سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

بیست و شەشەم و کۆتایی

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە لە کتێبە ناسراوەکانی جیهان، ئەم کتێبە بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕاوەو لە هەندێک وڵاتی ئەوروپیشدا لە قووتابخانەکان دەخوێنرێت. جگە لەوەش ئەم کتێبە چەندینجار کراوەتە فیلم و شانۆ و چەندین خەڵاتی جیهانی لەسەر وەرگیراوە. تاوەکو ئێستا دە جار کراوەتە فیلم و دوایین جاریش ساڵی 2016 بوو، کە لە جیهاندا بەیەکێک لە فیلمە سەرکەوتووکان دانرا.
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە باس لە حکایەتی تراژیدیای گەلی جوولەکە دەکات لە سایەی رژێمی نازی ئەڵمانیدا، لەهەمانکاتیشدا دڵڕەقیی و نامرۆیی ئەو سیستەمە فاشیستە دەخاتە ڕوو، کە جوولەکەی کردبووە ئامانج و هەوڵی پاکتاوکردنی دەدان. بەگشتیش ئەم چیرۆکانە بۆ ئێمەی کورد گرنگە، بۆئەوەی لە ئەزموونی گەلانی جیهان فێربین، لە هەمانکاتیشدا گرنگە بزانین چۆن ئەوان توانیویانە مەسەلەی پاکتاوکردنیان بە جیهان بناسێنن. ئێمەی کوردیش لە هەموو پارچەکانی کوردستان، چەندینجار رووبەروی پاکتاوی نەژادی بوینەتەوە، بەڵام بەداخەوە نەماتوانیوە وەکو جوولەکە و ئەرمەنییەکان، ئەو حکایەتە پڕ ئازارانەمان بۆ جیهان بگێڕینەوە.
ئانا فرانک، لە ١٢ / ٧ / ١٩٢٩ لە دایک و باوکێکی جوولەکە، لە شاری (فرانکفۆرت ئەم ماین)، لەدایک بووە، ساڵی ١٩٣٣ لەگەڵ دایکوباوکی لەدەست نازییەکان بەرەو ئەمسته‌ردام هەڵهاتوون، پاش ئەوەی سوپای نازییەکان لەساڵی ١٩٤٠ هۆڵەندایان داگیرکرد، پاشانیش لەساڵی ١٩٤٢ رێکاری زۆر توندوتیژیان بەرامبەر بە جوولەکەکان نا، بنەماڵەی فرانک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیان لە دیوی پشتەوەی باڵەخانەیەکدا لە گەڕەکی (پرنسنگراخت) لە ئەمستەردام، خۆیان پەنادا. هەموو ئەوانەی لەو پەناگەیەدابوون لە ئابی ١٩٤٤ لەلایەن سیخوڕی نازییەکانەوە دەستگیرکران و بەرەو (ئاوسشڤیتز) پەلکێشکران. ئانا فرانک لە ئاداری ١٩٤٥ لە شاری (بێرگن بێلزن) مرد،)رۆژی مردنەکەی بەتەواوی نازانرێت). لە ئێستادا ئەو ماڵە بۆتە مۆزەخانەیەک و هەموو شتەکانی ئانا فرانک و خانەوادەکەی تێدا پارێزراوە.
ئانا فرانک لە ١٢/٦ /١٩٤٢ ه‌وە تاکو مانگی ئابی ١٩٤٤ یاداشتەکانی نووسیوە. ئەو تاکو سەرەتای ١٩٤٤ لەشێوەی نامە تەنها بۆ خۆی دەینوسین، تاکو رۆژێکیان لە پەخشی رادیۆی لەندەن گوێی لە وەزیری پەروەردەی هۆڵەندا دەبێت کە ئەویش لەوێ پەنابەرە وباسی لەوە کردووە، پاش کۆتایی جەنگ هەموو ئەو نوسینانەی دەربارەی بەسەرهات و نەهامەتی خەڵکی هۆڵەندی لە ژێر زەبری داگیرکاریی ئەڵمانیادا نوسراون، کۆدەکاتەوە وبڵاویان دەکاتەوە، لەوانە بۆ نموونە ئەو یاداشت و یادەوەرییانەی خەڵکی نوسیونین. ئەم قسانەی وەزیر کاردەکەنە سەر ئانا فرانک، بڕیار دەدا پاش تەواو بوونی جەنگ بیانکا بە کتێبێک وبڵاوی بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتەکانی دەکاتە بەردی بناغەی کتێبەکە.
لە رووی شێوازی نوسینیشەوە، بە شێوەیەکی ئاسان نووسراون و گوزارشت لە تێڕوانین و دونیابینی کچێکی مێرد منداڵ دەکات.
ئەم کتێبە لەلایەن وەرگێڕی هێژامان کاک کەریم مەلا رەشید لەزمانی ئەڵمانییەوە، واتە لە زمانی یەکەمەوە کراوەتە کوردی. ئێمەش لە کوردستانی نوێ، بە خۆشحاڵییەوە هەوڵ دەدەین بە ئەڵقە ئەم کتێبە گرنگە بخەینە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیزمان.

