محمد هاشم اكبریانی
سه‌ریان دای له‌به‌رد! چۆن ده‌كرێت ئه‌و هه‌موو رێگایه ببڕێت و پاشان به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك بكات، لێی بدات بڕوات؟ درۆ ده‌كه‌ن. بێگومان شتێكی وتووه و ئه‌نجامه‌كه‌شی دیوه ئینجا لێی داوه و رۆیشتووه. خودی خۆت بیت ئیشی وا ده‌كه‌ی؟ من هه‌رگیز ده‌ست ناده‌مه ئیشێكی وا. بۆچی مێشكی كه‌رم خواردووه ئه‌و هه‌موو رێگایه بكوتم و بێم، دواتر یه‌ك وشه یان یه‌ك رسته نه‌ڵێم و ملی پێوه بنێم و بڕۆم؟ تۆش كه‌ر مه‌به و قبووڵی مه‌كه. ئه‌و بۆره‌پیاوه هه‌مووانی سه‌رقاڵ كردووه. من نازانم چۆن ئه‌و هه‌موو گه‌مه‌یه پێكه‌وه گرێده‌دات و به‌م و به‌وی ده‌فرۆشێته‌وه. وه‌كو رۆژی روون دیاره كه هیچ كام له‌و قسانه‌ی له‌باره‌یه‌وه ده‌یكه‌ن راست نییه. هه‌ر دوێنێ هات بۆ ماڵمان، له گۆشه‌یه‌كدا دانیشت. یانی سه‌ره‌تا زه‌نگی لێدا و من وتم كێیه، ئه‌سڵه‌ن وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه. كاتێ له كونی ده‌رگاكه‌وه سه‌یرم كرد و بینیم ئه‌وه، ده‌رگاكه‌م لێكرده‌وه. پێم وت: «پیاوی باش بۆچی قسه ناكه‌ی؟» سه‌ری دانه‌واند و هاته ژووره‌وه، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك وشه‌ی له ده‌م بێته‌ده‌ره‌وه، نه‌یكرد. جاشهكهره ده‌تگوت په‌یكه‌رێكی جووڵاوه. هه‌مووی گیانی قه‌شمه‌ری بوو! ده‌یه‌ویست بیسه‌لمێنێ ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێن ده‌چێته شوێنێك و قسه ناكات راسته. به‌ڵام دیار بوو گه‌مه و نواندن ده‌كات. به پێكه‌نینه‌وه پێم وت: «ئێستا له‌گه‌ڵ ئێمه‌شدا ئه‌م گه‌مه‌یه ده‌كه‌ی؟» قیروسیا له‌وه‌ی وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه، ته‌نانه‌ت سه‌ریشی به‌رز نه‌كرده‌وه. ئه‌و هه‌تیوه پیسه له ماڵی ئێمه دانیشتبوو، به‌ڵام ده‌تگوت سه‌د ساڵه ماڵی باوكێتی. وتم: «بیستوومه ده‌چیته هه‌ر شوێنێ قسه ناكه‌یت، وایه؟» به‌ڵام پاتاڵه وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه و نه‌دایه‌وه. ئیتر خه‌ریكبوو ده‌هریی ده‌كرم. ساخته‌چییه پێی وابوو منیش وه‌كو ئه‌وانی تر كه‌رم باوه‌ڕ به گه‌مه‌كانی بكه‌م. مه‌به‌ستم له ئه‌وانی تر تۆ نیت ها! تۆش وه‌كو من یه‌ك ده‌نك باوه‌ڕت به ئیشه‌كانی نییه. مه‌به‌ستم له‌و كه‌رانه‌یه كه پێیان وایه هه‌میشه‌ی خوا وایه. ئاخری كه بینیم ده‌یه‌وێت منیش فریو بدات، چوومه پێشه‌وه و ده‌ستیم گرت، وتم: «نه‌خێر هاوڕێ، به هه‌ڵه‌دا چوویت. من ئه‌و كه‌سه نیم كه ببمه ئامرازی فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازیی تۆ. هه‌ڵسه ئازیزم، هه‌ڵسه ئه‌م شوێنه شوێنی تۆ نییه.» پاشان شانیم گرت و له ماڵه‌كه كردمه ده‌ره‌وه. ئه‌و توخمه سه‌گه به خه‌یاڵیشیدا نه‌ده‌هات. به‌ڵام زۆر سه‌هو بوو. من له‌و مرۆڤه ساده و گه‌مژانه نیم كه هه‌روا به ئاسانی كڵاو بكاته سه‌رم. كاتێ كردمه ده‌ره‌وه هێنده‌ی نه‌برد گوێم له زه‌نگی ده‌رگاكه بوو. نه‌بابه ئه‌و نه‌بوو، یه‌كێكی تر بوو. پرسی: «ئه‌م براده‌ره ئاشنای ئێوه‌یه؟» هه‌ر مه‌پرسه ئه‌و جاشهكهره كه كردبوومه ده‌ره‌وه، له هه‌مانشوێن لای ده‌رگای ماڵه‌كه‌مانه‌وه پان ببۆوه، له شوێنی خۆی جووڵه‌ی نه‌كردبوو، منیش به‌و كابرایه‌م وت: «به‌ڵێ.» ئاخر ده‌متوانی چی بڵێم؟ كابرا كه گوێی له‌مه بوو لێیدا رۆیشت، من مامه‌وه و ئه‌و ته‌مه‌ڵی ته‌وه‌زه‌له. ناچار بووم بیهێنمه‌وه ماڵه‌وه و ته‌كسی تهلهفۆنییهكی بۆ بگرم و بڵێم بیبه له‌به‌رده‌م ماڵی خۆیان دایبه‌زێنه. ده‌زانی؟ ده‌یه‌ویست نیشانی بدات بۆ هه‌ر كوێ بچێت هه‌مان تاس و حه‌مامه. به‌ڵام زۆر سه‌هو بوو. من یه‌كێكم له‌وانه‌ی ئه‌سڵه‌ن قبووڵم نه‌كرد و نایكه‌م. سه‌گبابه نه‌نكی باوكیشی فریو ده‌دات، ئیتر من و تۆ و ئه‌وانی تر هه‌ریه‌كه جێگه و پێگه‌ی خۆمان هه‌یه. له‌بیریكه بابه. حه‌یف نییه مرۆڤ كاتی خۆی بۆ كه‌سانی ئاوا به‌فیڕۆ بدات؟ ئه‌سڵه‌ن به من چی كه قسه ده‌كات یان نا. باشه خهریكبووی باسی خۆتت ده‌كرد…
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سه‌رچاوه: كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی هذیان ص40-41