سەرەکی » راپۆرت » كاك سه‌ڵاح به‌ هه‌ژاری خۆی پێگه‌یاند و بووه‌ كادرێكی به‌توانا

مسته‌فا چاوڕه‌ش:

كاك سه‌ڵاح به‌ هه‌ژاری خۆی پێگه‌یاند و بووه‌ كادرێكی به‌توانا

ئاماده‌كردنی ئاوات كۆكه‌یی

چل رۆژ له‌مه‌و به‌ر هه‌ڤاڵ سه‌ڵاح ره‌نجده‌ر، نووسه‌رو رۆشنبیرو پێشمه‌رگه‌ی دێرین، كادری به‌تواناو جێگری مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی پێشمه‌رگه‌ كۆچی دوایی كرد.
كۆچی ئه‌و پیاوه‌ بووه‌ برینێكی به‌سوێ بۆ كه‌سوكارو هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ر و هاوپیشه‌كانی، سه‌ردانی به‌رده‌وام و به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتنی هاوڕێیانی بۆ نه‌خۆشخانه‌و بۆ ماڵه‌وه‌ و دواتریش له‌ پرسه‌كه‌یدا، ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ سه‌ڵاح ره‌نجده‌ر پیاوێكی خۆشه‌ویست و به‌قه‌دربووه‌ و مردنی ئه‌و كۆستێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌ كه‌سوكارو هاوڕێ و هه‌ڤاڵانی.
یه‌كێك له‌وانه‌ كه‌ ماویه‌كی زۆر له‌نزیكه‌وه‌ كاك سه‌ڵاحی ناسیه‌وه‌و پێكه‌وه‌ كاریان كردووه‌، مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی ی.ن.ك و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70یه‌.
بۆ چله‌ی كۆچی دوایی سه‌ڵاح ره‌نجده‌ر له‌م كورته‌ دیداره‌دا باسی ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌كات كه‌ناوسیویه‌تی و تیشكیش ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی ژیانی ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ كۆچكردووه‌، سه‌ره‌تاش وتی:
من پێشئه‌وه‌ی له‌ مه‌ڵبه‌ندی پێشمه‌رگه‌ كاك سه‌ڵاح بناسم، سه‌رده‌مێك لپێرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوك بووم له‌ ساڵی 1996، له‌وكاته‌وه‌ ده‌یناسم، ئه‌و لێپرسراوی كۆمیته‌یك بوو له‌و سنووره‌، به‌ڵام له‌م چه‌ندساڵه‌ی دواییدا زیاتر ناسیم و پێی ئاشنابووم، دواتریش بۆ ماوه‌ی 15 ساڵه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی پێشمه‌رگه‌ به‌یه‌كه‌وه‌بووین تا كۆچی دوایی كرد.
وتیشی: كاك سه‌ڵاح یه‌كێكه‌ له‌ پیاوه‌ تێكۆشه‌ره‌كان و پیاوێكی خوێنده‌وار بوو، زیره‌ك بوو ده‌ستی نووسینی هه‌بوو، زۆر له‌و نووسین و بڵاوكراوانه‌ی له‌ سه‌نته‌ری رووناكبیریی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی پێشمه‌رگه‌ ده‌رده‌چوو، كاك سه‌ڵاح یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی به‌شدارییه‌كی باش و چالاكانه‌ی ده‌كرد، به‌ڕاستیش تا بڵێی پیاوێكی به‌ئه‌ده‌ب و خۆشه‌ویست، ئه‌وه‌ ناتوانرێ وه‌سف بكرێت، من وه‌ك یه‌كێك له‌ براكانی خۆمم ئه‌زانی.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش نیگه‌ران بوو له‌و بارودۆخه‌ خراپه‌ ته‌ندرووستییه‌ی كه‌ به‌ربینگی به‌ سه‌ڵاح ره‌نجه‌ده‌ر گرتبوو و ده‌رفه‌تی چالاكییه‌ روناكبیری و حزبییه‌كه‌ی لێ به‌رته‌سك كردبۆوه‌، ئه‌و وتی: كاك سه‌ڵاح به‌جۆرێك خراپ بووه‌ رێگه‌ی كاروخزمه‌تی زیاتری نه‌مابوو به‌داخه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ مه‌رگی ناواده‌ی كۆتایی به‌ زۆر خه‌ون و به‌رهه‌می باشی ئه‌و كادیره‌ به‌توانایه‌ هێنا، بۆیه‌ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ته‌ندرووستیی و نه‌خۆشی رێگه‌ی بدایه‌ ده‌یتوانی زیاتر و باشتر خزمه‌ت بكات و رابگه‌یشتایه‌ به‌و كارانه‌ی خۆی كه‌ به‌رنامه‌ی بۆدانابوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ساڵانێكی زۆر بوو نه‌خۆشی ته‌نگی پێهه‌ڵچنی بوو، هه‌ر به‌ڕێگه‌ی دكتۆر و چاره‌سه‌ره‌وه‌، ته‌نانه‌ت رێگه‌ی توركیاو ئێرانیشی گرته‌به‌ر، كه‌چی له‌ كۆتاییدا به‌داخه‌وه‌ ئه‌و برا باشه‌مان له‌كیس چوو، ده‌شڵێت: ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ی به‌یه‌كه‌وه‌بووین رۆژێك له‌ رۆژان جگه‌ له‌كاری باشه‌، هیچی ترم لێنه‌بینی.