سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » كوردانی شام له‌ژێر كاریگه‌ری‌ ململانێی‌ سیاسی كوردی عیراقدا بوون

كوردانی شام له‌ژێر كاریگه‌ری‌ ململانێی‌ سیاسی كوردی عیراقدا بوون

دیداری: سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

له‌چوارچێوه‌ی‌ دیداری شامدا، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی سازكراوه‌، یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ زیاد مه‌لا نوسه‌رو وه‌رگێڕی ناسراوی كورد له‌شام، كه‌ ته‌مه‌نی 79 ساڵه‌و زۆر له‌سه‌رخۆ وڵامی پرسیاره‌كانی ئێمه‌ی‌ ده‌دایه‌وه‌. شاره‌زاییه‌كی باشی له‌سه‌ر مێژووی كورد له‌شام هه‌بوو. به‌پێویستمان زانی هه‌م ئه‌و به‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه‌و هه‌میش شتێك له‌باره‌ی‌ مێژووی كورد له‌شام بزانین.

-له‌كه‌یه‌وه‌ كورد له‌شام هه‌یه‌؟
•هاتنی كورد بۆ شام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبیی، یه‌كه‌مجار له‌گۆڕه‌پانی شمدین تا شێخ محێدین له‌ دیمه‌شق نیشته‌جێ بوون. ئه‌و كۆچكردنه‌ی كورد له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی‌ 12 وه‌ستا یان زۆر كز بوو. ئه‌وكاته‌ كۆچكردن به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی‌ بۆ شام بوو، به‌ڵام دواتر كۆچكردن پێچه‌وانه‌ بویه‌وه‌ له‌شامه‌وه‌ خه‌ڵك له‌به‌ر برسێتی و كه‌م ده‌رامه‌تی روویان له‌ ئیسته‌مبۆل ده‌كرد. له‌و سه‌رده‌مه‌ خه‌ڵكانێك هه‌بوون به‌شامیان ده‌وت شامی شه‌ریف، كۆچكردنی كورد له‌ باكوری كوردستانه‌وه‌ بوو بۆ شام به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی، دواتر به‌شێك له‌كورد له‌شامه‌وه‌ به‌هۆی دۆخی خراپی سیاسی له‌شامه‌وه‌ روویان له‌میسر ده‌كرد.
كۆچكردنی كورد بۆ شام به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان جارێكی دیكه‌ له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌ (19) ده‌ستی پێكرده‌وه‌. ئه‌وانه‌ی‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ هاتن له‌و ناوچه‌یه‌ی‌ ئێستا پێی‌ ده‌ڵێن بازاڕی (ساروجا) كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی دیمه‌شق نیشته‌جێ بوون. پاشان هێدی هێدی له‌و ناوچانه‌ باریانكرد بۆ شوێنه‌ به‌رزه‌كانی دیمه‌شق كه‌ ئێستا پێی ده‌ڵێن گه‌ڕه‌كی كوردان له‌پاڵ شاخی قاسیوون.
له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی‌ 19 تا سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م كۆچڕه‌وێكی گه‌وره‌ی‌ كورد له‌باكوری كوردستانه‌وه‌ به‌ره‌و شام ده‌ستی پێكرد. ئه‌وكاته‌ كۆچكردن زۆر زه‌حمه‌ت بوو. هه‌ندێكیان هاتنه‌ دێهاته‌كانی ده‌وروبه‌ری‌ دیمه‌شق و هه‌ندێكیشیان له‌گه‌ڕه‌كی كوردان له‌دیمه‌شق نیشته‌جێ بوون. ئه‌وانه‌ی‌ هاتن له‌و سه‌رده‌مه‌ زۆر هه‌ژاربوون. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانیان كرد ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، چونكه‌ پاره‌چه‌یه‌ك زه‌ویان پێده‌دان، به‌شێكی كه‌میشیان خۆیان به‌ بازرگانیه‌وه‌ سه‌رقاڵكرد.

