سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » مه‌همه‌ت ئاكتاش: ده‌بێ له‌ روانگه‌ی منداڵانه‌وه‌ فیلم به‌رهه‌م بهێنین

مه‌همه‌ت ئاكتاش: ده‌بێ له‌ روانگه‌ی منداڵانه‌وه‌ فیلم به‌رهه‌م بهێنین

مه‌نووچێهر جیهانی

مه‌همه‌ت ئاكتاش به‌رهه‌مهێنه‌ری كورد له‌و باوه‌ڕه‌ دایه‌ كه‌ ده‌بێ له‌ روانگه‌ی منداڵانه‌وه‌ خه‌ریكی فیلم چێكردن بین و ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان له‌ جیهانی ده‌وروبه‌ریان وه‌ریده‌گرن و لێی تێده‌گه‌ن، وێنه‌ی بگرین.
به‌ پێی راپۆرتی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندنی سی‌ودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF، په‌نێلی «به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شی ئێران، توركیا و وڵاتانی ئه‌وروپی به‌ ئاماده‌بوونی مه‌همه‌ت ئاكتاش، به‌رهه‌مهێنه‌ری نێوده‌‌‌وڵه‌تی سینه‌ما له‌ كتێبخانه‌ی ناوه‌ندی ئیسفه‌هان به‌ڕێوه‌چوو.
مه‌همه‌ت ئاكتاش له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، سه‌باره‌ت به‌ بواری چالاكی خۆی گوتی: من زیاتر له‌ ئه‌ڵمانیا چالاكی ده‌كه‌م و له‌م وڵاته‌ نووسینگه‌یه‌كمان هه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌می هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانی وه‌كو ئێران، ئه‌ڵمانیا، میسر، توركیا و وڵاتانی ئه‌وروپی ده‌كه‌ین. پێم وایه‌ تێكه‌ڵاوییه‌كی باسه‌كان روویداوه‌ و دروسته‌ كه‌ من له‌ كۆمه‌ڵگای توركیاوه‌ سه‌رم هه‌ڵداوه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی پرسی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شی ئێمه‌ له‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپی ورد بۆته‌وه‌.
پاشان سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش له‌ سینه‌مادا روونیكرده‌وه‌: به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش ته‌نیا ئه‌مه‌ نییه‌ كه‌ ژماره‌كان و ره‌قه‌مه‌كان و بودجه‌ی فیلمه‌كان رابگه‌یه‌نین، به‌ڵكو به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ چیرۆكی یه‌ك خه‌تی فیلمه‌كه‌ و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ هونه‌رییانه‌ و وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی لایه‌نه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌.
ئه‌م به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ كورده‌ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: كاتێك له‌ ناوچه‌یه‌كدا ده‌مانه‌وێت ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش بكه‌ین، یه‌كه‌مین پرسیار ئه‌مه‌یه‌ كه‌ بۆچی ده‌مانه‌وێت وه‌ها كارێك بكه‌ین، چ شتێك له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان دوو لایه‌ندا هاوبه‌شن، بۆ به‌رهه‌مهێنه‌ران ئۆرجیناڵ بوون یه‌كجار گرنگه‌ و پاشان به‌ بابه‌تی فرۆش و نمایش كردنی جیهانی سه‌رنج ده‌درێت.
ئه‌كتاش جه‌ختی كرده‌وه‌: پرسیاری دوایی كه‌ ده‌بێ بیپرسین، ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر چ كه‌سێكه‌ و چ ئه‌زموونێكی هه‌یه‌؟ ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت چێكردنی فیلمه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، خاوه‌نی چ بوارێكه‌؟ به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئه‌وروپی به‌ ده‌رهێنه‌رانی فیلمی یه‌كه‌م زۆر متمانه‌ ناكه‌ن و به‌ دوای به‌رهه‌مه‌كانی ده‌رهێنه‌رانی به‌ئه‌زموون و لێهاتوودا ده‌گه‌ڕێن، هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێك جاریش بووه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌رانی فیلمه‌كانی یه‌كه‌م له‌ لایه‌ن به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌وه‌ پاڵپشتییان لێكرا، به‌ڵام به‌ زه‌ریفی و وردبینییه‌كی یه‌كجار زۆر هه‌ڵبژێردران.
