سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ره‌فتارەوە تا روخسار

له‌ كۆنگره‌ی چواره‌م

نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ره‌فتارەوە تا روخسار

-2-

وەك لەبەشی پێشتردا یەكێك لەفاكتەرە بنەڕەتییەكانی هەستانەوەی یەكێتیمان بەستەوە بە دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە، ئەوا پێویستە روونتر ئەم مەسەلەیەو كاریگەریەكانی لەژیانی رێكخراوەیی و مێژوویی سیاسی یەكێتی هەڵدەینەوە.
حەقیقەتێكی تاڵی بەرجەستەكراو لەنێوان مێژوویی یەكێتی و رووداوی كۆنگرە هەیە كە نابێت چاوپۆشی لێبكەین و بیدەینە دەست هێڵەكانی عاتیفەو خۆمانی لێ گێل بكەین، بەوەی كە مێژووی یەكێتی تاڕادەیەك نامۆیە بە كۆنگرەو لەماوەی 45 ساڵەی عومریدا تەنها سێ‌ كۆنگرەی بەستوە، كە بەپێی پێوەری پارتی سیاسی و پرەنسیپەكانی نوێگەری و تەوزیفكردنەوەی ئاراستەیەكی دیموكراسی سەراپاگیر بەلایەنی كەمەوە دەبوایە ژمارەی كۆنگرەكانی سێ‌ هێندە بوونایە. ئەمە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە دەزانین یەكێتی پێنج پلینیۆم و بەر لەڕاپەڕینیش هەریەك لەمینبەر و رێكخراوە جیاوازەكانی كۆمەڵەو شۆڕشگێڕان و بزووتنەوەی سۆشیالیست كۆنفرانسی تایبەت بەخۆیان گرتووە. لەمەش زیاتر ئەگەر وردتر سەروكاری سەروبەندی بەستنی هەرسێ‌ كۆنگرەكە بكەین دەبینین كۆنگرەی ئاسایی بوون، بەڵام لەكاتێكی شڵۆقی ناوخۆیی حزب و فەزایەكی شڵەژاوی دەرەكی كوردستاندا، كە ئەمە بەو مانایە نایەت كە نابێت كۆنگرە لەكاتی نائاساییدا ببەسترێت، بەڵكو بەو مانایە دێت كە كۆنگرەكان ناوی ئاساییان لێنراوەو لەدۆخێكی تاڕادەیەك پێچەوانە بەستراون و هێندەی كاراكتەرەكانی كۆنگرە بەگفتوگۆی دۆخەكەو فەزا نائاساییەكەیەوە سەرقاڵ بوون، بە نیو هێندە لەسەر میكانیزمەكانی سەركەوتن و تەوەرەكانی كۆنگرە، رانەوەستاون.
لەم سۆنگەیەوە، كۆنگرەی یەك؛ لەدوای سەركەوتنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی و سەردەمی حوكمڕانی و دنیای نوێی راپەڕین بوو، هەروەك لەلایەكی دیكەوە كۆنگرەی ساغكردنەوەی رێكخراوە جیاوازەكان بوو لەناو یەكێتیدا و بەم پێیەش بەشی شێری رۆژانی كۆنگرەو گفتوگۆی هەڤاڵەكانی بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەمە تەرخانكراو تاڕادەیەك ئەو مەسەلە گرنگانەی كە پەیوەندیان بە ژیانی نوێی حزبایەتی و ئیستیعابكردنی جەماوەر و ئامادەسازی بۆ ململانێكانی هەڵبژاردن و رێگەكانی گەشتنە دەسەڵات لەپرۆسەی دیموكراسی دوای راپەڕیندا فەرامۆشكران و لەماوەی كەمتر لەشەش مانگی دوای كۆنگەرەی یەك؛ یەكێتی گەورەترین باجی ئەمەی لەهەڵبژاردنەكانی 19ی مایسی 1992 دا و بەسوپاسەوە رازیبوو بەشێوازی فیفتی بەفیفتی دەسەڵات بگرێتەدەست لەگەڵ نەیارەكەی، لەكاتێكدا خودی یەكێتی لەدوای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ بۆ راپەڕین خاوەنی پانتاییەكی فراوان لە جەماوەرو ناوچەی ئازاد و پێشەنگی خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسی كورد بووە، دواجار بەرنامەی راپەڕینیشی لەهەلومەرجێكدا داڕشت كە هێزەكانی دیكە وەك سەراب لەئاكامەكەیان دەڕوانی.
دووەمین كۆنگرەی یەكێتی كە لەدوای رووداوە نەخوازراوەكانی شەڕی ناوخۆو ئەو لێكەوتە نەرێنیانە بوو كە لەسەر رووداوی راپەڕین و دەستكەوتەكانی كەوتنەوە، كۆنگرەیەك بوو، كە زیاتر ئاسەوارەكانی ململانێكە و چۆنیەتی تێپەڕاندنی قۆناغێكی دژوار و گەشتنە سەردەمێكی ئاشتی تۆكمە بە رەنگ و رووخساریەوە دیاربوو، هەروەك لێرەو لەوێ‌ رەخنەی ناوخۆیی لەشێوازی كارلێككردنی سەركردایەتی لەگەڵ گۆڕانكارییەكان دەركەوتبوون، بەتایبەتی كە لەدەرهاویشتەی دەستتێوەردانی هێزی دەرەكی و رژێمی ئەوسای عیراق، یەكێتی پایتەختی هەرێم و پانتاییەكی فراوانی جوگرافی لەدەستدابوو، هەربۆیە لەبری ئەوەی بەرنامەكانی