سەرەکی » ئاراستە » یادی پێنج ساڵه‌ی كۆچی دوایی سه‌ركرده‌ی نه‌مر به‌كری حاجی سه‌فه‌ر

یادی پێنج ساڵه‌ی كۆچی دوایی سه‌ركرده‌ی نه‌مر به‌كری حاجی سه‌فه‌ر

ئاوات كۆكه‌یی

به‌شدارانی شۆڕش و به‌ره‌نگاریی و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی زۆرن، زۆریشن ئه‌وانه‌ی بووونه‌ته‌ ناوو و به‌ ئازایه‌تی و قاره‌مانێتییان خۆیان سه‌لماندووه‌، به‌ڵام كه‌سانێكیش هه‌ن سه‌ره‌ڕای به‌شداربووونیان له‌ كایه‌ی تێكۆشان و قوربانیدانیشان، بووونه‌ته‌ نموونه‌ی جوانی و مێرخاسیی تێكۆشه‌ران، كاك به‌كری حاجی سه‌رفه‌ر یه‌كێكه‌ له‌ نموونه‌جوانه‌كانی ته‌واوی كایه‌كانی خه‌بات، ئه‌و پێشمه‌رگه‌ی رۆژه‌ سه‌خته‌كان، پیاوی به‌هه‌ڵوێست و بووێر، خۆنه‌ویست و خۆشه‌وستی خه‌ڵك، رۆڵه‌ی رۆژی ته‌نگانه‌ی و فه‌رمانده‌ی ده‌یان نه‌به‌ردیی پێشمه‌رگانه‌، سه‌ركرده‌ و تێكۆشه‌ری پاك و راستگۆ بووو، هه‌ر به‌ڕاستگۆییش سه‌ری نایه‌وه‌ و ماڵئاوایی له‌ ژیان كرد.
كاك به‌كری هه‌میشه‌ زیندوو له‌ دایكبووی ساڵی 1942ی شارۆچكه‌ی پێنجوێنه‌ و ساڵی 1950 له‌وێ خراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن‌و ساڵی 1956 بۆ خوێندنی قۆناغی ناوه‌ندی چۆته‌ هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا له‌سۆنگه‌ی كه‌ف‌و كوڵی كوردایه‌تییه‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی چوارده‌ ساڵیدا له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی به‌شدار بووو له‌ پێكهێنانی رێكخراوێك به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ی كاوه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م ئه‌زمونه‌ هیچی لێ سه‌وز نه‌بووو. دواتر په‌یوه‌ندیی به‌رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ كرد‌و له‌م رێیه‌وه‌ چووه‌ ناو پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌.
ساڵی 1961 كرایه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی پارتی، ساڵی 1962 له‌ پێنجوێن هه‌مان پله‌ی وه‌رگرت‌و له‌ساڵی 1963دا كرایه‌ كارگێڕی ناوچه‌، ساڵی 1964 بوووه‌ لێپرسراوی لیژنه‌ی ناوچه‌ی پێنجوێن، له‌ دروستبووونی دوبه‌ره‌كی نێو پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتگیریی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی كرد.
ساڵی 1970 دوای راگه‌یاندنی به‌یاننامه‌ی 11ی ئازار و له‌كاتی وتووێژی نێوان پارتی و رژێمی ئه‌وسای عیراق، كوردستانی به‌جێ هێشت‌و له‌به‌غدا گیرسایه‌وه‌. له‌و ماوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندیی به‌ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ كرد كه‌ تازه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرابووو.
ساڵی 1974 له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌نێوان كورد‌و حكومه‌تی عیراقدا، په‌یوه‌ندی به‌شۆڕشه‌وه‌ كرد، پاش هه‌ره‌سهێنانی شۆڕش له‌ 1975، بۆ پته‌وكردنی هه‌ڵسوڕانی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان، هه‌وڵێكی زۆری دا‌و له‌ساڵی 1976دا لێپرسراوێتی به‌ڕێوه‌بردنی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی له‌پێنجوێن گرته‌ ئه‌ستۆ، له‌م سه‌روبه‌نده‌دا پشتگیریی پڕۆژه‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری كرد‌و له‌تشرینی دووه‌می 1976دا په‌یوه‌ندیی به‌مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه‌ كرد، هه‌ر كه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ گه‌یشته‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، ده‌م‌و ده‌ست باوكی‌و دوو برای‌و خێزانه‌كه‌ی‌و كوڕ‌و كچه‌كه‌ی ده‌ستگیر كران. باوكی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌، زوو ئازاد كرا به‌ڵام ئه‌وانی تر هه‌مویان به‌ده‌ستگیركراوی ره‌وانه‌ی شاری ناسریه‌ی باشوری عیراق كران‌و پاشان له‌ساڵی 1978دا له‌لێبووردنی گشتی ئازاد كران.
