سەرەکی » دۆسێ » سه‌عد حه‌ریری‌: به‌م زوانه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لوبنانپەڕە 23

ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كان به‌رۆكی‌ وڵاته‌كه‌ به‌رناده‌ن

سه‌عد حه‌ریری‌: به‌م زوانه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لوبنان

بومه‌له‌رزه‌ی‌ ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كان به‌رۆكی‌ لوبنان به‌رنادات و ئه‌و ته‌نگژه‌سیاسیانه‌ش كه‌ له‌و وڵاته‌ دروستده‌بن، زیاتر په‌یوه‌ندییان به‌ ململانێكانی‌ ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و هۆكاری‌ سه‌ره‌كین بۆ له‌قكردنی‌ سه‌قامگیریی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌و وڵاته‌ كه‌ چه‌ندان پێكهاته‌ی‌ جیاجیای‌ تێدا ده‌ژی‌.
دوایین ته‌نگژه‌ی‌ سیاسیش كه‌ رووی‌ له‌ لوبنان كرد، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیران بوو له‌ 4ی‌ ئه‌م مانگه‌ كه‌ دۆخێكی‌ ناله‌باری‌ له‌ وڵاته‌كه‌دا دروستكرد و جارێكی‌ تر پشكۆی‌ ناكۆییه‌ سیاسییه‌كانی‌ له‌و وڵاته‌دا گه‌شانده‌وه‌.
له‌ئێستادا ئێران (له‌ڕێی‌ حزبوڵڵای‌ شیعه‌مه‌زهه‌ب) و سعودیه‌ (له‌ڕێی‌ ره‌وتی‌ موسته‌قبه‌ل كه‌ له‌سه‌ر پێكهاته‌ی‌ سوننه‌ حیسابه‌)، كاریگه‌ریی‌ به‌هێزییان له‌سه‌ر دۆخی‌ سیاسی‌ لوبنان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ی‌ ململانێكانی‌ نێوان ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ ئیقلیمییه‌ش، ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كان له‌نێوان لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ لوبناندا په‌ره‌ده‌ستێنن.
ده‌ستله‌كارێشانه‌وه‌ی‌ سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ لوبنان و مانه‌وه‌ی‌ له‌ وڵاتی‌ سعودیه‌ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ لوبنان، به‌ده‌ركه‌وتووترین رووداوی‌ ئه‌و ململانێیه‌ داده‌نرێت، رووداوه‌كه‌ش لێكدانه‌وه‌ و قسه‌باو باسی‌ زۆری‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا و هه‌ریه‌كه‌ له‌ گۆشه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ به‌پێی‌ خواست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌كان شرۆڤه‌ی‌ بۆ ده‌كرد.
له‌ دوایین ده‌ركه‌وتیشی‌ سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ لوبنان له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤیزیۆنی‌ «المستقبل»ی‌ لوبنانی‌ كه‌ به‌ یه‌كه‌م دیمانه‌ی‌ له‌و جۆره‌ داده‌نرێت له‌پاش راگه‌یاندنی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌، رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ سعودیه‌ زۆرباشه‌ و ئازاده‌ له‌ جموجۆڵ و هاتووچۆكردنی‌ له‌ نێو شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ و به‌مزوانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لوبنان، به‌دووریشی‌ نه‌زانیبوو پاشه‌كشه‌ له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ بكات گه‌ر به‌ وته‌ی‌ خۆی‌، رێز له‌ سیاسه‌تی‌ « خۆ به‌دوورگرتن و خۆبه‌لاوه‌نان» بگیرێت.
له‌ 12ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017، سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی‌ لوبنان له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ له‌ ریاز رایگه‌یاندبوو «ئازاده‌» له‌ جموجۆڵ و هاتووچۆكردن له‌نێو سعودیه‌، ئه‌و زانیاریانه‌شی‌ ره‌تكردبۆوه‌ كه‌ گومانیان له‌سه‌ر ئازادی‌ جمۆجۆڵ و هاتووچۆكردنی‌ دروستكردبوو له‌ وڵاته‌كه‌، و ته‌ئكیدیشی‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ لوبنان به‌منزیكانه‌ كردبۆوه‌.
