سەرەکی » ئاراستە » ته‌په‌ڕێزینه‌، یه‌كه‌م ته‌قه‌ی شۆڕشی نوێ

شۆڕش بەم گوندەشدا تێپەڕی

ته‌په‌ڕێزینه‌، یه‌كه‌م ته‌قه‌ی شۆڕشی نوێ

م. عه‌لی

18

هه‌میشه‌ لادێكان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه‌ جووتیاره‌كان دێوه‌خانی پێشمه‌رگه‌ بوون، بۆیه‌ لادێ‌ و شۆڕش جمكانه‌ی یه‌كتری بوون و لێكجیانه‌كراونه‌ته‌و

له‌ناوخه‌ڵكیدا پێیده‌وترێ‌ ته‌په‌ڕێزینه‌ و له‌ كاروباری فه‌رمی میریدا پێیوتراوه‌ ته‌په‌زێڕینه‌.. زه‌وییه‌كه‌ی به‌پیته‌ و كاتی خۆی ماڵه‌كانی له‌سه‌ر ته‌په‌یه‌كی نزمدا بووه‌ كه‌ واده‌زانرێ‌ زێڕی تێدابووه‌، كه‌چی هیچجۆره‌ شوێنه‌وارێكیشی تێدانه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ ده‌وترێت كه‌ داگیركاریی ئیسلامی هاتووه‌ له‌وته‌په‌یه‌دا كوشتاری زر كراوه‌ وه‌كو گه‌ڵاڕێزان لاشه‌ كه‌وتووه‌، كه‌ ئێسكی زۆر له‌وته‌په‌یه‌دا دۆزراوه‌ته‌وه‌، یان وه‌كو ده‌ڵێن ناوه‌كه‌ی له‌وه‌وه‌ هاتووه‌ ته‌په‌یه‌كی تیایه‌ چه‌و و ریزی هه‌بووه‌.
پێش راپه‌ڕین ئه‌م دێیه‌ كه‌ له‌چه‌ند مه‌تریی جاده‌ی سه‌ره‌كی سه‌ییدسایه‌ق – هه‌ڵه‌بجه‌وه‌یه‌ 30 – 40 ماڵێك بووه‌ و له‌چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ك پێكهاتووه‌، دانیشتووانه‌كه‌ی له‌ تیره‌ی هاروونی ئێلی جاف و هه‌ورامین، كۆن خه‌ڵكه‌كه‌ی خه‌ریكی مه‌ره‌زه‌ و لۆكه‌ چاندن بوون، ئێستاش به‌ به‌راو و سه‌وزه‌وات و باخداریی به‌تایبه‌تی باخی هه‌ناره‌وه‌ خه‌ریكن و ئاژه‌ڵ و ماڵاتیان كه‌مه‌.
له‌ ساڵی 1963 تا ساڵی 1987 سێ‌ جار له‌لایه‌ن رژێمه‌ جیاجیاكانی عێراقه‌وه‌ رووخێنراوه‌ و سووتاوه‌، له‌ ساڵی 1974 قوتابخانه‌ی تێداكراوه‌ته‌وه‌ و ساڵی 1977 كاره‌بای بۆ چووه‌، له‌دوای راپه‌ڕین جارێكیتر ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌ و قوتابخانه‌ و ئاو و بنكه‌ی ته‌ندروستی و هۆڵی پرسه‌ و مزگه‌وتی بۆ كراوه‌ و 90 ماڵیشی تێدایه‌، چه‌ند شه‌هێدێكیان هه‌یه‌.
له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ ته‌په‌ڕێزینه‌ شانازییه‌كی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتووه‌ كه‌ دوای ئاشبه‌تاڵ، یه‌كه‌م ده‌سته‌ی پێشمه‌رگه‌ گیانبازه‌كانی شۆڕشی نوێی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ ئه‌م قاره‌مانه‌ بوون: عه‌لی شیعه‌، شه‌وكه‌تی حاجی مشیر، خوله‌ كه‌شكۆڵ، حامی حاجی غالی، محه‌ممه‌د حاجی مه‌حمود گوڵه‌خانه‌، د. ره‌زا، تۆفه‌ی ره‌عنا، چه‌كی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتیان كرده‌شان و یه‌كه‌م فیشه‌كی به‌گژاچوونه‌وه‌یان نا به‌سه‌ر دڵی رژێمی به‌عسی فاشیسته‌وه‌، كاتێك شه‌وی 27/7/1976 