سەرەکی » زانست » با نه‌بینه‌ تاقیگه‌ی‌ كۆمپانیاكان و كارگه‌كانی‌ خۆراك

با نه‌بینه‌ تاقیگه‌ی‌ كۆمپانیاكان و كارگه‌كانی‌ خۆراك

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

پیس بوونی ژینگه‌ كاتێك به‌زیانه‌، كه‌ ببێته‌ هۆی تێكدانی ته‌ندروستی مرۆڤ، جا پیسبونی خۆراك له‌پێشینه‌دێت، چونكه‌ ڕاسته‌وخۆ كار له‌ ته‌ندروستی ده‌كات .
كوردوستان به‌هۆی بازاڕی ئازاد، زۆركه‌س بۆته‌ بازرگان، جاله‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رگای سنوریمان له‌گه‌ڵ‌ دراوسێكانمان زۆرن، وه‌ ده‌رفه‌تیش هه‌یه‌ جگه‌ له‌ ڕێگا یاساییه‌ كان، له‌ ڕێگای قاچاغیشه‌وه‌ شمه‌ك هاورده‌ بكرێ، وه‌بڕی كاڵای هاورده‌كراو سانسۆری له‌سه‌ر نیه‌ .
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی جۆری كارایه‌و، كۆمه‌لێك كۆمپانیاش بۆ ووردبینی كردن له‌ كاڵا و شمه‌كی هاوره‌كراو دامه‌زراوه‌، كه‌ تاقیگه‌ی پێشكه‌وتو به‌كار دێنن . له‌ هه‌مان كاتدا چاودێری ته‌ندرووستی ، چاودێری بازاڕده‌كات و گه‌ر خۆراكی خراپ بوو ، به‌سه‌رچووی، به‌رهه‌می كارگه‌كان له‌ ماركێت و لای دوكانداران ببینرێ، كۆ ده‌كرێته‌وه‌و له‌ناو ده‌برێ، هه‌روه‌ها چاودێری كشتوكاڵیش له‌ عه‌لوه‌كان هه‌یه‌، تا سه‌وزه‌و میوه‌ی خراپ نه‌برێته‌ بازاڕ، وه‌ به‌رێوه‌به‌رێتی ڤێرتێنه‌ری چاو دێری سه‌ربڕین خانه‌و گۆشت و مریشك ده‌كات . به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاتی ده‌وامی كارمه‌ندی ئه‌م فه‌رمانگانه‌ دیاری كراوه‌ . هه‌ندێك خۆراك دێنه‌ بازاڕه‌وه‌، كه‌ خه‌ڵك ده‌رده‌دار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ومه‌ینه‌تییه‌ی بۆخودی كه‌سه‌كه‌و كه‌سوكاریه‌تی، بارگرانیه‌ بۆ ده‌زگا ته‌ندرووستیه‌كان .
خۆراك هۆی‌ گه‌شه‌كردنی‌ جه‌سته‌و سه‌رچاوه‌ی‌ وزه‌یه‌ له‌ زینده‌وه‌راندا، زینده‌وه‌ره‌كان ده‌توانین پۆلێن بكرێن، به‌و خۆراكه‌ی‌ كه‌ ده‌یخۆن، وه‌ك گۆشت خۆره‌كان، ڕووه‌ك خۆره‌كان، مێرووخۆره‌كان، گه‌نده‌خۆره‌كان هتد…. بێگوومان هه‌ریه‌ك له‌مانه‌، كۆئه‌ندامه‌كانی‌ له‌شیان، بۆ سود وه‌رگرتن له‌و جۆره‌ خۆراكانه‌ گونجاوه‌.
