سەرەکی » دۆسێ » سوود و زيانه‌كانى سيستمى كـۆتـا بۆ پێگه‌ى ژن

سوود و زيانه‌كانى سيستمى كـۆتـا بۆ پێگه‌ى ژن

شاناز هيرانى

وه‌ك ئاشكرايه‌ رۆڵى ژنان له‌ناو كايه‌ى سياسيدا، تا ئێستا رۆڵێکی پەراوێز خراو و لاواز بووه‌، بەشداری سیاسی ژنان لە ئاستێکی نزمدايه‌. دياره‌ ئه‌مه‌ش چه‌ندين فاکتەرو هۆکارى خۆى هه‌يه‌ كه‌ وايكردووه‌ ئەم پەراوێزخستن و ئاست نزمییه‌ تا ئێستا به‌زه‌قى هه‌ستى پێبكرێت له‌ كوردستاندا. لەوانە: داب و نه‌ريتى کۆمەڵگا و هەژمونی پیاوسالاری و بێ متمانه‌يى خودى ژن به‌خۆى. جگە لەو فاکتەرانە، لەوانەیە گرنگترین فاکتەر بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە گەمەی سیاسی و بەشداری سیاسی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، چ پێشتر و چ ئێستا، گەمەیەکی نێرینەیی بوه‌و و زیاتر بە شیاوی پیاو بينراوه‌ نه‌ك ژن. ئەمە جگە لە بوونی دەیان یاساو رێساو بنەمای پیاوسالاری کە لە تواناو وزەی ژنى کەم كردۆته‌وه‌ و بونه‌ته‌ بەربەست لەبەردەم ژن، تا نەتوانێت بە ئاسانی بڕواتە نێو کێبرکێی گەمە سیاسییەکان.
كۆتا، كه‌ زاراوه‌يه‌كى‌ سیاسیی نوێیه‌یه‌ و تا به‌م دواييانه‌ بونى نه‌بوو، بۆيه‌ مۆدێله‌كه‌شى تا ڕاده‌يه‌ك له‌ هه‌موو جیهان نوێیه‌. دياره‌ له‌ عیراقيش دواى روخانى ڕژێمى به‌عس و هاتنى ئەمەریكا بۆ عیراق ئه‌م دیارده‌ سیاسییه‌ بونى نه‌بوو، كه‌ تایبه‌تمه‌ندیى هه‌یه‌ بۆ ره‌گه‌زێكى دیاریكراو یان كه‌مینه‌ى پێكهاته‌ى ئایینى یان نه‌ته‌وه‌یى كارى پێكراوه‌ سه‌ره‌تا، به‌ڵام دواتر ئه‌م زاراوه‌یه‌ هاته‌ ناو فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتى سیاسيه‌وه‌ به‌ كوردستانيشه‌وه‌ و تایبه‌ت كرا به‌ مافى ژن له‌ پڕۆسه‌كانى هه‌ڵبژاردندا، گرێدرا به‌ رێژه‌ى هاتنى ژماره‌يه‌كى دياريكراوى ژنان بۆ ناو پرسى سياسى، چونكه‌ ژنان به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى خۆیان به‌شدارییه‌كى كاریگه‌ر و به‌رچاویان نییه‌ له‌ سياسه‌تدا و وه‌كو غه‌ریزه‌یه‌كى گرنگى جێنده‌رییش ته‌ماشاى ناكه‌ن، كه‌واته‌ چانسى به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگى زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌نگده‌ریان نییه‌ له‌ پرۆسه‌كانى هه‌ڵبژاردندا، چ له‌ كۆنگره‌ حزبيه‌كان بێت، يان بۆ په‌رله‌مانه‌كان بێت، بۆ؟ چونكه‌ له‌ ئاستى گشتیدا كاتێك سیاسه‌ت هه‌موو لایه‌نه‌كانى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات، ئه‌وان ناچنه‌ ژێر بارى ئه‌وه‌ى كه‌ ژنان ببنه‌ به‌شێك له‌و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییانه‌ى ره‌نگه‌ كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر دروستكردنى بڕیارى سیاسى، بۆیه‌ ده‌بینین ژنان له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا سیستمى كۆتایان بۆ پەیڕەو دەکرێ، لە زۆربەی جاريشدا ده‌نگى پياوانيان خواردووه‌. به‌ داخه‌وه‌ زۆربه‌ى جاريش ئه‌م سيستمه‌ زيانى به‌ خودى پرسى ژن گه‌ياندووه‌، چونكه‌ ژنانێك هاتونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و پۆستيان پێدراوه‌ كه‌ تواناى راگرتنى باڵانسى ئه‌و پۆسته‌يان‌ نه‌بووه‌!!
