سەرەکی » ئاراستە » دیوانی وەفا

دیوانی وەفا

بەو پەیامە،نەوە دوای نەوە گەشمەردە

بۆ بڕیاری جوانە مەرگ و نەهامەتییەكانی گەلی كورد

عومەر كەسان

لەو ڕۆژەوەی
دات بەگوێما !
گیرەوە بووم ..
لەنێو قازانێكی ڕەش ڕەشدا !
بە دەوری خۆم
هەر خوول دەخۆم
سەر هەڵنابڕم
یەك ئاراستە
وەكو ئەسپی عارەبانە
تەنیا و تەنیا
هەر ڕێگای مەرگم دەبینم !
بەو پەیامە
وڕو كاس بووم
هیچ نابینم
بۆ مەرگی تۆ
گرمۆڵە بووم
قاچەكانم ئیفلیج بووەو
هەنگاوەكانم لێونە !
چاوەكانم
كوێر كوێرو نابینابووە
تەنیا ڕەنگی ڕەش دەبینم !
لە داهۆڵێكی بێ‌ گیانەوە
بە هەلوور بلوور تەكامەیەك
ئالوودەبووم
هەر دەیڵێین و دەیڵێینەوە
ئەوەتانێ هەموو ژینم
هەر یەك وەرزی تفت و تاڵ بوو!
لەولاشەوە
ئاراستەی هۆش و دەروونم
بۆ چاڵێكی ڕەنگ قەترانە !
لە نێوان ئاو و ئاگردا
قەتیس ماوم !
تا ئاوڕم دایەوە
تەمەنیش چوو!
لەو ڕۆژەوە
دات بە گوێما
بەو پەیامە
شمشێرە ڕەشەكەی دەستت
سەری جەستەی مێژووی بردم
جەستەی كۆت كراوم لەتلەت
هەر پەلێكم بە لایەكدا
پەلكێش دەكرێ !
سەری سەختم نەمردووە
نووزەیەكی تیادا ماوە
لە بەهاران
گوڵجاری نێرگز دەگرێ
پایزانیش
بەر دەگرێ
لە پەڵەشدا تۆو بارانی
بیری چاك و
وتەی چاك و
كرداری چاكی دەچێنێ
لەو ڕۆژەوە دات بەگوێما
بەو پەیامە
جەستەم وەكو پارچەیەك خام
دەچێتە ئاو !
بەو حاڵەوە پەت كراوم
هەر پەلێكم دەناڵێنێت
لەژێر كێردی قەسابێكدا
ژینیشم كۆت و زنجیر لەقاچیدا !
پانتایی تەمەنیشم
لەو كاتەوە
تاكو ئێستا
بەش مەینەتی لەناخیدا
دێت و دەچێ
گەمە بە خاك و خۆم دەكا !
ئای لەكورد بوون
چەند دژوارە ..
چەندێ تاڵ و چەند گرانە ..!
بەو پەیامە تاكو ئێستا
لە ئەم دنیا و لەوەو دنیا
دۆزەخ ژین و ژیانمە
ئەوەتانێ
لەنێو گڕدا قەتیس ماوین
بێ قەرارین ..
بەزیندوویی
ڕۆحمان تەسلیمی مەرگ بووە
قەڵای مەردان
گەرمیانەكەم
لە كوێی دنیا
بەكام یاسا
چ ڕێسایەك ڕێگەی داوە
سێ نەوە بەدوای یەكدا
گەشمەردە بێ!
بەو پەیامە سەرگەردان بێ ؟
بنوو ڕۆڵە دڵ ئاسوودە
ئەو پەندە باوەت (شەقار) كرد
كە(كەس لە دوای كەس نامرێ)
بابەی خۆتت بەجێ نەهێشت
كەچی زیندوو زیندوو
لە نێوماندا دێیت و دەچیت
تروسكەی هیوای دواڕۆژی
چرای گەشی نیشتمانیت
كوچەو شەقام تا خوێندنگە ناوی تۆیە
بە نەمری ماویتەوە
زویر مەبە
بەو پەیامە
ژین و ژیان
بۆ خۆیان و ئەوانی تر
مێرگوزارە
بۆ ئێمەی چارە ڕەشیش
جاڕێكی وشك، ژاری مارە !
یاسای تەمەن لەم ژیانە
هەر مرۆڤێك
تەنیا شتێك بەدەست دێنێ
سەروەت و ماڵ
یاخود مەقام !
ئائەوەی تۆ
پێی گەیشتی
شانازی نەتەوەیەكە و
هەرنەوەی شێر
بەجێی دێنێ
بەو چوار ساڵی تەمەنەوە
تاجی سەروەریت لەسەرنا و
ئەوەی ڕۆحی پەپوولەی تۆ بەدیهێنا
سەرەتایە
بۆ سەرفرازی نیشتمان
ئەو خونچە تەمەنەی تۆ
نەوەی پەیامی ڕاچڵەكاند
دوای ئازیزترین باوك
لە مردنەوە نەمریت
ڕاگەیاند ..
تۆ نەمری
سەركەوە پەیژەی سەروەری
نەوە
باوك
بەرەو مەنزڵگەی باپیر
قوربانی و قارەمانی تۆ
دڵی گەلێكی تاسان و
ناخ و دەروونی هەژاندین !
بۆ ڕۆحی پەپوولە ئاسای تۆ
نیشتمان ئاڵای نەوی كرد !
مەگری دایەی جەرگ سووتاو
تەماشام كە !
لێم ببوورە
كەی ڕەوایە ؟
هەتاكو كەی بێ باب بژیم ؟
لۆمەم مەكە ..
ئەی نابینی
چۆن؟
نەمرم !!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*