سەرەکی » وەرزش » په‌تای شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی

په‌تای شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی

زاگرۆس نانەكەلی

په‌تای هه‌وای نه‌فس له‌ په‌تای جه‌سته‌ قورستر و وێرانكەر تره‌، له‌ هه‌ردووكیان خراپتریش په‌تای شرۆڤه‌كاری وه‌رزشیی كوردییه‌ كه‌ چه‌ند به‌ ئازاره‌، تۆ قسه‌ بكه‌یت بۆ خه‌لێك و خۆشت بڕوات به‌ قسه‌كانی خۆت نه‌بێت و بته‌وێت خه‌ڵكیش باوه‌ڕت پێبكات ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌.
له‌وانه‌ی وتران كاره‌ساتتر ئه‌وه‌یه‌، كه‌لله‌ ره‌قبیت و راڕا و خۆبه‌زلزان بیت، هه‌ر خۆت پێ راست بێت، به‌رامبه‌ره‌كه‌شت به‌ نه‌زان بزانیت، ببڕای ببڕای قه‌ت ناڵێم خۆت به‌ كه‌م بزانه‌، له‌ (فه‌نته‌ڵۆس) یش نه‌گوتراوه‌ تۆ له‌ شوێنێكی ساده‌ كاربكه‌ی، به‌ساده‌ له‌قه‌ڵه‌مت بده‌ن، له‌شوێنێكی به‌ناو زه‌به‌لاحیش كاربكه‌یت خۆت به‌ زه‌به‌لاح و زرپۆ بزانی!، ئه‌مه‌ ناكرێت، چونكه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ و هزری مرۆڤه‌كان له‌ خودی خۆیه‌تییانه‌ نه‌ك به‌ شوێنی كار، چونكه‌ ئه‌مڕۆ له‌م شوێنه‌ زه‌به‌لاحه‌ كارده‌كه‌ی، ئه‌ی به‌یانی کە ئه‌م شوێنه‌ت جێهێشت؟، ئه‌م قسانه‌ وه‌ك ده‌ڵێن:(با ئه‌وه‌له‌ن نه‌سیحه‌ت بێت بۆ نه‌فسه‌ گوناهبار و عاسییه‌كه‌ی من)، چونكه‌ له‌ مۆندیالی روسیای 2019 ستونێكم نووسی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مۆندیالی روسیا ده‌ریخست کە ئێمه‌ میدیای وه‌رزشی كوردیمان نییه‌، ره‌خنه‌ی زۆریان لێگرتم كه‌ له‌لای من زۆر ئاسایی بوو، به‌ڵام من مه‌به‌ستم خۆشم بوو ئینجا خه‌ڵك، ئێستاش میدیای وه‌رزشی كوردیمان نییه‌، چونكه‌ كورد هیچ ده‌زگایه‌ك یاخود تۆڕێكی تایبه‌ت به‌ میدیای وه‌رزشی كوردی نییه‌،ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ده‌زگاو كه‌ناڵه‌كان هه‌یه‌ شتێکی بچووكه‌، له‌كۆتاییشدا هه‌موومان له‌نێو به‌له‌مه‌كه‌داین و چاره‌نووسمان یه‌ك چاره‌نووسه‌.
شرۆڤه‌كاری پیشه‌یه‌كی زانستی سه‌رده‌مه‌، هاوشێوه‌ی ژیان مه‌رج و یاسا و بنه‌مای خۆی هه‌یه‌، شرۆڤه‌كاریی به‌رپرسیارێتییه‌، ده‌بێت زۆر به‌ هه‌ستیاری و زانستیانە مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین، ئەگه‌ر وا بیربكه‌ینه‌وه‌ به‌ لایك و كۆمێنت له‌ تۆڕه‌ كۆمەڵایه‌تییه‌كان دەبین به‌ شرۆڤه‌كار، ئه‌وا ته‌نها خه‌وی خۆش و غه‌فڵه‌ته‌ وهیچی تر، شرۆڤه‌كارێك کاتێک ئه‌و وڵاته‌ی شرۆڤه‌ی بۆ ده‌كات ناوی شه‌قامێكیشی نازانێت كه‌چی له‌خاوه‌ن ماڵ خۆی به‌ژیر تر و زانا تر ده‌زانێ، لێره‌وه‌ كاره‌ساتی لێك تێنه‌گه‌یشتن ده‌ست پێده‌كات، ته‌مه‌نێكی لاوی هه‌یه‌ باسی مێژووی سه‌ده‌یه‌كی ئه‌و یانه‌یه‌ی ئه‌وڵاته‌ده‌كات!، لۆژیك له‌ كوێیه‌ تۆ باسی خولێك بكه‌ی، كه‌چی نەزانی ئه‌م وڵاته‌ سیاسه‌ت و ئاست و میدیای وه‌رزشی ئه‌و وڵاته‌ چۆنه‌.
