سەرەکی » مانشێت » حكومەتی عیراق رێكارەكان بۆ چاكسازی و بەدەنگەوەچوونی داخوازییەكان بگرێتە بەر

سەرۆك كۆمار و سەرۆكایەتییەكانی هەرێم ‌و لایەنەكان

حكومەتی عیراق رێكارەكان بۆ چاكسازی و بەدەنگەوەچوونی داخوازییەكان بگرێتە بەر

هەولێر-تەها عەبدوڵڵا

دوێنێ لەهەولێر، لە دوو كۆبوونەوەی جیادا؛ (سەرۆك كۆماری عیراق‌و هەرسێ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان‌و نوێنەری هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان. هەرسێ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان). گفتوگۆ كرا دەربارەی بارودۆخی عیراق‌و ئەگەرو پێشهاتەكان‌و كاریگەرییەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عیراق‌و هەرێمی كوردستان.

راگەیەنراوی كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمارو سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان‌و هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم
«ئەمڕۆ» سێشەممە 5/11/2019 بەئامادەبوونی بەڕێزان د.بەرهەم ساڵح سەركۆماری عیراقی فیدرال، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەستەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام درا بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی بارودۆخی عیراق و ئەگەر و پێشهاتەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی.
سەرجەم بەشدارانی كۆبوونەوە بە بایەخەوە سەیری ڕووداوەكانی عیراق دەكەن و پێیان وایە ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و ئیداریی عیراقدا ڕوودەدات، دەرئەنجامی كەموكوڕیی كەڵەكەبووی چەندین ساڵەی حوكمڕانی و جێبەجێنەكردنی دەستوور بووە، بۆیە لەكۆبوونەوەكەدا بە نیگەرانییەوە ئەو بارودۆخە هەڵسەنگێندرا، هاوكات داكۆكی لە مافی ڕادەربڕین و ئازادیی هاووڵاتییان لە داواكردنی مافەكانیان كرایەوە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرامبەر قوربانیانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان.
بەشداربووانی كۆبوونەوە لەگەڵ داوا ڕەواكانی خەڵكی عیراقن و پشتیوانن كە حكوومەتی عیراق ڕێكارە پێویستەكان بۆ چاكسازی و بەدەنگەوەهاتنی داخوازییە ڕەواكانیان بگرێتە بەر.
لە كۆبوونەوەكەدا پاراستنی سەقامگیریی عیراق و دامەزراوە دەستووری و یاساییەكانی بە پێویست زانرا، لەگەڵ ڕەچاوكردنی بارودۆخی ناوچەكە و ئەگەر و هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و هێزە توندڕەوەكان لەسەر عیراق، بەتایبەتی كاریگەرییان لەسەر‌ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوە تایبەت بوو بە هاوهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەشدارییەكی كاریگەر بۆ‌ چارەسەركردنی گرفتەكانی عیراق بەگشتی و داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و تەواوی پێكهاتەكان. لەمبارەیەوە جەخت لە هەوڵی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی عیراق لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانەكان و دەستەبەركردنی حوكمڕانییەكی دروست و هێنانەدی چاكسازی و رەچاوكردنی مافی هەموو پێكهاتەكان، كرایەوە.
بابەتی داواكاریی هەمواركردنەوەی دەستووری عیراق، تەوەرێكی دیكەی گرنگی كۆبوونەوەكە بوو. لەمبارەیەوە بەشدابووانی كۆبوونەوەكە جەختیان‌ كردەوە كە لە هەر هەموارێكی دەستووردا دەبێت سیستەمی فیدراڵی و ماف و ئازادییەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق و ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستووریەكەی پارێزراو بن.
بەشدارانی كۆبوونەوە جەختیان كردەوە كە ئەولەوییەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە و لایەنەكانی، پاراستنی سەقامگیری و دەستكەوت و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەردەوامیی پرۆسەی چاكسازی دەبێت و پشتیوانیی چاكسازییەكان لە عیراق دەكەن، لەو پێناوەشدا هەموو كوردستانییان دڵنیا دەكەنەوە كە بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كار دەكەن و دەسكەوت و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دەپارێزن.