کوردستانی نوێ-ی هەفتانە

 

پەیڤێک بۆ دوابەشی کتێبی ئانا فرانک

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ماوەیەکی زۆرە هەفتانە بیرەوەرییەکانی « ئانا فرانک» مان بڵاوکردەوە، من چ وەکو خوێنەرێک و چ وەکو بەرپرسی دۆسێیەکە، هەموو بەشێک دەبوایە بە ووردی بیخوێنمەوە، نایشارمەوە هەمیشە جێژێکی ئێجگار گەورەم لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بینی، لە لایەکەوە ئەم کتێبە باسی قۆناغێکی مێژوویی ئێجگار گرنگمان بۆ دەکات، کە ئەویش ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانە، کتێبەکەش زانیاری زۆری تێدایە لە بارەی رەوشی ژیانی خەڵکی لەو کاتانەدا، لەهەمانکاتیشدا نووسەری کتێبەکە بە زمانێکی ئاسان و سادە، باسی مەرگەساتی جەنگمان بۆ دەکات، چۆن خەڵكی ئاساییی لەو کاتانەدا ژیانیان بەسەربردووە بەتایبەتی جوولەکەکان، لە هەمووشی گرنگتر، ئەم کتێبە تیشکێکی بچووک دەخاتە سەر ئەو کارەساتە گەورەیەی کە رووبەروی گەلی جوولەکە بۆتەوە، ئەو خەڵکە ستەمدیدەیە، چۆن رووبەروی دڕندەترین رژێمی جیهان بوونەتەوە کە رژێمی نازی بووە. چۆن رۆژانە ئەم رژێمە ترسی خستۆتە دڵی هەموو جوولەکەیەکەوەو بوونیان لە مەترسی گەورەدا بووە.
لەلایەکی تریشەوە جگە لە باسی جەنگ و ماڵوێرانی و ترس و راکردن، ئەم کتێبە کۆمەڵێک پرسی ئینسانی گرنگی تری تێدایە لەوانە : خۆشەویستی، ژیاندۆستی، گیانی هاوکاریکردن ، ڕق و کینە،،هتد»
بە دڵنیاییەوە وەرگێڕانی ئەم کتێبە ، رۆڵی گرنگی هەیە بۆ کتێبخانەی کورد، لە لایەکەوە زانیاری زۆری تێدایە لە بارەی جەنگی دووەمی جیهانی، هەروەها زانیاری باشیشی تێدایە لەبارەی ئەو کارەساتە گەورەیەی کە رووبەری جوولەکەکانی ئەوروپا بۆتەوە.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک کەریم مەلا رەشید بکەین، بۆ ئەو ماندووبونە زۆرەی کە بۆ ئەم کتێبە تەرخانی کردووە، بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە باشەکانی جیهان و کتێبخانەی کوردیش بەم کتێبە گرنگ و جوانەی جیهان، زیاتر دەرازێتەوە.
هیوادارم لە داهاتووشدا دەرفەتی ئەوە بۆ کاک کەریم برەخسێت، کە ئەم کتێبە چاپ بکات و بکەوێتە بەردەستی خوێنەران .

کەریم مەلا رەشید

شەممە، ١٥/٧/١٩٤٤ کیتی گیان!
کتێبێکمان لە کتێبخانەوە بۆ هاتبوو کە ناوێکی سەربەگۆبەنی هەبووئەویش: «کیژۆڵەی مۆدێرنت بەلاوە چۆنن؟» ئەمڕۆ دەمەوێ لەبارەی ئەو بابەتەوە، بدوێم.
خانمی نووسەر رەخنە لە «لاوانی ئەمڕۆ» دەگرێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی تافی لاوێتی ئەو کەسانە، لە تەوقی سەریانەوە تا بنی پێیان، هەر هەمووی رەتدەکاتەوە و بێ فەڕیان دەکات. پێچەوانەی ئەوەش، ئەو پێیوایە ئەگەر لاوان بیانەوەێ، دەکارن جیهانێکی باشتر، مەزنتر و خۆش بنیادبنێن، بەڵام ئەوان خۆیان بە کاری رووکەش و لاوەکییەوە خەریککردووە بەبێ ئەوەی لەڕووانگەیەکی زانستیەوە دیوە جوانەکانی جیهان بەدی بکەن.
لەهەندێ بڕگەی کتێبەکەدا، هەستدەکەم خانمی نووسەر سەرەنێزەکەی بەتەواوی ئاڕاستەی من کردبێت، بۆیە من دەمەوێ رازەکانی خۆمت بۆ دەرخەم و لەدژی هێرشەکانی بەرگری لەخۆم بکەم.
خەسڵەتی من بە تانوپۆیەکی زۆر زەق شیرازەکراوە، بەجۆرێک هەرکەسێک بۆدەمێکیش بمناسێت یەکسەر هەستی پێدەکات، ئەویش خەسڵەتی خۆناسین و خۆخەمڵادنە لە هەموو روویەکەوە، وەکوو کەسێکی بەخۆ نامۆ لە هەڵسوکەوتەکانی خۆم دەڕوانم، واتە دەزانم چەندم لەبارە، چی دەکەم، تێڕوانینەکانم چین. زۆر بێلایەن و بە لێبردوویی بەرامبەر ئەم (ئانا)یە دەوەستمەوە، چاکە و خراپەکانی هەڵدەسەنگێنم. ئەو «خۆهەڵسەنگاندنە» هەرگیز بەرۆکم بەرنادا، هەرچ وشەیەک بمەوێ دەریبڕم، یەکسەر دەزانم، کەی دەبێ بیدرکێنم: «دەبوایە ئەمە بەجۆرێکی تر بوایە» یاخود «هەر وانەبوایە». خودی خۆم، لەچەندین شت کە نایەنە باسکردن، دادگایی دەکەم، ئەوەش هەردەم راستی و دروستی وشەکانی باوکم بۆ دەسەلمێنن کە دەڵێ: «هەموو مناڵێك دەبێ بەخۆی خۆ پەروەردە بکات».