ئه‌و به‌ ئاماژه‌دان به‌ ده‌رهێنه‌ره‌كانی به‌ئه‌زموونی سینه‌مای ئێران رایگه‌یاند: من سه‌باره‌ت به‌ ده‌رهێنه‌رانی ئه‌ستێره‌ی سینه‌مای ئێران له‌وانه‌ ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی و عه‌باس كیارۆسته‌می قسه‌ ناكه‌م، چون هه‌موو كه‌س هۆگری ئه‌وه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سایه‌تییانه‌ كار بكه‌ن، به‌ڵكو سه‌باره‌ت به‌ ده‌رهێنه‌رانی گه‌نج و لاو قسه‌ ده‌كه‌م. له‌ ئه‌وروپا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان به‌ دوای یه‌ك زمانی نوێی سینه‌ماییدان و ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ لاوانه‌ خاوه‌نی ئه‌م زمانه‌ نوێیه‌ نه‌بن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ڵنابژێردرێن. له‌ راستیدا له‌ چیرۆكی دووپاته‌ و ده‌ست لێدراو بێزارن و به‌ دوای به‌رهه‌مێكی نوێ، جیاواز و ئۆرجیناڵدا ده‌گه‌ڕێن.
ئه‌م سینه‌ماكاره‌ به‌ ئاماژه‌دان به‌ تواناكانی چێكردنی فیلم له‌ ئه‌ڵمانیا، روونیكرده‌وه‌: هه‌ندێك ریزبه‌ندی بۆ چێكردنی فیلم له‌ ئه‌وروپا بوونی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا. بۆ وێنه‌ ئه‌گه‌ر یه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ری ئێرانی بیه‌وێت، به‌رهه‌مێكی هاوبه‌ش بكات و یه‌ك ملیۆن یۆرۆ بباته‌ ئه‌وێ، به‌ شێوه‌ی ئۆتۆماتیك 20 تا 30 له‌سه‌دی تێچووی به‌رهه‌مهێنان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن، هه‌روه‌ها له‌ بواری ئاماده‌كردنی دیمه‌نی لۆكه‌یشێنی شوێنی وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه‌ش‌ یه‌كجار یارمه‌تی ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت ده‌رهێنه‌ره‌كانی ئه‌مریكاییش دێن بۆ ئه‌ڵمانیا و له‌م ده‌ڤرایه‌تی و ئیمكانییه‌ته‌ بۆ چێكردنی فیلم كه‌ڵك وه‌رده‌گرن. له‌ راستیدا بۆ سینه‌ماكارانی سه‌ربه‌خۆ دوو رێگا هه‌یه‌، یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌توانن له‌ رۆژئاوا شه‌ریكێك بۆ به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش په‌یدا بكه‌ن، دووهه‌م ئه‌وه‌ی كه‌ بازاڕی ئاسیایی ده‌توانێت رێگایه‌كی شیاو له‌ به‌ر چاویان بێت.
ئه‌و به‌ ئاماژه‌دان به‌و به‌رهه‌مه‌ هاوبه‌شانه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئاسیایی گوتی: ساڵی پێشوو من دوو به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شم له‌ ناوچه‌ی بازاڕی ئاسیایی هه‌بوو، هه‌ڵبه‌ت وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا وه‌كو ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نساش له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ بازاڕی ئاسیاییدا هاوكارییان هه‌یه‌.
هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ران و به‌رهه‌مهێنه‌رانی ناوچه‌ی كه‌نداو یه‌ك رێگای یه‌كجار گرنگ له‌به‌ر ده‌میاندا هه‌یه‌ و ئه‌ویش خه‌ڵاته‌ سینه‌ماییه‌كانه‌ كه‌ ئۆسكاری ئاسیایی ناوی لێ نراوه‌.
