سەرەکی » دۆسێ » پێنج قۆناخ بۆ بنیاتنانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا

پێنج قۆناخ بۆ بنیاتنانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا

پەیڤێک

کوردی تورکیا، گەورەترین بەشی گەلی کورد پێکدەهێنن، لەوەتەی کۆماری تورکیاش دروستبووە، دژایەتیکردنی خەبات و تێکۆشانی کوردی لەهەموو شوێنێکدا، کردۆتە سیاسەتی سەرەکی خۆی. بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی تورک و گەشەسەندنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد لە باکووری کوردستاندا، ئەم لێکۆڵینەوەی هاکان یاڤووز هاوکاریمان دەکات و تیشکی خستۆتە سەر دۆزی کورد لە تورکیا لە ماوەی سەد ساڵی پێشوودا.
« پێنچ قۆناغ بۆ بنیاتنانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا» لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و سیاسییە لەلایەن (م. هاکان یاڤووز)ەوە نووسراوەو مامۆستا محەمەد حەمەساڵح تۆفیق لە ئینگلیزیەوە کردوویەتی بە کوردی. ئەم لێکۆڵینەوەیە باسی مێژووی گەشەسەندن و پێشکەوتنی هەستی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات لە تورکیادا، نووسەر هەوڵیداوەو هۆکار و ئاستەنگەکانی ئەم مەسەلەیە بخاتە روو. ئێمە لە کوردستانی نوی، لەبەر گرنگی بابەتەکە پێمانخۆشە ئەم لێکۆڵینەوە گرنگە بە دوو بەش بڵاوبکەینەوە.

کوردستانی نوی

م. هاكان ياڤووز
زانکۆی یوتا (ئەمەریکا)

لە ئینگلیزییەوە:
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی یەکەم

پێشەکی
پەرەسەندن و بەسیاسیکردنی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا لە پێنج قۆناخدا گەڵاڵە بووە و سیاسەتەکانی دەوڵەت هۆکاری دەستنیشانکەر و یەکلاکەرەوەن لە لە گەڵاڵەبوونی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردیدا. هەر قۆناخێک پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە تاوتوێ دەکات لەگەڵ ئەوە رێگە و شێوەیەی کەوا ناسنامەی کوردی پێداڕێژراوە. ئەم باسە مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کە هۆکاری سەرەکی بۆ بەسیاسەتکردنی ناسنامەی کولتووری کوردی وەرچەرخانە لە واقیعی فرەڕەگەز و فرەکولتووری ئیمپراتۆرێتی عوسمانییەوە بۆ مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوە. ئەڵبەتە سیستەمی نوێی ئاوێتەکردن بە زۆرەملێی ناسیۆنالیزمی تورکی بوو بە هۆکاری سەرەکیی ناکۆکی و ململانێ لە تورکیادا. پرۆژەی نوێکردنەوەی تاڕادەیەک سەرکەوتووی مستەفا کەمال لە بواری خوێندن و بە شارستانییەت کردن و پەیوەندیکردن تەنها هەر جیاوازیی هەرێمایەتی دروست نەکرد، بەڵکو یارمەتیی ئەوەشی دا کە دەستەبژێرێکی ئیتنیکیی هۆشیاری کوردیش دروست ببێت. پاش لێکۆڵینەوە لە رۆڵی ئیسلام و کۆمۆنیزم وەک «ناسنامەیەکی جێگرەوە» بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی، باسەکە شیکاریش دەکات بۆ پرۆسەکانی «بەئۆتۆنۆمی کردنی» ناسنامەی کوردی لە ساڵانی 1980کاندا. پێویستە تورکیا دان بە مافە کولتوورییەکانی کورددا بنێت و بەدوای گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێدا بگەڕێت کە تێیدا مۆزاییکی کولتووریی تورکیا بتوانێت گەشە بکات.
پەرەسەندن و بەسیاسی کردنی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا لە پێنج قۆناخدا1 گەڵاڵە بووە و سیاسەتەکانی دەوڵەت هۆکاری دەستنیشانکەر و یەکلاکەرەوەن لە لە گەڵاڵەبوونی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردیدا. هەر قۆناخێک پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە تاوتوێ دەکات لەگەڵ ئەوە رێگە و شێوەیەی کەوا ناسنامەی کوردی پێداڕێژراوە. هۆکاری سەرەکی بۆ بەسیاسەتکردنی ناسنامەی کولتووری کوردی وەرچەرخانە لە واقیعی فرەڕەگەز و فرەکولتووری ئیمپراتۆرێتی عوسمانییەوە بۆ مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوە. ئەڵبەتە سەرچاوە کۆنەکانی شەرعییەت، کە ئیسلام و خەلافەت بوون، تێکشکێنران و لەناوبران و سیستەمی نوێی بەزۆرەملێ ئاوێتەکردنی ناسیۆنالیزم بوو بە هۆکاری سەرەکییناکۆکی و ململانێ لە تورکیادا. بێگومان شەپۆلی داواکاریی ناسنامە لە حاڵی حازردا رەنگدانەوەی گەڕانێکی قووڵە بە دوای شەرعییەت و مانادا لە قۆناخی دوای سیستەمی عوسمانیدا. بەسیاسەتکردنی شوناسی ئیتنیکی لە قەڵەمڕەوی عوسمانیدا لە سەدەی نۆزدەدا دەستی پێکرد2. سوڵتان هەندێ شوێنی شارستانیی حوکم دەکرد بەڵام هۆکاری ئیداریی بیرۆکراسی و زانیاریی نەبوو بۆ بەڕێوەبردنێکی رێکوپێک و سێنتراڵ و ئەمەش بە رۆڵی خۆی ناکۆکی و ململانێی دروستکرد لە نێوان پێکهاتەی هێزە لۆکاڵەکان و دەوڵەتدا.
پرۆژەی بەمۆدێرن کردنی تاڕادەیەک سەرکەوتووی مستەفا کەمال لە پەروەردە و فیرکردن و بەشارستانی کردن و کۆمۆنیکەیشنەوە تەنها هەر جیاوازیی ناوچەییان دروست نەکردبوو، بەڵکو یارمەتیدەریش بوو لە دروستکردنی دەستەبژێرێکی ئیتنیکیی هۆشیاری کوردیدا. لێکدانەوەی ئەم جیاوازییە ناوچەییە و پێکهاتنی دەستەبژێری نوێی کوردی دوو هۆکاری سەرەکین بۆ مۆبیلیزە کردنی ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا3. تێهەڵکێشی نێوان جیاوازیی ئابووریی ناوچەیی و ناسنامەیەکی تایبەتی ئیتنیکی (کوردی) سەری کێشایەوە بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی. چاکسازییە کەمالییەکان کە ئامانجیان «بەشارستانی کردنی» گەلی تورکیا بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سێکولار، بوون بە هۆی بنیاتنانی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی. تەکنۆلۆجیای مۆدێرنی پەیوەندی و لیبراڵی کردنی سیاسی لە ساڵانی هەشتاکاندا رۆڵی تایبەتیان بینیوە وەک هۆکاری یارمەتیدەر بۆ دەربڕین و گوزارش کردن لە شوناسی کوردی. لەڕووی ئیتنیکییەوە رووناکبیرە کوردە سیاسەتکارەکان وەک «بیزینێسمانی نەژادی» لە تورکیادا کار دەکەن بە هۆی لێکدانەوەی هەموو رووداوەکانی ئێستا و رابردوو لەبەر رۆشنایی مۆرکی بەمێژوویی کردن و شەرعییەت پێدانی ناسیۆنالیزمی کوردی4.
باسەکە، لە پێنج قۆناخی مێژووییدا، فاکتەرە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی ناسنامەی کوردی دەستنیشان دەکات. لە قۆناخی یەکەمدا، شیکردنەوەی کاریگەریی سیاسەتە ناوەندییەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەی نۆزدەدا. لە کاردانەوەی ئەم سیاسەتە ناوەندییانە و دەستێوەردانی کاپیتالیزمی ئەوروپیدا، تۆڕە ئیسلامییە ناوخۆییەکان بە سیاسەت کران و جووڵێنران. لەم بەشەی یەکەمدا، جەخت لەسەر رێبازەکانی نەقشبەندی و قادری کراوەتەوە وەک ئامرازی بەرهەڵستیی دژ بە ناوەندێتیی دەوڵەتی عوسمانی و وەک ئامرازی پێهاتنی ناسنامەش لە ساڵانی (1878- 1924)دا. قۆناخی دووەم لە ساڵانی (1925-1961)دا، باس لە ئاسەوار و لێکەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی وەرچەرخان دەکات لە قەوارەیەکی عوسمانیی فرە ئیتنیک و نەژادەوە بۆ «دەوڵەتیکی نەتەوەیی» نوێ و کاردانەوەی هۆزە کوردەکان لەسەر پرۆژەی بنیاتنانی نەتەوەی مستەفا کەمال. ئەم نەیار و یاخیبووانە لە ناوەندێتی داوای بەردەوامیی پەیکەری خێڵەکیی ئۆتۆنۆمیداریان دەکرد کە یارمەتیدەر بوو لە دەربڕین و گوزاش کردنی ناسیۆنالیزمی سەرەتایی کوردی. گوتاری ئایدیۆلۆجیی کۆماریی نوێی مستەفا کەمال دەبوو یان نکووڵی لە بوونی کورد بکات یان سەرلەنوێ زمانێکی سیاسی بنیات بنێتەوە بۆ قسە کردن لەسەر مەسەلەکە بە بێئەوەی ناوی «کورد» بهێنرێت. ئەڵبەتە وەک بەشێک لە ریفۆرمە رادیکاڵییەکان بۆ بنیاتنانی دەوڵەت نەتەوە، بیروبۆچوونە نەریتییەکانی شوناس و کولتووری کورد وا لەقەڵەمدرا کە «دواکەوتوو» و «خێڵەکی» و ئەنجامی «دواکەوتنی» ناوچەکەیە. قۆناخی سێهەمیش (1962- 1983) لە سێکولار کردنی ناسنامەی کورد دەکۆڵێتەوە لە چوارچێوەی بزووتنەوەی چەپخوازی بەرفراوانی تورکیا لە نێوان ساڵانی شەستەکان و هەفتاکاندا. قۆناخی چوارەمیش (1983- 1998) ئەو بەرخودان و یاخیبوونەیە بە سەرکردایەتیی پارتی کاری کوردستان (پەکەکە). گرتنی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکە لە ساڵی 1999دا، سەرەتای قۆناخی پێنجەم پێکدێنێت کە هێشتا لە قۆناخی بەراییدایە کە هەندێک گونجان هەیە لە نێوان خولیا و ئاواتی جیاجیای تورک و کورددا و پێویستە تێبینیی ئەوەش بکرێت کە دابەشبوونی قووڵ هەیە لە ناو تورکدا سەبارەت بە رۆڵی کولتوور و شوناس و بەهەمان شێوەش لە ناو کورددا لە تورکیا. ئەم قۆناخی دواییە بە «حاڵەتی کاندید یان پاڵێوراو» دەستی پێکرد لە تورکیادا و بە شێوازی ئەوروپیانە کردنی مەسەلەی کورد لە تورکیادا. ئەڵبەتە تا مەسەلەی کورد لە تورکیادا بوونی هەبێت، ئەوە تورکیا چ لە دەرەوە یان لە ناوەوە ئیفلیج دەبێت و مەحکوومە بەوەی بەردەوام گرفتاری رەخنەی نێودەوڵەتی بێت.