دایکوباوک دەتوانن تەنیا ئامۆژگاری یا تێبینی چاک ئاڕاستەی مناڵەکانیان بکەن، بەڵام لە ئەنجامدا دوا داڕێژگەی رەوشت و کاراکتەری هەموو مرۆڤێک لە دەستی خۆێدایە. جگەلەوەی من بەجۆرێکی لەئاسابەدەر بۆ ژیان تێدەکۆشم، هەمیشە هەستدەکەم زۆر بەهێز و نەبەردم، کۆڵنەدەرم، ئازاد و نەوجوانم! کاتێ یەکەمین جار درکم بەوەکرد، خۆشحاڵبووم، چونکە پێموانییە، لەبەر ئەو جەزرەبانەی رێگا بەهەموو کەسێک دەگرن، من وا بەپەلە نووچ بخۆم و ملیان پێبدەم.
لەمبارەیەوە زۆرجار قسەم کردووە، ئێستاش دەمەوێ بچمە سەر بابەتی سەرەکی کە بریتییە لە رستەی «دایکوباکم لێم تێناگەن». دایکوبابم هەردەم نازیان هەڵگرتووم، زۆریان چاکە لەگەڵ کردوون، لەبەرئەنگاریم لەگەڵ ئەوانەی سەرەوەش پشتگیریان کردووم، ئەوان هێندەیان بۆ کردووم کە لە توانای هەموو دایکوبابێک بێت. سەرەڕای ئەوەش من بەدرێژایی کات هەستم بە تەنیایی، پشتگوێ خراو و لێ تەنەگەیشتوو دەکرد. باوکم هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ، ئەوەندەی پێی کرا کردی بۆ ئەوەی لە کەلەڕەقی و چەتوونیم کەمکاتەوە، بەڵام بەرخوردی نەبوو؛ خۆم بەخۆمدا هاتمەوە، بەوەی کە رێگریم لە بەدخوویی خۆم کرد.
باشە چۆن باوکم لە ململانییەکانمدا هاریکار نەبووە، خۆ هەموو هەوڵ و دەستگییرۆییەکانی سەرنەگرێ بوون؟ باوکم کەرەستەی نەگونجاوی بەکاردەهێنا، ئەو هەمیشە وەکوو مناڵێک دەیدواندم کە بەقۆناغێکی سەختی مناڵیدا تێدەپەڕێ. ئەوە شێتانە دێتە بەرگوێی، چونکە هیچ کەسێکی دیکە نییە بە ئەندازەی باوکم متمانەی پێ بەخشیبم، لە باوکم بەلاوە کەسێکی تر ئەو هەستەی لەلام دروست نەکردووە کە من کەسێکی ژیرم. بەڵام ئەو شتێکی پشتگوێی خست: ئەو بیری لەوە نەکردەوە کە ململانییەکەی من بۆ گەیشتن بەسەرەوە برەوی لەهەموو خواستەکانی ترم بردبۆوە. من نەمدەویست گوێم لێبێ پێم بڵێن «لەم تەمەنە ئەوە دیاردەیەکی ئاساییە» … «کچانی تر» … یا «خۆبەخۆ چاکدەبێ» هتد. من نەمدەویست وەکوو هەموو کچانی دیکە هەڵسوکەوتم لەگەڵ بکرێ، بەڵکوو وەکوو خودی (ئانا) خۆی، بەڵام (پیم) لەوە تێنەگەیشت. ئەوەش لەبیرنەکەم، من متمانەی خۆم بە کەسێک نابەخشم ئەگەر ئەویش هەموو شتەکانی خۆیم بۆ دەرنەخا؛ جا لەبەرئەوەی من لەبارەی (پیم)ەوە شتێکی یەکجار کەم دەزانم، ئەوا مل بەو ڕێگایەوە نانێم کە بەرەو، ئاقاری بێگەردی، متمانەیی نێوانمان بەرێ. (پیم) هەمیشە پابەندە بەخاڵی ئەوەی باوکان بەتەمنترن، سەرەڕای ئەوەی کە خۆشی بەو پەیوەندییە ساتەوەختییانەدا تێپەڕیوە، بەڵام نایەوێ وەکوو کەسێکی بەتەمەن لەگەڵ نەوجوانێک هاوڕێ، هاوهەست و هاوژین بێت، وێڕای ئەوەی کە هەوڵ و تەقەلای بۆ دەدا. ئەوەش وای لێم کرد کە بەهیچ جۆرێک بۆچوون و لێکدانەوەم بۆ تیۆرییەکان لەلای هیچ کەسێک ئاشکرابکەم، جگە لە کتێبی رۆژانەکەم، جاروباریش زۆر بەدەگمەن بۆ (مارگۆت). هەموو شتەکانم لەڕووی باوکم لەگۆڕناوە، هەرگیز رێگام نەداوە لەلایەنە چاکەکانم بەشداری پێبکەم ، بەڵکوو بەهۆشیاریەوە پێم نامۆ کردوون.