كۆنگرە بەدۆزینەوەی ئەو هێڵانەوە سەرگەرم بن كە گرفت و كێشەكان چارەسەر بكات و دەنگی رەخنەو ناڕەزایەتییەكان كەمبكاتەوە و خۆی بۆ قۆناغی دوای رێكەوتن لەگەڵ پارتی و گەڕانەوەی دامودەزگاكان و كادیرانی یەكێتی بۆ ئەو ناوچانەی كە لەدەستیدابوو، كار لەسەر ئاوێزانبوونەوەی لەگەڵ جەماوەرەكەی بكات و پلانی تۆكمە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری دابنێت، جارێكی دیكە دەستەگەری دەستی خستە بینەقاقەی كۆنگرەو ئەوەندەی نەبرد ئیمزا و یاداشت بەرزكردنەوە دەستیپێكرد و بووە مۆدێلی داڕووخانی یەكێتی لەبری ریفۆرم و هەستانەوە.
سێیەمین كۆنگرەش وەك ئەوانی دیكە لەناو تەم و غوباری تەقینەوەی قەیرانە ناوخۆییەكان بەستراو جیابوونەوەی جێگری سكرتێری گشتی ئەوكات و ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و دەیان كادیری پێشكەوتوو و دابەزینیان بە لیستی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەكانی مانگی تەمموزی 2009، لەسەر لاشەی یەكێتی بەسترا. لەناو رەوشێكی پڕ لەگرفت و تەمومژاوی لەو چەشنەدا و پاش 10 ساڵ، كۆنگرەی سێ‌ ئەوەندەی هەڵوەدای بەستنەكەی و روونەدانی جیابوونەوەی دیكە و شەرعیەتدانی دوورخستنەوەی ئەوانە بوو، كە وازیان هێنا بوو لەسەركردایەتی، كەمتر لەمە سەرگەرمی داڕشتنی بەرنامەی ئایندەو داننان بوو بەوەی كە لەمەودوا و لەزۆنی سەوزدا ركابەری راستەقینە دەركەوتووەو پێویستە كار لەسەر گەشەنەكردن و لاوازكردنی بكرێت و نەبێتە بەدیلی یەكێتی.
هەموو راستییەكانی سەرەوە، زادەی ئەو بیرۆكەیە نین، كە یەكێتی سەركەوتوو نەبووە لەكۆنگرەكانیدا، بەڵكو لەم تەرزەدا ئاماژە بە دوو خاڵی گرنگ دەكرێت:
یەكەم: زۆربەی كاتی كۆنگرەكان بە مەسەلەی چۆنیەتی دەنگ كۆكردنەوە و كارت دابەشكردن و سەرقاڵی ئەندامان بە هەڵبژاردنەوە كوژراوە، لەبری گفتوگۆی جدی لەسەر فكر و سیاسەتی ئایندەو ستراتیژێكی دوورمەودای عەقڵانی، كە بەلایەنی كەمەوە تاكۆنگرەیەكی دیكە حزب لە قەیران و ئاریشەكان بپارێزێت و ئاسۆی سەركەوتنی دیاریبكات، ئەمە سەرباری ئەوەی كە:
دووەم: ئەو پەیڕەو و پرۆگرامەی كە یەكێتی لەدوای هەریەك لەكۆنگرەكانییەوە پەسەندیكردووەو بۆتە دەستووری حزبەكە، تاڕادەیەكی زۆر زانستی و سەردەمیانە بووەو وەڵامدەرەوەی بەشێكی دیار لە داخوازی و كێشە سەرەكییەكانی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئایینی و سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و كۆمەڵایەتی و رووناكبیرییەكانی كۆمەڵی كوردستان بووە، بەڵام ئەوەی گورزی لەكۆنگرە داوە جێبەجێنەكردنی پەیڕەوەكەو پەراوێزخستنێتی لە ژیانی رێكخراوەیی و پرەنسیپە گشتییەكان و ئامانجە باڵاكانی.
سەرباری ئەوەی كە دەبێت هێما بۆ ئەو راستییە بكەین كە كۆنگرە ئەو عەسا سیحریە نییە كە بتوانێت لەماوەیەكی دیاریكراودا كۆی گرفت و كێشەكانی یەكێتی یەكلابكاتەوە بەتایبەتی وەك باسمانكرد كە هەندێكیان رەگێكی مێژوویان هەیەو باكگراوندەكەی بۆ سەروبەندی هەرسێ‌ كۆنگرەكەی دیكە دەگەڕێتەوە و هەروەها ئامادەنەبوونی سەرۆك مام جەلال، ئەوەندەی دیكە ئەركی كۆنگرەكەو بەرپرسیاریەتی ئەندامەكانی، زیاتر دەكات، بەڵام لەپەیوەندیدا بە چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی كە بەهەمانشێوە لە ژانی رووداوە كتوپر و كاریگەرەكانی رابردوو بڕیاری لەسەر دراوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێك لە هۆكار و ئامانجەكانی بەستنی؛ بەدیبهێنێت، گرنگە هەردوو مەسەلەی سەرەوە بەچاوی بایەخەوە وەربگیرێت و هەڵبژاردن و بردنەوەی فڵان و فیسار ئەندام نەكرێتە تەوەری سەرەكی بەرنامەكانی كۆنگرە، هەروەها لە مەودای زەمەنیی خۆیدا راسپاردە پەسەندكردووەكانی كۆنگرە وەك ئیرادەی ئەندامەكانی پەراوێزنەخرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*