سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » بۆچی ئێران بە دانوستاندن رازی نییە؟

بۆچی ئێران بە دانوستاندن رازی نییە؟

تائێستا روون نییە كە ئەمریكا بەڕاستی دەیەوێت چ سیاسیەتێكی یەكلاكەرەوە لە بەرامبەر ئێراندا بگرێتەبەر. پرسیارو لێكدانەوەی زۆر لە بارەی دوو ئەگەر زیاتر، لەم بارەیەوە لە ئارادانییە. یەكەم، ئەوەی كە ئەمریكا دەیەوێت لە ژێر ئەو گوشارانەدا ئێران ناچاربكات دەست لەرێكەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 هەڵبگرێت و رێكەوتنێكی تر ئیمزا بكات. دووەم، یان ئەوەی كە ترامپ دەیەوێت لەژێر هاندانی لایەنگرانی رووخانی ئێراندا رووبەڕووی ئەو وڵاتە ببێتەوە.
هەریەك لەم دوو ئەگەرە چ بۆ ئەمریكا و چ بۆ ئێران قورسن، بۆ ئەمریكا قورسە كە لەم رەوشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەڕێی بژاردەی شەڕو روبەڕوبوونەوەی هێز مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكات، چونكە دواجار ئەمریكا لەوە تێدەگات كە شەڕەكە تەنها شەڕی ئێران نابێت، بەڵكو كۆی ناوچەكە رووبەڕووی رەوشێكی ناسەقامگیر و بەریەككەوتن دەبێتەوە، نموونەیەكی خراپتر لە رەوشی عیراق ناوچەكە رووبەڕووی ئاڵۆزی دەكاتەوە. جگە لەوەش ئەمریكا لەوە تێدەگات كە لە بەشێكی زۆری وڵاتانی ناوچەكەدا بەرژەوەندییەكانی دەكەونە مەترسییەوە.
بۆ ئەم پرسە ئەگەر ئێمە لەو دەستەواژەیە بڕوانین كە هەمیشە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی ئێرانەوە دووبارەی دەكاتەوە كە دەڵێت: «رووبەڕووبوونەوەی ئێران، بۆ گۆڕینی هەڵوێستەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە). دەری دەخات كە ئەمریكا هەندەی چاوی لە سەر ئێرانە وەك هێزێكی كاریگەری ناوچەیی، هێندە چاوی لەسەر هەڵوێست و رەفتارەكانی ئێران لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا نییە. كەواتە ئایا ئەمریكا چۆن و بە كام رێگە دەیەوێت رەفتارەكانی ئێران لە ناوچەكەدا بگۆڕێت، كە ئێران ماوەی چەند ساڵێكە بە قورسی لە دەرەوەی سنووری وڵاتەكەیەوە خەرجی (سیاسەت و هێز و پارە) دەكات؟.
هەڵبەتە دەبێت ئەوەش بڵێن كە گۆڕینی رەفتارەكانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە، لە روانینی ئەمریكاییەكان (پاراستن و نەكەوتنە مەترسی بەرژەوەندییەكانی خودی ئەمریكایە).
خاڵی دوومیان كە پرسی گفتوگۆ و دانوستاندنە، ئەمەیان بۆ ئەمریكا ئاسانە و بۆ ئێران قورسە. عەلی خامنەیی رابەری ئێران چەند مانگێك لەمەوبەر بە روونی ئەوەی بە سەرۆكی كۆمار و گرووپی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی وت كە (نە شەڕ روودەدات، نە ئامادەشن گفتوگۆ بكەن(.
ئێران جووڵاندنی هێز و رەوانەكردنی كەشتی (ئەبرەهام لینكۆڵن) بۆ كەنداوی فارس، بە جەنگێكی دەروونی بەرامبەر بەخۆی دەزانێت، وەك خامنەیی دەڵێت: «ئەمریكا دەیەوێت ترسنۆكەكان بترسێنێت» بە ئامانجی ئەوەی كە تاران ناچاری گفتوگۆ بكات.
ئێران وێڕای ئەوەی كە هەمیشە لەكاتی روبەڕوبوونەوەی قەیرانەكاندا دەیەوێت دەست بۆ بژاردەی گفتوگۆ بەرێت، بەڵام هێشتا هیچ شتێك روون نییە كە ژووری قەیران (اتاق بحران)ی ئەو وڵاتە دەیەوێت چ سیاسەتێك بگرێتە بەر. بەڵام ئەوەندە هەیە ئێران نایەوێت ئەو شتەی كە 40 ساڵە هەوڵی بۆ دەدات، لەسەر مێزەكەی ترامپ بیدۆڕێنێت. بەمەش ئەوان لەناوخۆدا سیاسەتی روبەڕوبوونەوەی جەنگی دەروونی دەگرنەبەر.
بەهەموو ئەو باس و خواسانەی كە چەند رۆژێكە لە بارەی پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكاوە دەكرێن، تەنها یەك پرسیار دووبارە دەبێتەوە، ئایا ژمارە تەلەفونەكەی ترامپ یان رەوانەكردنی كەشتی ئەبرەهام لینكۆڵن لەم رووەوە بەجدی بگرین. ئەمریكا بەجدی دەیەوێت كار لەسەر كامیان بكات و ئێران كامیان بەجدییەوە وەردەگرێت؟.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی یەكەم ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان حزبە سیاسییەكان بە قۆناغێكی ...