ئۆتۆمبیلێكی پۆلیسی گومرگ له‌هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌هات، له‌سه‌ر جاده‌ی ته‌په‌ڕێزینه‌ ئه‌و 7 پێشمه‌رگه‌یه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌لیان بۆ هه‌ڵكه‌وت په‌رده‌ی بێده‌نگیی بدڕێنن و له‌ قۆناغی متبوونی خۆڕێكخستنه‌وه‌ بێنه‌ده‌ره‌وه‌ و لووله‌ی تفه‌نگه‌كانیان بكه‌نه‌ ئه‌و شۆفرلێته‌ی پۆلیسه‌كانی رژێمی تێدابوو.. له‌ناكاو مه‌رگی تاین چڕنووكی له‌ ناخی ئه‌و زه‌لامانه‌ی به‌عس گرت كه‌ شه‌و و رۆژ بۆ چاوترساندن و هه‌راسانكردنی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌سووڕانه‌وه‌، نه‌یانده‌زانی كاتێك دێت ئیتر به‌و ره‌هاییه‌ نه‌توانن كوڕێنی خۆیان بنوێنن.. ئۆتۆمبیله‌كه‌ به‌ په‌نچه‌ریی له‌ چنگی پڕگڕی پێشمه‌رگه‌كان ده‌ربازبوو و خۆی گه‌یانده‌ سه‌ربازگه‌ی قه‌ده‌فه‌ری، ته‌نیا یه‌كێك له‌ پۆلیسه‌كانی كوژرا و دووانیشیان برینداربوون.. له‌ شه‌وێكی كشوماتی شاره‌زووردا چه‌ند ده‌ستڕێژێك فیشه‌ك مێژوویه‌كی نوێی تۆماركرد، به‌مه‌ش یه‌كه‌م ته‌قه‌ له‌ مێژووی شۆڕشی نوێدا له‌ دێی ته‌په‌ڕێزینه‌ی شاره‌زووردا له‌لایه‌ن ئه‌و 7 هه‌ڵۆ به‌رزه‌فڕه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ ته‌قێنرا و ئیتر پریشكی ئاگری شۆڕشی نوێ‌ هه‌موو قۆژبنێكی كوردستانی ته‌نییه‌وه‌.. به‌عس به‌مه‌ ته‌زی، نه‌یزانی وا به‌م ده‌موده‌سته‌ شۆڕشگێڕه‌ عه‌گیده‌كان دێنه‌ده‌ست و دۆخه‌كه‌ ده‌شڵه‌قێنن، هه‌رچه‌نده‌ داموده‌زگاكانی به‌عس بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرنگیی ئه‌م چالاكییه‌ و شاردنه‌وه‌ی له‌ لایه‌نگره‌كانی كه‌وته‌ پڕوپاگه‌نده‌ گوایه‌ ئه‌و ته‌قانه‌ له‌لایه‌ن قاچاخچییه‌كانه‌وه‌ كراوه‌، كه‌چی لای خه‌ڵكه‌ هوشیاره‌كه‌ حیكایه‌ته‌كه‌ به‌جۆرێكیتر له‌ دیوه‌خانی گێڕانه‌وه‌كاندا وه‌كو مژده‌یه‌ك بۆ قۆناغێكی نوێ‌ باسده‌كرا.
كه‌ شۆڕش به‌هێزبوو، زه‌مینه‌ له‌باربوو زۆر لایه‌نیتر هاتنه‌ناوانه‌وه‌، راسته‌ هه‌موویان خۆیان بۆ كوردایه‌تی ته‌رخانكردبوو، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ به‌پێودانگ و دنیابینی خۆی كاریده‌كرد، كه‌ له‌ زۆر دۆز دوورده‌كه‌وتنه‌وه‌ و له‌ئاقارێكدا یه‌كیاننه‌ده‌گرته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌كه‌وتنه‌ بگره‌وبه‌رده‌وه‌، كه‌ زۆرجاریش ده‌بووه‌ مایه‌ی پیكادان و خوێنڕشتن.. ده‌مێكبوو شاره‌زوور بووبووه‌ گۆڕه‌پانی ململانێی نێوان هێزه‌ جیاجیاكانی كوردستان كه‌ نه‌یانده‌توانی وه‌كو یه‌ك تیمی شۆڕشگێڕ له‌ڕووی دوژمندا بوه‌ستن، به‌ڵكو سه‌نگه‌ریان له‌ یه‌كتری ده‌گرت و میلی تفه‌نگه‌كانیان بۆ كوشتنی یه‌كتریی