ئه‌كتاش ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: یه‌كه‌مین هه‌نگاو كه‌ له‌ یه‌ك پڕۆژه‌دا ده‌توانرێ بنرێت، ئه‌مه‌ نیه‌ كه‌ 20 هه‌زار یۆرۆ وه‌ربگرن، به‌ڵكو ده‌بێت خۆتان نمایش بكه‌ن و له‌ فیستیڤاڵه‌ جۆراوجۆره‌كاندا به‌شداری بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ببیندرێت.
ئه‌م سینه‌ماكاره‌ پاشان باسی پێداچوونه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كان، كۆمپانیاكان و ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی كرد كه‌ له‌ چێكردنی فیلمه‌كانی سینه‌ماییدا یارمه‌تی ده‌رهێنه‌ره‌كان ده‌ده‌ن كه‌ له‌وانه‌ ده‌توانرێ به‌ سینه‌فۆنداسیۆنی فیستیڤاڵی كان، فێستیڤاڵی فیلمی به‌رلین، فیستیڤاڵی فیلمی لۆكارنۆ، فیستیڤاڵی فیلمی ڤێنیز، وڵاتانی نه‌رویج و سویسرا و چه‌ندانی دیكه‌ ئاماژه‌ بدرێت. ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی كاركردی فیستیڤاڵی فیلمی به‌رلین له‌م بواره‌دا گوتی: له‌ فیستیڤاڵی فیلمی به‌رلین بۆ وه‌رگرتنی پاڵپشتییه‌كانی ماڵی و بێجگه‌ له‌ ماڵی و دارایی بۆ چێكردنی یه‌ك فیلم ركابه‌رییه‌كی سه‌خت هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ندین ده‌رهێنه‌ری دیار و ناسراو به‌شدارییان تێیدا هه‌یه‌ و وه‌رگرتنی ئاسانكاری و بودجه‌ی پاڵپشتی بۆ یه‌ك ده‌رهێنه‌ری لاو سه‌خته‌. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ 50 له‌سه‌دی پاڵپشتی دارایی و ماڵییان له‌ وڵاتی خۆیانه‌وه‌ هه‌بێت.
ئه‌و هه‌روه‌ها به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك له‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان به‌ شێوه‌ی ناوچه‌یی چالاكی ده‌كه‌ن، ئاماژه‌یدا به‌ به‌رهه‌مه‌ هاوبه‌شه‌كانی سینه‌مای توركیا و ئێران و یادی «بایرام فه‌زلی» ده‌رهێنه‌ری فیلمی «جندۆكه‌ی جوان»ی زیندوو كرده‌وه‌ كه‌ فیلمێكی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیا چێكردووه‌.
ئه‌كتاش به‌ جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بابه‌تی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش به‌ شێوه‌ی زه‌ماوه‌ند كردنه‌، درێژه‌ی به‌ قسه‌كانیدا گوتی: دوو كلتووری جیاواز له‌ یه‌ك خولی ماوه‌ درێژدا، زه‌ماوه‌ند‌ێك له‌ نێوانیاندا ده‌كرێت كه‌ له‌ ته‌نیشت یه‌كتردا جێگیر بن و له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی یه‌كتر ئاشنا بن. ئه‌م رووداوه‌‌ پێكه‌وه‌ دانانی دوو نه‌ریتی ره‌سه‌نی كۆنی فیلم چێكردن له‌ ته‌نیشت یه‌كتر دایه‌، ئه‌و نه‌ریتانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌بوونی هه‌موو جیاوازییه‌كان له‌ ته‌نیشت یه‌كتر داده‌ندرێن و له‌ یه‌كدی بابه‌ت گه‌لێكی زۆر فێر ده‌بن.
ئه‌و له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: پرسی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش ده‌توانێت یه‌ك كلتووری فیلم چێكردنی نوێ به‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان بناسێنێت. دوو زمانی جیاوازی سینه‌مایی ده‌توانن له‌ ته‌نیشت یه‌كتردا جێگیر بن و ببنه‌ یه‌ك جه‌سته‌ی تاك و بۆ جیهان ئاراسته‌ بكرێن.