لێره‌دا ده‌كرێت ئه‌م پرسیارانه‌ بكه‌ین « پێگه‌ی وه‌رزشی كوردی له‌نێو پێگه‌كانی وه‌رزشی وڵاتانی دونیاداچییه‌ و چۆنه‌ تا ئێمه‌ بتوانین باس له‌ وه‌رزشی جیهانیی بكه‌ین؟ كورد ده‌زگای میدیای تایبه‌ت به‌ وه‌رزشی هه‌یه‌ یان نا؟ ئایا چه‌ند شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی جیهانی هاتوونه‌ته‌ كوردستان تا له‌ میدیاكانی ئێمه‌دا كاری شرۆڤه‌كاری بكه‌ن؟ ئێمه‌ی كورد چه‌ند میدیاكاری وه‌رزشیمان چۆته‌ ده‌زگاكانی میدیای وه‌رزشی عه‌ره‌بی و جیهانی شرۆڤه‌ی یاریی بكه‌ن؟.
له‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ پێتان وایه‌ ئێمه‌ی كورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌رزشێكی ته‌ندروستمان نییه‌ بۆیه‌ میدیایه‌كی وه‌رزشی ئه‌كادیمی وته‌ندروستیشمان نییه‌، له‌وانه‌ش شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی ئه‌كادیمی.
شرۆڤه‌كاری وه‌رزشیی كورد لایه‌نگیری و سۆز و رق وێرانی كردووه‌، له‌تیڤی و رادیۆ و رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا زۆر به‌ ئاسانی ده‌زانی نه‌ك شرۆڤه‌كاره‌كه‌ به‌ڵكو ده‌زگاكه‌شی لایه‌نگری چ یانه‌ ویاریزان و راهێنه‌رێكه‌، هۆكاره‌كه‌ش شرۆڤە كاره‌كانیانه‌،ده‌كرێت بڵێین شرۆڤه‌كاری به‌شێكی گرنگه‌ له‌ میدیای وه‌رزشی، وه‌كو ره‌خنه‌ و بێژه‌ر و كۆمێنتار و په‌یامنێر وپێشكه‌شكار و فۆتۆگرافه‌ری وه‌رزشی، شرۆڤه‌كاری به‌ دیدی من ده‌كرێت به‌چه‌ند به‌شێكەوە(شرۆڤه‌كاری داوه‌ری، شرۆڤه‌كاری یاریزان، شرۆڤه‌کاری گۆڵپارێز، شرۆڤه‌كاری میدیایی).
شرۆڤه‌كاری داوه‌ری تایبه‌ته‌ به‌ داوه‌ران، داوه‌رێك له‌ ستۆدیۆ بانگهێشت ده‌كه‌ی، به‌رله‌ده‌ست پێكردنی یارییه‌كه‌ باس له‌كه‌سایه‌تی داوه‌ری یارییه‌كه‌و ویاریده‌ده‌ره‌كانی ده‌كات، ئینجا له‌ كۆتایی یارییه‌کەدا‌ باسی خاڵه‌ سه‌ركه‌تووه‌كان و ولاوازه‌كانی داوه‌ره‌كه‌ ده‌كات، ئینجا پله‌ بۆ ستافی داوه‌ران دادەنێت، پاشان ئه‌و هه‌ڵانه‌ی روویداوه‌.
شرۆڤه‌ی یاریزانان، یاریزانێك یاخود راهێنه‌رێكی دێرین بانگهێشت ده‌كرێت كه‌خزمه‌تیان له‌نێو یاریگا له‌(20) ساڵ كه‌متر نه‌بێت، باس له‌ پلانی هه‌ردوو راهێنه‌ر ده‌كات، هه‌روه‌ها شیكردنه‌وه‌ی پلانه‌كان ده‌كات، ئینجا بۆچی راهێنه‌ر به‌و پلانه‌ یاری كرد و بۆچی ئه‌وی تر به‌ پلانێكی تر یاریكرد، پاشان شرۆڤه‌ی یاریزانه‌كان و راهێنه‌رانی هه‌ردوو تیپ ده‌كات، پاشان توانای تاك به‌تاكی یاریزان و ئاست و پله‌ و توانا و هه‌ڵه‌ و له‌ده‌ستدانی هه‌ل وگۆڵ و هۆكاری شكست و هۆكاری سه‌ركه‌وتن باس ده‌كات.
دواتر شرۆڤه‌كاری گۆڵپارێز، بێگومان راهێنه‌رێكی گۆڵپارێز یاخود گۆڵپارێزێكی دێرین بانگهێشتی ستۆدیۆ ده‌كرێت، باس له‌ توانا و و ژیری و خاڵه‌ لاواز و بەهێزەکانی گۆڵپارێز ده‌كات، ئینجا باس له‌وه‌ده‌كات چۆن تیپه‌كه‌ی له‌ شكست ده‌رباز كردووه‌، یاخود بۆچی بۆته‌ هۆكاری شكستی تیپه‌كه‌ی و زۆر كاری شرۆڤه‌ی تر تایبه‌ت به‌ گۆڵپارێز.
