سەرەکی » وتار » عه‌بدوڵڵا عه‌باس » دار له‌گه‌ڵ تۆمه‌….!!

روانینی دوێنێ‌ و خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ

دار له‌گه‌ڵ تۆمه‌….!!

(1) چاو به‌سته‌ …!

سه‌رچاوه‌ی بریاری ئه‌مه‌ریكا گلۆپی سه‌وزی بۆ ئۆردوگان داگیرساند و ئه‌ویش زانی چی ئه‌كات، ئه‌وان و یه‌كیتی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان (زائید روسیا و سوریا و ئێران كه‌ رێكه‌وتنی‌ روسیا و ئۆردوگانیان به‌ چاك ناسان) ته‌واوی‌ ورده‌كاری ئه‌وه‌ی ئۆردوگان ئه‌یكات ئه‌یانزانی، به‌ده‌ر له‌و هه‌موو قسه‌و شیكردنه‌وه‌ و باری سه‌رنجانه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناومان هێنان دوای رایكردنی ئه‌وه‌ی توركیای‌ میراتگری‌ ئه‌تاتورك كردی، گوایه‌ تاوانه‌ و داعش زیندوئه‌كاته‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ خاوه‌ن ماف و وجوودی‌ كاریگه‌ر ئیباده‌ ئه‌كات، با خه‌تاباریش بكرێم كه‌ قسه‌ی‌ بازاڕیه‌، به‌ڵام واقیع ئه‌ڵێ‌: فلسێ ناهێنێ‌، ئێمه‌ ناڵێین هه‌موو عاله‌م پیلان دژی ئێمه‌ی كورد ئه‌گێڕێ‌، له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ساكار: هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناومان هێنان (ده‌وڵه‌تن) و ئێمه‌ له‌ هه‌ریه‌كێ‌ له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی خۆمان و خاكمان به‌سه‌ریاندا دابه‌شكراوه‌ پێناسه‌ی ئه‌وانمان له‌گیرفاندایه‌ و ته‌نیا له‌عیراق (هه‌رێمه‌كه‌مان به‌ناونیشانی‌: به‌غدا) خاسیه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌مان ئه‌خوێنرێته‌وه‌ …!!! با ئێمه‌ له‌ خه‌ونه‌ پیرۆزه‌كه‌مان بگه‌ڕێین: نه‌ ئێمه‌ خۆمان و نه‌ (میساقی‌ حه‌قی گه‌لان له‌ ئازادی) ئاماده‌نین چوار ده‌وڵه‌ت هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ تا (ده‌وڵه‌تێ‌) زیاد بكه‌ن، ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌گه‌ڵ جوڵاندنی هێزه‌كانی تورك كۆبوونه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا بریاریاندا (هیچ نه‌ڵێن ..!!) له‌پاڵیا موهه‌ره‌جه‌كه‌ی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا (نه‌بای‌ دیوه‌و نه‌بۆران) وتی: ئێمه‌ له‌سوریا هێز به‌س لای بیره‌ نه‌وته‌كان ناكشێنه‌وه‌ نه‌وه‌ك بكه‌وێته‌ ده‌ستی‌ (داعش) .. به‌ته‌نیا ئه‌م (مه‌هزه‌له‌یه‌) به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی هێزی (رێكخراون) ئه‌وانه‌ن هه‌موو به‌هایه‌كی پیرۆزیان (پۆخڵكردوه‌) …!!
كه‌ی ئیراده‌یه‌كمان بۆ هه‌ڵ ئه‌كه‌وێ ژیرانه‌ یاری بكات ؟

(2) سه‌رده‌می گێلكردن ..!

به‌دوور له‌وشیكردنه‌وه‌ سیاسیانه‌ی له‌باروودۆخه‌ سیاسییه‌ ئاڵۆزه‌كانی‌ وه‌ك ئیستای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تیا ئه‌ژی، كه‌ زۆربه‌ی ته‌نیا بۆهێشتنه‌وه‌ی په‌راوێزێكی‌ كراوه‌یه‌ له‌ ترس و سڵه‌مینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ (هه‌موو جارو تا ئه‌م ساته‌) ئیشاره‌تدان به‌وه‌ی (كلیلی ئارام لای سه‌رچاوه‌ی بڕیاری ئه‌مه‌ریكاییه‌)، ته‌نیا ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا و حكومه‌تی عیراق به‌ موڕتاحی رایانگه‌یاند كه‌ (داعش و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی) بوون به‌ڕابووردو، دوای ئه‌وه‌ به‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورت، شیكه‌ره‌وه‌ هه‌واداره‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا، به‌رامبه‌ر هه‌ر شنه‌بایه‌كی سیاسی به‌دڵی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا و ستراتیژییه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ی نه‌بێ، راعی و ره‌عیه‌ی ناوچه‌كه‌و دنیا به‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی (داعش ) ئه‌ترسێنن …! ئه‌م یارییه‌ و هه‌موو رۆژێ‌ نه‌ك له‌ (سوریا و عیراق) به‌ته‌نیا، به‌ڵكو زۆر دوور له‌وانیش (ده‌وڵه‌تی داعش) ئه‌گه‌ر ده‌ستێ‌ نه‌وه‌شێنێ، راگه‌یاندنێكی سه‌لماندنی وجوودی رائه‌گه‌یه‌نێ، به‌مجۆره‌ ئه‌كرێ‌ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكاو هاوسوێنده‌كانی (هیچ نه‌بێ‌ هه‌تا ئه‌م ساته‌) به‌زۆر ناو و ناونیشانی بریقه‌دار (رابه‌رایه‌تی‌ گیڵكردنی ئینسانیه‌ت به‌گشتی) و خه‌ڵكی‌ رۆژهه‌ڵاته‌كه‌ی ئێمه‌ ئه‌كه‌ن…!! خوا ره‌حم بكات، چاوه‌ڕێی‌ خراپتر، ره‌شبینی‌ نییه‌ … زه‌روره‌تی‌ چاوكراوه‌ییه‌ ..!

•دوا وته :
سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر په‌یژه‌ی گێلكردن و ده‌ستخه‌ڕۆكردندا زیانی‌ له‌گیره‌وه‌بوون به‌ شه‌ڕی راسته‌خۆوه‌ زیاتره‌/ په‌ندێكی هیندی

 256 جار بینراوە