حه‌ریری‌ له‌ دیماننه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤیزیۆنی‌ (المستقبل)ی‌ سه‌ر به‌ ره‌وته‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ رایگه‌یاندبوو»من لێره‌ ئازادم و گه‌ر بمه‌وێت سبه‌ینێ‌ سه‌فه‌ر ده‌كه‌م، به‌ده‌ستی‌ خۆشم به‌یاننامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م نوسی‌ و ویستم شۆكێكی‌ ئه‌رێنی‌ له‌ وڵاته‌كه‌مدا دروستبكه‌م».
حه‌ریری‌ ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كردبۆوه‌ بۆ لوبنان به‌منزیكانه‌ تا به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ لوبنانی‌ نامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ پێشكه‌ش بكات.
له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندبوو»به‌مزوانه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لوبنان تا رێوشوێنی‌ ده‌ستوری‌ پێویست بگرمه‌به‌ر»ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌كردنێك بۆ پێشكه‌شكردنی‌ نامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ بۆ به‌رده‌م میشێل عۆن سه‌رۆك كۆماری‌ لوبنان به‌پێی‌ رێكاره‌كانی‌ ده‌ستوری‌ لوبنانی‌.

پاشگه‌زبوونه‌ووه‌ له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌
حه‌ریری‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ دوورنه‌خستبۆوه‌ گه‌ر به‌ وته‌ی‌ خۆی‌، رێز له‌ سیاسه‌تی‌ «خۆبه‌لاوه‌نان» بگیرێت كه‌ ئاماژه‌كردن بوو بۆ به‌دوورگرتن و تێوه‌نه‌گلانی‌ لوبنان له‌ ململانێكانی‌ ناوچه‌كه‌.
وه‌ك حه‌ریری‌ له‌ دیمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ پێكردبوو»هه‌موو رێكاره‌ ده‌ستورییه‌كان ده‌گرێته‌به‌ر سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌، دوای‌ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دانوستان ده‌كه‌ن»، پاشگه‌زبوونه‌وه‌یشی‌ له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ وابه‌سته‌ی‌ «رێزگرتن له‌ خۆبه‌دوورگرتن و خۆبه‌لاوه‌نان»له‌و ده‌ستورانانه‌ كردبۆوه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا رووده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌ستوه‌ردانی‌ «حزبوڵڵا» له‌ ناكۆكییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌.

په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ سعودیه‌
له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاركردن له‌سه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ باسیان له‌ رێگرتن له‌ ئازادی‌ و جمۆجۆڵ و هاتووچۆكردنی‌ كردبوو له‌ سعودیه‌دا، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ لوبنان په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ سعودیه‌ به‌ «نایاب» و زۆر باش وه‌سفكردبوو.
حه‌ریری‌ رایگه‌یاندبوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ سعودیه‌ «نایاب و جیاوازه‌» و چاوپێكه‌وتنه‌كانیشی‌ له‌گه‌ڵ بن سلمان «زیاتر له‌ دۆستانه‌یه‌»، هه‌روه‌ها وتبووی‌ «به‌ برای‌ خۆمی‌ داده‌نێم و ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ من به‌ برای‌ خۆیم داده‌نێت»، داوایشی‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك كردبوو «هه‌وڵی‌ ده‌ستوه‌ردان» له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا نه‌كه‌ن.
ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ حه‌ریری‌ به‌ یه‌كه‌م لێدوانی‌ له‌و جۆره‌ داده‌نرێت له‌ دوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ له‌ 4ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017، كه‌ له‌ ریاز و له‌ڕێی‌ كه‌ناڵی‌ «العربیه‌»ی‌ سعودیه‌وه‌ رایگه‌یاند و تێیدا هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر حزبوڵڵا «به‌شداربوو له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌» و ئێران كه‌ «پشتیوانی‌ له‌و حزبه‌ شیعه‌یه‌ ده‌كات».