-ئه‌وانه‌ هاتن چۆن ژیانیان ده‌ستپێكرد؟
•ئه‌و كوردانه‌ی‌ هاتنه‌ شام به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی پاسه‌وانیی یان نۆبه‌دارییان ده‌كرد. ئه‌وكاته‌ كورد ئه‌گه‌ر ئیشی ده‌ستنه‌كه‌وتایه‌ یان كاری نه‌كردایه‌ ئه‌وا دزی ده‌كرد، له‌وسه‌رده‌مه‌ دزی باو بوو له‌هه‌موو ناوچه‌كه‌، چونكه‌ پیاوی ئازاو چاونه‌ترس بوون. له‌ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی‌ رابردوو كورد چوونه‌ خوێندنگا له‌ گه‌ڕه‌كی كوردان و بوونه‌ خوێنده‌وارو كاریگه‌رییان له‌سه‌ر شام دروستكرد.

-جولانه‌وه‌ی‌ سیاسی كورد كه‌ی‌ ده‌ستی پێكرد؟
•له‌ سییه‌كانی سه‌ده‌ی‌ رابردوو جولانه‌وه‌ی‌ سیاسی له‌ گه‌ڕه‌كی كوردان دروستبوو، چه‌ند خێزانێكی كورد دروستبوون كه‌ چوونه‌ ناو سیاسه‌ت. وه‌كو خانه‌واده‌ی‌ قه‌ره‌چۆلی، زلفی، ئالوسی..تد. ده‌توانین بڵێین كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی‌ زۆر كۆنه‌پارێز بوون، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ده‌نگیان به‌ كۆنه‌پارێزان ده‌دا. دواتر كوردێكی زۆر ده‌نگیان به‌ شیوعییه‌كان ده‌دا، به‌شێوه‌یه‌ك وایلێهات ماوه‌یه‌ك حزبی شیوعی كاریگه‌ری‌ زۆری له‌گه‌ڕه‌كه‌ كورده‌كان په‌یداكرد. ئه‌وانه‌یشی نه‌ته‌وه‌یی بوون هه‌م ژماره‌یان كه‌م بوو هه‌میش په‌رته‌وازه‌بوون، بۆنمونه‌ جه‌لاده‌ت به‌درخان و كامه‌ران به‌درخان كه‌ پیاوی نه‌ته‌وه‌یی زۆر مه‌زنی كورد بوون له‌و سه‌رده‌مه‌دا دروستبوون، ده‌بینین كامه‌ران چه‌ند زمانێكی ده‌زانی، پیاوی خوێنده‌وارو زیره‌ك بوون. قه‌دری جان و جه‌واد مه‌لا ده‌بینین له‌و كه‌سایه‌تیه‌ چه‌پ و خوێنده‌وارانه‌ بوون كه‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان بوون، به‌ڵام ده‌بینین جه‌لاده‌ت به‌درخان پیاوێكی تێگه‌یشتوو رۆشنبیر بوو له‌مه‌ڵگایه‌كی دواكه‌وتوو. ته‌نانه‌ت نوكته‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌سه‌ر ململانێ و شه‌ڕی نێوان رۆشنبیران و كۆنه‌پارێزان یان نه‌خوێنده‌وارن. ده‌ڵێن جارێكیان شه‌ڕ دروست ده‌بێت له‌نێوان هه‌ردوولا، كۆنه‌پارێزه‌كان رێگه‌ له‌ دكتۆر ده‌گرن ده‌ڵێن خوێنده‌واری یان نا؟ ده‌ڵێت ماقوڵه‌ دكتۆر خوێنده‌وار بێت!!
ده‌بینین حوسێن ئیبێش كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر دیاری كورد بوو له‌شام، راوچییه‌كی زۆر ناوداربوو، پڵنگی راوده‌كرد ته‌نانه‌ت له‌هه‌موو سوریا ناوبانگی هه‌بوو. ئه‌و پیاوه‌ زه‌وی و زارێكی زۆری به‌خشییه‌ جه‌لاده‌ت به‌درخان، پیاوێكی ده‌ستكراوه‌بوو. یان ده‌بینین كاتێك جه‌لاده‌ت له‌ 1953 كۆچی دواییكرد، هه‌موو دیمه‌شق بۆی هاتنه‌ شه‌قام، من بیرمه‌ قه‌دری جان قه‌سیده‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر خوێنده‌وه‌.
قه‌دری جان چه‌پ بوو، له‌ناو كورددا چه‌پ زۆر كه‌م بوون، جه‌لاده‌ت به‌درخانیش له‌ژێر كاریگه‌ری‌ شیوعییه‌كاندا بوو. هه‌روه‌ك خانه‌واده‌ی‌ ناسراوی دیكه‌ هه‌بوو، بۆنمونه‌ خانه‌واده‌ی‌ ماچۆ كه‌ خانه‌واده‌یه‌كی زۆر كۆنه‌پارێز بوون. جه‌لاده‌تیش پیاوێكی زۆر خوێنده‌واربوو، به‌ڵام له‌كه‌شێكی زۆر دواكه‌وتوو. ئه‌و پیاوه‌ كاریگه‌ر بوو به‌شیوعیه‌كان و دواتر 3 ساڵ به‌هۆی شیوعییه‌كانه‌وه‌ گیرا. له‌به‌ندیخانه‌ پێیان وتبو جنێو به‌ به‌خالد به‌كداش سكرتێری حزبی شیوعی بده‌ ئازادت ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌و ره‌تیكردبۆوه‌.