ده‌هێنایه‌وه‌، كه‌ پێده‌چێ‌ له‌پشته‌وه‌ ده‌ستی داگیركه‌رانی كوردستان ختووكه‌ی ئه‌و باره‌ ئاڵۆزه‌ی نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌ی دابێ‌ ره‌نجه‌كانیان به‌ خوێن سواخبدرێ‌ و تێكۆشه‌ره‌كان ببنه‌ قوربانیی.. له‌كاتێكدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌كو بڕیارێكی سیاسیی خۆی له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عسدا كه‌وتبووه‌ گفتوگۆوه‌، كه‌ ده‌بوا لایه‌نه‌كانیتر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بوونایه‌ ئه‌م گفتوگۆیه‌ چ ئه‌نجامێكی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ئینجا ئه‌وان هه‌ڵوێست وه‌ربگرن، كه‌چی چونكه‌ ئه‌وان دژی یه‌كێتیی بوون ئیتر ده‌بێ‌ له‌هه‌موو شتێكدا ركابه‌ربن، ده‌یانتوانی له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ هه‌ڵوێستیان وه‌كو ناڕه‌زایه‌تی له‌به‌رانبه‌ر هه‌موو شیمانه‌كان هه‌بوایه‌، به‌ڵام روویاننه‌كردایه‌ته‌ چه‌ك ئاراسته‌كردن و كوشتنی خافڵگیرانه‌ی پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌كانی یه‌كتریی.. به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ روویدا و له‌ گه‌رمه‌ی گفتوگۆدا لایه‌نێكی دژه‌ گفتوگۆ كاتژمێر 9ی شه‌وی 1/2- 9-1984 ده‌چنه‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ له‌ته‌په‌ڕێزینه‌دا بوون.. له‌ئه‌نجامی ته‌قوتۆقی نێوانیاندا ئه‌حمه‌د شاتوانیی فه‌رمانده‌ كه‌رتی تیپی 11ی شاره‌زوور شه‌هیدده‌كه‌ن و مه‌حمود گه‌رمیانیش بریندارده‌كه‌ن، فه‌ره‌جه‌ سووری خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ش ده‌بێته‌ قوربانی ئه‌و شه‌ڕه‌ نگریسه‌.. ئه‌مه‌ پیلانێكی رێكخراوبوو بۆ له‌داونانی ئه‌و فه‌رماندانه‌ی یه‌كێتیی، كه‌ رۆڵێكی گه‌وره‌یان له‌ لێدانی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریی له‌شاره‌زووردا ده‌بینی، هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو چه‌ند هه‌وڵێكیتریان به‌رانبه‌ر كوڕه‌ ئازاكانی یه‌كێتیی ئه‌نجامدا و ده‌ستیان چووه‌ خوێنی فوئاد گه‌رمیانی و عومه‌ر كوڵكنی و غه‌فور ده‌ره‌شیشی و سدیق حه‌سه‌ن و.. هتد، به‌هه‌مانشێوه‌ شه‌هیدكران.
هه‌ر له‌م دێیه‌دا جاشه‌كانی رژێم رۆژی 19/8/1985 حاجی عه‌بدولكه‌ریم سه‌لیم به‌ به‌رچاوی خزم و كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ تاوانێكی كردبێ‌، جگه‌له‌وه‌ی كه‌سی پێشمه‌رگه‌ بووه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌ گولله‌بارانده‌كه‌ن و چوار ماڵی دێیه‌كه‌ش ده‌سووتێنرێ‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*