داوای‌ لێده‌كرێت بگڕێته‌وه‌ لوبنان
فراكسیۆنی‌ موسته‌قبه‌لی‌ لوبنانی‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت، ئیدانه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ كردبوو كه‌ له‌ دژی‌ سعودیه‌ به‌رپا ده‌كرێن و جه‌ختی‌ له‌سه‌ر پته‌وی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان لوبنان و شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ كردبۆوه‌، داواشی‌ له‌ حه‌ریری‌ كردبوو بگڕێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی‌.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا بوو كه‌ هه‌ندێك لایه‌نی‌ لوبنانی‌، سعودیه‌یان تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی‌ كه‌ حه‌ریری‌ ناچاركردووه‌ ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌.
فراكسیۆنی‌ موسته‌قبه‌ل له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا رایگه‌یاندوو»چاوه‌ڕوامی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌عد حه‌ریری‌ ده‌كه‌ین بۆ لوبنان تا به‌رپرسیارێتی‌ نیشتمانی‌ خۆی‌ له‌ سه‌ركردایه‌تیكردنی‌ ئه‌م قۆناغه‌ له‌ئه‌ستۆ بگرێت».
میشێل عۆن سه‌رۆكی‌ لوبنان پێشتر مه‌ترشی‌ خۆی‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و «دۆخه‌ ته‌مومژاوییه‌» ده‌ربڕیبوو كه‌ حه‌ریری‌ تێدایه‌ له‌ سعودیه‌.
عۆن له‌ به‌یاننامه‌كیدا كه‌ له‌لایه‌ن نوسینگه‌كه‌یه‌وه‌ بڵاوكرابۆوه‌ رایگه‌یاندبوو»ئه‌و دۆخه‌ ته‌مومژراوییه‌ی‌ حه‌ریری‌ تێدایه‌ له‌و ده‌مه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندووه‌، واده‌كات هه‌رچییه‌ك لای‌ ئه‌وه‌وه‌ ده‌ربچێت و ده‌ربكه‌وێت له‌ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌ سیاسییه‌كان، گوزارشت له‌ راستییه‌كان نه‌كه‌ن».
هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتبوو»ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌و دۆخه‌ ته‌مومژاوییه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك حه‌ریری‌ تێدایه‌ له‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌، بۆیه‌ ناكرێت متمانه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ بكرێت».
هه‌ر به‌پێی‌ به‌یاننامه‌كه‌، سه‌رۆكی‌ لوبنان له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌موو «مه‌رجه‌عه‌ فه‌رمی‌ و ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كییه‌كانی‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌».
ئاژانسی‌ (رۆیته‌رز)یش له‌ زاری‌ به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ لوبنانه‌وه‌ بڵاویكردبۆوه‌، «عۆن به‌ باڵێوزه‌كانی‌ وڵاتانی‌ بیانی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ حه‌ریری‌ رفێنراوه‌».
پێشتر سه‌رۆكی‌ لوبنان داوای‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سعودیه‌ كردبوو، هۆكاریی‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ حه‌ریری‌ له‌ ریازه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی‌ تاوه‌كو ئێستا (تا كاتی‌ ئاماده‌كردنی‌ ئه‌م راپۆرته‌)، رونبكه‌نه‌وه‌.
سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ لوبنان له‌ 4ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017، به‌شێوه‌یه‌كی‌ له‌ناكاو ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌ڕێی‌ به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ سعودیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، راگه‌یاند.
حه‌ریری‌ رایگه‌یاندبوو، پیلانێك له‌ دژی‌ داده‌ڕێژرێت تا له‌ناوی‌ ببه‌ن، ئێران و حزبوڵڵای‌ لوبنانیشی‌ به‌ ئاژاوه‌گێڕی‌ و دروستكردنی‌ فیتنه‌ و دووبه‌ره‌كی‌ له‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بیدا تۆمه‌تبار كردبوو.