-ئه‌ی‌ بزوتنه‌وی‌ رۆشنبیریی كورد له‌سه‌ده‌ی‌ رابردوو تائێستا چۆن بوو؟
•له‌ چله‌كانی سه‌ده‌ی‌ رابردوو هێزی كۆنه‌پارێز له‌ناو كورد زۆر به‌هێز بوو، كۆنه‌پارێزه‌كان عومه‌ر ئاغا شمدین رێبه‌رایه‌تی ده‌كردن، ئه‌وانه‌ی‌ به‌رامبه‌ریشیان بوون لاوازبوون و له‌بارنه‌بوون.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا گۆڤاری هاوارو رۆناهی له‌لایه‌ن جه‌لاده‌ت و كامه‌ران به‌درخانه‌وه‌ ده‌رده‌كران. جه‌لاده‌ت ئاماده‌ی‌ ده‌كردو كامه‌رانیش ده‌یبرد له‌لوبنان چاپیده‌كرد. كامه‌ران پیاوێكی زۆر خوێنده‌وارو زۆرزان بوو، خوێنده‌وارییه‌كه‌ی‌ له‌ جه‌لاده‌تی برای كه‌متر نه‌بوو، ئه‌و بوو په‌یمانگا یان ئه‌نیستوتی كوردی له‌پاریس دروستكرد، كامه‌ران رۆڵێكی زۆر كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌ له‌مێژووی رۆشنگه‌ری‌ كورد له‌سه‌رده‌می خۆیدا. كامه‌ران قاموسێكی كوردی دروستكردبوو زۆر گرنگ بوو ره‌وشه‌ن خان بردیه‌وه‌ هه‌ولیر نازانم چی به‌سه‌رهات. دوای‌ كۆچی دوایی جه‌لاده‌ت به‌درخان، ئیدی بزوتنه‌وه‌ی‌ رۆشنبیری كورد له‌سوریا زۆر لاوازبوو، ئه‌وكاته‌ من ته‌مه‌نم 12 ساڵان بوو.
له‌دوای‌ كۆچی جه‌لاده‌ت ده‌بینین ئۆسمان سه‌بری ده‌ركه‌وت كه‌ بۆخۆی قاموسێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانی كوردی بوو، هه‌روه‌ك نوره‌دین زازا كه‌ ده‌رچووی سویسرابوو، د. عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی و زۆری دیكه‌ ده‌ركه‌وتن.

-بزوتنه‌وه‌ی‌ سیاسی كورد له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌شام ده‌ستی پێكرد، چۆن بوو؟
•له‌نێوان 1950 بۆ 1960 نه‌وه‌یه‌كی نوێی‌ سیاسه‌توانی كورد له‌شام دروستبوون، له‌ ساڵی 1954 دانیشتوانی گه‌ڕه‌كی كوردان سێ‌ كه‌سایه‌تیان هه‌ڵبژارد ئه‌وانیش خالید به‌كداش له‌حزبی شیوعی و عه‌لی بۆزۆ له‌پارتی گه‌ل و نوره‌دین ئیبیش كه‌ پیاوێكی نیشتیمانیی بوو. له‌په‌نجاكانی سه‌ده‌ی‌ رابردوو بزوتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز بوو، بزوتنه‌وه‌ی‌ كورد له‌ گه‌ڕه‌كی كوردان له‌ژێر كاریگه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردی عیراق بوو، هه‌روه‌ك له‌ژێر كاریگه‌ری ململانێی‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی‌ كورد دا بوو له‌نێوان تاڵه‌بانیی و بارزانیی!.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی‌ ده‌توانین بڵێین كورد دژی شیوعییه‌كان بوون له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی‌ رابردوو، به‌وپێیه‌ی‌ حزبی شیوعی دژی دۆزی كورده‌، به‌ڵام ئێستا زیاتر له‌گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان ده‌ڵێین لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌ زۆرترن، یان بڵێین په‌كه‌كه‌ به‌هێزتره‌.