ساڵی 1977 له‌سنووری پارێزگای سلێمانی لیژنه‌یه‌ك له‌سێ ئه‌ندام بۆ سه‌رپه‌رشتی كردنی كاروباری مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان پێك هات، ئه‌ندامه‌كانی بریتی بوون له‌ عومه‌ر عه‌بدوڵڵا‌و تاهیر عه‌لی والی به‌گ‌و به‌كر حاجی سه‌فه‌ر، ساڵی 1978دا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سێ لقی دروست كرد، له‌وانه‌ لقی یه‌ك كه‌ لێپرسراوه‌تییه‌كه‌ی به‌ خالید سه‌عید سپێردراو هه‌ر یه‌ك له‌به‌كر حاجی سه‌فه‌ر‌و ئه‌حمه‌د فه‌تحوڵڵا كرانه‌ گارگێڕی لقه‌كه‌. له‌مانگی ئازاردا له‌یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی كادیره‌ پێشكه‌وتووه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان له‌گوندی نۆكان، به‌ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ هه‌ڵبژێردرا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی كه‌ هه‌ر ئه‌و مانگه‌ به‌ستران، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ بڕیار درا خالید سه‌عید به‌هێزێكه‌وه‌ بچێ بۆ سه‌ر سنوری عیراق-توركیا، به‌كر حاجی سه‌فه‌ر له‌جێی ئه‌و كرایه‌ لێپرسراوی لقی یه‌ك.
له‌كۆبوونه‌وه‌ی كادیرانی كۆمه‌ڵه‌ له‌گوندی شێنێ ساڵی 1978، بۆ جاری دووه‌م به‌ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ و ساڵی دواتر كرایه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی‌و لێپرسراوه‌تیی هه‌رێمی 3ی شارباژێریشی پێ سپێردرا.
ساڵی 1980 له‌سه‌روبه‌ندی راپه‌ڕینی پێنجوێندا، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان چه‌ند كه‌سێكیان له‌ خزم‌و كه‌سوكاری ده‌ستگیر كرد. دواتر ئازاد كران به‌ڵام ژنه‌كه‌ی‌و دوو برای به‌ده‌ستگیركراوی ره‌وانه‌ی ده‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تی كه‌ركوك كران‌و له‌ساڵی 1982 دا به‌لێبووردنی گشتی ئازاد كران.
ساڵی 1983 له‌كۆبووونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی له‌گوندی خه‌تێی ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی، كرایه‌ لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك، له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی (ئاڵاس شۆڕش) له‌ساڵی 1985 له‌ناو كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان دا‌و هه‌موو توانای خۆی بۆ نزیك كردنه‌وه‌ی بۆچونه‌ جیاوازه‌كان به‌كارهێنا‌و ماوه‌یه‌ك به‌بێ وه‌رگرتنی هیچ لێپرسراوه‌تییه‌ك به‌ماڵه‌وه‌ له‌گوندی چۆخماخی دۆڵی جافه‌تی گیرسایه‌وه‌.
له‌ سه‌ره‌تا ساڵی 1986 لێپرسراوه‌تیی به‌ره‌یه‌كی فراوانی له‌دۆڵه‌ڕوته‌وه‌ تا ده‌وروبه‌ری كارێزه‌ پێ سپێردراو هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ به‌شدارییه‌كی كارای له‌شه‌ڕه‌كانی قه‌یوان-ماوه‌تدا كرد. له‌كاتی ده‌ستپێكردنی شاڵاوی ئه‌نفالی یه‌كی دۆڵی جافه‌تیدا، به‌رپه‌رچی هێرشه‌كانی سوپای عیراقی دایه‌وه‌‌و سه‌رپه‌رشتیی به‌ره‌كانی دۆڵه‌ڕوت‌و باڵخ‌و گاپیلۆنی كرد. پاش كشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ سه‌ر سنور، له‌شاری سه‌قز له‌كودستانی ئێران گیرسایه‌وه‌.
له‌ راپه‌ڕینی 1991دا ئه‌ركی لۆجستیكیی پێ سپێردرا، پاش رزگاركردنی سلێمانی‌و خۆئاماده‌كردن بۆ رزگاركردنی كه‌ركوك، له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌شۆڕش ئیسماعیل‌و زێڕۆ ئه‌حمه‌د لیژنه‌یه‌كیان بۆ ناردنی پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌ره‌ی كه‌ركوك لێ پێك هێنرا.
ساڵی 1992 به‌ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی سه‌وز هه‌ڵبژێردرا.
ساڵی 2009 به‌ئه‌ندامی خولی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند دانرا، له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌كێتی له‌ساڵی 2010، به‌ئه‌ندامی خولی دووه‌می ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند هه‌ڵبژێردرا. له‌یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌نددا وه‌ك به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندام سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه‌ی كرد‌و دواتر به‌سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند هه‌ڵبژێردرا. ساڵی 2011 به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌، له‌ 22/10/2014 به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*