سەرەکی » دۆسێ » چیرۆكی كوشتنی خەلیفەكەی داعش

ئەبو بەكر بەغدادی كێیە؟

چیرۆكی كوشتنی خەلیفەكەی داعش

سەرلەبەیانی یەك شەممە 27ی تشرینی یەكەمی 2019، میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە كە سەرۆكی ئەمریكا هەواڵی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی رادەگەیەنێت.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو میدیایانە، بەغدادی لە هێرشێكدا لە شاری ئیدلب لە سوریا لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە كوژراوە.
دوابەدوای ئەوەش، كۆشكی سپی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەیامێكی گرنگ بڵاودەكاتەوە».
بەپێی بەیاننامەكە»پەیامەكە تایبەت دەبێت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا».
هەر لەو چوارچێوەیەدا ترەمپ لە توێتەر نووسیبووی”ئێستا شتێكی زۆر گەورە ڕوویدا».
بەپێی سەرچاوەكان»لە پەیامەكەیدا ترەمپ كوژرانی بەغدادی خەلیفەی داعش ڕادەگەیەنێت».

رووداوەكە لە چاوی میدیاكانەوە
ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا (CIA) ڕۆڵی لە كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعشدا هەبووە، لەو بارەیەوە كەناڵی (CNN)ی ئەمریكایی رایگەیاندبوو» دەزگای (CIA) ڕۆڵی بینیوە لە دیاریكردنی شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی و شوێنەكەی دۆزیوەتەوە».
بەپێی سەرچاوەكان لە ئۆپەراسیۆنێكدا بەغدادی لە پارێزگای ئیدلبی سوریا كوژرا.
هەر لەو بارەیەوە، گۆڤاری (نیوزویك)ی ئەمریكایی باس لە وردەكاری كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش كردبوو.
گۆڤارەكە بڵاویكردبووەوە، خەلیفەی داعش لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی نهێنیدا لە پارێزگای ئیدلبی سووریا كوژراوە.
بەپێی (نیوزویك) «هێزە ئەمریكاییەكان كردەیەكی تایبەتیان ئەنجامداوە، بەغدادیان كردووەتە ئامانج، لە ئەركێكدا كە دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە بەر لە نزیكەی هەفتەیەك لە ڕوودانی».
بەپێی سەرچاوەكە، وەزارەتی بەرگری بە كۆشكی سپی راگەیاندووە، بڕوایان هەیە كە بەغدادی كوژراوە و ئێستا لێكۆڵینەوە دەكەن.
یەكێك لە ئەندامانی تیمی تایبەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە رایگەیاندبوو “ناوچەی ئۆپەراسیۆنەكە لە ژێر چاودێری وورددایە”.
كەناڵی (CNN)ی ئەمریكایی بڵاویكردبووەوە»ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش خۆی تەقاندووەتەوە».
چەند سەرچاوەیەكیش بۆ كەناڵە ئەمریكاییەكەیان ئاشكرایانكردبوو كە بەغدادی لەكاتی كردنە ئامانجی لەلایەن هێزە ئەمریكاییەكانەوە، لەڕێی بۆمبێكەوە لەنزیك هێزە ئەمریكاییەكان خۆی تەقاندووەتەوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوانە“بەدڵنیاییەوە بەغدادی كوژراوە، بەڵام ئێستا پشكنینی (DNA) بۆ دەكرێت”.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاندبوو»بەغدادی لە بۆردومانێكی هێزەكانی ئەمریكادا لە باكووری خۆرئاوای ئیدلیب كوژراوە».
بەرپرسێكی ئەمریكایی دەڵێت “ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردەیەكی سەربازی بۆ كردنە ئامانجی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش جێبەجێكرد».
بەرپرسەكەی ئەمریكا بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز)، وردەكاری ئۆپەراسیۆنەكەی ئاشكرانەكردبوو، ئاستی سەركەوتنیشی دیارینەكردبوو.
مێدیایی ئەمریكا لە 27ی تشرینی یەكەمی 2019، هەواڵی كوژرانی بەغدادیان بڵاوكردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەاش لە توێتەر نوسیبوی “شتێكی زۆر گەورە ئێستا ڕوویداوە”.
بەرەبەیانی 27ی تشرینی یەكەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەتویتێكدا لە توێتەر رایگەیاندبوو “شتێكی زۆر گەورە ئێستا ڕوویداوە”.
بەپێی میدیا ئەمریكاییەكان، سەرلەئێوارە دۆناڵد ترەمپ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش رادەگەیەنێـت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا میدیاكانی ئەمریكا بلاویانكردبووەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، كۆشكی سپی ئاگاداركردووە لە كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی لە بۆردومانێكدا لە پارێزگای ئیدلبی سوریا، و ئاماژەیان بە ئەنجامدانی پشكنینی (DNA) كردبوو بۆ تەرمەكە تا لەبلرەی كوژرانی خەلیفەكەی داعشەوە دڵنیاببن.