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یكدا، مسته‌فا چاوڕه‌ش ده‌ڵێت: كاك سه‌ڵاح ده‌ستێكی باشی نووسینی هه‌بوو، پێشه‌كی بۆ كتێبی‌ من نووسیوه‌، زۆر ئیشی تریش هه‌بوو به‌و ده‌سپێردرا، چونكه‌ ده‌مانزانی كه‌سێكی خوێنده‌واره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كۆچی دوایی ئه‌و خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی پێشمه‌رگه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئینجا له‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی، بوونی ئه‌و قه‌ره‌باڵغی و په‌رۆشییه‌ی دۆست و هاوڕێ و هاووڵاتیان و خه‌ڵك له‌ كۆچی دواییه‌كه‌یدا، ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات.
وه‌ك شاهێدحاڵێكیش بۆ سروشت و هه‌ڵسوكه‌وتی كاك سه‌ڵاح له‌كاركردندا كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر پێكه‌وه‌ كاریان كردووه‌، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70 باسی له‌وه‌كرد ئیشكردن له‌گه‌ڵ سه‌ڵاح ره‌نجده‌ر خۆشبووه‌، هه‌موو ئه‌و كاتانه‌ی پێكه‌وه‌ كاریان كردووه‌ نه‌ك هه‌ر هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕییه‌كی نه‌بووه‌، به‌ڵكوو ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌باشی به‌جێده‌گه‌یاندووه‌ و له‌ هه‌موو كاروبارێكیشدا پڕس و رای هه‌بوو.
بۆیه‌ هیوادار ئێمه‌ هه‌موومان له‌م مه‌ڵبه‌نده‌ و له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ بتوانین كه‌لێنی كاك سه‌ڵاح و هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌ك كاك سه‌ڵاح بوون پڕبكه‌ینه‌وه‌ و له‌سه‌ر رێبازی پیرۆزی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رێبازی شه‌هیده‌كان به‌رده‌وام بین له‌ خه‌بات.
سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی كاك سه‌ڵاح له‌بواری روناكبیری و رۆشنبیریشدا ئاما1ه‌ی پێدا كه‌ لێپرسراوی به‌شی رووناكبیری مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی پێشمه‌رگه‌ بووه‌و رۆڵی باشیشی هه‌بوو له‌و به‌شه‌دا و وتی: خوێنده‌وارو رۆشنبیرێكی گه‌وره‌بوو، جگه‌ له‌ كتێب و بڵاوكراوه‌ی خۆی، له‌ زۆر رۆژنامه‌و بلاوكراوه‌ی دیكه‌ نووسینی بڵاوده‌كرده‌وه‌، پیاوێك بوو له‌سه‌ر رێبازی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان درێغی نه‌كرد و كاری باشی كرد، كاتی نه‌خۆشییه‌كه‌شی ئه‌وه‌ی ده‌كرا له‌گه‌ڵ براده‌رانی مه‌ڵبه‌ند كردمان، سه‌ردانمان كرد بۆ ماڵه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ماڵه‌وه‌ پێم وت له‌كوێ چاره‌سه‌رت هه‌بوو بڕۆ و خه‌مت نه‌بێت، ئه‌وه‌ی پێویست بوو ده‌یكه‌ین، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ خۆشیش نه‌بێت ئه‌وه‌ی له‌ توانادابوو هاوكاریشمان كرد و ئاماده‌ی زۆر شت بووین به‌س ئه‌و چاره‌سه‌ر ببوایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی كوشنده‌بوو، له‌كیسمانچوو.
له‌كۆتایشدا وتی: له‌ڕاستیدا مردنی سه‌ڵاح ره‌نجده‌ر زۆر كاری تێكردم، من زۆر براده‌رم له‌ راست و چه‌پمدا شه‌هیدبوون، به‌ڵام مردنی كاك سه‌ڵاح زۆر ناخۆشبوو، چونكه‌ ئازاری زۆری بینی، تا ماوم بیرم ناچێته‌وه‌، كاك سه‌ڵاح له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژارو فه‌قیربوو، كه‌ سه‌یری نه‌خشه‌ی ماڵه‌كه‌ی و گوزه‌رانیت ده‌كرد جێگه‌ی به‌زه‌یی بوو، به‌ڵام به‌و هه‌ژارییه‌ش ئه‌و خۆی خۆی پێگه‌یاندبوو، ببووه‌ كادرێكی باش و به‌توانا.
جارێكی دیكه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ هاوڕێیان و مه‌ڵبه‌ند و كه‌سوكاری و له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كاك سه‌ڵاحیان ناسیوه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*