سەرەکی » دۆسێ » حكومەتی عیراق لە نێوان چاكسازیی و داخوازیی خۆپیشاندەراندا

بە میراتگری شكستەكانی پێشوو دادەنرێت

حكومەتی عیراق لە نێوان چاكسازیی و داخوازیی خۆپیشاندەراندا

لەگەڵ زیاتر ئاڵۆزبوونی ڕەوشی عیراق بەهۆی چڕبوونەوەی خۆپیشاندانەكان لە بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری وڵات، هەندێك پێیانوایە دەبێت حكومەت بڕوخێت و زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت، تا عیراق بەرەو قۆناغێكی تری سیاسی هەنگاو بنێت، هەندێكی تریش بەپێویستی دەزانن داواكاریی و داخوازیی خۆپیشاندەران لەلایەن حكومەتەوە بەهەند وەربگرێن و كار بۆ جێبەجێكردنیان بكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە كە هاوپەیمانی فەتح وەك لایەنێكی سەرەكی پێكهێنانی حكومەتی ئێستا وایدەبنێت، حكومەتەكەی عەبدولمەهدی میراتگری شكست و گەندەڵییەكانی حكومەتی پێشووە و پێویستی هەلێكی تری پێبدرێت بۆ راستكردنەوەتی رێڕەوەكان و چەوتییەكانی رابردوو.

حزبی شیوعی: حكومەت و پەرلەمان كەمتەرخەمن
سكرتێری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عیراق، دەڵێت: هەم حكومەت هەم پەرلەمانیش دەرهەق بە داواكاری خۆپیشاندەران كەمتەرخەمن.
رائید فەهمی، سكرتێری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عیراق و پەرمانتاری دەست لەكاركێشاوەی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، هەموو كەس لە عیراقدا دەزانێت كە حكومەت و لایەنە سیاسییەكانیش هەوڵی سوود وەرگرتن لە كات دەدەن و چاوەڕوانی ماندووبوونی خۆپیشاندەرانن، نەك ئەوەی وەڵامێكی بابەتیانەیان هەبێت بۆ داواكانی خەڵك.
بە گوتەی ڕائید فەهمی بۆ هەنگاونان بەرەو ئارام كردنەوەی ڕەوشەكە دەبێت حكومەت و لایەنە سیاسییەكانیش داواكارییەكانی خەڵك بكەنە دەروازەی سەرەكی بۆ هەوڵەكانیان و ئەو لایەن و كەسانەش ئاشكرا بكەن بۆ ڕای گشتی كە تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە و بدرێنە دادگا.
فەهمی، بە گومانە لەوەی ئەگەر حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیش دەست لەكار بكێشێتەوە، بارودۆخی عیراق ئارام ببێتەوە چونكە ئێستا داوای سەرەكی خۆپیشاندەران دەستگیركردن و ئاشكراكردن و دادگایی كردنی ئەوانەن كە خوێنی خۆپیشاندەرانیان ڕژاندووە.
سەركردەیەكی حزبی شیوعی عیراقی پێیوایە، ئەوەی گرەو لەسەر مانەوەی حكومەت بكات كورتبینە.
پێشتر جاسم حەلەفی، سەركردەی حزبی شیوعی عیراق لە نوسینێكیدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) نوسیبووی، “ئەوەی گرەو لەسەر مانەوەی حكومەتی ئێستا بكات لە عیراق كورتبینە ، گۆڕینی ژمارەیەك لە وەزیرەكانیش چارەسەر نییە، بەڵكو دەبێت حكومەت بە تەواوەتی دەستلەكاربكێشێتەوە”.
بە گوتەی حەلەفی، “كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان هیچ دەرهاویشتەیەكیان لێنەكەوتەوە، بۆیە قسەكردن لەسەر هەر مۆڵەتێكی تر بكرێت كات كوشتنە و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاری”.
ئەو سەركردەیەی حزبی شیوعی پێیوایە، ئەوەی گرەو لەسەر مانەوەی حكومەتی ئێستا بكات لە عیراق، لە بەهێزی ڕاپەڕینەكە و ئاڕاستەكەی تێنەگەیشتووە، ئەوەی لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانیشیدا خرایەڕوو، دووبارەكردنەوەی هەمان ئەو شتانە بوو، كە خۆپیشاندەران ڕەتیانكردۆتەوە.
جاسم حەلەفی دەڵێت: “ڕەتكردنەوەی خێرای خەڵك بۆ كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان، تەئكیدكردنەوە لەو كەلێنە گەورەیەی، كە لەنێوان گەل و حكومەتدا هەیە”.