پچڕپچڕ بوونی ناسنامەی کورد
ئارەزوویەکی روو لە هەڵکشان هەیە بۆ شیکردنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی وەک هێزێکی «سرووشتی»5. ئەڵبەتە پێویستە وەبیر سیاسەت داڕیژەران بهێنرێتەوە کە ناسیۆنالیزم، تورکی یان کوردی بێت، هەمیشە لە لایەن «دەستپێشخەرانی ناسنامەوە» بنیات دەنرێت و لەلایەن سیاقی سیاسییەوە شکڵبەند دەکرێت. جیاوازیی سەرەکیی نێوان ناسیۆنالیزمی تورکی و کوردی بوونی دەوڵەتە و ئەوە بەمۆدێرن کردنی دەوڵەتی نەتەوەییە کە نەتەوە و ناسیۆنالیزمی تورکیی پێکهێناوە و پێداگریشی کردووە لەسەر لایەنی مەدەنیی گەل یان نەتەوە. لەبەرئەوەی کە پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیا و عێراق و ئێراندا وەڵامدانەوەی مۆدێرنە کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بووە، بۆیە بەردەوام جەخت لەسەر بەردەوامیی «جیاوازییە» ئیتنیکییەکانی دەکاتەوە و تەنانەت هەنێ جاریش پەنا دەباتە بەر رەگەزپەرستی بۆ ئەوەی مێژوویی بە خۆی ببەخشێت. بە پێی ئەنتۆنی سمیس بێت وشەی «ئیتنی یان نەژاد» (وەک ناوێکی کۆ، ئەفسانەیەکی هاوبەشی رەچەڵەک، کولتوور و مێژوویەکی هاوبەش، خاک و ناوچەیەکی دیاریکراو و هەستێکی یەکگرتوویی) پێویستن بۆ پێکهێنانی نەتەوە6. لێرەدا «ئیتنییەکی» كوردي وەک پێشەنگێک دەردەکەوێت بۆ ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کوردی کە رەگی ئیتنیکی و ئەفسانە و یادەوەری و بەهای بەکۆمەڵیان تێدایە. ناسیۆنالیزمی کوردی بریتییە لە ئەنجامی گرژیی نێوان هێزەکانی ئاوێتەبوون و خەبات و تێکۆشان لەپێناوی پاراستنی ئۆتۆنۆمیی کولتووری و ناوچەیی. ئەم گرژییە بریتییە لە کرۆکی بەسیاسەت کردنی کولتووری کوردی.
هەرچەندە «دەستپێشخەرە ئیتنیکییەکانی» کورد مەیلیان بەلای پێناسە کردنی تورکەکانە وەک «ئەویتریان» لە بنیاتنانی ناسیۆنالیزمی کوردیدا، بەڵام گەلێ درزی خێڵەکی و زمانەوانی و ئاینی و ئەلفوبێ و ناوچەیی گەورە لەگۆڕێدان و لە جوغزی خودی ناسنامەی کوردیی خۆیدا. سەرچاوەی ئەم دابەشبوونانە کۆمەڵایەتیی مێژوویین و رێگرن لە دەرکەوتنی ناسنامەیەکی کامڵی کوردی. ئەڵبەتە پەیکەربەندیی ژیانی کورد لەسەر بنەمای خێڵەکی و کۆمەڵگەی لۆکاڵی دێهاتی بوو بە یەکگرتنێکی توندوتۆڵ و پتەوەوە لە ژێر حوکمی سەرۆکێکی خێڵەکی یان ئاینی، کە بە ئاغا، شێخ، سەیید یان مەلا دەناسران7. خێڵەکان، کە لە زمانی تورکیدا بە عەشیرەتیش دەناسران، کۆمەڵە خەڵکێک بوون بە پێی بنەمای خزمایەتی و ناوچەیی و ئاینی فۆرمەڵە بووبوون. تەریقەتە سۆفییەکانی نەقشبەندی و قادری، کە شێخ رابەریی دەکردن گرووپە تورکی و عەرەبییە جۆراوجۆرەکانیان یەکخستبوو لە عەشیرەتی گەورەتردا. لە زۆر حاڵەتدا، چونکە ئاغا لە هەمان کاتدا سەرۆکی رێبازی سۆفیگەریشە، دەسەڵاتێکی دوولایەنە پیادە دەکات بە سەر عەشیرەتەکەیدا و ئەم پێکهاتە خێڵەکییەش رۆڵێکی دوولایەنەی دەگێڕا، کە یەکەم رێگر بوو لە پێکهاتنی یەکێتییەکی کوردی بە هێشتنەوەیان لە حاڵەتی بچڕبچڕیدا و دووەمیش پارێزگاری کردن لە تایبەتمەندییەکی لەڕادەبەدەر لە بەرانبەر تورک و فارس و عەرەبدا. پێکهاتەی خێڵەکی، کە کۆگەی بنەڕەتیی ناسنامەی کوردیی پێکدەهێنا ئاسانکاری جموجووڵی دەکرد دژ بە حکوومەتە ناوەندییەکان و هەروەها رێگر بوو لە دروستبوونی چەمکی مۆدێرنی ناسیۆنالیزم تا ناوەڕاستی سەدەی بیست. بەواتایەکی تر، پابەندی و ملکەچی لەنێوان خێڵە کوردەکاندا نەرمترە و بەڵام دابەشبوون لەخۆیدا مۆرکێکی نەگۆڕە. دەوڵەتی تورکیا سێ سیاسەتی رکابەری گرتووەتەبەر کە ئەمانەن: ئەلف) سیاسەتێکی تێکەڵ کردن بە تێکشکاندنی پەیکەربەندی و سترۆکتووری خێڵەکی، کە بەعادەت یاخیبوونی چەکداریی لێکەوتووەتەوە، بێ) سیاسەتی بەشداری پێکردنی سەرۆک عەشیرەتەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی ئەو ناوچە لاسار و ناجێگیرانە، جیم) سیاسەتی پەرت بکە و زاڵ بە لە رێگەی بەکارهێنانی عەشیرەتێکەوە دژ بەویتر.
بێجگە لە پێکهاتەی خێڵەکی جوگرافیاش سەرچاوەیەکی ترە بۆ تێکشکاندنی ناسنامەی کوردی. کوردەکان «نەتەوەیەکن» درووستبوونیان دەکەوێتە سەر چوارڕێیانی جیهانی فارس و عەرەب و تورک. خاسییەتی سنوورەکان دەرفەتیان داوەتە خێڵەکان کە ئاستێکی بەرزی ئۆتۆنۆمییان هەبێت. ئەڵبەتە پەیوەندییەکی فشەڵ و شلوشاو هەبوو لەنێوان خێڵە کوردەکان و ناوەند و سیستەمی لاوەکیی هەرێمیی ئەم سنوورانە لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆرێتی فارسی و عوسمانیدا. زۆربەی کورد لە ناوچەی شاخاویی زۆر سەختدا دەژین و ئەمەش بە رۆڵی خۆی هەر کۆمەڵگەیەک لەویتر جیادەکاتەوە و بە هەمان شێوە لە عەرەب و فارس و تورکیش. ئەم دۆخە جوگرافییە سەخت و هەڵەتە فاکتەری سەرەکی بوون لە کۆسپ خستنەبەر پێکهاتنی یەکێتیی کورد. بەهۆی پێکهاتەی خێڵەکی و دۆخی جوگرافییەوە، دیالێکتە جۆراوجۆرەکان باڵادەستن لە ناوچەکاندا و ناسنامە خوار ئەتنیکەکان لە هۆشیاریی کورد بەهێزترن. لە هیچ کات و سەردەمێکی رابردوودا هیچ عەشیرەتێک پێیخۆش نەبووە عەشیرەتێکی رکابەری تر سەرکەوتووبێت لە سەرکردایەتیی بزووتنەوە کوردییەکاندا و هاوزەمانیش حکوومەتە ناوەندییەکان هیچ کاتێک درێغییان نەکردووە لە بەکارهێنانی هۆزێکدا دژ بەویتر، بۆ نموونە، تەنانەت ئەنفالی سەددام حوسێنیش نەیتوانی زاڵ بیت بەسەر کەرتوپەرت بوونی کوردەکان لە باکووری عێراقدا8. بەهۆی سیاسەتە ناوەندییەکانی دەوڵەتی عوسمانی و چاکسازییەکانی مستەفا کەمالەوە کەمترین کوردی خێلەکی و زۆرترین کوردی سیاسی ئەوانەن کە لە تورکیادا دەژین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە حالەتی تورکیادا شوناسی ئاینیی سوننی بەرانبەر بە عەلەوی، مەسەلەی زمانەوانیی کرمانجی بەرانبەر بە زازایی و ناسنامەی هەرێمیی رۆژئاوا بەرانبەر بە رۆژهەڵات و ناسنامەی چینیکی کوردیی لە بەرانبەر ناسنامەیەکی گەورەتردا هەموو لە رکابەری و ململانێی یەکتردان9.
لە پێکهاتنی شوناسی مۆدێرنی کوردی لە تورکیادا، رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئاینی و عەلمانییەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن و وا باوە کە دڵسۆزی و پابەندییە ئاینییەکان لە ناو کوردە سوننەکاندا بەهێزتربن10. بۆ نموونە، هەندێ لە سەرۆک هۆزەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە سەیدن و بە رەچەڵەک دەچنەوە سەر بنەماڵەی محەمەدی پێغەمبەر، وەک پاساوێک بۆ بەهێزکردنی کاروباری دنیاییان بە ئامرازی ئاینی. ئەڵبەتە ئیسلام هێزی یەکخستن و دابەشکار بووە لە ناو کورددا و دابەشبوونی ئاینی لە نێوان کوردە سوننی و عەلەوییەکان رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە دابەشبوونی یەکبوونی کورددا و ئەم دابەشبوونە ئاینی و کولتوورییەش بوو بە بناغە بۆ ئاڕاستەی سیاسیی جیاجیا لە ناو بزووتنەوەی کورددا. بۆ نموونە، کوردە عەلەوییەکان بەتوندی پاڵپشتی ریفۆرمەکانی مستەفا کەمالیان کرد و بوون بە سایە و پشتیوانی ئایدیۆلۆجیای چەپ لە تورکیادا، لەکاتێکدا کەوا کوردە سوننەکان پشتیوانییان لە بزووتنەوە ئیسلامییەکەی نەجمەدین ئەربەکان کرد کە دژ بە کەمالییەکان بوو. ئازادبوونی هەنگاو بە هەنگاوی عەلەوییەکان بوو بە راستییەکی حاشاهەڵنەگر لە ئەنجامی ریفۆرمەکانی مستەفا کەمالدا. بە لێکۆڵینەوە لە پەرەسەندن و بەسیاسەتبوونی ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا، دەکرێ پێ لەسەر پرۆسەی کۆمەڵایەتی سیاسی دابگرین بۆ لێکتر جیاکردنەوەی ئیسلام و ناسیۆنالیزمی کوردی و هێزە کۆمەڵایەتییەکانی کە لەهەمان کاتدا شوناسی کوردی یەکدەخات و دەشیترازێنیت (لەم نووسینەدا ناسیۆنالیزم وا پێناسە دەکرێت کە رەفتارێکە بۆ مافی چارەی خۆ نووسین تێدەکۆشێت).