-بزوتنه‌وه‌ی‌ سیاسی نوێی‌ كورد له‌دوای‌ دروستبونی په‌كه‌كه‌ رۆڵی چییان هه‌بوو؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی كورد له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كورده‌كان به‌ره‌و بزوتنه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد بوون، رۆڵی په‌كه‌كه‌ ناكرێت نادیده‌ بگیرێت. ده‌بینین هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گه‌شه‌ی‌ كردووه‌، گه‌نج هه‌بووه‌ زمانی كوردی هیچ نه‌زانیوه‌ كه‌چی خۆی به‌كورد ده‌زانێت، یان ده‌بینین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گوێ له‌ ته‌لفزیۆن و میدیای‌ كوردیی راده‌گرن و گوێ له‌ رۆناهی راده‌گرن تا بزانن هه‌واڵ چی هه‌یه‌. راگه‌یاندنی كوردیی رۆڵی خۆی هه‌بووه‌، وایلێهاتووه‌ شت له‌باره‌ی‌ كورد ده‌خوێننه‌وه‌و ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ سه‌رنج ده‌ده‌ن كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ك كتێبه‌كانی ئۆجه‌لان كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌، یان به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بڵێن جۆرێك له‌ كاردانه‌وه‌ هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كارانه‌ی‌ دژی كورد كراون یان ده‌كرێن.
زۆر گرنگه‌ باسی ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 20 ساڵی رابردوو بزوتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێز هه‌یه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان دژی ئاین، په‌كه‌كه‌ رۆڵێكی كاریگه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌گێڕێت. رۆڵێكی گرنگیان گێڕا له‌دورخستنه‌وی‌ گه‌نجان له‌مزگه‌وت. من بۆخۆم شیوعی بووم له‌ 1963 تاوه‌كو 1986 ئیدی له‌وه‌ به‌دواوه‌ به‌ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری حزبایه‌تی بووم.

-ئه‌ی‌ تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵایه‌تی كورد له‌ شام چۆن بوو، ئێستا چۆنه‌؟
•سه‌ره‌تای‌ هاتنی كورد بۆ شام گرفتی تێكه‌ڵاوبونی كۆمه‌ڵایه‌تیی و خۆگونجاندن هه‌بوو، بۆنمونه‌ كورده‌كان كه‌متر ژن و ژنخوازییان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب ده‌كرد، یان له‌گه‌ڕه‌كی كوردان نه‌ده‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌، ئێستاش خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌هه‌موو ژیانی له‌گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی‌ خۆی نه‌چۆته‌ ده‌رێ‌ و شوێنی دیكه‌ی‌ نه‌بینیوه‌.

-ناو‌ی كوردی زیاتر نه‌بووه‌؟
•بێگومان كورد له‌ژێر كاریگه‌ری‌ كه‌لتورو بارودۆخی گشتیی‌ شام بوو، ناوه‌كان بوون به‌عه‌ره‌بی یان جلوبه‌رگ گۆڕانی به‌سه‌رداهات، هه‌ندێ‌ گۆڕانی دیكه‌ش، به‌ڵام 20 ساڵێك ده‌بێت گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی خێرا هه‌یه‌ بۆ كلتوری‌ كورده‌واریی. بۆنمونه‌ ناوی كوردی زۆر زیاتربووه‌ له‌جاران وه‌كو ناوی سیار، شیار، هێڤی، هێڤڕۆن، رۆك، رۆ..تد ته‌نانه‌ت هه‌ندێ كه‌س ناو له‌منداڵه‌كانی ده‌نێت نازانێت ناوه‌كه‌ مانای چییه‌! ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ناوه‌كه‌ كوردییه‌ بۆیه‌ له‌منداڵه‌كانی ده‌نێت.