مرۆڤ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كۆئه‌ندامه‌كانی‌ زۆر باڵایه‌و ژیره‌، توانیویه‌تی‌ سوود له‌ چه‌ندین جۆر له‌ زینده‌وه‌رو ڕوه‌ك وه‌ربگرێت ، وه‌ك خۆراك ، گه‌شه‌و ووزه‌ی‌ خۆی‌ پێدابین بكات، هه‌رئه‌مه‌ش وای‌ كردووه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ مرۆڤ ڕووله‌ زیادبوون بكات، له‌سه‌ره‌تادا جه‌سته‌ی‌ زینده‌وه‌ران و به‌روو تۆو ڕووه‌كه‌خۆڕسكه‌كان خۆراكی‌ مرۆڤ بوون و به‌كاڵی‌ ئه‌یخوارد، شاره‌زابوون له‌به‌كارهێنانی‌ ئاگر وای‌كرد بێته‌ هۆیه‌ك بۆ برژاندو كوڵاندن، كه‌وایكرد زیاتر سوود له‌و خۆراكانه‌و هه‌ندێكی تر وه‌ربگیرێ‌، ناسینی‌ خوێ‌، سوود وه‌رگرتن له‌ ترشاندن وه‌ك سركه‌و شه‌راب، ماست و شیره‌مه‌نی یه‌كانی‌، كۆكردنه‌وه‌و ووشك كردنه‌وه‌ی‌ به‌رو تۆوه‌كان و ووردكردن، چاندن وكشتیاری‌ كه‌هۆیه‌ك بوون بۆ بناغه‌ی‌ شارستانیه‌ت.
خۆراك و ئاماده‌كردنی‌، تانزیكه‌ی‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، له‌ هه‌موو جیهاندا، له‌كه‌ره‌سه‌ سروشتی یه‌كان ڕاسته‌وخۆ ده‌كراو ده‌خورا، له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌ك به‌پێی‌ هه‌ل و مه‌رجی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌، له‌م ساڵانه‌ی‌ دوواییدا به‌ هۆی‌ گه‌شه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ و دابینكردنی‌ هۆی‌ گواستنه‌وه‌ی‌، خۆراك له‌ هه‌موو جیهاندا بڵاوبوه‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌قتووكردن وه‌ك هۆیه‌ك بۆ پاراستن له‌ پیس بوون به‌كارهات، به‌هۆی به‌كار هێنانی ئه‌و ئامێرانه‌ی كه‌ هێزی بزواندنی سوته‌مه‌نی، یان كاره‌بان، به‌رهه‌م هێنان زۆر زیادی كرد ، زۆر زیاتر له‌پێویستی ناوچه‌كان خۆیان، به‌بازاڕكردن و هه‌نارده‌ كردن زیاتر بوو، جائه‌وه‌ی‌ فریا بكه‌وێت، بازار بۆخۆی‌ له‌م جیهانه‌دا په‌یدا بكات، هه‌روه‌ها پێویستی یه‌كانی‌ بازار، وایانكرد كه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان په‌ناببنه‌ به‌ر ته‌كنۆلۆجیا بۆ به‌رهه‌می‌ زیاتر .
له‌و به‌رهه‌مانه‌ به‌رهه‌می‌ كشتوكاڵی‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌
1.جگه‌ له‌وه‌رزه‌كانی‌ خۆیان هه‌موو وه‌رزه‌كاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
2.به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی‌ په‌ینی‌ كیمیاوی گه‌شه‌و به‌رهه‌م زیاد ده‌كرێت.
3.به‌ له‌ناوبردنی‌ مه‌گه‌زوو ده‌رده‌ كشت‌وكاڵیه‌كان به‌رهه‌مه‌كان له‌ناو ناچن كه‌ تیایدا جۆره‌ها ژه‌هرو مادده‌ی‌ نامۆ به‌كاردێت.
4.تایبه‌تكردنی‌ زه‌وی‌ به‌ جۆرێكی‌ دیاریكراو له‌ ڕووه‌ك و بژاركردن و قڕكردنی‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی‌ تر.
ئه‌مانه‌ وا ئه‌كات كه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی‌ كه‌ به‌م جۆره‌ ده‌ست ئه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر چی‌ به‌ڕوواڵه‌ت ئاسایین به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك هه‌ست پێ‌كراو جیاوازی‌ و كاریگه‌ری‌ ئه‌وده‌ست تێ‌وه‌ردانه‌یان پێوه‌دیاره‌.