قۆناغی یەکەم: یاخیبوونی دژە سێنتراڵ کردن و بەسیاسەت کردنیناسنامەی ئیسلامی
لە ماوەی سەردەمی عوسمانیدا، ناسنامەی ئیتنی یان نەژاد بایەخێکی سیاسیی ئەوتۆی نەبوو، بەڵکو ناسنامەی ئاینی دڵسۆزی و پابەندیی سیاسیی پێکدەهێنا. هەوڵدان بۆ بەناوەندی کردن لە سەدەی نۆزدەدا بووە هۆی بەسیاسەت کردنی ناسنامە ئیتنیکی و ئاینییەکانی دەوروپشت. زۆربەی یاخیبوونە خێڵەکییەکانی کورد دژ بە حکوومەتی ناوەند لە کاردانەوەی خێڵەکییەوە سەرچاوەی گرتووە بەرانبەر بە سیاسەتی پەلاماردەرانە و مۆدێرن کردنی دەوڵەتی عوسمانی و کۆماری تورکیا. ئەم سیاسەتی سێنتراڵیزە کردنە لە بواری قۆرخ کردنی توندوتیژی و خوێندن و فێرکردندا هەڕەشە بوو بۆ سەربەخۆیی خێڵەکی و بەرژەوەندییەکانی ئاغا یان سەید. هەندێک لەم هۆز و خێڵانە بەرهەڵستیی پەلکێشانی حوکمی یاسایان کرد لەم ناوچەیەدا چونکە مەبەست کۆتاییهێنانی ملهوڕی و ستەمی دەرەبەگایەتییان بوو لەسەر دانیشتوانە لۆکاڵەکە. بەم پێیە، مرۆڤ دەبێت ئەوپەڕی سڵ و بەئاگابێت کە باس لە میللی بوونی ئەم یاخیبوونە دژە ناوەندییانە دەکرێت لە لایەن ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە.


ئامانجی سێنتراڵیزەکردنی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی تێکشکاندنی پەیوەندی و هاوپەیمانییە خێڵەکییەکان بوو. ئەمەش بە رۆڵی خۆی رێبازی سۆفیگەریی نەقشبەندی و قادری توانادار و چالاک دەکاتەوە، شانبەشانی پەیدابوونی شێخ وەک کەسایەتییەکی تەواوکار و راییکەری ململانێی هۆزە کوردییە جۆراوجۆرەکان و بگرە لە نێوان دەولەتی ناوەندی و تۆڕی خێڵەکانیشدا. بە واتایەکی تر، داخورانی پەیوەندییە خێڵەکییەکان بوو بە هۆی پتەو بوونی تۆڕەکانی سۆفیگەری و ناسنامەی ئیسلامیی بەسیاسەتکراو. لێرەوە هۆشیاریی ئەتنیکیی کوردی لە چوارچێوەی هۆشیاریی ئیسلامیدا پەرەیسەند. لە بزووتنەوە دژە سێنتراڵیزەکاندا، تۆڕی سۆفیگەریی نەقشبەندی نەک هەر تەنها جێگەی رێبازە زۆر ئەریستۆکراتەکانی قادریی گرتەوە بەڵکو رۆڵێکی سەرەکیشی تێدا بینی. یەکەم یاخیبوونی سەر بە ئاین – نەژاد لە ساڵی 1880دا بوو بە سەرکردایەتیی شێخ عوبەیدوڵا (کە ساڵی 1883 کۆچی دوایی کردووە) و رابەرێکی ئاینیی ناوچەکە بوو، وەک کاردانەوەیەک بۆ سیاسەتە سێنتراڵەکانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (ماوەی حوكم کردنی ساڵانی 1878-1909 بووە). پاش تێکشکاندنی ئەم یاخیبوونە ئاینیی خێڵەکییە، سوڵتان عەبدلحەميدی دووەم فەوجە حەمیدییەکانی لە خێڵە جۆراوجۆرەکانی کورد پێکهێنا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناسیۆنالیزمی ئەرمەن لە رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا کە رووسیا پشتیوانیی لێدەکردن. ئەڵبەتە ئەفسەر و سەربازانی فەوجەکانی حەمیدییە رۆڵی چاوەڕوان نەکراویان بینیوە لە پێکهاتنی ناسیۆنالیزمی کوردیدا. بۆ نموونە، هەندێک لە ئەفسەرانی یەکە حەمیدییەکان یارمەتیی مستەفا کەمالیان دا لە بەدەستهێنانەوەی سەربەخۆیی تورکیای نوێدا و پارتی نیشتمانیی کوردی، ئازادی (کە ساڵی 1923 دامەزرا) ئەندامێتیی لە رێگەی ئەم یەکانەوە دەستەبەر کرد11.
پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان ئیسلام و ناسیۆنالیزمی کوردی بە ئەندازەی پەیوەندیی نێوان ئیسلام و ناسیۆنالیزمی تورکی بەردەوام نەبوو. هەمیشە ئیسلام رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە زمانی نەتەوەیی تورکیدا و بە رۆڵی خۆی ناسیۆنالیستەکان سەرلەنوێ ئیسلامیان بە بەشێکی دانەبڕاو لە شوناسی نەتەوەیی پێناسە کردەوە. ناسیۆنالیزمی تورکی لە بنەڕەتدا لەسەر فەلسەفەی ئیسلام و تێڕوانینی بۆ کۆمەڵگە راوەستاوە و هەرچەندە توركيا دەوڵەتێکی نەتەوەیی سێکولارە، بەڵام ئاین کرۆکی مشتومڕە لەبارەی ناسنامە و روخساری سیاسییەوە. ئەڵبەتە شێوازی کاری بەکۆمەڵ و واتای عەدالەت و تۆڕەکانی رێکخستن لە تورکیادا تا ئاستێکی زۆر گەورە لەبەر رۆشنایی پراکتیزەی ئیسلامی و رێکخراوە ئیسلامییەکان دەجووڵێنەوە. لە سەدەی نۆزدەدا سیاسەتە ناوەندییەکانی رژێمی عوسمانی سەرکەوتوو بوو لە لاواز کردنی سترۆکتووری خێڵەکی بەڵام لەناوی نەبرد و ئەم سیاسەتانە بوون بە هۆی ئەوەی تۆڕە ئیسلامییەکان تێکەڵ بە سیاسەت ببن.