جیا لەوە رێگایەکی ترم لەبەردەم نەبوو، من پێبەپێی هەستەکانم مامەڵەم دەکرد، ئەگەر چی ئەوە دەچێتە بۆتەی خۆویستییەوە، بەڵام من لێکدانەوەم بۆکرد، بەوەی ئاخۆ ئەو کارەم تا چ رادەیەک ئارامی خۆم بە چاکی دەپارێزی. چونکە ئارامی و بڕوا بە خۆبوونم، کە زۆر ناسەقامگیربوون و لەرزۆک بنیات نرابوون، لەدەستم دەدان ئەگەر رەخنەکان لەسەر ئەو بنیاتە ناتەواوە هاتبانە سەرباری ئەو کێشانە. جا بەتایبەتی بۆ (پیم)یش ئەوەم بە نامۆ رەوابینی، لەوانەیە ئەوە قسەیەکی رەق بێت، بەڵام من نەک هەر نەمهێشت (پیم) تێکەڵ بە رازەکانم بێت، بەڵکوو بە هەڵچوونەکانم زۆر لەوە زیاتریش لەخۆم دوورم دەخستەوە.
ئەوە خاڵێکە، من زۆر بیری لێدەکەمەوە: چۆن گەیشتە ئەوەی (پیم) بەو ئەندازەیە زوییرم بکات؟ بە جۆرێک نەتوانم تاڕادەیەک لەگەڵیدا ئاشنایی پەیدابکەم، سۆزەکانی بەلامەوە وادەردەکەون کە لە دڵییەوە هەڵنەقوڵێن، من دەمەویست ئاسوودە بم بۆیە ئەویش جاروبار خۆی لێ نەبان دەکردم بۆ ئەوەی بتوانم بەدڵنیاییەوە بچمەوە بەرامبەری؟ جگە لەوەی پەشیمانی و ئازارکێشانم بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەم کردبوون، کاتێ بە تووڕەیی لەخۆم رابینی ئەو نامە ناقۆڵایەی بۆ بنوسم.
ئاە، چەند ئەستەمە پاش ئەو هەموو بەسەرهاتانە هێشتا بتوانی ئازا و بەهێز خۆڕاگر بیت!
هەڵبەتە ئەوە گەرای ناکامی من پێک ناهێنێ؛ بەڵکوو زۆر لەوەی باوکم خراپتر ناکامی و بیرکردنەوەی منە لە (پیتەر). زۆر چاک دەزانم کە من بەخۆم ئەوم بارهێناوە نەک پێچەوانەکەی. کردم بە ئەندێشەی خەونەکانم، ئەوم وەکوو لاوێکی بەسۆز، هێمن، هەست ناسک وێناکرد کە زۆری پێویست بە سۆز و هاوڕێتیە! پێویستم بەوە بوو رازەکانم بۆ مرۆڤێکی زیندوو بدرکێنم، ویستم هاوڕێیەکم هەبێت، کۆمەکم بکات بۆ ئەوەی رێگا تەی بکەمەوە. من کارە سەختەکەم جێبەجێ کرد، ئەویشم بەکاوەخۆ، بەڵام بەدڵنیایی، بۆخۆم دەستەبەرکرد. کاتێک لە ئەنجامدا سۆزی هاوڕێتی ئەوم بەلای خۆمدا بزواند، خۆبەخۆ بووین بەداوی هۆگریەوە و تێکئاڵاین، ئەوەش بەبۆچوونی من شتێکی بێهاوتایە. ئێمە باسمان لە نهێنیترین شتی خۆمان بۆیەکتر کردووە، بەڵام ئەو شتانەی کە دڵیان پڕکردوون تائێستا لەئاستیاندا بێدەنگین. من تائێستا بەچاکی لە (پیتەر) تێنەگەیشتووم. ئایا ئەو کەسێکی رووکەشە یا بەجۆرێک داماو و سەرلێشێواوە کە لەمنیش سڵبکاتەوە؟ من هەڵەیەکم کرد، بەوەی دەرگام، بەڕووی هەموو چەشنە هاوڕێتیەکی نێوانمان، داخست. هەوڵمدا بە ڕێگای سۆزوخۆشەویستی لێی نزیکبمەوە، ئەو تینووی خۆشەویستی بوو، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر خۆشیدەویستم، من بە چاکی هەستم بەوە دەکرد. ئەو تاسەی بە ژوانەکانمان دەشکا. منیش کەوتبوومە ژێر گوشاری هەوڵی ئەوەی هەردەم گۆڕانکارییەک لەنێوانمان بهێنمە کایەوە، بەڵام هەرگیز خۆمان لەقەرەی ئەو بابەتانە نەدەدا کە دەکەوتنە نێو بازنەی خواستی باسەکانی منەوە.
بەبێ ئەوەی (پیتەر) بزانێ، من بە خورتی ئەوم بۆخۆم پەلکێشکرد، ئێستاش بەتوندی پێمەوە لکاوە، من لە ئێستادا ئامڕازێکی گونجاو بەدی ناکەم بۆئەوەی جارێکی تر لەخۆمی دووربخەمەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ پشت بەخۆی ببەستێ. کاتێ، هەر زوو بۆمدەرکەوت کە ئەو لە دیدگا و بۆچوونی منەوە بۆ وشەی هاوڕێتی، ناتوانێ ببێ بە هاوڕێیەکی راستەقینەم، کەوتمە تەقەلا بۆئەوەی لانیکەم لەو بنبەستییە دەریبهێنم بۆ ئەوەی شکۆداریی بە لاوێتییەکەی ببەخشم. «چونکە لاوی خورت، لە ناخەوە زۆر لە بەتەمەنەکان زێتر هەست بەتەنیایی دەکەن.» ئەم رستەیەم لە کتێبێکدا بینی، لای خۆم هێشتمەوە، چونکە راست و دروستە.