5.كۆ كردنه‌وه‌و گواستنه‌وه‌یان له‌ ناو كیسه‌ی نایلۆن و سه‌به‌ته‌ی پلاستك وفلین، گوێنی پلاستك . له‌جیاتی سه‌به‌ته‌ی پوش و شوڵ‌ و گوێنی ڕووه‌كی .
پیس بوونی‌ ئه‌و خۆراكانه‌ به‌ڕوواڵه‌ت ده‌رناكه‌وون و هه‌ستی‌ پێناكرێ‌ مه‌گه‌ر له‌ تاقیگه‌ی‌ تایبه‌تدا له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ پسپۆره‌وه‌ .
به‌رهه‌مه‌ ئاژه‌ڵیه‌كان به‌ده‌ست تێوه‌ردانی‌ مرۆڤ
1.لێكدانی‌ ڕه‌گه‌زه‌كان بۆ دروست بوونی‌ ڕه‌گه‌زی‌ نوێ‌
2.ده‌ستنیشانكردن و به‌كارهێنانی‌ خۆراكی‌ ئه‌وتۆ كه‌ گه‌شه‌ی‌ نائاسایی خێرایی‌ گه‌شه‌كردنی‌ جه‌سته‌یان و زیادكرنی‌ به‌رهه‌می‌ شیر یان هێلكه‌
به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵیه‌كان جیاوازی‌ ئه‌م به‌رهه‌مانه‌و به‌رهه‌می‌ ئاژه‌ڵ‌و په‌له‌وه‌ره‌ ئاسای‌یه‌كان زۆر هه‌ستی‌ پێكراوه‌..
به‌هه‌مان شێوه‌، به‌رهه‌مهێنانی هه‌نگوین، به‌ دانانی شه‌كراو شیله‌ بۆ هه‌نگه‌كان، ئه‌مانه‌ و درووستكردنی زۆر جۆر مارگرین و جۆری هاوشێوه‌ی په‌نیر و شیره‌مه‌نی جۆراو جۆر، له‌ كاربۆهیدرات و چه‌وری ڕوه‌كی .
به‌هۆی‌ سه‌رقاڵی‌ ژیان و كه‌می كات زۆربه‌ی‌ خه‌ڵك ده‌ست به‌رداری‌ ئاماده‌كرنی‌ خۆراك بوون وه‌په‌نا ئه‌به‌نه‌به‌ر خۆراكی‌ ئاماده‌كراو یان نیوه‌ ئاماده‌ بۆ تێركردنی‌ خۆیان.
زه‌یت به‌ گه‌رم كردن ژه‌هراوی ده‌بێت
گه‌رچی وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ڵك باوه‌ڕیان پێیه‌تی، كه‌ هه‌موو شتێك به‌ گه‌رم كردن خاوێن ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام زه‌یت كه‌ ماده‌یه‌كی هایدرۆكاربۆنیه‌، به‌گه‌رمكردنی به‌رده‌وام، به‌نده‌كانی تێك ده‌شكێن و پێكهاته‌ی به‌ڕواڵه‌ت زه‌یت و له‌ڕاستیا ژه‌هرین درووست ده‌بێ .
ئه‌گه‌ر چی‌ به‌ ڕواڵه‌ت خاوه‌ن كارگه‌كان هه‌وڵ‌ ئه‌ده‌ن، له‌و خۆراكانه‌ی‌ ئاماده‌ی‌ ئه‌كه‌ن زۆر خاوێن و له‌باربێت، به‌ڵام ئه‌بێ‌ ئه‌وه‌مان له‌یاد بێت، خاوه‌ن ئه‌و كارگانه‌ خاوه‌نی‌ سه‌رمایه‌دارن و وه‌ زیادكردنی‌ سه‌رمایه‌كه‌یان ئامانجی‌ سه‌ره‌كیانه‌، هه‌رچۆن ویژدانی‌ كارمه‌ندانی‌ ئه‌م شوێنه‌ كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كان زۆره‌.