قۆناغی دووەم: قۆناخی بە عیلمانی کردنی نیشتمانی یان نەتەوەییە (1925-1961)
لە دەوڵەتی عوسمانیدا گرووپە ئیتنۆ زمانییەکان بە پێی بنەمای ئیتنیک و نەژاد پۆلێن نەکرابوون بەڵکو بە پێی ئاین کرابوون. لە ناو گرووپە ئاینییەکاندا کۆمەڵگەی ئیتنۆزمانەوانیی جیاجیا هەبوون و لەدەستدانی ئەم مۆرکە جهانییەی ئیمپراتۆرییەت، هاوزەمان لەگەڵ زەوی و خاکێکی بەرفراوان لە بەڵکان و رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا، کاریگەرییان هەبوو لەسەر کولتووری سیاسیی تورکی. ئەو شێوازەی کە هێزە کۆڵۆنیاڵییەکانی ئەوروپی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییان پێ لاواز کرد و دابەشیان کرد داخێکی قووڵی لە یادەوەریی بەکۆمەڵی تورکەکاندا جێهێشتووە. لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا و پاش ئەوەش چەندین کۆمیتەی کولتووریی کوردی لە شارە کوردییە گەورەکاندا پێکهات12. وەک ئەنجامێک بۆ ئەم مۆبیلیزە سیاسییە و پشتگیریی بەریتانیا لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، شەریف پاشا مەسەلەی کوردی دەبردە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی دواتر. پەیمانی سیڤەری ساڵی 1920، کە گوتاری دەوڵەتی کەمالی پێکدێنێت بۆ ناسینی دوژمنە ناوەکی و دەرەکییەکان، «ئۆتۆنۆمییەکی ناوخۆیی دەستەبەر کرد بۆ ئەو خاکەی کوردی تێدا زۆرینە و باڵادەست بوو» (بەپێی مادەکانی 62 – 64). ئەگەرچی پەیمانی سیڤەر هەرگیز جێبەجێ نەکرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە یادەوەریی بەکۆمەڵی دەوڵەتی تورکیدا دەمێنێتەوە. هێشتا ترس لە دابەشکردن هەر بەرۆکی کۆمەڵگەی تورکی بەرنادات و دوودڵی و گومانی بەردەوام بەرهەمدێنێت لەلایەن بیانییەکان و هاوکارە ناوخۆییە شەرخوازەکانەوە.
لەپێش جەنگی جیهانیی یەکەمدا زۆرێک لە هێزە ئەورووپییەکان بوون بە داکۆکیکار لە کەمینەکان و «مافی کەمینەکانیان» بەکارهێنا بۆ وەدەستهێنانی تەنازولی زیاتر لە دەوڵەتەوە. لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دابەشکرا و ئەنەدۆڵ و و روملی داگیر کرا کە ناوجەرگە و قەڵای ئیمپراتۆرییەت بوو. لەئەنجامی جەنگی جیهانیی یەکەم و و جەنگی تورکی – یۆنانیدا، کە لە ساڵانی 1919 تا 1922 بەردەوام بوو، تەنها خەڵکیکی کەم مانەوە لە میللەتە ناموسڵمانەکانی ئەنەدۆڵ و زۆرینەی ئەرمەنەکانی تورکیا لە ساڵی 1915 دا بۆ سووریا و میسۆپۆتامیا راگوێزران، بۆ ئەوەی نەدەنە پاڵ هێزە پێشرەویکردووەکانی رووسیا و جاڕی سەربەخۆیی بدەن لە بەشی رۆژهەلاتی ئیمپراتۆرییەتدا. دانشتووە یۆنانییە ئۆرسۆدۆکسەکانی کە لە کاتی جەنگی تورکیا و یۆناندا هەڵنەهاتبوون، لە گەڵ موسڵمانەکانی یۆناندا ئاڵوگۆڕ کران بەپێی پەیمانی لۆزانی ساڵی 1923دا. ئەڵبەتە گواستنەوە لە ئیمپراتۆرییەتێکی عوسمانیی جیهانیی (کۆسمۆپۆڵیتی) فرەکولتوورەوە بۆ تورکیایەکی کۆماری سەریکێشایەوە بۆ ناسیۆنالیزمێکی سێکولاری ئاوێتەی نەتەوەیی کە بواری بواری فرەرەنگیی نەدا و سوور و پێداگر بوو لەسەر ئەوەی تەواوی دانیشتوان ببنە تورک.
بەهۆی میراتی عوسمانییەوە، تورکیا پارادۆکسێکی بێچارەسەر بەرجەستە دەکات لە دامەزراندنی کۆمار لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا. لە لایەکی ترەوە، دەوڵەت کە لە ئەنجامی بەئیسلامبوونی دیمۆگرافیی وڵاتدا دامەزرابوو، ئیسلامی بەکارهێنابوو بۆ کۆکردنەوەی گرووپە ئیتنیکی و زمانەوانییە جیاوازەکان و لەولاشەوە ئایدیۆلۆجییەتە شارستانییەتە «پێشکەوەتووەکەی»، کە بە کەمالیزم ناسراوە، دیاریکرابوو بۆ بەرهەڵستیی ئیسلام. تورکیا بانگەشەی پیاوان و ژنانی وڵاتی کرد کە بەشداریی جیهاد بکەن دژ بە سوپا داگیرکەرەکانی ئەوروپی بۆ رزگارکردنی وڵاتەکەیان و خیلافەت و لە پەیمانی لۆزاندا جەختی لەسەر ناسنامەی ئاینیی هاوبەش کردەوە بۆ تورکەکان وەک موسڵمان و ئاماژەشی بۆ غەیرە موسڵمانەکان کرد وەک «کەمینە»13. توركيا، بە رەتکردنەوەی ئیتنیک و نەژاد وەک بنەمایەک بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و لەجیاتیدا لەسەر بناغەی ناسنامەی نیشتمانی دامەزراوە کە ناسنامەی ئاینی – هەرێمییە. ناسنامەی ئیسلامی، کە بریتی بوو لە دڵسۆزیی ئاینی و پیادەکردنی رێوڕەسمەکان و کۆمەڵێک لە رۆڵە کۆمەڵایەتییە – سیاسییە مێژوییەکان و چوارچێوەکانی پلان وەک دەلالەتێک بۆ رووداوەکان و ئەزموونەکان و بەڵگەکانیان، کە هەموو ئەمانە هۆکاری تەواوکارن بۆ دامەزراندنی کۆماری تورکیا. شوناسی نیشتمانیی لەسەر مۆدێلی چەمک و تێگەیشتنی ئیسلامی بوو بۆ کۆمەڵگە و لە رێگەی تێرمە ئیسلامییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە. لە رێگەی تێهەڵکێش کردنی وشە و دەستەواژە ئاینییەکانی وەک میللەت (وەک ئاماژەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی ئاینی لە ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا، کەوا کۆمار بۆ گەل یان نەتەوە گونجاندبووی)، هەروەها وشەی وەتەن، غازی (وەک ئیشارەتیک بۆ ئەوانەی بە ناوی ئیسلامەوە جەنگاون و بوو بە نازناوێک بۆ مستەفا کەمال) و شەهید (بەواتا ئەوانەی پاراستنی ئیسلام و بلاوکردنەوەیدا دەمرن)، لە فەرهەنگی ناسیۆنالیستی و زمانی رەشەخەڵکەکە و بڵاوکردنەوەی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی و بەمجۆرە شوناسی ئیسلامی بە میللی کرا. ئیسلام لە ناوخۆ و دەرەوەدا هەر بە رەگداکوتاوی مایەوە و زۆربەی جاران بەردەوام بوو لە پێدانی ناسنامەی شاراوە بۆ دەوڵەتی تورکیا.
لە پاش یاخیبوونی ساڵی 1925 ی شێخ سەعید دژ بە کۆماری تازە، پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە چڕکرایەوە14. ئەڵبەتە جارێکیتر خیلافەت، کە ساڵی 1924 هەڵوەشێنرایەوە، نوێنەرایەتیی یەکێتییەکی ئیسلامیی کرد بۆ گرووپە فرە ئیتنیک و نەژادەکان و دانی بە فرە نەژادیدا نا بێئەوەی هیچ رۆڵێکی سیاسی پێبسپێردرێت. بە واتایەکی تر، خیلافەت بوو بە سیمبۆڵی دەوڵەت و دەسەڵاتی فرە ئیتنیک و نەژاد، لەسەر بنەمای یەکێتیی موسڵمانان وەک کۆمەڵگەیەکی پستبەستوو بە ئاین و باوەڕ و بوار رەخساندن بۆ پابەندییە جۆراوجۆرەکان و ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی بۆ دەوروبەر. ئامانجی یاخیبوونی ساڵی 1925 پاراستنی ئەم سترۆکتوورە ئاینی و خێڵەکییەی ناوچەکە بوو و یاخیبوونەکە تۆڕ و چوارچێوە ئیسلامییەکانی خستە خزمەتی فراوان کردنی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی بۆ دابینکردنی یارمەتی و پاڵپشتیی تورکە سوننەکانی تریش کە دژ بە عەلمانی بوون.
شێخ سەعيد، کە لەسەر رێبازی نەقشبەندی بوو سەرەتا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بگرە کۆنترۆڵی دەوروپشتی دیاربەکر و ئێلازیگیشی کرد، بەڵام رکابەری و ناکۆکیی خێڵگەری و دابەشبوونی ئاینی رێگر بوو لە بەشداری کردنی کورد بەتەواوەتی. هەرچەندە سوپای تورک شێخ سەعیدی بە دیل گرت (1865- 1925) و لە دیاربەکر لەسێدارەی دا، بەڵام یاخیبوونەکەی وەک یەکەم راپەڕینی ئیتنیکیی ئاینی وای لە کۆماری تورکیا کرد ئەوپەڕی بەگومان بێت لە هەر شێوەیەک لە شێوەکانی چالاکیی کورد.
لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1927دا، کۆمەڵێک لە سەرۆک هۆز و رۆشنبیرانی کورد، کۆمەڵەی نیشتمانیی کورد (خۆیبوونیان) دامەزراند، لە ژێر سەرکردایەتیی ئیحسان نوری پاشادا لە بەدلیس، کە جەنەراڵێکی عوسمانیی سەرکەوتوو بوو. ئەم گرووپە راپەڕینی چیای ئاگری (ئارارات) یان بەرپاکرد لە نێوان ساڵانی 1930-1931 دا. لە قۆناخەکانی سەرەتادا سوپای تورکیا تووشی سەختی و ئاستەنگی بوو لە هەوڵدانیدا بۆ تێکشکاندنی یاخیبوونەکە بە هۆی ئەو چەک و چۆلە باشەوە کە یاخیبووان لە دەرەوە بەدەستیان دەهێنا. پاشان سوپای تورکیا یاخیبوونە کوردییەکەی شکست پێهێنا و ئیحسان پاشا پەنای بردە بەر ئێران. لەپێناوی چەسپاندنی یاسا و ئاسایس لە ناوچەکەدا، یاسای راگواستنی هەڵبژاردەی 1934 دەرکرا و هەندێک لە سەرۆک هۆزە کوردەکان بۆ رۆژئاوای تورکیا دوورخرانەوە. سیاسەتەکانی تواندنەوە و بەشداری کردنی دەرەکی بوو بە هۆی هەڵگیرسانی راپەڕینێکی نوێ لە ناو دەرسیم و ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەریدا، کەوا زۆربەی دانیشتوانی کوردە عەلەوییکان بوون و بە زازا دەناسران 1937-193815. لە پاش سەرکوت کردنی یاخیبوونەکە، کەوا هێرشی کردبووە سەر گەلێ لە بنکە سەربازییەکان و سەدان سەربازی کوشتبوو، دەوڵەتی تورکیا دەرسیمی لەسەر نەخشە سڕییەوە و ناوی تونجەلیی لێنا.
ئەم سێ یاخیبوونە لەدژی کۆمارە تازە و بێئەزموونەکە وێنەیەکی کەڵەکەبووی لا دروستکرد لەبارەی خەڵکی ئەو ناوچەیەوە وەک کۆمەڵگەیەی خێڵەکیی دەمارگرژی ئاینی و دواکەوتوو لەڕووی ئابوورییەوە و لەوەش گرنگتر وەک هەڕەشەیەک بۆ سەلامەتی و کامڵبوونی نیشتمانیی کۆماری تورکیا. ئەو شێوەیەی کە دەوڵەت بۆ بەرهەڵستیی کوردی داڕشتبوو هەوڵدان بوو بۆ شەرعییەتدان بە کردەوەکانی و پاساودانی کۆنترۆڵ کردنی. بەواتایەکی تر، گوتاری دەوڵەتی کەمالی لەبارەی کێشەی کوردەوە بەپێی ئەم یاخیبوونانە پەرەیسەندبوو. لەبەرئەوە هەستەوەریی دەوڵەت زیاتر بوو سەبارەت بەو سیاسەتانەی کە خۆیان لە دامەزراندنی دەوڵەتیکی تورکیی سێکولاردا دەبینییەوە. بەم پێیە، پێویستە ئەم یاخیبوونانە رەچاو بکرێت بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەی دەوڵەت بۆ مەسەلەی کورد. کۆمار نکووڵیی لە بوونی کورد نەدەکرد بەڵکو گوتارێکی نوێی پەرەپێدابوو بۆ قسە و باس کردن لەبارەیانەوە بێئەوەی وشەی کورد «کورد» بدرکێنن بە واتا ئیتنۆنەتەوایەتییەکەی. کۆمارە تورکییەکە، لە رێگەی وێناکردنی پێکهاتە کوردییە خێڵەکییەکەوە وەک «کۆنەپەرست و دواکەوتوو و مەترسیدار»، خۆی وا لەقەڵەم دەدا کە مۆدێرن و سێکولار و پێشکەوتنخوازە. لە دوای یاخیبوونەکان، ئیسلامی سوننیی بەسیاسەتکراو بەو جۆرە پەرەی پێدرا کە جێگرەوەی شوناسێکی کوردییە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا. بۆ نموونە، بزووتنەوەی تێڕوانینی نیشتمانیی ئیسلامیی نەجمەدین ئەربەکان وەک هێزێکی تۆکمە و پتەو مایەوە لە ناو کوردە سوننەکاندا تا هەڵبژاردنی ساڵی 199516.
لە پاش ساڵی 1925، فرە شوناسیی کە لە سەردەمی عوسمانیدا باڵادەست و باو بوو بە فەرمی ئاوێتەی ناسیۆنالیزمی ئیتنیکیی سێکولار بوو. مێژوونووسانی سەردەمی کەمالی و کۆمەڵەی سەرلەنوێ بە دەستنیشان کردنی شوناسدا چوونەوە لە رووی ئیتنیک و زمانەوە. دەوڵەتیش سوپا و خوێندن و راگەیاندن و هونەری بەکارهێنا بۆ بەهێزکردنی شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانیی تورکیا و لەهەوڵدابوو بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی ئیسلام و میراتە عوسمانییەکەی. لەگەڵ ئەوەشدا و لە ماوەی پێکهاتن و دروستبوونی دەوڵەتی کەمالیدا (1922- 1950)، لەواقیعدا دوو بابەت لە ناسیۆنالیزم رکابەرییان دەکرد کە بریتی بوون لە ناسیۆنالیزمی زمانەوانیی سێکولار و ناسیۆنالیزمی کۆمەڵگەیی ئیتنۆ – ئاینی.