ئایا راستە، ئێرە بۆ بەتەمەنەکان سەختترە وەک بۆ هەرزەکان؟ نەخێر، بەدڵنیایی وانییە! مرۆڤی بەتەمەن بۆچونی خۆی لەبارەی هەموو شتەکانەوە گەڵاڵەکردووە، ژیانیان لەنگەری گرتووە و چیتر سازش بەکردەوەکانیانەوە ناکەن. ئێمەی هەرزەکار دووچەندانەی ئەوان ماندوودەبین، بەوەی دەبێ جەخت لەسەر تێڕوانینەکانی خۆمان لەسەردەمێکدا بکەین کە نسکۆ بەهەموو ئایدیالەکانی ئەوان دەهێنێ و تێکیان دەشکێنێ، سەردەمێك، مرۆڤەکان دیوی دزێوی خۆیان ئاشکرادەکەن، ئەوکاتەش، راستییەکان، مافەکان و خوداوەند دەکەونە ژێر پرسیار و لێکدانەوە!
ئەگەر کەسێک جەخت لەسەرئەوە بکات کە ژیانی ئێرە بۆ بەتەمەنەکان سەختترە ئەوا، گوژم و باراستایی گرفتەکانی لەسەر ئێمە، بەڕوونی نابینێ. گرفتگەلێک، لەمێژە زۆر تەوژمیان بۆهێناوین و لەوانەیە ئێمە هێشتا زۆر هەرزەکار بین بۆ بەشدارکردنیان، تا لەکۆتاییدا وای بۆچووین کە چارەسەرێکمان بۆ دۆزیونەتەوە، چارەسەرێک بوو بەزۆری خۆی لەبەر پێشهاتە راستەقینەکان بەپێوە نەدەگرت و توشی نابوودی دەهات. سەختترین شتەکانی ئێستامان: ئایدیالیزم، خەونەکان، چاوەڕوانیەکی بێپەروای شتە بدەوەکان، ئەوانەی، یا دەرناکەون، یا ئەگەر دەرکەون هەوری رەشوتاری، راستەقینەی ژیانەکەمان، بەتەواوی دایدەپۆشێ و لەناویان دەبا. مایەی سەرسامییە، من هەموو هیواکانم هێشتا لەدەست نەداون، چونکە ناماقوڵن و بەدی نایەن. سەرەڕای ئەوەش خۆم بەتوندی پێیانەوە گرێداوە، لەبەرئەوەی من هێشتا بڕوا و متمانەم، بە لایەنە چاکەکانی ناخی مرۆڤەکان ماوە و نالەنگێ.
بەهیچ جۆرێک ناتوانم، هەموو شتەکانم لەسەر بناغەی مردن، چەرمەسەریی و سەرلێشێوان بنیاتبنەم. من چاوم لێیە چۆن جیهان دەکرێت بە بیابان، گوێم لە گرمەی هەورەتریشقەکانە، روولەزیاد دەگرمێنن و ئێمەش لەناودەبەن، هەست بە ناڵە و ژانی ملیۆنان مرۆڤ دەکەم. بەڵام کاتێک لە ئاسمان دەڕوانم، هەستدەکەم هەموو شتەکان چاکدەبنەوە و ئەو نەهامەتییانەش کۆتاییان دێ و دیسانەوە ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر رێکی جیهاندا دەدەن. تا ئەوکاتە منیش دەبێ تێڕوانینەکانم بەرز ڕاگرم؛ لەوانەیە، لەو ماوەیەی بەسەرماندا تێدەپڕن، بێنەدی!

ئانا م. فڕانک-ت هەینی، ٢١/٧/١٩٤٤
من ئێستا پڕم لە هیوا، ئێستا شتەکان زۆر باشن! بەڵێ ڕاستیت پێدەڵێـم! هەواڵی زۆر باش هەن! هەوڵی کوشتنی (هیتلەر) دراوە، هەوڵەکەش نەک لە لایەن جولەکەی کۆمەنیستەوە یا سەرمایەدارە ئینگلیزەکانەوە دراوە، بەڵکوو لەلایەن جەنەڕالێکی شکۆداری ئەڵمانییەوە ئەنجامدراوە کە پلەی (گراف)ی هەیە و هێشتا خورتە. «بەزەیی خودا» ژیانی سەرۆکی رزگارکرد، بەداخەوە، زۆر بەداخەوە بە هەندێک رووشان و نەرمەسووت دەربازبوو. چەند ئەفسەر و ژەنەڕاڵێک لەکاتی تەقینەوەکە لەدەوروپشتی بوون، کوژران یا برینداربوون. تێوەگلاوی سەرەکیش گولەباران کرا.
