سەرەکی » ئابووری » پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت لە كەركوكپەڕە 3

پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت لە كەركوك

لە چوارچێوەی ئەو میكانیزمەی بۆ گەشەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای كەركوك جێبەجێ دەكرێت، وەزارەتی نەوتی عیراق لە داهاتوویەكی نزیكدا نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك هەناردەی ئێران دەكات.

بۆ پاڵێوگەكانی ناوخۆ
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێكی عیراقەوە بڵاویكردۆتەوە، لە داهاتووییەكی نزیكدا نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك هەناردەی پاڵێوگەكانی كرماشان دەكرێت و تێكرای هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ كرماشان رۆژانە ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت دەبێت.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشكردوە: وەزارەتی نەوتی عیراق ئامادەیە هەموو نەوتی بەرهەمهێنراوی كێلگەكانی كەركوك بداتە پاڵێوگەكانی ناوخۆ، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی ناكۆكییەكانی هەرێم‌و بەغداد لەسەر بەكارهێنانی بۆری نەوتی هەرێم بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.
بەوتەی عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراقیش، سەرجەم كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای كەركوك لەژێر كۆنترۆڵی وەزارەتەكەیدایە و بۆ زیاتر گەشەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگاكەش، وەزارەتی نەوتی عیراق داوای لە كۆمپانیا جیهانییەكان كردووە هاوكاری عیراق بكەن بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی بۆری نەوت لەناوچەی بێجی-یەوە بۆ دەروازەی پیشخاپوری سەر سنوری توركیا بەمەبەستی گواستنەوەی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك.

٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق راشیگەیاندووە، رێككەوتنێكی سەرەتایی لەگەڵ كۆمپانیای (بی پی)ی بەریتانی كراوە بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك و زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ زیاتر لە ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەكەمدا كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای كەركوكی كۆنترۆڵ كردەوە، حكومەتی عیراق هەوڵەكانی بۆ گەشەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگاكە چڕكردۆتەوە و بە وتەی وەزیری نەوتی عیراقیش، لەمەودوا عیراق میكانیزمی نوێ بۆ هەناردە و بەرهەمهینانی نەوتی كەركوك بەكاردەهێنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*