سەرەکی » وتار » خەڵەف غەفور‌ » دروشمی كوردستان لە هەڵبژاردنەكەی عیراقدا

کەمین پۆڵەتیک

دروشمی كوردستان لە هەڵبژاردنەكەی عیراقدا

ساڵی 2018 ماوە دیاریكراوەكەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەگەر گۆڕانكارییەكی كەمیشی تێدا بكرێت، دەرئەنجام هەڵبژاردنەكە هەر دەكرێت. كارەكتەرە سەرەكییەكانی ئەو هەڵبژاردنە كورد و شیعە و سوننەن، لەو سێیەش یەكێكیان مەرجەعدار و ئەوانی دیكەش بێ مەرجەع و نایەكگرتوون.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ نوێنەرانی عەرەبی سوننە و لەسەرووشیانەوە هەریەك لە ئوسامە نوجێفی، جێگری سەرۆك كۆمار و سەلیم جبوری، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەوڵی ئەوەدان پشتیوانی ئەمەریكا بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمای عیراق بۆ ماوەی ساڵێك بەدەستبهێنن. بیانووی ئەوان نەگەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆ شوێنەكانی خۆیان و پەرتەوازەیی ریزەكانیانە كە دەرئەنجام لاوازی سوننەی لێ دەكەوێتەوە.
لایەنی دیكەی بەشداربوو كە هێزە كوردییەكانە لەئێستادا لە هەركات زیاتر پەرتەوازەن، دووركەوتنەوە و نەبوونی ستراتیژ و گوتارێكی سیاسی هاوبەشی كوردستانی تا دەگاتە بەجیا مامەڵەكردن لەگەڵ هێزەكانی دیكەی عیراق و گفتوگۆی جیاواز لەسەر شێوازێكی جیاوازی گەڕان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
رەوتی شیعی هێز و گروپی جیاوازن، بەڵام مەرجەعێكی بەرژەوەندیخوازی تایبەت بە خۆیان هەیە، لێرەولەوێ هێزیان دەكەوێتە بەردەم مەترسی لارەسەنگ بوون، بەڵام بەرژەوەندی مەزهەبی و هێڵی سووری مەرجەعیەت كۆیان دەكاتەوە.
هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی عیراق بۆ هەر سێ لایەن چارەنووسسازە لەبەر سێ هۆكار كە هەریەكەیان پەیوەندییان بەسەنگ و داهاتووی سیاسییانەوە هەیە بەم شێوەیە:
یەكەم: بۆ شیعەكان كە سیاسەتی تەشەیوعی عیراق پەیڕەو دەكەن گرنگە زۆرترین رێژەی كورسییەكان بەدەستبهێنن، بەشێوەیەك كە بۆ یەكلاكردنەوەی هەر پرسێك لە پەرلەمان پێویستیان بە كورد و سوننە نەبێت.
دووەم: بۆ عەرەبی سوننەش لەوەدا گرنگە كە چەند بەهێزبن هێندەش رێگردەبن لەوەی خاك و شوناسیان نەكەوێتە بەر ئەگەری لەناوچوون و لە سیاسەتی تەشەیوعدا توانەوە، هەڵبەت ئەوەش بەو حاڵەی ئێستای سوننەكان ناكرێ و حەوجێ بەخۆڕێكخستنەوەیە و گەرەكە هەر ئەوەش بكەن.
سێیەم: بۆ كوردیش هەمان مەترسی و كەمێك زیاتریشە، چونكە جگە لەوەی شیعە بەزۆرینەیی و پاشكۆی عەرەبی سوننەش بۆ سەر هەیمەنەكەی دەمێنێتەوە لەهەمانكاتدا یەكێك لە دروشمەكانی شیعەكان و جێبەجێكردنیشی لە داهاتوودا گۆڕینی دەستوورە، هەڵبەت مەبەست لەوەش بەیەكپارچەیی هێشتنەوەی عیراق و رێگریكردنە لە ئەنجامدانی هەر هەنگاو و پرۆسەیەك لەشێوەی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان.
بۆ عەرەبی سوننە مانەوەی عیراق بەعروبەیی و خۆدوورگرتن لە داگیركاریی شیعی، بۆ شیعە زاڵتركردنی هەیمەنەی شیعی و نەهێشتنی مەترسی عەرەبی سوننە و كورد دروشمی سەرەكی دەبن، لە ساتەوەختێكدا زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان ویستیان لە عیراق جیاببنەوە و دەشبینن دەستوور جگە لە ماڵە باجێنە چی دیكە نییە، مەترسی جدیش لەسەر كوردستان هەیە و لەماوەی 15 ساڵی رابردووویشدا هیچ كات هێندەی ئێستا كورد لاواز و لە دەرەوەی بڕیاری سیاسی عیراقی نەبووە، دەبێت چۆن و بەچی شێوەیەك بەشداری بكاتەوە و دورشمەكانی چی بن؟
هێزە سیاسییەكانی كوردستان پێویستیان بەدروشمی ئەم دیو و ئەو دیوی سنووری هەرێمی كوردستان هەیە، لێرە یەكڕیزی كرداری و چاكسازیی سیاسی و ئابووری و ئیداری، لەوێش هەڵسانەوە لەپێناو رەواندنەوەی مەترسییەكانی سەر كوردستان.
رەنگە لە گێمی ئەم جارەشدا كوردستان لەسەرەتاوە لاواز دەربكەوێت، ماوەی هەڵسانەوەی زۆری بووێت، ئاوازی سەربەخۆیی لە مێشكیدا سڕبكات و هاوپەیمانێتی نوێ لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دروست بكات، خۆ ئەگەر سیاسەتێكی ژیرانە پەیڕەو بكات ئەوا هێشتاش بایی و خەڵكی ئەوەش ماون دۆستی كوردستان بن و ئامین بۆ هەندێك لە داواكارییمان بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*