ئەوە باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەفسەر و ژەنەڕاڵەکان تا بینەقاقایان گەیشتووە، لە جەنگ بێزارن و دەیانەوێ هیتلەر، بناوبن لەگۆڕنەن. ئەوەش لەپێناو پێکهێنانی دیکتاتۆرێکی- سەربازی بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانەکان لەسەر ئاشتی پێکبین، خۆیان سەرلەنوێی پڕچەک بکەنەوە و پاش بیست ساڵی تر جەنگێکی دیکە هەڵگیرسێننەوە. لەوانەیە ئەو «بەزەییە» بەمەبەست بڕێک دواکەوتبێ کە وەلای نەخست. چونکە لەوانەیە بۆ هاوپەیمانان رێگاخۆشکەر و ئاسانکاری بێت ئەگەر ئەڵمانە بێ خەوشەکان خۆبەخۆ بکەونە وێزەی یەکتر و یەکدی بکوژن. چەندە ئەرکی سەرشانی رووس و ئینگلیزەکان کەمبێتەوە، بەو ئەندازەیەش چاپووک دەبن لەبنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان. بۆ گەیشتن بەوە هێشتا ماومانە، منیش نامەوێ پێشبینی بۆ ئاسۆی پرشنگدار، پێش روودانیان، بکەم. سەرەڕای ئەوەش هەڵبەتە تۆش سەرنج بدەی کە ئەوانەی من دەیانڵێم راستین، لەڕاستی بەولاوە چیتر نین. تەنها ئەوەی لێبترازێ کە من چیتر وڕێنە بە ئایدالەوە ناکەم.
هیتلەر زۆر نەرمونیان بووە، بەجۆرێک داوا لە لایەنگران و کەسانی جێ بڕوای میلەتەکەی دەکا کە لەئەمڕۆ بەدواوە هەموو سوپا، گوێڕایەڵی (گستاپۆ) بن، هەروەها هەموو سەربازێک ئەگەر سووسەی ئەوەی کرد کە سەرتیپەکەی لەو هێرشە نامەردانەیەی بۆ سەر سەرۆک کراوە، بەشدارە، سەرپشکە لەوەی بێ چەندوچوون گولەبارانی بکات.
دیارە ئەوەش بەسەرهاتی خۆشی لێهەڵدەقوڵێ. (مایکڵ)ی چکۆڵە، بەهۆی دووری رێگاکە شەکەت بووە، پێیەکانی ئازاری دەدەن و چیتر هەنگاوی پێی هەڵناێی، سەرتیپەکەی، کە ئەفسەرە، لێی دێتەدەنگ و بێزاری دەکا. (مایکڵ)ی چکۆڵەش تفەنگەکەی لێدەخاتە سەرپێ و هاوار دەکا: «تۆش ویستت سەرۆک بکوژی، بگرە ئەوەش سزاکەت!» تەقەیەک و ئەفسەری بەجەرگ کە لەخۆی رابینی سەرکۆنەی سەربازی چکۆڵە بکات، بەرەو جاوێدانی (یا بەرەو مردنی هەتاهەتایی؟) بەڕێکەوت. لەئاکامدا وایلێدێت ئەفسەری رێزدار خۆیان پیسدەکەن ئەگەر سەربازێک ببینن یا فەرمانڕواییان بکەن.
شتێک تێدەگەی، یا دیسانەوە سەدان و هەزارانم لێک تێکەڵوپێکەڵ کردن؟ لەوە بەلاوەم پێناکرێ. بەڕاستی من زۆر دڵشادم، جا بۆ ئەوەی زیاتر لۆژیکی بم، بەوەی لە ئاسۆدا دەبینم کە لەمانگی ئوکتۆبەری داهاتوودا دیسانەوە دەتوانم لەسەر تەختەی قوتابخانە دانیشمەوە! ئۆ، لالا، ئەی ئێستا نەمگوت نامەوێ پەلە لەپێشبینیەکانم بکەم؟ بمبەخشە، خۆڕانییە بەوە ناسراوم کە مەڵۆیەک ناتابایی منی پێکهێناوە!
ئانا م. فڕانک-ت

سێشەممە، ١/٨/١٩٤٤ کیتی گیان!
«مەڵۆیەک ناتەبایی!» ئەوە دوا رستەیە لە نامەکەی پێشووم و یەکەمین رستەیە لە نامەکەی ئەمڕۆم. «مەڵۆیەک ناتەبایی» ئایا دەتوانی بۆمی روونبکەیتەوە، ئەوە چییە؟ واتای ناتەبایی چییە؟ وەکوو زۆربەی وشەکانی تر ئەویش دوو واتای هەیە، ناتەبایی ناوەکی و ناتەبایی دەرەکی. ئەوەی یەکەمیان جۆرە ئاساییەکەیەتی کاتێ «بۆچوونەکانی کەسەکەی بەرامبەرت نیگەرانت دەکات، چونکە خۆت چاکتری لێدەزانی، دوا وشە بۆخۆت دەهێڵیتەوە « بەکورتی، هەردوو جۆرەکەی خەسڵەتگەلی باش نین کە منیان پێناسراون. بەڵام جۆرەکەی دووەمیان هێشتا منی پێ نەناسراوە، ئەوەیان نهێنی تایبەتی خۆمە.