ناسیۆنالیزم و سێکولاریزم کرۆکی ئایدیۆلۆجیای کەمالییان پێکدەهێنا لە تورکیادا و پرۆژەی کەمالییەکان بۆ سێکولاریزم لە تورکیادا ئامانجی «بەشارستانی کردنی» کایە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوە بوو. هەرچەندە ناسیۆنالیزم گریمانەی پێشوەختی خولقاندنی کۆمەڵگەیەک بوو کە لەڕووی ئیتنیک و نەژادەوە ئاوێتە بێت لەسەر حیسابی شوناسەکانی تر، بەڵام «نەژاد» هەرگیز نەبوو بە توخمێکی بنەڕەتیی ئەوەی کە تورک بیت بەڵکو لەبری ئەوە «هاووڵاتییەک بیت لە کۆماری تورکیای «مەدەنیدا» بناغە بوو بۆ ناسیۆنالیزم. لە دەقی دەستوورو ساڵی 1924دا هاتووە کە «بەبێ جیاوازیی ئاینی و ئیتنیکی، هەموو هاوڵاتییەک لە تورکیادا بە تورک دادەنرێت»17. پێناسەی تورکبوون بە واتای پەیوەندیی یاسایی لەگەڵ دەوڵەتدا دێت. ئەم پێناسەیە میراتی ئیمپراتۆرێتی عوسمانیە کە هەرکەسێک هەڵگری ناسنامەی عوسمانی بێت بە هاوڵاتیی عوسمانی دادەنرێت. دەستووری ساڵی1961 خۆی لە ناوهێنانی «گەل یان خەڵکی توركيا Tiirkiye ahalisi» لادەدا و دەقەکەی وا دادەڕێژێت کە هەموو هاوڵاتییان «وەک تورک قبووڵ دەکرێن بەدەر لە ناسنامەی ئیتنیکی و ئاینی». ئەم تێرمی بەرە بەرە بەئیتنیک کردنەی «تورک» لە دەستوورەکانی ساڵانی1961 و 1982دا بەڕوونی دەبینرێت. بەپێی مادەی 66 لە دەستووری ساڵی 1982، هەر کەسێک پەیوەندیدار بێت بە کۆماری تورکیاوە و ناسنامەی تورکیای هەبێت بە تورک دادەنرێت. لە تورکیای نوێدا زاراوەی «گەل یان نەتەوەی تورک» هەموو هاوڵاتییانی تورکیا دەگرێتەوە رەگوڕیشەی ئیتنیکییان هەرچییەک بێت. ئەو هاوڵاتییانەی تورکیا کە کە بە بنەچە کوردن چەمک و وێنایەکی نوێ دەگەیەنن کە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ فشارەکانی ئەوروپا پەیڕەوی دەکرێن.