هه‌مومان ده‌زانين تا ئێستا سیاسه‌ت له ‌ژێر كۆنتڕۆڵ و هه‌ژمونى گوتارى پیاوانه‌ و هه‌ر ئه‌وان زاڵن به‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ى سياسه‌ته‌كان، كۆتاش بۆ به‌شداری پێكردنى ئه‌و ژنانه‌یه‌ كه‌ له‌ مه‌كته‌ب سیاسییه‌كانه‌وه‌ ته‌نیا بۆ جوانكردنى سيماى سیاسه‌ت له‌ حزبه‌كان و رێكخراوه‌كان به‌كار ده‌هێنرێت، نمونه‌ش بۆ ئه‌وه‌: حزبه‌كانه‌ كاتێك ئه‌و ژنانه‌ ده‌كه‌نه‌ كانديد كه‌ روخساریان گونجاوە‌، یان ئه‌وانه‌ى كه‌ سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌يه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ند و ناودارن، بێ ئه‌وه‌ى باگراوندێكى سياسى قوڵيان هه‌بێت، يان شاره‌زا بن له‌ گه‌مه‌ سياسيه‌كان. دياره‌ دواجار ره‌زامه‌ندبونيش به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ سیاسییه‌ ته‌نيا له‌ خزمه‌ت سیاسه‌تدایه نه‌ك له‌خزمه‌ت ژن خۆى‌، جگه له‌وه‌ش‌ بچوكردنه‌وه‌ى رۆڵى ئه‌و ژنه‌يه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى. دواتريش كاريگه‌رى ته‌واوى به‌سه‌ر ژنانى تريشدا دروست ده‌كات، چونكه‌ به‌ نوێنه‌رى خۆيان حسابى بۆ ده‌كه‌ن.
تا ئێستا ئه‌و فشارانه‌ى كه‌ بۆ هاتنى ژنان بۆ ناو مه‌يدانى سیاسه‌ت و به‌تایبه‌تیش ده‌ركه‌وتنى ژنان له‌ پەرلەمان به‌ رێژه‌ى 25 % هه‌ر پێشنیازى پیاوان بووه‌، نه‌ك خودى ژنان خۆيان. وه‌كو یاسایه‌كيش له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردندا جێگير كراوه‌، نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ى ژنان كه‌م تا زۆر به‌گشتى و به‌ ده‌سته‌بژێرێك كه‌ به‌ ناوى ژنانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن فه‌راهه‌ميان كردبێت. ئه‌وه‌شى كه‌ به‌ خۆڕسك به‌ناوى به‌رگرى له‌ مافى ژنان قسه‌ ده‌كات، فشارى خۆیانه‌ یان جه‌ماوه‌رییه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌ده‌ست بهێنن و ببێته‌ ده‌ستكه‌وتێكى سیاسى و له‌وێشه‌وه‌ ببێته‌ مێژوویه‌ك كه‌ ژنان بۆ خۆیان شانازیى پێوه‌ بكه‌ن و هه‌وڵى زیاتر بده‌ن. بۆ نموونه‌ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عیراق و له‌دواى روخانى رژێمى به‌عسه‌وه‌، یه‌كه‌مین جار ئه‌نجومه‌نى نیشتمانیى عیراق كاتێك دروست بوو له ‌100 كه‌س پێكهاتبوو. 25یان ئه‌نجومه‌نى حوكم بوون، 3 ژن له‌ناويدا هه‌بوو. دواتر پێشنيازى هێنانى نزيكه‌ى 22 ژن كرا، به‌ڵام به‌ رێكکه‌وتنى نێوان حزبه‌كان بوو.
