سەرەکی » مانشێت » خەیاڵی حكومەتی سەرتاسەری بە ئینفراد نابێت

شرۆڤەی رۆژ

خەیاڵی حكومەتی سەرتاسەری بە ئینفراد نابێت

پاشگەزبوونەوەی پارتی لە وێستگە گرنگەكان

دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، كاتێكی زۆری ویست تا كەوتە سەر پێی خۆی و پێكهێنرا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە دوو لایەنی سەرەكیی پێكهێنانی كابینەكە بوون، بە دوو رێكەوتنی جیا (رێكەوتنێكی سیاسی و رێكەوتنی دابەشكردنی پۆستە حكومییەكان) توانیان رێكبكەون و كۆتایی بە درەنگ كەوتنی پێكهێنانی حكومەت بهێنن، ئێستا حكومەت زیاتر لە سێ مانگە پێكهاتووە، بەڵام یەكێتی لە رەوتی جێبەجێكردنی هەردوو رێكەوتنەكە نیگەرانە.

یەكێتی تەئكید دەكاتەوە: شەراكەتی راستەقینە
رۆژی شەممە، وتەبێژی یەكێتی، لە رێگەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسییەوە، جارێكی دیكە نیگەرانی حزبەكەی گەیاندە پارتی و رای گشتی و لایەنگرانی حزبەكەشی لێ ئاگادار كردەوە.
یەكێـتی لە سەرەتای گفتوگۆكاندا پێداگری لە رێكەوتنی نووسراو لەگەڵ پارتی دەكردەوە، كە پێیدەوترا »شەراكەتی راستەقینە» بۆ ئەوەی لە ئەگەری روودانی هەر ئەگەرێك لە خۆدزینەوەی رێكەوتنەكە، بەو رێكەوتنە هەڵوەستە بكات. ئێستا ئەگەرەكە، واتا «خۆدزینەوەی پارتی» لە رێكەوتنەكە بۆ یەكێتی روون بۆتەوە.
یەكێتی دەڵێت: «ئێمە بەوپەڕی راستگۆییەوە پێشتر و ئێستاش پشتیوانین كە حكومەتێكی سەرتاسەری یەكگرتووی بەهێز دروست ببێت، بەڵام حكومەتێكی لەو جۆرە بەخەیاڵ دروست نابێت»، بەو واتایەی كە حكومەتی سەرتاسەری ناكاتە حكومەتێكی مەركەزی كە دەسەڵاتەكان شۆڕنەبنەوە.

چەندین هۆكار هەن
چەندین هۆكار هەن كە یەكێتی لە رێكەوتنەكانی لەگەڵ پارتی نیگەران بێت، ئەویش ئەو وێستگە گرنگەیە كە چ حكومەتە تازەكەی هەرێم و چ عیراق و ناوچەكە پێیدا دەڕوات، واتا ئەو وێستگەیەی كە پارتی زۆر جار لە قۆناغە چارەنووسساز و گرنگەكاندا پاشگەز دەبێتەوە.
ئێستا شۆڕبوونەوەی دەسەڵاتەكان، لە دەرەوەی رێكەوتنەكانی یەكێتی و پارتی بۆتە پرسێك كە یەكێتی لێی نیگەرانە، دەسەڵاتەكان بێئەوەی شۆڕ ببنەوە، لە هەیكەلی یەكەمی ئەنجومەنی وەزیران قۆرغ دەكرێن!، هەر بۆ نموونە دیاریكردن و دانانی ئەو یاریدەدەرانەی كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دایمەزراندوون، ئایا هەر بەڕاستی بەڕێكەوتە كە ئەمانە یەكێتی، یان خەڵكانی دەرەوەی حزبی نین و لەوێدا جێیان دەكرێتەوە كە پێشووتر گۆڕان بوون، یان هەر لەناو خودی ئۆرگانە حزبییەكەی پارتین؟.
پێشووتر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران گلەیی ئەوەی كردبوو كە دەبێت سەرۆكی حكومەت بێت لە پارێزگای دهۆك و سلێمانیش، بەو مانایەی كە حكومەتێكی سەرتاسەری دروست دەكەن، بەڵام ئایا بەو نەفەس و بەو خەیاڵە ئینفرادییە، حكومەتی سەرتاسەری دروست دەكرێت؟.
یەكێتی نیگەرانییەكانی گەیاندوون، بەڵام چاوەڕوانییەكان تەنها لەوەدا چارەسەر دەبن، كە دەسەڵاتەكان بەناوی حكومەتی سەرتاسەرییەوە قۆرغ نەكرێن و شۆڕ ببنەوە، بێ ئەوەی لە ناو حكومەتێكدا دوو حكومەت هەبن، واتە حكومەتی سەرۆك و یاریدەدەرەكان، لەگەڵ ئەو حكومەتەی كە هێشتا روون نییە دەسەڵاتی وەزیر و بریكارەكانی چی دەبن و دەتوانن چی بكەن؟.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*