زۆرجار بۆم باسکردووی، من لەباری روحی و دەروونیەوە دوو لایەنەم هەیە. لایەکیان داڵدەی، شادی و خۆشییەکانم، دەدات، گەپ و گاڵتەکانم، چێژەکانی ژیانم، لەپێش هەموویانەوە شێوازی بەهەندوەرگرتنی لایەنی سادەی شتەکان. لەو رووانگەیە تێگەیشتنی من بەم جۆرەیە: لەکاتی دڵداری کردندا تووشی خرۆشان و وەڕسیی مەبە، ماچێک، دەست لەملانێیەک، نوکتەیەکی بێ شەرمانە. ئەم لایەنەیان هەمیشە سەنگەری لە لایەنەکەی دیکە گرتووە و گوشاری بۆدەبا، ئەو لایەنەش بەشە زۆر جوان و بێگەردەکەیە و لەقووڵایی دایە. هەر لەبەر ئەوە کەس بەو لایەنە باشەی ئانا ئاشنا نییە و کەم کەس دەتوانێ لەگەڵم کۆک بێت.
بە دڵنیایی من بۆ پاش نیوەڕوانێک دەبمە کەسێکی قۆشمە و کەنیناوەر؛ بەڵام ئەوە تا مانگێک بڕدەکات و هەمووان تێری لێدەخۆن. لەڕاستیدا هەمان کاریگەری فیلمێکی دڵداری هەیە بەسەر کەسێکی زۆر جدی، بابەتی فیلمەکە بۆ ئەو شتێک نییە، ئەو دەچێ خۆی خه‌ریک بکات و کاتێک بەسەربەرێ، بۆیە هەر بەخێرایی فیلمەکەی بیردەچێتەوە. ئەوە کێشەیەک نییە، بەڵام دیاردەیەکی باشیش نییە. زۆرم پێخۆش نییە، کاتێ ئاوا هەموو شتێکت بۆ دەنووسم، بەڵام، ئەی بۆ نەیکەم، ئەگەر بزانم شتەکانم راست و دروستن؟ لایەنە سادە و روکەشەکەم هەمیشە پێش لایەنە قووڵەکەم دەداتەوە و هەردەم سەردەکەوێ. رەنگە بڕوانەکەی گەر بڵێم، چەندین جار هەوڵمداوە ئەم (ئانا)یە، کە تەواوکەری نیوەی (ئانا)کەی دیکەیە، پەڕەوازە بکەم، ڕیشەکێشی بکەم و بیشارمەوە. بەڵام ئەوە ناکرێ، خۆشم دەزانم بۆچی ناکرێ.
من زۆر دەترسم لەوەی، هەموو ئەوکەسانەی تائێستا منیان بەم ئاوایەی کە هەم، ناسیوە، بۆیان دەرکەوێ کە لایەنێکی دەیکەشم هەیە، لایەنێکی جوانتر و چاکتر. لەوە دەترسم گاڵتەم پێبکەن، بەقۆشمە و سڵۆکم تێبگەن، بەهەند وەرم نەگرن. خۆم راهاتووم لەسەرئەوەی بەهەند وەرنەگیرێم؛ بەڵام تەنها لایەنە «سادەکەی» (ئانا) لەسەر ئەوە راهاتووە و بەرگەی ئەوە دەگرێ، (ئانا) «سەختەکە» هێشتا لاوازە و خۆشەنەبووە. ئەگەر بۆ یەکجاریش هەوڵێکی راستەقینە بدەم، تەنانەت بۆ ماوەی پازدە خولەکیش بێت، (ئانا) باشەکە بهێنمە بەر تیشکی شانۆ، ئەوا وەکوو خونچە گوڵێکی ساوا خۆی دەکشێنێتەوە و دەڵێ، نەکەن دەستم بۆ بهێنن، هاکا بیەوێ بێتە گۆ، هیچ شتێک ناڵێت و قسەکان دەداتە (ئانا)ی ژمارە یەک، بەبێ ئەوەی پێی بزانم، ون دەبێتەوە.
(ئانا)ی باش و شیرین هەرگیز لە نێو ئاوەدانیدا دەرنەکەوتووە، تەنانەت بۆ یەک جاریش خۆی دەرنەخستووە، بەڵام کە تەنیا بێ هەمیشە هەر خۆی قسەدەکا. خۆم بەتەواوی دەزانم دەبێ چۆن بم، و ئێستا چۆنم … لەناخەوە، جێگای داخە بەوەی تەنها لەگەڵ خۆمدام. ئەوەش لەوانەیە، نەخێر بەڵکوو بەدڵنیایەوە، تەنها هۆکاربێ بۆ ئەوەی خۆم بەوە ناوزەد دەکەم کە سروشتێکی بەختەوەری ناوەکیم هەیە، خەڵکانی تریش وادەزانن خاوەن سروشتێکی بەختەوەری دەرەکیم. لەناوەوەم (ئانا)ی بێگەرد رێنماییم دەکات، لەدەرەوەشڕا لە کاریلەیەکی خەنی، کێوی و جرپن، بەولاوە چیتر نیم.
هەروەک گوتم، هەموو شتەکان بەجۆرێکی تر هەست پێدەکەم، جیاواز لەوەی بەقسە دەریان دەبڕم. هەر لەسۆنگەی ئەوەوە بە کچێک ناوم دەرکردووە کە بەدوای کوڕاندا دەگەڕێم، خەریکی دڵداریم، دەم هەراشم و رۆمانی خۆشەویستی دەخوێنمەوە. (ئانا)ی بەختەوەریش پێیان پێدەکەنێ و وەڵامی نابەجێیان دەداتەوە، گوێیان پێنادات، شان هەڵدەتەکێنێ و بێخەم پشتیان تێدەکا. بەڵام کاردانەوەی (ئانا)ی هێمن و ئارام، تەواو پێچەوانەیە. ئەگەر راستگۆبم لەگەڵتدا، دەبێ ئەوەشت پێ بڵێم کە ئەوە خۆم ئازار دەدا، من هەوڵێکی لەباس نەهاتوو دەدەم بۆ ئەوەی بەجۆرێکی تر بم، بەڵام بۆئەوە هەردەم دەبێ لەگەڵ دەسەڵاتێکی زۆر بەهێز دەستەویەخە ببمەوە.