ترەمپ هەواڵەگەی راگەیاند
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوكانی ئەمریكا سەرلەئێوارەی 27ی تشرینی یەكەمی 2019، كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی راگەیاند.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانی لە لەكۆشكی سپی، شێوازی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی رونكردەوە و سوپاسی حكومەتەكانی عیراق و سوریا و روسیای كرد بۆ هاوكاریكردنیان لەئۆپەراسیۆنی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی، بەتایبەتیش سوپاسی كوردی سوریای كرد كە هاوكارییان كردن لەئۆپەراسیۆنەكەدا.
بە گوتەی سەرۆكی ئەمریكا»هەشت هێلیكۆپتەر و دو فڕۆكە لەئۆپەراسیۆنەكەدا بەشداربوون، مەترسیش هەبووە، بەڵام بەبێ هیچ قوربانییەك لەماوەی تەنها دوو كاتژمێردا توانراوە بەغدادی بكوژن».
ترەمپ رایگەیاندبوو» لەئۆپەراسیۆنەكەدا، توانراوە 11 منداڵ رزگاربكرێن كە ئێستا لەزیندانەكانی ئەمریكادان، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەغدادی خۆی تەقاندۆتەوە، سێ منداڵی تر لەنێو تونێلەكەدا كوژراون».
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت» پێشتر و دوو هەفتە زانیارییان هەبووە و ئەوان زۆر بەنهێنی ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجامداوە، و خەڵكی زۆر بەتوانا لەبواری هەواڵگریی چاودێری جموجوڵەكانی داعش و بەغدادیان كردووە كە چەند شوێنێكی گۆڕیوە و زانیویانە كەویستویەتی شوێنەكەی بگۆڕێت».
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا ارایگەیاندبوو»پێشتر هێزەكانی روسیایان لەئۆپەراسیۆنەكە ئاگاداركردووەتەوە وپێیانڕاگەیاندوون كە سەركردەیەكی باڵای داعش دەكوژن».
بە گوتەی ترەمپ»زۆر بەنهێنی هەنگاوەكانیان ناوە، جگەلە هەندێك سەركردەی باڵای كۆشكی سپی كەسی تر ئاگادا نەبووە، داواشی لەسەرۆكی تیمی ئۆپەراسیۆنەكە كردووە، زۆر بەنهێنی كارەكانیان بكەن».
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت» بەغدادی دو ژنی لەگەڵ بووە، بەڵام نازانرێت خیزانی بوون یان نا، بەڵام بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكەوە كوژراون، لەچەند رۆژی ئایندە زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بڵاودەكەنەوە».
ترەمپ رایگەیاندبوو»لەئۆپەراسیۆنەكەدا تەنها هێزەكانی ئەمریكا بەشدارییانكرد، بەڵام هەماهەنگییان لەگەڵ لایەنەكانی تر هەبووە، زانیاری هەواڵگری باشیان هەبووە و خەڵكێكی زیاتریش لەوەی كە رزگاركران لەگەڵ بەغدادی كوژران».
ترەمپ دەڵێت»وەزیری بەرگری و سوپاسالاری ئەمریكا ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەكە بوون و راستەوخۆ چاودێری رەوشەكەیان كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لەهێزەكانیان لەسوریا هێشتۆتەوە بۆ پارێزگاریكردن لە كێڵگە نەوتییەكان»
هەر لە بارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە، ترەمپ رایگەیاندبوو» سەرەتا هەندێك بەرگری هەبووە لەلایەن گروپەكەی بەغدادییەوە، بەڵام ئەوان سەربازی زۆر بەتوانا و لێهاتویان هەبووە و توانراوە لەماوەیەكی كەمدا رەوشەكە كۆنترۆڵ بكەن».

مەزڵوم كۆبانێ‌:ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش بوو
مەزڵوم كۆبانێ‌، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ( هەسەدە) رایگەیاندبوو، لە هەڵمەتێكی سەركەوتوودا توانراوە ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی”(داعش) بكوژرێت.
مەزلوم كۆبانێ‌ لە 27ی تشرینی یەكەمی 2019، لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاندبوو»لە هەڵمەتێكی سەربازی هاوبەشدا لەگەڵ ئەمریكا ئەبوبەكر بەغدادیان كوشتووە».
ئەمەش لەكاتێكدا بوو كە پێشتر میدیاكانی ئەمریكا بڵاویان كردبووەوە كە ئەبوبەكر بەغدادی لەلایەن هێزێكی ئەمریكاوە لە پارێزگای ئیدلیب كوژراوە.