قۆناغی سێهەم: بەسێکولار کردنی مەسەلەی کورد لە روانگەی سۆشیالیزمەوە (1961- 1983)

بەسێکولار کردن و گۆڕانکارییەکانی ناسنامەی کورد لەناو بزووتنەوە چەپڕەوە بەرفراوانەکەی تورکیادا جێی خۆی گرت لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکاندا. ئەم بەسێکولار کردنی ناسنامەی کوردە لە ئەنجامی کارلێککردن لەگەڵ ئایدیۆلۆجیای سۆشیالیزمدا جێی خۆی گرتبوو و کوردە عەلەوییەکان رۆڵێکی گرنگیان بینی لە پرۆسەی ئەم بەسێکولار کردنە. هاوزەمان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خوێندنی باڵا و لیبراڵ بوونی کۆمەڵایەتی – سیاسی لە ئەنجامی دەستووری ساڵی 1961دا، لەبری سەرۆکە خێڵەکی و ئاینییەکان رۆشنبیرە نوێکان کەوتنە پێکهینان و فۆرمەڵە کردنی شوناسی کوردی و دەستیان کرد بە دەربڕینی نیگەرانی و سکاڵا لەو ستەمەی لەسەریان بوو بە ئیدیۆمی سۆشیالیستی بۆ پاڵپشتی و بەهێزکردنی مافی چارەنووس بۆ کورد. لێرە کوردەکان و بەتایبەتی کوردە عەلەوییەکان کۆنترۆڵی بزووتنەوەی چەپخوازییان کردبوو لە تورکیا لە ساڵانی حەفتاکاندا. لە نێوان ساڵانی 1965 و 1968، هەردوو گۆڤاری دیجلە – فورات Dicle-Firat و دەنگ Deng بە هەردوو زمانی تورکی و کوردی دەردەچوون. لە کۆتایی شەستەکاندا گوزارش کردن لە مەسەلەی شوناسی کوردی لەڕووی نایەکسانیی ئابووریی هەرێمی و پێشنیازکردنی چارەسەری سۆشیالیستی18. پارتی کاری تورکیا، لە کۆنگرەی نیشتمانیی چوارەمیدا، بڕیاریکی دەرکرد بە «بوونی گەلێکی کورد لە رۆژهەلاتی تورکیادا» و مەبەست لەم راگەیاندنە داتاشینی بناغەیەکی سۆشیالیستانە بوو پۆ پارتی کار لە رێگەی بەکارهێنانی کارتی ئیتنیکییەوە. لە حەفتاکاندا، گرووپ و رێکخراوە چەپڕەوەکان و ناسنامەکان بەکاردەهێنران بۆ بەرەنگاربوونەوەی «دەسەلاتی سیاسیی ناوەندی» لە ئەنقەرەدا و رەخنە گرتن لە پەرەسەندنە سەرەکییەکانی تر دامەزراندنی کۆمەڵەی رۆشنبیریی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵات بوو کە (DDKO کورتەکەی بوو بە زمانی تورکی) لە ساڵی 1969دا و ئەمە یەکەم هەوڵی رێکخستن بوو بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی دانیشتوانی کورد لە رێگەی جەختکردنەوە لەسەر گەشەسەندنی ئابووریی ناهاوتا لە ناوخۆی ناوچەکانی وڵاتدا. بزووتنەوەی چەپڕەوی لە تورکیادا هەمیشە دەیویست پێگە و بنکەی خۆی فراوان بکات لە رێگەی جەختکردنەوە و پێداگرتن لەسەر مەسەلەی کورد و عەلەوییەکان. لە ماوەی ساڵانی 1969- 1970دا، DDKO خولی راهێنانی رێکوپێکی بەڕێوەدەبرد بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کورد لە سەرانسەری تورکیادا و عەبدوڵا ئۆجەلانیش بەشدار بوو لە چالاکییەکانی DDKO دا و پەیوەندیی لەگەڵ خوێندکارانی تردا دەبەست کاتێ کە لە ئەستەمبووڵ بوو لە ساڵی 1970دا19. کۆمەڵەی DDKO ماركسيیەت و ناسیۆنالیزمی كورديی تێکەڵ دەکرد بۆ مۆبیلیزە کردنی لاوان بەناوی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و شوناسەوە20، لەهەمان کاتیشدا هەندێک لە سەرکردەکانی DDKO ئەندامی چالاک بوون لە پارتی کاری تورکیدا. هاوزەمان لەگەڵ کوودەتای ساڵی1971 دا پارتی کار و DDKO قەدەغە کران. هەرچەندە ئەندامەکانی جارانی DDKO لە ساڵی 1974دا ویستیان ئەو رێکخراوە قەدەغەکراوە زیندوو بکەنەوە بە پێی یاسا و ڕێسای کۆمەڵە کولتوورییە دیموکراتییە شۆڕشگێڕەکان (DDKD)، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە دامەزراندنی رێکخراوێکی کوردیی یەکگرتوودا بەهۆی رکابەریی ئایدیۆلۆجی و ناوچەیی و شەخسییەوە. لە ساڵانی حەفتاکاندا، کوردە نەتەوەییەکان دەستیان کرد بە بەرەنگاربوونەوەی دید و بۆچوونی کەمالییەکان و لە ساڵی 1979دا، وەزیرێکی حکوومەت بە ناوی شەرەفەدین ئاڵچی، بوو بە هۆکاری ئابڕووچوونێک بەوەی کە بە ئاشکرا جاڕی لەخۆی دا کە کوردە. لە دوای کوودەتاکەی ساڵی 1980، دەوڵەت وایدانا کە ناسیۆنالیزمی کوردی و ئیسلامی رادیکاڵ و چەپڕەوەکان هێزی دابەشکارن و هەموو شێوەیەکی دەربڕینی کولتووری قەدەغەکرد.
یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کوودەتاکەی ساڵی 1980 کۆنترۆڵ کردنی هێزی بزوێنەری بزووتنەوە کوردی و ئاینییەکان بوو21 و کوودەتا شێوازی داپڵۆسێنەرانەی بەکارهێنا و هێزی رێکخستنی تۆڕە کوردییەکانی لەناو تورکیادا تێکشکاند و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانە کوردەکان گیران و هەندێکیان هەڵاتن بۆ ئەوروپا، کە لەوێ کرۆکی چالاکیی بان نەتەوەیی کوردیان پێکهێنا. بەکورتی ستەم و چەوساندنەوەی کوودەتاکەی ساڵی 1980 کاریگەرییەکی پێچەوانەی هەبوو لەمیانەی زیادبوونی سیاسەتکردن و بەهێزکردنی هەستی کورد بە ناسنامە و ئەمەش بە رۆڵی خۆی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بەکاریهێنا. سیاسەتەکانی سوپای تورکیا و پەرەسەندنە هەرێمییەکان لە عێراق و ئێران مەسەلەی جوداخوازیی کوردیی بەهێزکرد و پەکەکە لە ساڵی 1984دا راپەڕینیکی چەکداریی راگەیاند بۆ بەزاندن و شکستهێنانی دەوڵەتی تورکی و هیچ ریکخراویکی کوردی بە ئەندازەی پەکەکە کۆنترۆڵی ئەقڵ و توانای کوردەکانی نەکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆجی لەسەر ئەم رێکخراوە ئەنجام نەدراوە. ئەڵبەتە هۆزە جووتیارەکان و کوردە ئاینپەروەرەکان کەمترین کەرتی هۆشیاری ئیتنیکیی دانیشتوانن و لەبری ئەوە وێناکردنی دید و بۆچوونی ئوممە (واتە کۆمەڵگەی ئاینی) دەگەیەنێت لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا. ئەوان هەستێکیان دروستکرد بە جیاوازبوون لە ئەنکەرە لە رێگەی سوودوەرگرتن لە گوزارشی سەفایی ئیسلامەوە. خێڵەکان جەخت لەسەر ئیسلام دەکەنەوە چونکە شوناسی خێڵەکی رەتناکاتەوە و پانتاییەکی هاوبەش دەڕەخسێنێت بۆ بەردەوامی و ئاوێتەبوون. لە قەراخ شارەکانی دیاربەکر و ئەستەمبووڵ ئەنقەرە کە تازە دروستکرابوون جووتیارە دابراوەکان لە پەیوەندییە نەریتییەکان بوون بە ناوەندی ناسیۆنالیزمی کوردی.
لە دوادوایی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابوردوودا ناسیۆنالیزمی کوردی هێشتا هەر «لە قۆناخی پێکهاتندا بوو» و لە گرووپگەلی ناهەمواری جیاجیا پێکهاتبوو. لە پێکهاتنی ئەم شوناسە کوردییە بەسیاسەتکراوە نوێیەدا، لە روانگەی نەتەوەیی (کوردەوە) تەماشای پرسە چینایەتییەکان دەکرا. ناسیۆنالیزمی کوردی پانتاییەکی وای رەخساندبوو کە لە رێگەیەوە دەکرا جیاوازییە چینایەتی و ناوچەییەکان خەفە بکرێن و بەکورتی ئەوە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو کە پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی نێوان ئیسلام و خێڵ و ناسیۆنالیزمی کۆتایی پێهێنا لە بەرژەوەندیی ئەمەی دواییان.