کوڵی بەسوێ دەروونم بەئازارە و دەڵێ: دەبینی چیت لێ بەسەرهات: دید و بۆچوونی خراپت لەسەرە، رووخساری گرژ و بەتەوس لێت دەڕاونن، خەڵکی کە تۆیان بەلاوە پەسن نییە، ئەوانەش هەموو لەبەر ئەوەی تۆ گوێڕایەڵی ئامۆژگاریەکانی لایەنە چاکەکەی خۆت نابیت. ئاخ، زۆرم پێخۆشە گوێڕایەڵیان بم، بەڵام پێم ناکرێ. چونکە ئەگەر کارڕاست و هێمن بم، ئەوسا هەموویان وای بۆدەچن کە بەزمێکی کۆمیدی نوێی دەگێڕم، ئەوکات ناچارم بە نوکتەیەک خۆم دەربازبکەم. ئەگەر بەرامبەر خانەوادەکەم ئارام و بێدەنگ بم، ئەوا بەدڵنیانی پێیان وایە نەخۆش کەوتووم، ئەوسا گولاجی ژانە سەر و ئازارم دەدەنێ، دەست لە قوڕگ و نێوچاوانم دەدەن، نەبادا تام لێبێ، پرسیاری چوونە سەرئاوم دەکەن، رەخنە لە بێهێزیم دەگرن.
منیش بەرگەی ئەوە ناگرم ئەوان هێندەیان هۆش پێمەوە بێت، بۆیە لاساری دەکەم، خەم دامدەگری، سەرئەنجام دڵم وەردەچەرخێنم، لایەنە خراپەکە روو لەدەرێ، لایەنە باشەکەش دەبەمەوە ژوورێ و بەدوای ئامرازێکدا دەگەڕێم بۆ ئەوەی بەوجۆرە دەرکەوم کە بەخۆم دەمەوێ، هەروەها چۆنیش بتوانم ببمێ، بەڵام ئەوە لەکاتێکدا دێتەدی، ئەگەر … هیچ مرۆڤێکی دیکە، جگە لەخۆم، لەسەر ڕووی زەوەی نەبایە.
ئانا م. فڕانک-ت

ئا ئەلێرە کۆتایی رۆژانەکانی ئانا دێت دوا وشە
لە پێشنیوەڕۆی ٤/ئاب/١٩٤٤ لەنێوان کاژێری دە تا دەونیو، ئۆتۆمۆبیلێک لەبەردمی باڵەخانەکەی سەر شەقامی (Prinsengracht 263) وەستا و سەرۆکی دەزگای (گستاپۆ) (Karl Josef Silberbauer) و لانیکەم سێ یاریدەدەری هۆڵەندی سەر بە پۆلیسی سەوز بە پۆشاکی سیڤیل بەڵام بەچەکەوە. بەدڵنیایی پەناگەکە زمانی لێدراوە. کارگەری کۆگاکە (W. G. van Maaren) جێگای گومانە ئەو کارەی کردبێ. هەر هەشت کەسی داڵدەدراو دەگیرێن، هەروەها کۆمەک کارەکانیشیان لەگەڵ (ڤیکتۆر کوگلەر) و (جۆهانیس کلایمان)، بەڵام (میپ گیس) و(ئیلیسابێت «بیپ» ڤۆکسیول) نەگیران. ئەوان هەموو پارە و شتە بەنرخەکانیان تاڵان کرد و گوێیان بە کتێب و گۆڤار و رۆژنامەکان نەدا.. (میپ) و (بیپ) کتێبی رۆژانەکەی (ئانا)یان رزگار کرد.
(مارگۆت) و (ئانا) لەکۆتایی مانگی ئوکتۆبەر بەرەو بنکەکانی کۆمەڵکوژی لە (بێرگن-بێلزن) دیپۆرت کران. بەهۆی نالەباری دۆخی نا پاکژی شوێنەکە هەزاران دەستبەسەرکراو گیانیان لەدەستدا، لەوانەش (مارگۆت)ی خوشکی بوو. چەند رۆژێک پاش ئەوە (ئانا فڕانک)یش مرد. رۆژی مردنەکەی بەتەواوی ئاشکرا نییە، دەبێ لەنێوان کۆتایی مانگی دو و سەرەتای مانگی سێ بێت. لاشەی هەردوو کچەکە لەوانەیە لەنێو گۆڕەبەکۆمەڵەکانی (بێرگن-بێلزن) نێژرابن. لە ١٢/٤/١٩٤٥ ئۆردوگاکە لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئینگلیزەوە ئازادکرا.
لەنێو تێکڕای داڵدەدراوان تەنها باوکی (ئانا) گەڕایەوە. پاش ئەوەی لەلایەن رووسەکانەوە لە کوشتارگەی (ئاوشڤتز) رزگارکران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*