ١٥٠ كه‌سیان لێده‌ركرا‌ و ره‌وانه‌ی وڵاتی خۆیانیان كردنه‌وه‌.

روسیا باش ناكات
به‌پێی راپۆرتێكی ماڵپه‌ڕی DW: به‌رپرسێكی یه‌كێتیی ئه‌وروپا رایگه‌یاندووه‌، كه‌ روسیا هه‌قی خۆیه‌تی دۆستایه‌تی لایه‌نێك یان پارتێكی وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بكات‌ و له‌ به‌رنامه‌ و سه‌رخستنی پرۆژه‌كانیدا هاوكاریی بكات‌، بەڵام با به‌ ئاشكراو ئاڕاسته‌یه‌كی دیاریكراو بێته‌ پێشه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌ نهێنی‌ و له‌ رێی چه‌ند لایه‌ن‌ و گروپێكه‌وه‌ هه‌ژموونی خۆی بسه‌پێنێ‌ و كاری تێكده‌رانه‌ له‌ ریزەکانی یه‌كێتیی ئه‌وروپادا بكات، ئه‌وه‌ جێی قبوڵكردن نییه‌، چونكه‌ ئه‌وان زانیارییان ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ روسیا له‌ رێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك تویته‌ر و فه‌یسبووك‌ و ده‌زگا نهێنییه‌كانی وه‌ك ده‌زگای ئاسایشی فیدڕاڵی روسی FSB و هه‌واڵگری ناوخۆ و سه‌ربازی GRU و چه‌ند كه‌ناڵێكی میدیایی وه‌ك RT، خه‌ریكن ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ن.

روسیا ره‌تیده‌كاته‌وه‌
له‌سه‌ر ئه‌مه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا به‌ ره‌سمیی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌ڵمانیدا. ره‌تیكردۆته‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ نیازی كارێكی له‌و جۆره‌ بێ‌ و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ مۆسكۆ خۆی ناخاته‌ ناو كاروباری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌وروپاوه‌.
وه‌كو پلار‌ و توانجیش وتی: پارته‌ راستڕەوه‌كان خه‌ریكن جڵه‌وی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌گرنه‌ ده‌ست‌ و هۆكاره‌كه‌شی روسیا نییه‌، به‌ڵكو زۆر هۆكاری تایبه‌ت هه‌یه‌ كه‌ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا خۆیان ده‌یزانن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

نازییە نوێکانی ئەڵمانیا: بێگانەکان هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکانن

لە ماوەی دوو سێ ساڵی رابردوودا، لە ئەڵمانیا کرێی خانوو ...