مەرجەعیەت لەگەڵ داخوازیی خۆپیشاندەراندایە
مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە عیراق، پشتیوانی لە داواكاریی و داخوازیی خۆپیشاندەران دەكات و بەپێویستیشی دەزانێت ئەو داواكارییانە لەلایەن حكومەتەوە بەهەند وەربگرێن.
عەبدولمەهدی كەربەلائی، نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە وتاری رۆژی هەینی رابردوودا رایگەیاندبوو»سیستانی تەئكید لەسەر جێبەجێكردنی داخوازی خۆپیشاندەران دەكاتەوە».
هەر لە وتارەكەدا كەربەلائی دەڵێت»داواكارییەكانی خۆپیشاندەران رەوان و ناكرێت حكومەت پشتگوێیان بخات و لەبەرچاویان نەگرێت».
بە گوتەی نوێنەری مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە عیراق «دەبێت دەسەڵات بخرێتەخزمەتی بەرژەوەندی گشتییەوە و دەبێت بەرپرسانی عیراق خزمەتكاری خەڵك بن”.
عەبدولمەهدی كەربەلائی دەڵێت»پێویستە یاساكانی هەڵبژاردن و كۆمیسۆن بگۆڕدرێن».

«عەبدولمەهدی میراتگری گەندەڵییەكانی پێشووە»
هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت پێیوایە، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی میراتگری گەندەڵی و شكستی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی پێشووە، بۆیە لەئێستادا بارگرانییەكی زۆری كەوتووتە ئەستۆ.
سیهام موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو:”عادل عەبدولمەهدی و حكومەتەكەی، میراتگری 16 ساڵی ڕابردووی حكومەتەكانی ترن كە پڕبوون لە شكست و گەندەڵی، گەندەڵییەك لەسەر ئاستی تەواوی عیراق، هەر لە باكوورەوە بگرە، تا دەگاتە ئەوپەڕی باشووری وڵات”.
سەبارەت بەو مۆڵەتەی لەلایەن لایەنە سیاسییەكانی عیراقەوە دراوە بە عەبدولمەهدی، موسەوی دەڵێت:”ناكرێت ئەو هەموو چەوتییەی بەسەر یەكدا كەڵەكەبووە، لەو ماوە كەمەدا لەلایەن حكومەتی ئێستاوە ڕاستبكرێنەوە، بەڵام ئەو ماوە كورتەی دراوە بە سەرۆك وەزیران و لەچەند خاڵێكدا كۆكراوەتەوە، بۆ ئەوەیە گۆڕانكاریی وەزاری بكات و كەسانی لێوەشاوە و كارامە و سەربەخۆ و تەكنۆكرات لە پۆستە وەزارییەكاندا دابنێت، لەگەڵ دوورخستنەوەی ئەو وەزیرانەی دەستەواژەیان لەسەر هەیە”.
بە گوتەی پەرلەمانتارەكەی فەتح”دەبێت سەرۆكی حكومەت، كار بۆ چاكسازیی بكات لەڕووی باشكردنی باروگوزەرانی هاووڵاتیان، لەگەڵ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و لێپچینەوە لەگەڵ زۆرترین ژمارەی ئەو بەرپرسانەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، لەڕێی دەستەی نەزاهە و دادگاكانەوە، ئەم هەنگاوانەش لەپێناو ڕازیكردنی شەقام و هاووڵاتیان، تا وا هەست بكەن بە ڕاستی حكومەت كار دەكات و هەنگاو بەرەو چاكسازیی هەڵدەنێت”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*