سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » هاوڕێكه‌م چه‌قۆیه‌ك له‌ پشتیدایه‌پەڕە 4

کورتەچیرۆک

هاوڕێكه‌م چه‌قۆیه‌ك له‌ پشتیدایه‌

بین لۆری

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

رۆژێك هاوڕێكه‌م هات و له‌ ده‌رگای ماڵه‌كه‌می دا.
لێی پرسیم: شتێك چووه‌ به‌ پشتما؟
وتم: نازانم. بخولێره‌وه‌. خولایه‌وه‌.
وتم: چه‌قۆیه‌ك چووه‌ به‌ پشتدا.
وتی: چه‌قۆیه‌ك؟
كه‌مێك سه‌یر ده‌هاته‌ به‌رچاو.
پرسی: چه‌قۆ چۆن چووه‌ به‌ پشتمدا.
وتم: نازانم، به‌ڵام ده‌بێ ئازارێكی زۆری هه‌بێت.
وتی: به‌ڵێ، تۆزێك.
هه‌ردووكمان ماوه‌یه‌ك له‌ هۆڵه‌كه‌ وه‌ستاین.
لێم پرسی: ده‌ته‌وێ چه‌قۆكه‌ ده‌ربێنم؟
وتی: نازانم. پێت وایه‌ پێویسته‌ ده‌ریبێنم؟
وتم: نازانم. خۆ من دكتۆر نیم.
دواجار لێگه‌ڕاین چه‌قۆكه‌ له‌ پشتیدا بمێنێته‌وه‌.
وتی: هێنده‌ش ئازاری نییه‌.
وتم: حه‌زده‌كه‌ی بێیته‌ ماڵه‌وه‌ پێكه‌وه‌ سه‌رو بیره‌ بخۆینه‌وه‌؟
وتی: نه‌خێر سوپاس، ده‌بێت بڕۆم.
پاش ئه‌وه‌، ماوه‌یه‌ك هاوڕێكه‌مم نه‌بینی. نیگه‌رانی بووم، چه‌ند جارێك ته‌له‌فۆنم بۆ كرد، به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنی نه‌ده‌دایه‌وه‌.
ئاخری چوومه‌ به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌ی، له‌ ده‌رگام دا. گوێم له‌ ده‌نگێك بوو، پاشان ژنه‌كه‌ی ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌.
وتی: فه‌رموو.
پرسیم مێرده‌كه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌یه‌.
وتی: نازانم. بوه‌سته‌ با بزانم له‌ ماڵه‌.
ده‌رگاكه‌ی داخست، پێم وایه‌ چوو بۆ شوێنێك. ماوه‌یه‌كی زۆر له‌وێدا وه‌ستام. پاشان دووباره‌ ده‌رگاكه‌ كرایه‌وه‌.
وتی: پێم وایه‌ چۆته‌ ده‌ره‌وه‌.
وتم: ده‌توانم راسپارده‌یه‌كی بۆ دانێم؟
وتی: به‌ڵێ، بۆچی نا!
وتم: ده‌توانی پێی بڵێی ته‌له‌فۆنم بۆ بكات.
وتی: باشه‌ پێی ده‌ڵێم كه‌ هاتوویت.
ده‌رگاكه‌ی داخست، منیش چووم بۆ ئه‌وسه‌ری شه‌قامه‌كه‌. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك گه‌ڕامه‌وه‌. نزیكی ماڵه‌كه‌ بوومه‌وه‌، له‌ په‌نای دره‌ختێكدا هه‌ڵتروشكام.
پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌رگاكه‌ كرایه‌وه‌.
ده‌رگاكه‌ كرایه‌وه‌ و هاوڕێكه‌م هاته‌ ده‌ره‌وه‌. چاكه‌ت و پانتۆڵی له‌به‌ردا بوو.
وتم: سڵاو.
وتی: سه‌رچاوم.
سه‌یرێكی ده‌وروبه‌ری كرد.
وتی: سڵاو، ئه‌وه‌ تۆی؟
وتم: به‌ڵێ، مه‌سه‌له‌ی چه‌قۆكه‌ چی به‌سه‌رهات؟
وتی: چه‌قۆكه‌؟ ئه‌ها، چه‌قۆكه‌.
تۆزێ پشتگوێی خستم، وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكی گرنگ نه‌بێت.
وتی له‌ خه‌سته‌خانه‌ بۆیان ده‌رهێناوه‌.
له‌ خه‌سته‌خانه‌؟ ئه‌ی ئه‌وه‌یان زانی له‌ كوێوه‌ چووه‌ به‌ پشتدا؟
