سەرەکی » دۆسێ » هێزە عیراقییەكان: دەستبەداری وەزارەتەكانی بەرگریی و پەروەردە نابین

كابینەكە تەواو نەبووە

هێزە عیراقییەكان: دەستبەداری وەزارەتەكانی بەرگریی و پەروەردە نابین

سەرچاوەیەكی سیاسی دەڵێت، هاوپەیمانی هێزە سونییەكان، جموجۆڵێكی فراوانی دەستپێكردووە بۆ یەكلاكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان، پێشكەشكردنی دوو كاندیدیش بۆ ئەو دوو وەزارەت ئاشكرا دەكات.
ڕۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری لە ژمارەی رۆژی 25ی ئایاری 2019، لە زاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە بڵاویكردبۆوە:”هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان، بزاوتنێكی فراوانی بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی وەزارەتە بەتاڵەكان دەستپێكردووە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند كۆبوونەوەیەكی سازكرد و تێیاندا دۆسێی وەزارەتە بەتاڵەكان و پلە تایبەتەكانی تاوتوێ‌ كردووە، تەئكیدی لەسەر سازشنەكردنی لەسەر هەردوو وەزارەتی بەرگری و پەروەردەوەش، كردۆتەوە”.
بە گوتەی سەرچاوە سیاسییەكە”چوار كاندید هەن بۆ دوو وەزارەتەكە، بۆیە هاوپەیمانی لەئێستادا سەرقاڵی گفتوگۆیە بۆ دەستنیشانكردنی دوانیان، تا ببنە كاندیدی فەرمی بۆ بەرگری و پەروەردە، لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا ئەو بابەتە یەكلایی دەكەنەوە”.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەو پەیوەندیانەش كردووە كە لەلایەن سەركردەكانی هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان (هێزە سونییەكان) لەگەڵ سەرۆكی حكومەتدا ئەنجامدراون، لەپێناو پێشكەشكردنی دوو كاندیدەكە و پاشان دەنگدان لەسەریان لە پەرلەمان.
وێڕای تێپەڕینی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر پێكهێنانی حكومەتی عیراقی بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، بەڵام تائێستا چوار وەزارەت «بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە، و داد» بە بەتاڵی ماونەتەوە و هۆكاریی تەواونەكردنی پاشماوەی حكومەتی عیراقیش، بۆ ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەگەڕێتەوە.
بەر لە هاتنەبەری ئەم رەوشەی ئێستا، پرسی سەرەكی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراق، تەواوكردنی كابینە وەزارییەكە و خستنەگەڕی هەوڵەكان بوو بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی دروستبوونی تەنگژەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر سیاسەتی عیراقی دروستكردووە، پرسی تەواوكردنی حكومەت ئەولەویەتی لایەنە سیاسییەكان نییە و خەمی سەرەكی هەموو لایەك، قوتاربوونە لەم گۆڵمەی لەئێستادا ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت.
لە مانگی تشرینی 2018، و لە دوای دانیشتنێكی پەرلەمانی عیراق بۆ بەخشینی متمانە بە حكومەت كە تا دوای نیوەی شەو بەردەوام بوو، پەرلەمانتاران دەنگیاندا بە نیزكەی نیوەی كابینە وەزارییەكەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كە لە 24 وەزیر پێكدێت.
دوای هەڕەشەی هەندێك لە فراكسیۆنەكان بە پاشەكشەكردن و هەڕەشەی هەندێكی تر بە دەنگنەدان بە هەندێك لە وەزیرەكان لەبەر هۆكاریی حزبی یان سیاسی، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان ناچار بوو كابینەكە بەمشیوەیە پەسەند بكات»محەمەد عەلی حەكیم بۆ وەزارەتی دەرەوە، عەلا عەبدولساحب عەلوان بۆ وەزارەتی تەندروستی، فوئاد حسێن كە پێشتر كاندید بوو بۆ سەرۆكایەتی كۆمار، بۆ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی، لوئەی خەتیب بۆ وەزارەتی كارەبا، فەیسەڵ جەربا بۆ وەزارەتی بەرگری (متمانەی پێنەبەخشرا) و فالح فەیازیش كە راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بوو، لە دەركەوتووترین ئەو كەسێتیانە بوو كە بۆ وەزارەتی ناوخۆی كاندید كرابوو، وێڕای قوسەی سوهەیل كاندیدی وەزارەتی خوێندنی باڵا كە موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر رێگری بەرانبەر بە كاندیدكردنی دەربڕیبوو».
دوابەدوای بەخشینی متمانەش، عادل عەبدولمەهدی، وەك شەشەم سەرۆكی حكومەت لە عیراق لە دوای ساڵی 2003و وەك چوارەم سەرۆك وەزیران لە دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عیراق و دەستپێكردنی ژیانی پەرلەمانی لە عیراق، سوێندی دەستوری خوارد.
شەش مانگ بەسەر متمانە بەخشین بەسەر حكومەتەكەی عەبدولمەهدیدا تێدەپەڕێت و هێشتا چوار وەزارەت بە بەتاڵی ماونەتەوە كە بە گرنگترین و سەرەكیترین وەزارەتەكانی حكومەت دادەنرێن، لە سەرەتاوە وەزارەتی ناوخۆ كە جێگەی ناكۆكی نێوان هەردوو هاوپەیمانی چاكسازی و بنیاتنان بوو، وەك لەمپەری سەرەكی پەردەم تەواوكردنی پاشماوەی كابینەكە تەماشا دەكرا، بەڵام دواتر ناكۆكییەكان لەسەر وەزارەتەكانی بەرگری و پەروەردە لەنێوان فراكسیۆنە سوننەكاندا سەریهەڵدا و فراكسیۆنە كوردیەكانیش بە هەمان شێوە بۆ دەستنیشانكردنی كاندید بۆ وەزارەتی داد كە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ناكۆكی لەنێوانیاندا دروستبوو، لەئێستاشدا لایەنە سیاسییەكان چاوەڕوانن دوای تێپەڕاندنی ئەم رەوشەی ناوچەكەی گرتۆتەوە، كاندیدەكانیان بۆ پاشماوەی كابینە وەزارییەكە پێشكەش بكەن و حكومەت بخەنە سەر رێڕەوی خۆی كە چاوەڕوان دەكرێت لێوەی بوارەكانی خزمەتگوزاریی چالاكبكرێن و ئابوری وڵات لە سایەیدا زیاتر گەشەكردن بەخۆوە ببینێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لیبیا لە خەونی شۆڕشەوە بۆ شانۆی ..

لیبیا لە خەونی شۆڕشەوە بۆ شانۆی کارەکتەرە سیاسییەکانی خۆرئاوا ماجيد ...