كۆتا شرۆڤه‌كاری، شرۆڤه‌كاری میدیاییه‌، كاتێك میدیاكارێكی وه‌رزشی بانگهێشت ده‌كه‌یت تایبه‌ت به‌و یارییه‌ی كه‌ شرۆڤه‌ی بۆ ده‌كات، واته‌ پسپۆڕی له‌ویارییه‌ هه‌بێت و خزمه‌تیشی له‌(20) ساڵ كه‌متر نه‌بێت، ئینجا تۆپی پێ، باله‌، باسكه‌، مه‌له‌وانی..تاد، كاری شرۆڤه‌كاری میدیای وه‌رزشیی له‌یارییه‌كاندا چه‌ند شرۆڤه‌یه‌كه‌ كه‌ ده‌توانێت زۆر تیایدا سه‌ركه‌تووبێت وه‌كو (ئامار وداتا و توانا و هێز و مێژوو و بازاڕی كڕین وفرۆشتن و دید و بۆچۆنی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌گرانی وه‌رزشی و لێدوانی یاریزان و راهێنه‌ران هه‌ردووتیپ، ئینجا گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری له‌گه‌ڵ میوانه‌كان وه‌كو یاریزان وراهێنه‌ره‌ دێرینه‌كان و له‌گه‌ڵ گۆڵپارێز وداوه‌ری دێرین، ئه‌مه‌ ده‌كرێت وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ی تووشی هه‌ڵه‌ نه‌بین.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمان و بێزارییه‌ ئەوەیە شرۆڤه‌كارێك میوانداری ده‌كرێت و خه‌ڵكێكی زۆر یاخود كه‌م سه‌یری ده‌كات، كه‌سی شرۆڤه‌كاریش بابه‌ته‌كانی تێكه‌ڵ كردووه‌، ته‌نها خۆی به‌ژیر ده‌زانێ و بینه‌ر وبیسه‌ریش له‌ دوورگه‌ی (واق واق) دەبینێتەوە!، سه‌ره‌تا نه‌ك شرۆڤه‌ به‌ڵكو گله‌یی له‌ هه‌ردوو راهێنه‌ر ده‌كات، راهێنه‌رێك نازانێ!راهێنه‌ره‌كه‌ی تر هیچی پێ نییه‌! یاریزانی تیپی یه‌كه‌م زۆر بێ ئاستن، یاریزانانی تیپی دووه‌م زۆر خۆ به‌زلزان وله‌خۆبای و كه‌م ئه‌زموونن!، داوه‌ره‌كه‌ زۆر غه‌دری له‌ تیپی یه‌كه‌م كرد، ئه‌و داوه‌ره‌ ئاستی گونجاو نییه‌، بۆ ئه‌م جۆره‌ یارییانه‌!داوه‌ر په‌ناڵتی بۆ تیپی دووه‌م هه‌ژمارنه‌كردووه‌، یاخود كارتی سوور وزه‌ردی به‌و یاریزان و گۆڵپارێزه‌ نه‌داوه‌ وحه‌قی ده‌كردنی هه‌بوو، ئه‌م شرۆڤه‌كاره‌ بڕیاری وا سه‌یر وسه‌مه‌ره‌ ده‌دات كه‌ سه‌رپه‌رشتیارانی دێرینی داوه‌ران له‌خۆیان رانابینن ئه‌م جۆره‌ بڕیارانه‌ بده‌ن، گۆڵپارێزی تیپی یه‌كه‌م ده‌مێكه‌ ئاستی روو له‌ لاوازی كردووه‌، گۆڵپارێزی تیپی دووه‌م سەرکەوتوو نه‌بوو له‌ تۆپگرتنه‌وه‌كان!،به‌هه‌رحاڵ نه‌ك شرۆڤه‌ ره‌خنه‌ له‌هه‌موویان ده‌گرێت وشرۆڤه‌كاری بۆ راهێنه‌ر ویاریزانه‌كان گۆڵپارێز وداوه‌ر ده‌كات و ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌ له‌ شرۆڤه‌كارانی هاوپیشه‌كانی ده‌گرێت،به‌ڵام گه‌ر شرۆڤه‌یه‌كی كورت وخێرا بۆ كه‌سی ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ بكه‌یت، له‌رووی ئه‌زموون ویاسای و پسپۆڕی هه‌مووی ناته‌واو و فاوڵه‌! خۆشی ره‌خنه‌ قبوڵ ناكات.
ئه‌مه‌یه‌ چیرۆكی شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی كوردی كه‌ به‌بڕوای من په‌تایەكه‌ وبه‌رۆكی گرتووین، پێویسته‌ بنبڕی بكه‌ین و خۆمانی لێ ده‌ربازبكه‌ین.

 48 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*