سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی: رەخساندنی زۆرترین هەلی كار بۆ گەنجان

قوباد تاڵەبانی: رەخساندنی زۆرترین هەلی كار بۆ گەنجان

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هانی دەرچووانی ئەمساڵی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی دا، كە بە پڕۆژە و شارەزاییەكانیان بەشداربن لە بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان. پاڵپشتیی تەواوی خۆشی بۆ هاوسەنگیی جێندەری لە بازاڕی كار راگەیاند.
لە میانەی وتارێكدا كە لە دەستپێكی ئاهەنگی هەشتەمین خولی دەرچووانی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی ئێوارەی 13ی ئایاری 2019 پێشكەشیكرد، قوباد تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووان، جەختیكردەوە كە «توانای مرۆیی شارەزا، گەورەترین سەرمایەی هەر وڵاتێكن»، لەمبارەیەوە ژاپۆن و ئەڵمانیای پاش جەنگی جیهانی دووەمی بە نموونە هێنایەوە كە تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی كاری شارەزا و زانكۆی بەهێز توانییان لە ماوەیەكی كورتدا هەستنەوە و ئابوورییەكی بەهێز بنیاتبنێن.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا ستایشی بەرەوپێشچوونی ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانی كرد لەناویاندا زانكۆی ئەمریكی و روونیكردەوە: تەنها بەدەستهێنانی بڕوانامە بەس نییە بۆ فێرخوازان، بەڵكو دەبێت پێشەنگ بن لە پێشخستنی كەرتی كار و پێشكەشكردنی بیرۆكە و پڕۆژەی تایبەت كە پێویستی قۆناغی ئێستایە، بەتایبەت لە بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازیدا.
قوباد تاڵەبانی دووپاتیشیكردەوە: دەبێت هەرێمی كوردستان فەلسەفە و رێبازێكی ئابووریی دیاریكراو و گونجاو هەڵبژێرێت، گەشبینیی خۆشی پیشاندا لەوەی كابینەی داهاتوو پەرە بەچاكسازییەكان و ئاستی خزمەتگوزارییەكان بدات و گرنگیی زیاتر بدات بە جوڵاندنی بازاڕ و وتی: هەموو هەوڵ و توانامان بۆ ئەوە دەبێت بە پەرەپێدانی كەرتی تایبەت زۆرترین هەلی كار بۆ گەنجان و بەتایبەت بۆ دەرچووانی زانكۆ بڕەخسێنین.
جێگری سەرۆك وەزیران بەشێكی دیكەی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ پشتیوانیكردنی كاری ژنان و دابەزینی ژنان بۆ بازاڕی كار و خاوەندارێتیی پڕۆژەی تایبەتی خۆیان و دوایكرد ژنانی خاوەن بڕوانامە بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە هەموو ئەو بەربەستانە تێكبشكێنن كە رێگرە لە كاری ژنان و كۆمەڵگەی لەم توانا مرۆییە مەزنە بێبەشكردووە، لەمبارەیەشەوە پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ژنان نیشان دا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك كۆمار: پشتیوانی جووتیارانی كوردستان دەبم

دوێنێ لەبەغدا، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازییكرد لەئەندامانی لیژنەی كشتوكاڵ ...