قۆناغی چوارەم: دەرکەوتنی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە (1983- 1999)

نەتەوەییە کوردەکان «کەرەستەیەکی توندوتیژییان» بەکارهێنا، هەر لە شاڵاوی تێرۆرەوە بە رابەریی پەکەکە تا دروستکردنی حیزبە کوردییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی، تا خەبات کردن لەپێناوی مافە کولتووری و سیاسییەکان. زۆرێک لە تورکەکان هەست بەوە دەکەن کە پەراوێزخستن و رەگەزپەرستی رەنگدانەوەی کێشەکانی دەمارگرژیی رق و کینەی تاکەکەسن، لەکاتێکدا کە بە زۆری کوردەکان وایتێدەگەن کە ئەمە تۆڕێکی ئاڵٶزە لە هەڵوێستی تاکەکەس و پەیامی کولتوورییە لەبارەی کوردە پەراوێزخراوەکانەوە. تێگەیشتنی کورد لە واقیعە کۆمەڵایەتی سیاسییەکانی تورکیا لە روانگەی ئەم ناسیۆنالیزمە کوردییە تازەوەیە.
پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە رۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبینێت لە هەڵکشانی هۆشیاریی سیاسیی کوردی و دروستکردنی تۆڕی بەرفراوان لەناو تورکیا و دەرەوەیدا بۆ بەسەربازگرتنی خەڵکی پەڕگر و تێکشکاندنی پەیکەری ئاینی – خێڵەکی لە ناوچەکەدا لە رێگەی رەخساندنی دەرفەتی نوێ بۆ چینی ناوەڕاست و گەنجی شارستانیی کورد و بەمیللی کردنی ناسیۆنالیزمی تورکی بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە تورکیادا و چەسپاندنی پێگەکەی. یەک لە گرنگترین ئەنجامە چاوەڕوان نەکراوەکانی کەمپێنی پەکەکە قووڵکردنەوەی بەسیاسی بوونی ناسیۆنالیزمی تورکی بوو، هەروەها لە ئەنجامی شاڵاوی تیرۆری پەکەکە لە هەموو بوارەکانی ژیانی تورکیادا سەری کێشایەوە بۆ گوزارش لێوەکردنی لە نزیکەی سەرجەمی کۆبوونەوە گشتییەکاندا. چالاکییەکانی پەکەکە هانی کوردەکانی دا کە رەخنە لە «دەسەڵاتی سیاسی» نەگرن لە ئەنقەرە بەڵکو لە ناسیۆنالیزمی تورکی بەو پێیەی پێکهاتە و سترۆکتوورە، لەپێناوی شەرعییەت پێدان بە ناسیۆنالیزمی جوداخوازی خۆیان. ئەم گۆڕانکارییە نوێیە لە رەخنە کردنی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە بۆ رەخنە کردنی ناسیۆنالیزمی تورکی خاڵێکی وەرچەرخانە لە جیاوازی کردن لەنێوان ناسیۆنالیزمی کوردی و بزووتنەوەی چەپڕەوی لە تورکیادا.
وەک ئەنجامێک بۆ سیستەمی خوێندن و فێرکردنی ناوەندی و شارستانییەت و راگواستنی دانیشتووان شەپۆلێکی نوێی گەنجانی روویانکردە شارە گەورەکان بۆ خوێندن و کارکردن. ئەمە بوو بە بزاوتی نەوەی یەکەمی خوێندکارە کوردەکانی زانکۆکان، کە گومانیان لە دۆزینەوەی کار هەبوو و بەرەوڕووی ژیانێکی کۆمەڵایەتیی ئابووریی نوی بوونەوە لە شارەکاندا بە کەرەستە و هۆکارێکی زۆر کەمەوە بۆ سوودوەرگرتن و خۆگونجاندن. پارتی کرێکارانی کوردستان ئەو خەڵکە «دەربەدەر» و «خوێندکارانی نیمچە رۆشنبیری زانکۆکانی» کردە ئامانج لە هەلومەرجی پێدانی شوناس (ناسیۆنالیزمی کوردی) و پابەندبوون بە عەدالەتەوە (بەگوێرەی سیستەمی ئابووریی سۆشیالیستییەوە). لە دووتوێی ئەم لێکترازانەی تانوپۆی کۆمەڵایەتییەوە وەک ئەنجامێک بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی گەورە لە ساڵانی 1970کاندا، پارتی کرێکارانی کوردستان وەک «بزووتنەوەیەکی رزگاری» خۆی خستەڕوو و نیازی ئەوەی دەربڕی کە شوناس و عەدالەتی کوردی دەگێڕێتەوە بە هۆکاری توندوتیژی. کوودەتاکەی ساڵی 1980 و سیاسەتی داپڵۆسینی هاوکار بوو لە دروستکردنی ئەقڵییەتێکی ئابڵووقە لەناو کوردەکاندا و ئەمە کێشایەوە بۆ ئەو باوەڕەی کە داهاتوویان لەلایەن دەوڵەتی تورکییەوە کۆسپ و تەگەرەی دەخرێتەڕی و قووت دەدرێت. لەبەرئەوە دوو بژاردەیان لەبەردەمدا بوو کە، یان رووبکەنە ئەوروپا وەک پەنابەری سیاسی و بە دوای ژیانێکی نوێدا بگەڕێن یان بچنە ریزەکانی پەکەکە ەوە بۆ شەڕکردن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا و ئەڵبەتە بە زیادکردنی ستەم و چەوساندنەوەی کوودەتا سەربازییەکە، پەکەکە هەوادارێکی زۆری بەدەستهێنا و میللی بوونی زیادی کرد.
پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە ژێر سەرکردایەتیی ئۆتۆکراتیی عەبدوڵا ئۆجەلاندا مایەوە، کە کوڕی جووتیارێکی کوردی هەژارە و ساڵی 1948 لە گوندێکی سەر بە ئورفە لەدایکبووە و ساڵی 1971 زانستی سیاسەتی خوێندووە لە کۆڵێجی زانستە سیاسییەکانی بەشکۆی زانکۆی ئەنقەرە خوێندووە. پاشان لەبەر تێوەگلانی لە بزووتنەوەیەکی چەپڕەوی نهێنیدا لە ساڵی 1972دا گیراوە و ماوەی حەوت مانگی لە بەندیخانەی ماماكی سەربازیی ئەنقەرەدا بەسەربردووە. ئەو زانکۆی تەواو نەکرد و لە ساڵی 1973دا، گرووپێکی مارکسیی رێکخست، کە لەسەرەتادا کۆمەڵێک تونڕەوی کورد و تورکی تێدابوو و ئامانجیان شۆڕشی سۆشیالیستی بوو لە تورکیادا. لەدوای ساڵانێک لە رێکخستنی شوێنکەوتووان و دەرسدادانیان، لە 27 ی نۆڤەمبەری 1978دا پارتی کرێکارانی کوردستانی دامەزراند. کەسایەتیی ئۆجەلان بە هێزەوە لە نێو ئەزموون و تاقیکردنەوەی منداڵی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا گەڵاڵە بوو لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیادا و ناکۆکییەکی قووڵی پەرە پێدا دژ بە ستراکتووری نەریتیی کۆمەڵگەی کوردی کە خێزانەکەی ئەم هیچ پێگەیەکی تێدا نەبوو و ئەم رق و نەفرەتە پەلیکێشا بۆ دەوڵەتی تورکیا و ئانجی سەرەکیی تێکشکاندنی ستراکتوور و پێکهاتەی کۆمەڵگەی نەریتیی کوردی و دروستکردنی دەوڵەتێکی سۆشیالیسیی کوردی بوو.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ی ئۆجەلان دەستی دایە هێرش و پەلامارێکی تێرۆریستانە دژ بە کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا و ئامانجی سەرەکی جێلەقکردنی سەقامگیریی تورکیا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ بە پشتیوانیی هەندێک دەوڵەتی بێگانەی وەک سووریا و یۆنان و رووسیا. بۆ ماوەی زیاد لە دوو دەیە ئۆجەلان لە سووریا و لوبنانی ژێر دەسەڵاتی سوویادا کار و ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدەدا و پەکەکە بەرپرسە لە کوشتنی گۆترەکاری کوردە میانڕەوەکانی تورکیا لە هەردوک تورکیا و ئەوروپادا و بەردەوام ژێرخانی خوێندن و فێرکردنی لە ناوچەکەدا کردبووە ئامانج و خوێدنگە گشتییەکانی وا باس دەکرد کە «ئامرازن بۆ سیاسەتی تواندنەوەی ئەنقەرە». بەگوێرەی سەرچاوەکان پەکەکە دووسەد مامۆستای کوشتووە و 150 خوێندنگەی رووخاندووە لەپێناوی «وەستاندنی تواندنەوەدا» و پرد و نەخۆشخانەی تەقاندووەتەوە و «هاوکارانی» رژێمی کوشتووە. هەروەها کورد و تورکی وەک یەک دەکوشت و بەو پێوەرە تەماشای قوربانیانی دەکرد کە سەر بە رژێمن. پەکەکە و سەرکردایەتییەکەی بە هیچ کلۆجێک بەرهەڵستییان قوبووڵ نەدەکرد بۆ خەتی حیزب و ئەو کە ئاوێتەی سیاسەتی رژێم بووبوون و توابوونەوە بە «گەورەترین