دەردە دڵ

هه‌میشه‌ باوكه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كان جوان ‌و ده‌گمه‌ن ‌و هه‌مه‌ ڕه‌هه‌ندن له‌ داهێناندا. دامه‌زرێنه‌رن له‌ هه‌موو كه‌رت ‌و بواره‌كاندا. ئه‌هلی قه‌ڵه‌م ‌و ئه‌هلی ئه‌ندێشه‌ ‌و فڵچه‌ی تابلۆی گشتگیرن. كاره‌كانیان ده‌بێته‌ بنتەمه‌ڵ ‌و له‌سه‌ر كۆششی ئه‌وان بینا ‌و ته‌لاری به‌رز ‌و پته‌و باڵا ده‌كه‌ن.
میشال شیحا نووسه‌ر ‌و رۆژنامه‌نووس و بیرمه‌ندێكی ده‌گمه‌ن ‌و گومناوی ره‌وتی فیكری ‌و سیاسی لوبنانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆماره. دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م ‌و دووه‌م. (شیحا) جگه‌ له‌ خزمه‌تی گشتی بۆ چاكه‌ی شه‌ئنی گشتی له‌ وڵاته‌كه‌ی نووسه‌ر ‌و رۆژنامه‌نووسێكی چالاك ‌و بزێو ‌و قووڵ بوو. شیحا به‌ نووسینه‌كانی كه‌ زۆرینه‌یان به‌ فه‌ره‌نسی ده‌ینووسین بنه‌غای لوبنانێتی ‌و گه‌ڵاڵه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ری ‌و ده‌ستورێتی حوكمی له‌وێ دانا. بیره‌كانی شیحا فه‌زای گشتی وڵاتی خۆی ته‌نییه‌وه‌ ‌و بووه‌ جێی حورمه‌ت ‌و سه‌نگ په‌یداکردن، هه‌م بۆ خۆی ‌و هه‌م بۆ وڵاته‌كه‌ی. ئه‌ندێشه‌ی شیحا له‌ ناو نووسینه‌ سیاسی ‌و فیكرییه‌كانی ره‌نگیدایه‌وه‌ ‌و فه‌زای نیشتمانیی لوبنانی ته‌ی كرد. ئینجا هه‌ر به‌و تینوتاوه‌وه‌ ستوونێكی سه‌ره‌كی ‌و پته‌وی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری ئه‌و كاته‌ی لوبنانی بوو كه‌ خۆی بۆ دوای داگیركاری فه‌ره‌نسی ساز ده‌كرد. میشال شیحا به‌ زمانی فه‌ره‌نسی كه‌ زمانی داگیركه‌ره‌كه‌یه‌تی، به‌ نه‌رم ‌و نیانی حوجه‌ی به‌ به‌هانه‌ نه‌هێشت ‌و مورافه‌عەی فیكری له‌سه‌ر دوارۆژی لوبنان ده‌كرد. ساڵی 2007 كه‌ له‌ به‌یروت بووم دوو كتێبیم كڕی: خواتر (1943-1946) (فی السیاسه‌ الداخلیه‌).دوایی له‌ هه‌لێكی گفتوگۆدا ئه‌مین قه‌موریه‌ی رۆژنامه‌نووسیی لوبنانی شه‌رحی زیاتری دامێ له‌سه‌ر میشال شیحا كه‌ چۆن بیرۆكه‌كانی بوونه‌ یه‌ك له‌ دینگه‌ پته‌وه‌كانی ناسنامه‌ی لوبنانێتی. ئه‌گه‌رچی نووسینه‌كانی شیحا له‌ فه‌ره‌نسییه‌وه‌ وه‌رگێڕاون، به‌ڵام وه‌رگێڕه‌كانی هه‌ر دوو كتێب به‌ زمانێكی په‌خشان ئامێزی وا به‌رز هێناویانه‌ته‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی کە خۆش دێنه‌ به‌ر گوێ ‌و به‌ر دید ‌و دڵ. باوكه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانی وه‌ك شیحا سه‌رمایه‌ن بۆ وڵاتی خۆیان ‌و هه‌ر وڵاتێك، مانه‌ندی وڵاتی ئێمه‌، رووی له‌ خۆسازدان ‌و خۆ بینا كردنه‌وه‌ بێت.
تا ئه‌مرۆی گرفتی لوبنان تێبگه‌ین، گرنگه‌ ئه‌وانه‌ی تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌یان هه‌یه‌ میشال شیحا بخوێننه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*