سەرەکی » مانشێت » رۆژنامەكانی ئیسرائیل باس لە بۆردومانكردنی عیراق دەكەن

«چاوپێكەوتن لە نێوان هەردوولادا کراوە»

رۆژنامەكانی ئیسرائیل باس لە بۆردومانكردنی عیراق دەكەن

ڕۆژنامەی (هائارتس)ی ئیسرائیلی، كۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ئیسرائیل و نوێنەرانی عیراق ئاشكرا دەكات و مەبەستی كۆبوونەكەش، بۆ بۆردومانەكەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆچەند پێگەیەك لە عیراق، دەگێڕێتەوە.
تسیڤی برئیل، بەرپرسی كاروباری عەرەبی لە ڕۆژنامەی (هائارتس) لە 3ی ئابی 2019 ڕایگەیاندبوو”لەروانگەی راپۆرتە جیاجیاكان لەبارەی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ چەند پێگەیەك لە عیراق، بەڵام دۆسێی عیراق و رۆڵی وڵاتەكە لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران، مایەی پرسیاری جیاجیایە”.
بە گوتەی برئیل”سەرچاوە دیپلۆماسییە ئەوروپاییەكان پێیانڕاگەیاندوین كە نوێنەرانی ئیسرائیل لەم ماوەیەدا چاوپێكەوتنی نهێنیان لەگەڵ چەند كەسێتییەكی عیراقی ئەنجامداوە”، بەبێ‌ ئەوەی ناوەكانیان ئاشكرابكرێت.
برئیل لە راپۆرتەكەیدا دەڵێت”مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەمانگی ئایاری ڕابردوو سەردانێكی بەپەلەی بۆ بەغدا ئەنجامدا و بە بەرپرسانی عیراقی راگەیاند كە پرۆسەی گواستنەوە و بەستنی موشەكە ئێرانییە دوورمەوداكانی جۆری (زلزال) و (فەتح) كە مەوداكانیان لەنێوان 200-700 كیلۆمەترە لە ناوچەكانی باكووری عیراق بەڕێوەدەچێت”، ئاماژەی بەو وێنانەش كردبوو كە ئیسرائیل رادەستی پۆمپیۆی كردووە و “لە ئاسمانەوە گیراون و شوێنی موشەكە بالیستییەكان دیاریی دەكەن”.
رۆژنامەی (الشرق الاوسگ) لە 1ی ئابی 2019 بڵاویكردبووەوە،” ئیسرائیل بەمزوانە هەندێگ پێگەی تر لە عیراق بۆردومان دەكات، ئامانج لەو بۆردومانەش لەباربردنی ئەو پیلانانەیە كە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتەكە دروستدەكەن”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا پێشتر رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی رایگەیاندبوو، فڕۆكەكانی (ئێف-35)ی ئیسرائیلی چەند پێگەیەكیان لە عیراق بۆردومان كرد.
ڕۆژنامەی (یەدیعوت ئەحرەنوت) لە ڕاپۆرتێكیدا لە 1ی ئابی 2019 و لە زاری رۆن بن یەشای، شارەزای سەربازییەوە بڵاویكردبووەوە، “هێزێكی ئاسمانی ئیسرائیلی، بنكەیەكی سەربازی لە عیراق بۆردومان كرد، كە نزیك بووە لە سوریا و ئێران بۆ مەبەستی رەوانەكردنی چەك لە عیراقەوە بۆ سوریا و لوبنان، تا لە دژی ئیسرائیل بەكاربهێنرێت، بەكاریهێناوە”.
بەپێی ڕۆژنامەكە، “ئەو پێگەیەی بۆردومان كراوە، ئەو میلیشیایانەی تێدا جێگیر بووە، كە سەر بە ئێرانن لە عیراق”.
هەر لەو بارەیە و دوای بێدەنگییەك، كە زیاتر لە هەفتەیەكی خایەند، بەرپرسێكی سەربازی ئیسرائیلی ڕایگەیاندبوو، لە عیراقیش دەكەوینە جموجۆڵ وەك چۆن لە سوریا جموجۆڵمان كرد، دەتوانین لە یەمەن و ئێرانیش جموجۆڵ بكەین لەپێناو رێگرتن لە دوژمنەكانمان، تا چەكی پێشكەوتوو نەگوازنەوە و لە شوێنە ستراتیژییەكانی ناوچەكەدا جێگیر نەبن.
ماوەیەك لەمەوبەر فڕۆكە جەنگییەكان، كە رەنگە لە جۆری (ئێف- 35) بوبن، هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی حزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی، كە دەگوترێت لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەكرێت.
بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكان، ئەو شوێنەی هێرشی كرابووەسەر، چەكی پێشكەوتوو و موشەكی بالیستی تێدابووە و رۆژێك پێش هێرشەكە لەڕێی بارهەڵگری سەوزە و میوەوە بۆی گوازرابووەوە.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، لە هێرشەكەدا دەیان چەكداری سەر بە حەشدی شەعبی و حزبوڵڵا كوژرابوون، وێرای خاپوربوونی تەواوەی شوێنەكە.
لە بۆردومانەكەدا مووشەكی پێشكەوتوو بەكارهاتبوو، كە هاوشێوەی ئەو مووشەكانە بوون كە ئیسرائیل لە سوریا بەكاریهێنابوون، و كێشەكەیان نزیكەی تەنێك دەبێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئیسڕائیل لە لوبنان و سوریا و عیراقدا هێرش دەكاتە سەر ئێران.
هەر لەو بارەیەوە، بەرپرسە سەربازییەكەی ئیسرائیل ئاماژەی بە چڕكردنەوەی هێرشەكانی وڵاتەكەی كردبوو لەم ماوەیەی دواییدا لە جۆلانی سوریا، ئەمەش بە گوتەی ئەو، لەپێناو كۆتایی هێنانە بە بوونی سەربازی حزبوڵڵا و ئێران لەو ناوچەیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*