هەڵوێستی ئێران و توركیا ئیسرائیل
توركیا و ئێران هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر بە كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی داعش لە ناوچەیەكی باكووری سوریا لە نزیك ئیدلیب راگەیاندبوو.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا رایگەیاندبوو، كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی خاڵی وەرچەرخانە لە هەوڵە هاوبەشەكان بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر.
بە گوتەی ئەردۆغان «توركیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیری هەوڵەكان بۆ بەگژداچوونەوەی داعش».
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»كوژرانی بەغدادی شتێكی هێندە گرنگ نییە و بە واتای كۆتایی هاتنی داعش نییە».
محەمەد جەواد ئازاری جەهرومی، وەزیری پەیوەندییەكانی ئێرانیش لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر)ەوە سەبارەت بە كوژرانی بەغدادی نووسیبوی “شتێكی زۆر گرنگ و جیاواز نەكراوە، تەنها كەسێكتان كوشتوو، كە خۆتان دروستتان كردبوو”.
پێشتر دوو بەرپرسی باڵای ئێرانی بە (رۆیتەرز)یان راگەیاندبوو، سەرچاوە سوریاییەكان پێیانڕاگەیاندوون كە ئەبو بەكر بەغدادی خەلیفەی داعش كوژراوە.
بە گوتەی یەكێك لەو بەرپرسانە»دەسەڵاتدارانی سوریا لە دوای كۆكردنەوەی زانیاریی بە ئێرانیان راگەیاندووە كە بەغدادی كوژراوە».
بە هەمان شێوە بەرپرسێكی تری ئێرانیش، جەختی لەسەر راستی هەواڵەكە كردبووەوە.
لەبارەی هەڵوێستی ئیسرائیلیش، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە كوشتنی سەركردەی رێكخراوی داعش، پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی كرد و پرۆسەكەی بە «دەستكەوتێكی ناوازە» لە جەنگی دژ بە تێرۆر ناوزەندكردبوو.
بێنیامین نەتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نوسیبوی «دەمەوێت پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بكەم سەبارەت بەو دەستكەوتە ناوازەیەی لە كوشتنی بەغدادی، سەركردەی داعش بەدەستیهێنا».
نەتانیاهو رایگەیاندبوو»ئەو پرۆسەیە رەنگدانەوەی هەوڵە هاوبەشەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان و وڵاتانی ئازادە، لە رووبەڕووبوونەوەیان دژ بە رێكخراوە تێرۆریستییەكان و وڵاتانی تێرۆریست، ئەو دەستكەوتە مەزنەش گرنگە، بەڵام هێشتا ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامن».

ئەبو بەكر بەغدادی كێیە
ئەبوبەكر بەغدادی ناوی “ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی سامەرایی”یە و لە سامەرا لە عیراق لەدایكبووە.
لەدوای داگیركردنی شاری موسڵ لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014،بەغدادیخۆی وەكو خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ڕاگەیاند و دواتر بووە هۆی كوژرانی هەزارانهاووڵاتی سڤیل لە عیراق و سوریا.
پێشتر ئەمریكا بۆ كوشتن یان دەستگیركردنی بەغدادی 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی خەڵاتی دیاریكردووە، بەڵام تاكو ئەمڕۆ هیچ كەسێك نەیتوانی ببێتە خاوەنی خەڵاتەكە.
وردەكاری ژیانی بەغدادی:
لە ساڵی 1971 ئەبوبەكر بەغدادی لەدایك بووە.
لە ساڵی 1989 بەشی زانستە ئیسلامییەكانی تەواو كردووە.
لە ساڵی 1990 لە ئەفغانستان بووە و هاوكاری ئەیمەن زەواهیری بووەو بە كەسی دووەمی عاقیدە دانراوە.
لە ساڵی 2003 لە عیراق دەستی كردووە بە چالاكییەكانی.
لە ساڵی 2005 لەلایەن ئەمریكاییەكانەوە دەستگیر كرا.
لە ساڵی 2009 ئەمریكا لە زیندانەكانی خۆی ئازادی كرد.
لە ساڵی 2010 وەك فەرماندەی ڕێكخراوی داعش دەركەوتەوە.
لە ساڵی 2011 گەیشتە سوریا و لەوێ دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) دامەزراند.
لە ساڵی 2014 هێرشی كردەسەر عیراق و موسڵی داگیركرد و لەوێوە بە فەرمی ناونیشانی خەلیفەی وەرگرت.
لە ساڵی 2017 بەغدادی لە عیراقەوە بەرەو سوریا هەڵهات، ئەوكات داعش ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی لە عیراق لەدەستدا و ڕووی لە لاوازی كرد.
لە ساڵی 2019 دوای پێنج ساڵ لە دیارنەمانی، بەغدادی تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، ئەمەش لەكاتێكدابوو داعش لە عیراق و بەشێكی زۆری سوریا وەدەرنرابوو.
لە 27-10-2019 كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی لە سوریا ڕاگەیەنرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*