ئه‌م به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی كه‌ له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شدا روو ده‌دات، گوتی: ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی كه‌ له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شدا بوونی هه‌یه‌، زیاتر لایه‌نی خۆجێی و خۆماڵییان هه‌یه‌، ئه‌م خاڵه‌ یه‌كجار گرنگه‌،‌ كاتێك له‌ قۆناغی فیلم چێكردندا هه‌موو شاد و دڵخۆشن، بزانن كه‌ یه‌ك گرفتتان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ كات له‌ كاتی چێكردنی یه‌ك فیلمدا هه‌موو ستاف و گروپی ئاماده‌كاری فیلم شاد و دڵخۆش نین.
به‌شی دووهه‌می ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ بۆ‌ سینه‌مای منداڵان ته‌رخان كرا و ئه‌كتاش سه‌باره‌ت به‌ روانینی جیهانی به‌ پرسی سینه‌مای منداڵ رایگه‌یاند: ئێمه‌ له‌ دوو رسته‌ی بنه‌ڕه‌تیدا ده‌توانین سه‌باره‌ت به‌ سینه‌مای منداڵ قسه‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌ی كه‌ فیلم بۆ منداڵه‌ یان سه‌باره‌ت به‌ منداڵ؟ به‌ بڕوای من هه‌ر دوو رسته‌ دروسته‌، من خۆم كوڕێكی ته‌مه‌ن 10 ساڵم هه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام ئه‌نیمه‌یشێن چاو لێده‌كات و كاتێك من ویستم فیلمێكی ئێرانی (كوردی) بۆی نیشان بده‌م، به‌ڵام چون بۆ ته‌مه‌نی ئه‌و گونجاو نه‌بوو، قه‌بووڵی نه‌كرد.
ئه‌و له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: له‌ ئه‌ڵمانیا یاسا و رێسایه‌كی زۆر بۆ چۆنییه‌تی نمایش كردنی فیلمه‌كان بۆ منداڵان بوونی هه‌یه‌، به‌ بۆچوونی من ده‌بێت باڵانسێك له‌ نێوان ئه‌و راسته‌قینه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جیهانی منداڵانه‌ دروست بكه‌ین، ئێمه‌ ده‌بێ له‌ روانگه‌ی منداڵانه‌وه‌ خه‌ریكی فیلم چێكردن بین و ئه‌و شته‌ی كه‌ ئه‌وان له‌ جیهانی ده‌ورووبه‌ریان وه‌ریده‌گرن و لێی تێده‌گه‌ن، وێنه‌ی بگرین.
له‌ به‌شی كۆتایی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌شدا «كامبۆزیا په‌ڕته‌وی» سه‌باره‌ت به‌ باسی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش بۆچوونی خۆی به‌م جۆره‌ ده‌ربڕی: ئێمه‌ هیچ به‌رهه‌مێكی هاوبه‌شمان له‌ پێش شۆڕشه‌وه‌ تا وه‌كو ئه‌مڕۆ نه‌بووه‌. ته‌نانه‌ت به‌ر له‌ شۆرش وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر بڕیاریدا بۆ چێكردنی فیلم گه‌لێكی له‌م جۆره‌ و ته‌نانه‌ت ستافی ئاماده‌كاری بیانیشیان بۆ ئێران هێنا، به‌ڵام هیچ كات ئه‌و جۆره‌ی كه‌ ده‌بێ ئه‌م فیلمه‌ وه‌كوو یه‌ك به‌رهه‌می هاوبه‌ش نه‌بینرا.
ئه‌و وه‌بیری هێنایه‌وه‌: پێناسه‌ی من له‌ به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شی فیلم ئه‌مه‌یه‌ كه‌ سه‌رمایه‌دانه‌رانی چه‌ند وڵات كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌رژه‌وه‌ند و سوودێكی زیاتر له‌ فیلمه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنن، بڕیار بۆ چێكردنی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن نمایش كردنێكی به‌ربڵاوتریان هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ ئێران ناتوانین بڵێین به‌رهه‌مهێنانی
هاوبه‌شمان هه‌یه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دواین ئه‌فسانه‌ی دونیا

فاروق هومه‌ر رۆژێك لای هاوڕێیه‌كم ئاره‌زوویه‌كی دێرینی خۆمم دركاند، ئه‌و ...