راگەیەنراوی كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان
سەرلەبەیانیی «ئەمڕۆ» سێشەممە 5/11/2019 بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی خاتوو ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەرسێ سەرۆكایەتیی هەرێم، پەرلەمان و حكوومەت، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی ئێستای عیراق بەگشتی و ڕەنگدانەوەی لەسەر هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران، هەروەها ئەگەرەكانی هەمواركردنەوەی دەستووری عیراقی فیدرال خرایە بەر باس. لەمبارەیەوە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە كۆك بوون لەسەر بەوردی چاودێریكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلانی عیراق و هەرێمی كوردستان.
هەرسێ سەرۆكایەتی دووپاتیان كردەوە كە زۆربەی ئەو كێشانەی هەن بەهۆی جێبەجێنەكردنی دەستوورەوە دروست بوون، بۆیە هەمووان كۆك بوون كە هەر هەموارێكی دەستوور دەبێت مافە دەستووری و یاسایی و ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكانی عیراقی تیایدا پارێزراو بێت.
كۆبوونەوە جەختی كردەوە كە هەرسێ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی دۆخ و پێشهاتەكانەوە لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن و بە شێوەیەكی دەوری كۆدەبنەوە.

سەرۆکی هەرێم: هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەم بارودۆخەدا یەكهەڵوێست بێت
پاش كۆبوونەوەكانیش، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەو گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەكان‌و هەرسێ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی، خستەڕوو و رایگەیاند: كۆبوونەوەیەكی گرنگمان هەبوو بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی عیراق، كە هەمووان هاوڕابوون پاڵپشتی خۆپیشاندەران بكەن لەدابینكردنی خزمەتگوزاری‌و شەفافییەت‌‌و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، وتیشی: هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەم بارودۆخەدا یەكهەڵوێست بێت بۆ ئەوەی بتوانین یارمەتی عیراق‌و هاووڵاتیانی عیراق بدەین بۆ ئەوەی لەو نەهامەتییانە دەربچن، هاوكات پاڵپشتیی هەوڵەكانی چاكسازیی حكومەتی عیراق دەكەین‌و هیوادارین بەزوویی جێبەجێبكرێت.
وتیشی: دەستووری عیراق، تەوەرێكی كۆبوونەوەكان بوو، باس لەڕۆڵی لایەنەكان كرا لەنووسینەوەیدا، هەمووان تەئكیدیانكردەوە پاڵپشتی ئەو هەنگاوانە دەكەن كە بۆ باشكردنی بارودۆخی عیراق دەگیرێنەبەرو هەرچییەك لەبەرژەوەندیی تەواوی گەلانی عیراق بێت هەرێمی كوردستان پاڵپشتی دەكات، بەڵام هەمووان پێیانوایە لەدۆخێكی ئارامدا گۆڕانكاریی دەستووریی بكرێت‌و راشیگەیاند: حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی داناوە بۆ پرسی دەستوور، بەسەرۆكایەتیی وەزیری دادو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان‌و بەشداریی سەرۆك كۆمار.
پاشان، لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا، سەرۆكی هەرێم، وتی: لەسەر داواكاریی ئێمە، سەرۆك كۆمار ئامادەبوو، كە لەكۆبوونەوەكەدا د.بەرهەم باسی لەدۆخی ئێستای عیراق كرد.
نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی لەعیراق دەگوزەرێت كاریگەریی لەسەر ئێمەش دەبێت، ئێمە پشتگیریی لەهەموو چاكسازییەك دەكەین كە لەعیراق بكرێت‌و وتیشی: مەرجی پاراستنی كوردستان یەكدەنگی‌و یەكهەڵوێستییە.
ئەوەشی خستەڕوو كە بڕواناكەم كەس لەعیراقدا بیەوێت دەستكەوتەكانی هەرێم كەمبكاتەوە، چونكە ئەگەر ئامانج لەهەمواركردنی دەستوور، بەهێزكردنی عیراق بێت، ئەوا پێشێلكردنی مافەكانی كورد، كاریگەریی لەسەر ئەو بەهێزییە دەبێت.

هەر لەبارەی كۆبوونەوەكانەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك لە پۆستێكدا نووسیویەتی:
«لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، كە بەئامادەبوونی سەرۆك كۆمار و سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك و نوێنەری هێزە سیاسییەكان ئەنجامدرا، ڕەوشی ئێستای عیراقمان تاوتوێ كرد و پشتیوانی خۆمان دووپاتكردەوە بۆ چاكسازییەكانی حكومەتی فیدراڵ و ئەو هەنگاوانەی كە خواست و داواكاریی خۆپیشاندەران بەدی دەهێنن لەگەڵ پاراستنی گیان و مافیان لە دەربڕینی ئازادانەی بیروڕاكانیان.
بابەتی داواكاریی هەمواركردنەوەی دەستووری عیراق، تەوەرێكی دیكەی گرنگی كۆبوونەوەكە بوو. لەمبارەیەوە بەشدابووانی كۆبوونەوەكە جەختیان‌ كردەوە كە لە هەر هەموارێكی دەستووردا دەبێت سیستەمی فیدراڵی و ماف و ئازادییەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق و ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستووریەكەی پارێزراو بن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*