دوژمن» دەزانی». ئۆجەلان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ محەمەد عەلی بیراند ژمارەیەک نموونە دەهێنێتەوە لەسەر چۆنێتیی سزادانی ئەوانەی کە پێیانوابوو کاری خیانەتیان کردووە22. پەکەکە شکستیهێنا لە بەرهەمهێنانەوەی پاڵپشتی میللیی لەنێو زۆرێک لە کوردەکاندا بەڵام هەست و هۆشیانی بە سیاسەت کرد، هەروەها ژمارەیەکی زۆری لە کوردە میانڕەوەکان کوشت و چەندین خێزانی ناچار کرد واز لە کوڕێک یان کچێکیان بێنن بۆ خزمەتی ئامانجەکانی پەکەکە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانی، پەکەکە دەهەزار پشتیوانی هەیە لە ناو نیو ملیۆن کورددا کە لە ئەڵمانیادا دەژین23، هەروەها توانیوێتی بیست هەزار کورد ئامادە و مۆبیلیزە بکات بۆ ئەنجامدانی کەمپەینی سیاسیی جۆراوجۆر. هەرچەندە چەکدارانی پەکەکە دەچنەوە سەر کەمینەیەکی بچووک بەڵام بەتەواوەتی رێکخراون و زۆر توندوتیژن24. هەروەها ئەوەش راگەینراوە کە پەکەکە تێوەگلاوە لە قاچاخچێتی بە هێرۆیین و ئازوگوێزی (شتی نایاسایی بێگانە) لە سەرانسەری ئەوروپای رۆژئاوادا و پەرەیان بە بە چەندین وەبەرهێنانی سوودبەخش داوە بۆ پاڵپشتیی چالاکییەکانی رێکخراوەکە. بەهەمان شێوە پاڵپشتیی ئێستگەی تەلەفیزیۆنی مێد – تیڤی (MED-TV) دەکات کە بنکەکەی لە لەندەنە و ئامادەییەکی چڕی هەیە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و هاوکاریی دارایی رێکخراوە کوردییەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکای باکووردا. پەکەکە چالاکییە سیاسییەکانی لە ئەوروپادا لە رێگەی بەرەی رزگاریخوازی کوردستانەوە ERNK ئەنجامدەدا. لەم مانگانەی دواییشدا چالاکوانانی کە پێشتر پەکەکە بوون و بەشێک بوون لە پەرلەمانی کوردستان لە تاراوگە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردیان (KNK) پێکهێنا.
دەوڵەتی تورکیا، بۆ خەفەکردن و سەرکوت کردنی ئەو جالاکییانەی پەکەکە سەرەوکاریین دەکات، پەیڕەویی ژمارەیەک سیاسەتی دەکرد. یەک لە گرنگترین ئەرکی کۆمەڵایەتی پەکەکە لەبەرانبەر چنگدان و ململانێی لەگەڵ دەوڵەتدا دابینکردنی ژیانی ئاسایی بوو لەو ویلایەتانەدا کە چڕیی دانیشتوانی کوردیان تێدا بەرز بوو. ئەو ناوچە کوردییەی باشووری رۆژهەلاتی ئەنەدۆڵ کە کوردی تێدا نیشتەجێیە لە نزیکەی بیست ساڵ لەمەوپێشەوە لەژێر باری نائاسایی هەرێمیدایە (کە بە ئۆهاڵ OHAL ناسراوە). شەڕکردن لەدژی پەکەکە بە پێی یاسای ئەحکامی عورفی بەڕێوەدەچوو تا جێبەجێ کردنی یاسای OHAL لە ساڵی 1987. ناوچەکانی یاسای OHAL ئەم شوێنانەی دەگرتەوە: بينگۆل، دياربەكر، ئیلازيگ، هەكاري، ماردين، سيرت، تونجەلي، وان و پاشانیش بەرفراوان کرا بۆ ئەوەی ئەم شوێنانەش بگرێتەوە: ئەديامان، بەدليس، مووش. لە ساڵی 1990یشدا، ناوچەکانی ئۆهاڵ OHAL باتمان و شرناخیشی گرتەوە. پاشان ئێلازیگ و ئەدیامان لە ناوچەی ئۆهاڵ لابران. ناوچەکانی OHAL ملکەچی رێوڕەسمێکی تایبەتی حکوومەتن و بەدەرن لە سەرپەرشتیی دادگای دەستووری وناوچەی OHAL بەر بنەمایەکی یاسایی و کارگێڕیی جیاواز دەکەون لە ناوچەکانی تری وڵات و ئەم بنەما یاسایی و کارگێڕییە جیاوازە ناسیۆنالیزمی کوردی زیاتر بەهێز کرد.
بەپێی ئامار و سەرژمێرییەکانی دەوڵەت، لە ساڵی 1984وە، لە ناوچەکەدا 4302 فەرمانبەری مەدەنی، 5018 سەرباز، 4400 خەڵکی سڤیل، 23279 «تێرۆریستی؟!» پەکەکە کوژراون و هەزارانیش بریندار بوون. هەروەها زۆرێک لە خێزانە کوردەکان رۆڵەکانیان لەدەستداوە و زۆرێکیش لە لاوانی کورد براونەتە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگی جوداخوازی، کەوا پەکەکە لە تەمەنی 15 بۆ 40 ساڵ بەسەرباز گرتوونی بۆ شەرکردن لەپێناوی دامەزراندنی دەوڵەتێکی جوداخوازدا25. نەوەیەکی تەواوی گەنجان لەدایکبوون و لەژێر سایەی ئەم کولتوورە خوێناوی و توندوتیژەدا بەخێوکراون. هەروەها هەزاران کورد وڵاتیان بەجێهێشتووە و بە دوای ئاشتی و ئارامیدا وێڵبوون و ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ونجڕونجڕ بوون و تەواوی هێڵەکانی درز و برینی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەسیاسی کراون. ئەمەش بە رۆڵی خۆی ویژدان و هۆشی کورد و ناسیۆنالیزمی ئیتنیکیی رادیکاڵی سیاسەتاوی کردووە. خەرج و باجی مرۆیی «تێرۆری» پەکەکە نەوەی نوێی گرتووەتەوە کە وێنەکەی لە دووتوێی بارودۆخی ئۆهاڵدا OHAL بەرجەستە بووە. بێجگە لەوەش سەرچاوەکان بژێوی لە ناوچەکەدا و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری وێرانبوون و لە ماوەی ئەم شەڕ و ململانێیەدا، حکوومەت نزیکەی چوار هەزار گوندی چۆڵ کردووە و رایگواستوون، ئەگەرچی هەندێکیش دەربازی بووە و نزیکەی ملیۆنێک کەس لەبەر هۆکاری ئاسایش گوێزراونەتەوە بۆ شارەکان26. ئەو خەڵکانەی بەناچاری لە گوندەکانیان دەرکران بوون بە سەرچاوەی سەرەکیی کێشە و گرفت لە شارە گەورەکاندا. تاوان لە شارە گەورەکاندا رووی لەزیادبوون کرد و زۆربەی تاوانباران ئەو گەنجە کوردە بێکارانە بوون کە هیوایەکی کزیان بە پاشەڕۆژ هەبوو و پێناچێت ئەم نیشتەجی نوێیانەی شار بگەڕینەوە بۆ گوندە وێرانکراوەکانیان. ناوچەکە لە رووی کردارییەوە بەشێک نیە لە تورکیا لە ئەنجامی ئۆهاڵدا OHAL، حکوومەتیش پێویستی بە کۆتاییهێنانی ئەم حاڵەتی لەناکاوەیە بۆ یەکخستنی وڵات.
ناکۆکی و ململانێ بوون بە هۆکاری لاوازی و کەلبوونی دەسەڵاتی یاسا و دەوڵەت باندی راستڕەوی پەڕگر و خەڵکی دەمارگرژی ئاینیی بەکاردەهێنا بۆ بەگژداچوونەوەی کوردە نەتەوەییەکان. بۆ نموونە، حیزبوڵڵا کە رێکخراوێکی ئوسووڵیی ئاینییە، ئەو چەک و چۆڵانەی بەکاردەهێنا کە حاکمی باتمان هاوردەی کردبوو27. ساڵح سەلمانی حاكمی باتمان لە ناوەڕاستی ساڵانی 1990کاندا رۆڵی کاریگەری هەبوو لە دامەزراندنی حیزبوڵڵادا، کە گرووپێکی تێرۆریستییە و باوەڕ وایە کەسانێکیان کوشتووە، گومان دەکرێت ئەندامی پەکەکە بووبێتن. بکوژە گەنجەکانی حیزبوڵڵا بە رۆژی نیوەڕۆ و بە ئاشکرا ئۆپەراسیۆنیان لە ویلایەتە کوردییەکاندا ئەنجامدەدا و هەموو ئەو کەسانەیان کردبووە ئامانج کە بەرهەڵستیی کۆماری ئیسلامیی کوردستانیان دەکرد. دەوڵەتی تورکی لە جەنگێکی قەدەغەکراودا تێوەگلابوو دژ بە چەکدارە توندڕەوەکانی پەکەکە و خۆی کەڕکردبوو لەو بەندوباوەی گوایە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی لەگەڵ بکوژانی حیزبوڵڵادا کار دەکەن. ئەندامانی حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی ئاسایی نەوەی یەکەمی کوردەکانی ناوەندە سەرەکییەکانی شارەکان بوون و ئەم حیزبە لە بنەڕەتدا رێکخراوێکی شارستانی بوو، کە ئامانجی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی کوردستان بوو لە رێگەی رووخاندنی رژێمی سێکولار لە تورکیادا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*