له‌و ده‌مه‌وه‌ (كاتی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ئه‌م راپۆرته‌) حه‌ریری‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ لوبنان.
حزبوڵڵای‌ لوبنانی‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران، پێیانوایه‌- سعودیه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ ناچاری‌ كردووه‌ ه‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، له‌ئێستادا حه‌ریری‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌.
حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵڵا، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ حه‌ریری‌ به‌ «ده‌ستوه‌ردانێكی‌ بێ‌ پێشینه‌ی‌ سعودیه‌» له‌ سیاسه‌تی‌ لوبنانیدا وه‌سفكردبوو.
له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ میشێل عۆن، سه‌ربازێكی‌ لوبنانی‌ كوژرا و ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی‌ تر برینداربوون له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا كه‌ بۆ رزگاركردنی‌ هاوڵاتییه‌كی‌ سعودیه‌ ئه‌نجامدرابوو كه‌ له‌ 9ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017 له‌ ناوچه‌ی‌ به‌علبه‌ك له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ لوبنان رفێنرابوو.
دوابه‌دوای‌ ئه‌و رووداوه‌ش، سعودیه‌ داوای‌ له‌ هاوڵاتیانی‌ كرد، به‌شێوه‌یه‌كی‌ خێرا لوبنان به‌جێبهێڵن.
له‌11ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017، میشێل عۆم سه‌رۆكی‌ لوبنان، داوای‌ له‌ سعودیه‌ كردبوو ئه‌و «هۆكارانه‌ روونبكاته‌وه‌» كه‌ رێگرن له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ لوبنان بۆ وڵاته‌كه‌ی‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئیمانێل ماكرۆن سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نساش له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنیدا باسیان له‌باره‌ی‌ «دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كان» كردبوو له‌باره‌ی‌ حه‌ریرییه‌وه‌.
دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له‌ناكاوه‌كه‌ی‌ سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ لوبنان له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ كه‌ ته‌نگژه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ له‌و وڵاته‌دا دروستكرد، میشێل عۆن سه‌رۆكی‌ لوبنان داوای‌ له‌ سعودیه‌ كردبوو، ئه‌و «هۆكارانه‌ رونبكاته‌وه‌» كه‌ رێگرن له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ حه‌ریری‌ بۆ لوبنان.
ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ حه‌ریری‌ له‌ 4ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017 كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ له‌ناكاو له‌ ریازه‌وه‌ رایگه‌یاند، كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ نێوه‌نده‌ سیاسییه‌كانی‌ لوبناندا دروستكرد و ته‌وژمێك ده‌نگدانه‌وه‌ و پڕوپاگه‌نده‌یشی‌ به‌دواداهات كه‌ ده‌ركه‌وتووترینیان ئه‌وه‌بوو، گوایه‌ حه‌ریری‌ له‌ ریاز «له‌ژێر نیشته‌جێی‌ زۆرملێدایه‌».
سه‌رۆكایه‌تی‌ لوبنان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندبوو»عۆن داوای‌ له‌ سعودیه‌ كردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ مێژوویی‌ و پته‌وی‌ له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌ی‌ هه‌یه‌، ئه‌و هۆكارانه‌ رونبكاته‌وه‌ كه‌ رێگرن له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك حه‌ریری‌ بۆ لوبنان تا بێته‌وه‌ نێو كه‌سوكار و گه‌ل و لایه‌نگرانی‌».
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ تری‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ لوبنانیشدا باس له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌ كرابوو كه‌ عۆن له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا ئه‌نجامیداوه‌ و تێیدا «دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی‌» په‌یوه‌ندیدار به‌ حه‌ریرییه‌وه‌ باسكراون.