ئه‌وه‌ی‌ پاڵ‌ به‌خه‌ڵكه‌وه‌ ئه‌نێ‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ خۆراك، دیمه‌ن و چێژو بۆنه‌كه‌یه‌تی‌، ئێستا تێكه‌ڵ‌ كردنی‌ ڕه‌نگی‌ كیمیاوی‌ و تام و بۆن، كارێكی‌ ئاسای یه‌، هه‌رچۆن به‌كارهێنانی‌ پڕوپاگه‌نده‌ وه‌ كاغه‌زو قوتووی‌ جۆراوجۆرو بریقه‌دار، سیمای‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌و كارگانه‌یه‌، كه‌ خاوه‌نه‌كانیان هه‌وڵ‌ ئه‌ده‌ن به‌های‌ به‌رهه‌مه‌كانیانی‌ پێ به‌رز بكه‌نه‌وه‌، وه‌ك خۆراكێكی‌ شایسته‌ بینوێن.
پیس بوون به‌ تیشك ، یان تێكه‌ل بوونی‌ مادده‌ی‌ كیمیاوی‌ به‌زیانه‌، یان تێكه‌ڵ‌ بوون به‌به‌كتریای‌ نه‌خۆشی‌ به‌رده‌وام له‌ جیهاندا ڕووئه‌دات، جا ئه‌و چاوگه‌ خۆراكیانه‌ی‌ به‌م شتانه‌ پیس ئه‌بن، نه‌شیاون بۆ خۆراك وه‌زیان ئه‌ده‌ن له‌ مرۆڤ .
له‌ كێڵگه‌كانی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ ئاژه‌ڵ و ماسی و هه‌نگ، له‌و ئالیكه‌ی‌ له‌م كێڵگانه‌دا به‌كاردێ‌، یان تێكه‌ڵبوونی‌ ئه‌و پیسكه‌رانه‌ به‌ كێڵگه‌ كشت‌وكاڵیه‌كان، یان عه‌ماره‌كانی‌ خۆراك، كه‌ بۆ پاراستنی خۆراكه‌كان له‌ مشك و مێروو، جۆره‌ها ژه‌هر به‌كاردێنن . هه‌ندێ‌ خۆراك كه‌چه‌ند قۆناغێكی‌ پیشه‌سازی‌ ئه‌بڕن تائاماده‌ ئه‌بن، وه‌ك شه‌كر, ڕۆن، شیره‌مه‌نی یه‌كان، بیبسی‌، شه‌ربه‌ت، پسكیت، نه‌سته‌له‌، نوقڵ‌، صاص، سركه‌، سۆسه‌ج .. . هتد . گه‌ر یه‌كێ‌ له‌ پێكهێنه‌رانی‌ ئه‌م خۆراكانه‌، یان ئه‌و ئامێرانه‌ی‌ له‌ دروستكردنیانه‌ به‌كار دێت، یان ئه‌و ده‌فرانه‌ی تێی ده‌كرێت، له‌ ئاستی‌ پێویستا نه‌بێت ، به‌زیان ئه‌بن بۆ خواردن.
خه‌ڵكی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ دابینكردنی‌ ژیانیان، ئه‌م خۆراكانه‌ كه‌به‌ڕه‌نگ و تام و بۆن و كاغه‌زی‌ بریقه‌داره‌وه‌ ده‌خرێنه‌ به‌رچاو ده‌كڕن، به‌ڵام تووشی گرفتیان ئه‌كات .