-ئه‌ی‌ خوێندن به‌زمانی كوردی؟
•ته‌نها ئه‌رمه‌نه‌كان بۆیان هه‌یه‌ به‌زمانی خۆیان بخوێنن، ئه‌وان خوێندنی خۆیانیان هه‌یه‌. كوردیش له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ كوردستانی سوریایه‌ له‌وێ‌ خوێندنی كوردی ئێستا هه‌یه‌.

-بۆنه‌و جه‌ژنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، كورد له‌شام چۆن یاده‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌؟
•كورد هه‌میشه‌ یادی خۆی كردۆته‌وه‌، بۆنمونه‌ جاران له‌شام كوردان رۆژی نه‌ورۆز جوانترین جلی خۆیان و خۆشترین خواردنی خۆیان ئاماده‌ ده‌كرد چونه‌ته‌ مه‌ساكن به‌رزه‌و له‌وێ‌ كۆبونه‌ته‌وه‌ بۆ یادی نه‌ورۆز, ئه‌وكاته‌ هه‌ر شیر باشترین خواردن بووه‌، چونكه‌ هه‌ژار بوون و خواردنی دیكه‌ كه‌م بووه‌، یان چونه‌ته‌ باخچه‌و بێستانه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ میوه‌و سه‌وزه‌یان هێناوه‌ بۆ خواردن.
من بیرمه‌ كاتێك ته‌مه‌نم 9 ساڵان بوو به‌رله‌ 70 ساڵ ئه‌و بۆنه‌یه‌ هه‌ر هه‌بوو، به‌ڵام ماوه‌ی‌ 30 ساڵێكه‌ گروپ و حزبه‌ سیاسییه‌كانی كورد بۆنه‌ی‌ نه‌ورۆز رێكده‌خه‌ن، هه‌ر حزبه‌و به‌پێی‌ خواستی خۆی. ئینجا حزبی بارزانیی یان نزیك بارزانی بێت یان ئه‌وانه‌ی‌ نزیك له‌ په‌كه‌كه‌ن یان ده‌بینین حزبه‌كه‌ی‌ حه‌مید ده‌روێش.

-ئه‌ی‌ جلی كوردی ماوه‌؟
•به‌مدواییه‌ به‌رگدرووی كوردم بیستوه‌، ده‌ڵێن یه‌كێك هه‌یه‌ به‌ناوی شڤان جلی كوردی ده‌دورێت، پێموایه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ گرنگی پێده‌درێت. بێگومان هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری میدیای‌ كوردی كه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵك ته‌ماشای ده‌كات و ئاگاداری بارودۆخی كوردستانه‌ به‌گشتیی‌.

-به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ستڕه‌نگین و كه‌سایه‌تی ناسراوی زۆر هه‌ن له‌شام كوردن، وایه‌؟
•بێگومان، بۆنمونه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت محه‌مه‌د عه‌لی عابد كورد بووه‌، هه‌روه‌ك عه‌لی بۆزۆ، شوكری قوه‌تلی كه‌ سه‌رۆك كۆمار بووه‌، هه‌روه‌ك سه‌لیم به‌ره‌كات كه‌ باشترین زمانزان و رۆمانوسه‌ كه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی نوسیویه‌تی، ته‌لحه‌ت حه‌مدی، عادل قه‌ره‌چۆلی، عه‌دنان قه‌ره‌چۆلی، عه‌بدوره‌حمان ئال ره‌ش، جه‌لال حه‌مزه‌ ..تد ده‌یان و سه‌دان كه‌سایه‌تی سیاسی و هونه‌ریی و ده‌ستڕه‌نگین و نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسانی سوریا كورد بوون و كوردن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومه‌ر ئۆسێ‌: سیاسه‌تی شۆڤینی له ‌سوریا هەیە، بڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ پاكتاوی ره‌گه‌زی

له‌چوارچێوه‌ی‌ دیداری شامدا، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی ...