سەرەکی » وەرزش » رێگه‌ به‌ كچان ده‌درێت ئاماده‌ی‌ یارییه‌كانی ئێران بن له‌ پاڵاوتنی مۆندیالدا

رێگه‌ به‌ كچان ده‌درێت ئاماده‌ی‌ یارییه‌كانی ئێران بن له‌ پاڵاوتنی مۆندیالدا

به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی وه‌رزشی ئێران رایگه‌یاند بڕیاردراوه‌ رێگه‌ به‌ ئاماده‌بوونی كچان بدرێت له‌ نێو یاریگا هانی هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئێران بده‌ن له‌ یارییه‌كانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر.
له‌ ئێران ئاماده‌بوونی ژنان و كچان له‌ یاریگاكان قه‌ده‌غه‌یه‌ به‌ڵام له‌ماوه‌ی‌ رابردوو یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ له‌ رێگه‌ی‌ جیانی ئینفانتینۆی سه‌رۆكی یه‌كێـییه‌كه‌ گوشاری زۆری خسته‌ سه‌ر به‌رپرسانی تاران تا رێگه‌ به‌ كچان بده‌ن ئاماده‌ی‌ یارییه‌كان بن له‌ نێو یاریگا و ماوه‌یه‌كیشی به‌ یه‌كێتی تۆپی پێی ئێران دابوو كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ جێ به‌جێ نه‌كه‌ن ئه‌وا سزا ده‌درێن.
له‌ ترسی سزای فیفاش جه‌مشید تاغی زاده‌ به‌رپرسی كاروباری یاسایی له‌ وه‌زاره‌تی وه‌رزش رایگه‌یاند رێگه‌ به‌ كچان ده‌درێت رۆژی 1ی 10 له‌ یاریگای ئازادی ئاماده‌ی‌ یاری هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئێران بن به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ كه‌مبدۆیا له‌ پاڵاوتنی مۆندیال.
ئه‌و به‌رپرسه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ هیچ یاسایه‌ك نییه‌ له‌ ئێران دژی ئاماده‌بوونی ژنان بێت له‌ یاریگا و دوپاتیشی كردۆته‌وه‌ ئه‌وان ئامانجیان سه‌ركه‌وتنی ژنانه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كان.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین له‌ ساڵی 1979 واته‌ له‌ شۆڕشی ئیسلامییه‌وه‌ رێگه‌ به‌ چونی كچان بۆ یاریگامان نه‌دراوه‌ كه‌ پیاوانی ئایینی ئێران پێیان وابوو ئه‌مه‌ كارێكی نه‌شیاوه‌و پێویستی بپارێزرێن نه‌چنه‌ ئه‌و شوێنانه‌ كه‌ رێژه‌ی پیاوانی تیادا زۆره‌، ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجیشه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو رێگه‌ به‌ چوونی كچانی بیانی دراوه‌ بۆ نێو یاریگاكان.
شایه‌نی باسه‌ ساڵی رابردوو بۆ یه‌كه‌م جار رێگه‌ درا له‌ یارییه‌كی یانه‌ی‌ پیرسیپۆلیس كچان ئاماده‌بن به‌ڵام مه‌دره‌جیان بۆ جیاكرایه‌وه‌.

 42 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*