له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ نوسینگه‌كه‌ی‌ عۆندا هاتبوو كه‌ ماكرۆن به‌ سه‌ردانێكی‌ ناچاوه‌ڕوانكراو له‌ 9ی‌ ئه‌م مانگه‌دا چۆته‌ سعودیه‌ و له‌و وڵاته‌وه‌ پابه‌ندبوونی‌ فه‌ره‌نسای‌ بۆ پشتیوانیكردن له‌ یه‌كێتی‌ و سه‌روه‌ریی‌ لوبنان دووپاتكردۆته‌وه‌.
كۆشكی‌ ئیلیزێ‌ له‌ 10ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017 رایگه‌یاندبوو كه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ سعودیه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ماكرۆن، ره‌تیكردۆته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بیه‌وێت جه‌نگ له‌ دژی‌ «حزبوڵڵا» به‌رپابكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت «پارێزگاری‌ له‌ سه‌قامگیری‌ لوبنان» بكات.
دوای‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماره‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ و چاوه‌ڕوانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ده‌كرێت تا هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ رونبكاته‌وه‌، تا كاتی‌ ئاماده‌كردنی‌ ئه‌م راپۆرته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ حه‌ریری‌ بۆ لوبنان چاوه‌ڕوانكراوه‌.
عۆن له‌ به‌یاننامه‌كیدا كه‌ له‌لایه‌ن نوسینگه‌كه‌یه‌وه‌ بڵاوكرابۆوه‌ رایگه‌یاندبوو»ئه‌و دۆخه‌ ته‌مومژاوییه‌ی‌ حه‌ریری‌ تێیدایه‌ له‌و ده‌مه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندووه‌، واده‌كات هه‌رچییه‌ك لای‌ ئه‌وه‌وه‌ ده‌ربچێت و ده‌ربكه‌وێت له‌ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌ سیاسییه‌كان، گوزارشت له‌ راستییه‌كان نه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌و دۆخه‌ ته‌مومژاوییه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك حه‌ریری‌ تێدایه‌ له‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌، بۆیه‌ ناكرێت متمانه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ بكرێت».
حه‌ریری‌ له‌ وتاری‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌ناڵی‌ (العربیه‌)ی‌ سعودیه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، هێرشێكی‌ توندی‌ كرده‌ سه‌ر ئێران و رایگه‌یاند»تاران ده‌وڵه‌تێكی‌ له‌ناو ده‌وڵه‌تدا دامه‌زراندووه‌ و له‌ئێستاشدا بڕیاری‌ باڵا لای‌ خۆیه‌تی‌، باڵه‌كه‌یشی‌ (حزبوڵڵا) له‌ڕێی‌ هێزی‌ چه‌كه‌وه‌ خۆی‌ وه‌ك واقیع سه‌پاندووه‌».
حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵڵای‌ لوبنانیش له‌ 10ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017، سعودیه‌ی‌ به‌ «ده‌ستبه‌سه‌ركردنی‌» سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ هه‌ڵگری‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زنامه‌ی‌ لوبنانی‌ و سعودیه‌.
نه‌سروڵڵا له‌ وتارێكدا كه‌ له‌لایه‌ن ته‌له‌ڤیزییۆنه‌كانه‌وه‌ په‌خشكرا رایگه‌یاندبوو»سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ لوبنان له‌ سعودیه‌ ده‌ستبه‌سه‌ره‌ و رێگه‌ی‌ پێنادرێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لوبنان».
له‌و ده‌مه‌ی‌ حه‌ریری‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ راگه‌یاند، بۆ یه‌كه‌م جار له‌ 12ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤیزیۆنی‌ (المستقبل) ده‌ركه‌وت و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باسیان له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی‌ كردبوو له‌ سعودیه‌.
له‌ 10ی‌ ئه‌م مانگه‌شدا ریكس تیلرسۆن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا، هۆشداریدا له‌وه‌ی‌ كه‌ لایه‌نه‌كان له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی‌ لوبنان، وڵاته‌كه‌ بكه‌نه‌ شانۆی‌ جه‌نگی‌ به‌ وه‌كاله‌ت.

 141 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*