به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا به‌شداریكردنى سیاسى ژنان مه‌رجداره‌ و په‌يوه‌سته‌ به‌ سياسه‌ت و ئايديۆلۆژياى ئه‌و حزبه‌ى كه‌ تێيدا كار ده‌كات و هيچ كاتێك سياسه‌تى خۆى په‌يڕه‌و نه‌كردووه‌ كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى سياسه‌تى ژن بێت، به‌ڵكو پێويسته‌ ملكه‌چى ئه‌و سیاسه‌ته‌ بێت كه‌ پیاوان به‌ قازانجى گوتارى خۆیان داديده‌ڕێژن، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ى ژن زۆربه‌ى جار ئه‌مه‌ ره‌ت ده‌كه‌ينه‌وه‌ و دوباره‌ى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ژنانیش به‌توانا و ئیراده‌ی خۆیان به‌شداریى سیاسى ده‌كه‌ن و به‌ ده‌نگى خۆیان ده‌چنه‌ ئه‌و پۆست و پێگه‌‌ سیاسییانه‌ى كه‌ كارى تێدا ده‌كه‌ن.
به‌م دوايانه‌ش به‌تايبه‌تى له‌چه‌ند به‌شێكى كوردستان (رۆژئاواى كوردستان و باكور به‌تايبه‌تى) حزب و ناوه‌نده‌ سياسيه‌كان فشارى زیاتریان كردووه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و له‌ رێگه‌ى راگه‌یاندن و سۆسيال ميدياوه‌ كار كراوه‌ بۆ هاتنه ‌پێشه‌وه‌ى ژن و ره‌وێنه‌وه‌ى مه‌ترسى بۆ ده‌ركه‌وتنى ژنان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، ئه‌م دیارده‌یه‌ش‌ سه‌ره‌تا له‌نێو حزبه‌ چه‌پ و ماركسيه‌كان زياتر ره‌نگى دابوه‌وه‌، به‌ڵام دواتر حزبه‌ ئیسلامییه‌كانيشى گرته‌وه‌.
دواجار: كێشه‌ى لاوازى به‌شدارى ژنان له‌ پرۆسه‌ى سياسى و گه‌يشتنى به‌ پێگه‌ى دروستكردنى بڕيار، تا ئێستا يه‌كێكه‌ له ‌ گه‌ورەترين كێشه‌كانى به‌رده‌م ژن. بۆيه‌ ده‌بينين رێژه‌ى به‌شدارى ژنان له‌ كايه‌ى سياسيدا له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێك، يان له‌ حزبێكه‌وه‌ بۆ حزبێكى تر جياوازى هه‌يه‌. بۆيه‌ زۆربه‌ى جار په‌نا بۆ سيستمى كۆتا براوه‌ بۆ زيادكردنى رێژه‌ى ژن له‌ ناو حزب و ئه‌نجومه‌نه‌كان و په‌رله‌مانه‌كان، وه‌ك چاره‌سه‌رێكى كاتى و پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و رێژه‌يه‌ى بۆ ژن دانراوه‌. ئه‌م سيسته‌مه‌ش ده‌رگاى به‌سه‌ر مشتومڕێكى زۆر كردۆته‌وه‌ و پرسيارگه‌لێكى وروژاندووه‌: ئايا ئه‌م سيستمه‌ توانيويه‌تى رۆڵێكى ئيجايى هه‌بێت له‌م ڕووه‌وه‌ و به‌شداريه‌كى سياسى كاراى بۆ ژنان خولقاندووه‌!!
بۆيه‌ يه‌كێك له‌ كێشه‌كانى كۆتا بريتيه‌ له‌: دياريكردنى سه‌قفى به‌شدارى سياسى ژنان، چونكه‌ زۆرجار رێژه‌ى به‌شدارى ژنان له‌و رێژه‌يه‌ى دياريش كراوه‌ چ له‌ ياساكان، يان له‌ده‌ستوره‌كان وه‌ك پێويست نييه. بۆيه‌ زۆربه‌ى جار كۆتا وه‌ك خۆ لادان له‌ سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ى كه‌مى ژنان به‌كار دێت، نه‌ك بۆ هێنانى ژنى شايسته‌ و به‌توانا، يان به‌هۆى ئه‌و رێژه‌يه‌ى كه‌ حزبه‌كانى بۆ خۆيان ديارى ده‌كه‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*