سەرەکی » ئابووری » خۆپیشاندانەكان كار لە ئابووریی عیراق دەكات

خۆپیشاندانەكان كار لە ئابووریی عیراق دەكات

بەوتەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، خۆپیشاندانەكانی ئێستای ناوەڕاست‌و باشووری عیراق كاریگەری گەورەیان لەسەر ئابووریی وڵات و دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەی ساڵی داهاتوو دەبێت.

دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەی 2020
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندوە، خۆپیشاندانەكان كاریگەری گەورەی لەسەر ئابووریی عیراق هەیە، چونكە ئێستا هێزە ئەمنییەكانی خراونەتە باری ئامادەباشییەوەو ئەوەش بۆتە هۆی بارگرانی بۆ سەر خەرجییەكانی حكومەت، جگە لەوەش بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە دەوامی زۆربەی فەرمانگەكان پەكی كەوتووەو سەرەنجام داهاتی ناوخۆ كەمبۆتەوە.
وتیشی: «دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2020 و رێگەگرتن لە جموجۆڵە بازرگانیەكانی بەندەرەكانی لەپارێزگای بەسرە، بۆتە هۆی گەڕانەوەی بارهەڵگرەكان بۆ ئیمارات‌و وڵاتانی دراوسێ، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر داهاتی عیراق دەبێت.
بەبۆچوونی شیروان میرزا، ئەگەر خۆپیشاندانەكان بەردەوام بێت، ئەوا كاریگەری لەسەر هەناردەكردنی نەوتیش دەبێت، بۆیە پێویستە حكومەت هەندێك هەنگاوی كرداری بنێت بۆ ئەوەی متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبهێنێتەوە.

كاردانەوەی خراپی بۆ سەر هاوردەكردنی بەشە خۆراك
هاوکات، محەمەد هاشم عانی وەزیری بازرگانی عیراق رایگەیاندوە: داخستنی بەندەرەكانی باشووری وڵات لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كاردانەوەی خراپی بۆ سەر هاوردەكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان دەبێت‌و رێگری دەكات لەوەی ماددەكانی نێو پسوڵەی خۆراك لەكاتی خۆیدا بگاتە كۆگاكان.
وەزیری بازرگانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: ژمارەیەك كەشتی بارهەڵگر برنج‌و چەند ماددەدیەكی تری خۆراكیان بۆ عیراق هاوردەكردووە، بەڵام بەهۆی رێگری خۆپیشاندەرانەوە نەیانتوانیەوە بارەكانیان لە بەندەرەكان دابگرن، ئەوەش زیانێكی زۆری دارایی بۆ عیراق هەیە، چونكە وەزارەتی بازرگانی لەگەڵ كۆمپانیا‌و كەشتییەكاندا گرێبەستی بەشێوەیەك ئیمزا كردووە كە لە كاتی خۆیدا پڕۆسەی گەیشتنی بارەكان‌و داگرتنی ئەنجام بدرێت.
بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە: وەزارەتی بازرگانی پشتگیری لە داوای رەوای خۆپیشاندەران دەكات ‌و داوایان لێدەكات گرفت بۆ هێنانی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان دروست نەكەن بە تایبەتی ئەو كەشتیانەی كە ماددەكانی نێو پسوڵەی خۆراكیان هەڵگرتووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*