چۆن دڵنیابین له‌و چپس و نه‌سته‌له‌یه‌ی‌ كه‌ مناڵان ئالووده‌ی‌ بوون ئاخۆ ئه‌و شیرو زه‌یته‌ی‌ له‌ درووستكردنیان به‌كارهاتووه‌ چ جۆرێك بووه‌, ئاخۆ ئه‌و دانه‌وێڵه‌یه‌ی‌ كه‌له‌دروستكردنی‌ پسكیت یان مه‌عكه‌ڕۆنیدا به‌كاردێ‌ مێرووی‌ تێنه‌داوه‌، یان ژه‌هری‌ كوشنده‌ له‌ عه‌ماره‌كه‌یا به‌كار نه‌هاتووه‌ بۆ مشك ومێروو؟ ئاخۆ ئه‌و گۆشته‌ی‌ له‌ كۆمپانیاكانه‌وه‌ پێمان ئه‌گات، هی‌ ئاژه‌ڵ‌ و په‌له‌وه‌ری‌ ته‌ندرووست بووه‌، ئاخۆ ئه‌و ئالیكه‌ی‌ له‌به‌خێوكردنیانا به‌كارهاتووه‌ شیاوبووه‌، ئاخۆ سه‌رجه‌م ئه‌و خۆراكانه‌ی‌ ئه‌گاته‌ لامان له‌ تیشك پارێزراو بوون خۆیان و پێكهاته‌كانیان .
وه‌ك ئاگادرین هه‌ندێك خۆراك هه‌ن ، كه‌ له‌و وڵاتانا به‌رهه‌م دێن، كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك باوه‌ڕپێكراون و جێی متمانه‌ن، به‌ڵام پێكهاته‌كانیان، له‌و شوێنانه‌وه‌دێنن كه‌ جێگه‌ی گومانن، یان كه‌سانی وا خاوه‌ن كاره‌كه‌ن كه‌ جێگه‌ی گومانن، ئاخۆ بۆچی‌ نرخی‌ هه‌ندێك له‌و خۆراكانه‌، له‌بازاڕه‌كانی‌ ئێمه‌دا هه‌رزانتره‌ وه‌ك له‌بازه‌ڕه‌كانی‌ جیهاندا.
شتێكی تر كه‌ وه‌ك سه‌لمێنراوه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، ئه‌و پلاستك و نایلۆنه‌ی كه‌ ئه‌و خۆراكه‌ هاورده‌كراوانه‌ی تێكراوه‌، به‌تایبه‌ت گه‌ر عه‌ماره‌كه‌ی گه‌رم بووبێ، زۆر تازه‌ نه‌بێت، ئه‌وا ڕێژه‌یه‌كی زیاتر پاسفینۆڵی تیاده‌بێ، كه‌ ماده‌یه‌كی زۆر به‌ زیانه‌ بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ .
بۆ خۆپاراستن له‌و دڵه‌ڕاوكێیه‌، به‌ پاكه‌ت و قوتووه‌ جوان وبریقه‌داره‌كان نه‌خڵه‌تێین، باوه‌ڕ به‌ پڕوپاگانده‌ی كۆمپانیاكان نه‌كه‌ین، تا بتوانین خۆمان له‌ قه‌ره‌ی‌ ئه‌و خۆراكانه‌دا نه‌ده‌ین كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سنووره‌كانه‌وه‌ دێن، پشت به‌خۆراكی‌ ساده‌ ببه‌ستین، له‌ میوه‌و سه‌وزه‌و دانه‌وێڵه‌، به‌رهه‌مه‌ ئاژه‌ڵیه‌كانی‌ خۆمان بخۆین تا ده‌كرێت شه‌كرو ڕۆن كه‌م به‌كاربهێنین، تا گیرۆده‌ی‌ ده‌ردو نه‌خۆشی‌ نه‌بین به‌تایبه‌ت كه‌له‌ده‌رمانه‌كانیش دڵنیانین كه‌بۆمان دێت، له‌به‌رهه‌می‌ ئاسایی‌ ئه‌چن به‌ڵام توێژینه‌وه‌كان زۆر كه‌م و كوڕیان تیا ده‌ست نیشان كردووه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دیارده‌ی‌ پیسبوونی‌ ژینگه‌

نەوزاد عوسمان عەبدولڕەحمان* (3-3) پیسبوونی‌ ئاو پیسبوونی‌ ئاو بریتیه‌ له‌ ...