وتی: نه‌خێر، باوه‌ڕ ناكه‌م.
وتم: له‌وه‌ ناچێ تۆ زۆر نیگه‌ران بیت.
وتی: بمبووره‌، ده‌بێ بڕۆم كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگی كارم هه‌یه‌ له‌ ناوه‌ندی شار.
وتی: دوایی ته‌له‌فۆنت بۆ ده‌كه‌م. پێم خۆشه‌ یه‌ك ببینینه‌وه‌.
له‌وێدا وه‌ستام و سه‌یری دووركه‌وتنه‌وه‌یم كرد. ته‌نانه‌ت یه‌كجاریش ئاوڕی نه‌دایه‌وه‌. شتێك له‌ ناخیدا بوو، شتێك له‌ سه‌راپای وجودیدا بوو، به‌و شێوازه‌ی كه‌ وه‌ستابوو، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ته‌ماشای ده‌كرد، به‌و شێوه‌یه‌ش كه‌ به‌ رێدا ده‌ڕۆیشت.
كاتێ رۆیشت، به‌ره‌و لای ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی چووم.
كه‌ له‌ ده‌رگاكه‌م دا ژنه‌كه‌ی وه‌ڵامی نه‌ده‌دایه‌وه‌. به‌ ده‌وری ماڵه‌كه‌یدا كه‌مێك خولامه‌وه‌، له‌ په‌نجه‌ره‌كانه‌وه‌ به‌ وردی سه‌یری ناو ماڵه‌كه‌م كرد. له‌ناكاو چه‌قۆكه‌م بینی.
چه‌قۆكه‌ له‌سه‌ر مێزی ژووری میوانه‌كه‌یان بوو. خوێنی هاوڕێكه‌م به‌ده‌می چه‌قۆكه‌وه‌ بوو، هێشتا وشك نه‌ببۆوه‌.
له‌به‌رخۆمه‌وه‌ وتم: به‌ڕاستی ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ بیری لێده‌كه‌مه‌وه‌؟
هیچ كام له‌مانه‌ له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و لۆجیكدا نایه‌نه‌وه‌.
به‌ په‌نجه‌ره‌كه‌دا هه‌ڵگه‌ڕام، تاكه‌كه‌یم به‌رزكرده‌وه‌، چوومه‌ ژووره‌وه‌، چه‌قۆكه‌م هه‌ڵگرت.
له‌ناكاو ژنه‌كه‌ی له‌ ناو ژووره‌كه‌دا قوت بۆوه‌.
قیژاندی. ده‌می زۆر زل و پان بوو.
باقی شته‌كان تاریك و ناخۆش بوو. پۆلیس منیان برد. خوێنی هاوڕێكه‌م به‌و ناوه‌دا بڵاوببۆوه‌.
من هه‌میشه‌ ده‌موت: باوه‌ڕبكه‌ن هاوڕێكه‌م حاڵی باشه‌. چووه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی كار.
به‌ڵام ئه‌و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌. له‌ هیچ شوێنێك دیار نه‌بوو. بۆیه‌ كه‌وتمه‌ زیندانه‌وه‌. زۆرم هاوار كرد، به‌ڵام كه‌س به‌ هانامه‌وه‌ نه‌هات.
له‌ كونێكی ده‌رگای زیندانه‌كه‌وه‌ خواردنیان بۆ ده‌كردمه‌ ژووره‌وه‌.
نازانم ماوه‌ی چه‌ند له‌وێدا مامه‌وه‌. ته‌نانه‌ت چۆنیه‌تی مانه‌وه‌كه‌شم له‌ بیر نییه‌. له‌وێدا بۆ هه‌تا هه‌تایی دانیشتبووم و له‌ فه‌زا رامابووم.
هه‌میشه‌ ده‌موت من هیچ تاوانێكم نه‌كردووه‌.
ئاخری چه‌قۆیه‌ك هات. وه‌كو خواردن له‌ كونی ده‌رگاكه‌وه‌ هاته‌ ژووره‌وه‌. گرتم به‌ ده‌ستمه‌وه‌ و له‌ ده‌مه‌كه‌ی رامام.
پاشان ده‌سكه‌كه‌یم له‌ دیواره‌كه‌دا جێگیر كرد.
رێك نووكی چه‌قۆكه‌م له‌ به‌رامبه‌ر بڕبڕه‌ی پشتمدا رێكخست و هه‌ناسه‌كی قووڵم هه‌ڵكێشا. پاشان بێچه‌ند و چوون به‌ هه‌موو هێز و قوه‌تی خۆمه‌وه‌ پاشه‌و پاش رامكرد و خۆم كێشا به‌ چه‌قۆكه‌دا.
