سەرەکی » وەرزش » ماوەی سزاكەی كۆتایی هات

ماوەی سزاكەی كۆتایی هات

ئەلیسكاندەر سیڤرینی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا دوپاتیكردەوە ماوەی سزاكەی میشێل پلاتینی سەرۆكی پێشووی یوفا كۆتایی هاتووە و دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ كاركردن لە بواری تۆپی پێ دا.
پلاتینی بەهۆی تێوەگلان لە كەیسێكی وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ بۆ ماوەی 48 مانگ سزادرا كە لەو ماوەیە بۆی نەبوو لە هیچ بوارێكی تۆپی پێ كار بكات و تەنانەت قسەشی لە بارەوە بكات، بەڵام دواجار سزاكەی كۆتایی هات.
لەو بارەیەوە سیفرین وتی: سڕكردنی میشێل پلاتینی كۆتایی هاتووەو دەتوانێت هەر كارێك بكات كە خۆی دەیەوێت جگە لە بون بە یاریزان، پێم وایە ئەو تەمەنی زۆرەو ناتوانێت یاری بكات.
پلاتینی پێشووتر لای خۆیەوە رایگەیاندوە دەیەوێت دوای كۆتایی هاتنی سزاكەی بگەڕیتەوە بۆ كاركردن لە بواری تۆپی پێ.
ماوەتەوە بڵێین پلاتینی بۆ ماوەی 8 ساڵ سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا بووەو دواتریش پاڵێواری یەكەم بوو بۆ بوون بە سەرۆكی فیفا، بەڵام بەهۆی تۆمەتێكی گوماناویەوە دوورخرایەوە.

پلاتینی هێرشدەكاتە سەر ڤار
دوای كۆتایی هاتنی سزای راگرتنەكەی كە ماوەی 48 مانگی خایاند میشێل پلاتینی ئەستێرەی دیاری تۆپی پێ هێرشی توندی كردە سەر بەكارهێنانی ڤار لە تۆپی پێ و ئاماژەی بەوەشدا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ كاركردن لە بواری تۆپی پێ.
پلاتینی لە یەكەم لێدوانی دوای كۆتایی هاتنی سزاكەی وتی: بوون بە یاریزانی تۆپی پێ خۆی لە خۆی دا خەونێكە، كاتێكیش كاروانی وەرزشیت كۆتایی دێت دەبێتە كەسێكی بەرپرس.
پلاتینی وتیشی: دوای كۆتایی هاتنی ماوەی سزاكەم لە ناخەوە هەست دەكەم كەسێكی ئازادم، بەڵام هەرگیز لە جیهانی تۆپی پێ دوورنەكەوتومەتەوە، بەڵام وادیارە دادپەروەری نایەوێت ببم بە سەرۆكی فیفا.
وتیشی: قەدەری من گۆڕینی شتێك بوو، بۆ ماوەیەكی زۆر ئازارم چەشت، چونكە زۆر لە شتەكان ئاشكراو روون نەبوون، بەڵام دواتر دركم بەوە كرد ئەمانە لەكوێوە سەرچاوەیان گرتووە، بەخۆمم وت پێویستە بەرگری لەخۆم بكەم، تا دواجار بەبێ تاوان لەقەڵەمدران لە دادگای سویسرا، كەچی دوای ئەوەش هێرشكرایەوە سەر.
پلاتینی لە كۆتاییدا ناڕەزایی خۆی لەسەر بەكارهێنانی ڤار دەربڕی و رایگەیاند كە چێژی تۆپی پێ دەكوژێت و وتی: پێم وانیە ڤار هیچ شتێك رێكبخات، هەنێك كات پێویستیان بە 30 دەقیقە هەیە بۆ رونكردنەوەی حاڵەتێك، بۆیە رازی نیم لەسەری و بە بێ نرخ و بێ بەها سەیری دەكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*