سەرەکی » وتار »  ‌عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌ » ئه‌و تێزه‌، عه‌مه‌لی نییه‌!

شیكار

ئه‌و تێزه‌، عه‌مه‌لی نییه‌!

بۆ ده‌ربازبوون له‌هه‌لومه‌رجی ئێستای باشووری كوردستان، پرسیار ئه‌وه‌ نییه‌: حكومه‌تی كاتی، تێزی چ گروپێكی سیاسییه‌؟. قسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كات به‌خێرایی ئه‌ڕوا، فشاره‌ سیاسی‌و ئابوری‌و داراییه‌كانیش له‌سه‌ر حكومه‌ت‌و خه‌ڵكیش قورستر ئه‌بن. حكومه‌تی كاتی، له‌بنه‌ڕه‌تداو له‌ئه‌زموونی گه‌لان، له‌سێ حاڵه‌تدا پێكده‌هێنرێت: شۆڕشێك له‌وڵاتدا روویدابێت، یان كوده‌تایه‌ك كرابێت، یان وڵات رووبه‌ڕووی داگیركارییه‌كی ده‌ره‌كیی بووبێته‌وه‌، زۆرجاریش له‌نێوان گواستنه‌وه‌ له‌ڕژێمێكی سیاسییه‌وه‌ بۆ رژێمێكی سیاسیی تر دێته‌ئاراوه‌، له‌نموونه‌ی حكومه‌تی كاتیی سه‌رده‌می پۆل پریمه‌ر (2003-2005ز) له‌عیراقی دوای به‌عس (1968-2003)، یان حكومه‌تی كاتیی روسیا له‌كاتی گواستنه‌وه‌ی له‌ڕژێمی تزارییه‌وه‌ (1533-1917ز) بۆ رژێمی كۆمه‌نیستی، یان حكومه‌تی كاتیی سه‌رده‌می دیگۆل تا كاتی پێكهێنانی كۆماری چواره‌می‌ فه‌ره‌نسا دوای كۆتاییهێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی نازیزم له‌و وڵاته‌ له‌به‌هاری (1944ز).
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه‌، ئه‌و سێ جۆره‌ له‌ڕووداو له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا روویاننه‌داوه‌، نه‌ شۆڕش‌و نه‌ كوده‌تاو نه‌ داگیركاریی ده‌ره‌كییش، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی سوپای عێراق له‌ناوچه‌كانی جێی ناكۆكیدا، به‌خه‌یاڵدانێكی نه‌ته‌وه‌یی، داگیركردنی به‌شێكی باشووری كوردستان بێت، ئه‌وا به‌فه‌رهه‌نگی ده‌ستوریی عێراقیش كه‌ له‌گشتپرسییه‌كه‌ی ساڵی(2005ز) به‌شداریمان تێداكردو ده‌نگمان بۆدا، به‌ناوچه‌ی جێی ناكۆكی ئه‌ژمێردرێت، بۆیه‌ وشه‌ی‌ داگیركاریی هه‌ڵناگرێت به‌و پێیه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵ، له‌عێراق بێت، یان له‌وڵاته‌ دیموكراته‌كانی جیهان، مافی جوڵه‌پێكردنی سوپای له‌سه‌رتاسه‌ری خاكی وڵاتدا هه‌یه‌، چ جای له‌نموونه‌ی ناوچه‌كانی جێی ناكۆكی، كه‌ هێشتا له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵین نه‌ك هه‌رێم.
كه‌واته‌، به‌هه‌موو ئه‌و پێوه‌رو ئه‌زموونانه‌، رووداوێك له‌ئارادا نییه‌ پاساو بێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێستای هه‌رێم‌و پێكهێنانی حكومه‌تێكی كاتی. راسته‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌پێشكه‌شكردنی فه‌رمانڕه‌واییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و دوور له‌قه‌یران، راستیشه‌، كه‌ دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی بنه‌بڕ نه‌كردووه‌و به‌هۆی قه‌یرانی داراییشه‌وه‌ متمانه‌ی له‌لای هاووڵاتیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌شی چاره‌سه‌ر نییه‌، به‌تایبه‌تی، كه‌ چه‌ند مانگێكی كه‌می ماوه‌، پاشان نه‌ حكومه‌تی كاتی به‌ئاسانی له‌دایك ده‌بێت، نه‌ توانای دارایی پێویستیشی له‌به‌رده‌ستدا ئه‌بێ بۆ جڵه‌وكردنی قه‌یرانه‌كان، نه‌ فاكته‌ره‌كانی چاره‌سه‌ری سیاسییش له‌بنده‌ستی ئه‌ودا ده‌بێت. به‌غدا كه‌ گفتوگۆ ناكاو بودجه‌ نانێرێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ چاره‌ی حكومه‌تی ئێستای هه‌رێمی ناوێ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ واده‌كات حكومه‌تی كوردی ته‌سلیمی ئیراده‌ی ببێت، بگره‌ ته‌واوی مه‌رجه‌كانی قبوڵ بكات، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی كاتی بۆ ئه‌مه‌ پێكبێت، ئه‌وا له‌بریكارێكی گوێڕایه‌ڵ‌و بێ ئه‌رزشی به‌غدا، زیاتر به‌رهه‌مێكی تری نابێت!.

*گۆشه‌یه‌كی رۆژانه‌یه

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*