له‌ رێگه‌ی نه‌خۆشخانه‌ له‌ناو ئه‌مبوڵانسدا راكشاوم. ژنی هاوڕێكه‌شم له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌یه‌.
وتی: ئاخری ئه‌و جوامێرییه‌ت نواند. شانازیت پێوه‌ ده‌كه‌م.
وتم، سوپاس، پاشان بوورامه‌وه‌.
كاتێ له‌ خه‌به‌رم بۆوه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ راكشابووم. زه‌نگی به‌رده‌وامی ده‌رگاكه‌م ده‌هاته‌ گوێ.
وتم: وا هاتم.
به‌ ناڕه‌حه‌تی توانیم بوه‌ستم.
ده‌سكی ده‌رگاكه‌م بادا.
وتی: به‌یارمه‌تیت.
هاوڕێكه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌ستابوو.
كه‌مێك شڵه‌ژاو ده‌هاته‌ به‌رچاوم.
وتی: ده‌توانم بێمه‌ ژووره‌وه‌؟
وتم: نه‌خێر، فه‌رموو. هه‌موو شتێك باشه‌؟
وتی: به‌ڵێ، بۆچی باش نه‌بێ.
وتی: ژنه‌كه‌م وتی هاتوویته‌ته‌ سه‌ردانم.
وتم: ژنه‌كه‌ت وتی؟
وتی: به‌ڵێ، ژنه‌كه‌م وتی.
وتم: به‌ڵێ پێرێ هاتم.
دانیشتین كه‌مێك سه‌یری ته‌له‌فزیۆنمان كرد.
دواجار وتی: باشه‌، من ئیتر ده‌بێ بڕۆم.
وتم: باشه‌، خۆشحاڵ بووم به‌ بینیت.
وتی: به‌دڵناییه‌وه‌ منیش.
هاوڕێكه‌م چوو بۆ ماڵه‌وه‌، منیش كه‌مێك له‌و ناوه‌دا خولامه‌وه‌، قاپه‌كانم شۆرد و عه‌ردی موبه‌قه‌كه‌م سڕییه‌وه‌، مێزی موبه‌قه‌كه‌م پاكرده‌وه‌، خۆڵ و خاشه‌كه‌كه‌م برده‌ ده‌ره‌وه‌، چوومه‌ ناو جێگاكه‌مه‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌ عاره‌قێكی ساردم كرده‌وه‌، خه‌به‌رم بۆوه‌. هه‌ڵسام چه‌رچه‌فه‌كانم له‌ سیسه‌مه‌كه‌م كرده‌وه‌. لوولم كردن و به‌ره‌و خواره‌وه‌ به‌ره‌و ژێرزه‌مینه‌كه‌ بردمن، له‌ناو بانیۆی حه‌مامه‌كه‌دا شۆردمن.
له‌ لای خۆمه‌وه‌ بیرم كرده‌وه‌: خراپی هه‌ندێ هاوڕێ ئه‌وه‌یه‌ نازانن كه‌ی هه‌ڵسن ملیان بشكێنن و بڕۆنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.
پاشان چه‌رچه‌فه‌كانم هه‌ڵخست و گڵۆپه‌كانم هه‌ڵكرد. ئاوێكی سوور زه‌نگوڵ زه‌نگوڵ له‌ چه‌رچه‌فه‌كانه‌وه‌ ده‌تكا و ده‌كه‌وته‌ سه‌ر عه‌رده‌كه‌.

سه‌رنج:
وه‌رگێڕی فارسی لاپه‌ڕه‌یه‌كی له‌ ده‌قه‌كه‌ ته‌رجه‌مه‌ نه‌كردبوو به‌پێی ده‌قه‌ ئه‌سڵییه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ی لاپه‌ڕه‌كه‌م ته‌رجه‌مه‌ كرد و خستمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌م ده‌قه‌ كوردییه‌.

بین لۆری چیرۆكنووسێكی ئه‌مریكاییه‌، ساڵی 1971 له‌ ویلایه‌تی نیوجێرسی له‌ دایكبووه‌. خاوه‌نی دوو كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌ به‌ ناوی (چه‌ند چیرۆكێك له‌ پێناوی شه‌ودا و هه‌ندێكیان بۆ رۆژ)، (حیكایه‌ته‌كانی فڕین و كه‌وتنه‌خواره‌وه‌). هه‌روه‌ها كتێبێكی وێنه‌داریشی هه‌یه‌ بۆ مناڵان.

سه‌رچاوه‌: nebesht.com

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*