سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » حزبە كوردییەکانی سوریا هه‌مووی له ‌باخه‌ڵی من دان!

عه‌بدولڕه‌زاق كۆیی: نوێنه‌ری‌ حزبێک به‌ ده‌سـه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ی‌ وت:

حزبە كوردییەکانی سوریا هه‌مووی له ‌باخه‌ڵی من دان!

دیداری: سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

له‌ چوارچێوه‌ی‌ دیداری شامدا، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی سازكراوه‌، عه‌بدولره‌زاق كۆیی لێپرسراوی نوسینگه‌ی‌ یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان له‌دیمه‌شق، سه‌ربرده‌و مێژوویه‌كی گرنگی كورد و بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌م ئه‌لقه‌یه‌دا هه‌ندێك زانیاریی ورد له‌سه‌ر پێكهێنانی هێزێكی پێشمه‌رگه‌ بۆ رۆژئاوای كوردستان له‌سه‌ره‌تای‌ قه‌یرانی سوریا باسده‌كات و هاوكات هه‌ندێك پێشبینی ده‌خاته‌ روو كه‌ به‌ر له‌زیاتر له‌ دوو ساڵ باسكراوه‌.

به‌شی پێنجه‌م و كۆتایی

*له‌و ماوه‌یه‌ی مه‌حمود گه‌رگه‌ری‌ لێپرسراوی نووسینگه‌ی‌ پارتی لێره‌ بوو، پارتی و حكومه‌تی سوریا په‌یوه‌ندییان باش بوو؟
– په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ سوریا خراپ نه‌بوو.

*باشه‌ پرسیارێكم بیرچوو، پێموایه‌ سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی سوریا، حكومه‌تی دیمه‌شق به‌نیازبوو هێزێكی پێشمه‌رگه‌ بێنێته‌ رۆژئاوای كوردستان؟
– ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌، له‌سه‌ره‌تای 2011 بوو پێموابێت لە پێش دروستكردنی په‌یه‌دهدا‌، یەکێک لە بەرپرسانی ئێران له‌ لوبنان نوێنەرانی یەکێتی و پارتی دەبینێت، هه‌ردووكیان ده‌هێنێته‌ سوریا له‌گه‌ڵ بەرپرسێکی سەربازیی سوریادا داده‌نیشن، دواتر ئەو بەرپرسە سەربازییە ده‌چێته‌ هه‌ولێر و له‌وێ‌ له‌گه‌ڵ براده‌ران داده‌نیشێت، یه‌كێتی و پارتی نوێنەری ئێران و بەرپرسێکی سەربازیی سوریا، هەموویان ڕێكده‌كه‌ون له‌سه‌ر دروستكردنی هێزێكی تایبه‌ت بۆ رۆژئاوای کوردستان، پێش ئه‌وه‌ به‌ 10 رۆژ 15 رۆژ به‌ دوای منیاندا نارد و وتیان سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ڵێت: نامه‌یه‌ك ده‌نووسم بۆ سەرۆک جه‌لال تاڵه‌بانی با فڵان كه‌س بیبات له‌گه‌ڵ عومه‌ر ئه‌سی بیبه‌ن بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی، كه‌ یه‌كێتی ببێت به‌ نێوانگیر له ‌نێوان ئێمه‌ و كوردی سوریادا، منیش هەواڵەکەم نارد، ئه‌وكاته‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ دكتۆر خه‌سره‌و بوو، چه‌ند رۆژێكی پێچوو، دكتۆر خه‌سره‌و په‌یوه‌ندیی پێوه‌كردم و وتی :»ئێوه‌ مه‌یه‌ن جارێ‌ له‌م رۆژانه‌ مه‌حمود گه‌رگه‌ری دێت».
ئه‌و وتی مه‌حمود گه‌رگه‌ری ببینه‌ دوای ئه‌وه‌ قسه‌ی لێ‌ ده‌كه‌ین، سێ‌ چوار رۆژی پێچوو مه‌حمود گه‌رگه‌ری‌ له ‌به‌یروته‌وه‌ په‌یوه‌ندیی پێوه‌كردم و وتی: «من له‌ به‌یروتم به‌یانی دێم بەڵکو چاوپێكه‌وتنێك وه‌رگریت له‌گه‌ڵ لیوا عه‌لی مه‌ملوك و پێکەوە بچین بۆ لای، منیش په‌یوه‌ندیم پێوه‌كردو وتی: به‌یانی كاتژمێر 9 وه‌رن، به‌یانی رۆیشتین بۆلای مه‌حمود له‌ بارەگاکەی خۆیان له‌وێوه‌ ڕۆیشتین بۆلای لیوا عه‌لی‌، پێش ئه‌وه‌ی بچین مه‌حمود وتی: «ئێمه‌ رێكه‌وتنێكمان كردووه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و سوریا و ئێران، چه‌ند هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌ك بنێرینه‌ ناوچه‌ی‌ قامیشلی بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچه‌یه‌»، ئیدی چووین بۆلای لیوا عه‌لی، لیوا عه‌لی وتی: «چیت پێیه‌؟ من هاتووم به‌ناوی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ ئاماده‌ین رێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌ی كه‌ رێكه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین 15000 پێشمه‌رگه‌ بنێرین بۆ قامیشلی و پێشبینی ده‌كه‌م 2011 بوو سەرەتای تەنگژەکە بوو»، لیوا عه‌لی وتی : باشه‌ به‌خێربێی ئێواره‌ یه‌كتر ده‌بینین، ئێواره‌ كه‌ چووینه‌وه‌ وه‌زیری به‌رگریی له‌وێ‌ بوو، لیوا عه‌بدول فه‌تاحێكیش هاتبوو به‌رپرسی ناوچه‌ی‌ جه‌زیره‌بوو. به‌رپرسی عه‌سكه‌ری ئه‌ویش هاتبوو. بۆ ئێواره‌ 15 هه‌زار بوو به‌ 10 هه‌زار! مه‌حمود وتی 10 هه‌زار، وتم به‌یانی 15 بوو، بۆچی بوو به‌ 10؟ وتی ئه‌وه‌ ته‌له‌فۆنم بۆ هاتووه‌! دانیشتین قسه‌كانیان كردوو، وا رێككه‌تن كه‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم بێنه‌ سوریا و به‌هاوكاریی ئێران و سوریا، ئیتر كۆبونه‌وه‌كه‌ دواخرا بۆ رۆژی دواتر كاتژمێر 9ی به‌یانی، بۆ رۆژی دواتر دیسان رۆیشتینه‌وه‌ وه‌زیری به‌رگریی له‌وێ بوو، جاری سێیه‌م ده‌ست به‌ڕێكه‌وتن كرا، مه‌حمود وتی پێنج هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرین وه‌زیری به‌رگریی وتی كاكه‌ 5 هه‌زاریش زۆره‌، به‌ڵام مادام ئێوه‌ بڕیارتان داوه‌ 5 هه‌زار قه‌یناكا. باشه‌ ئه‌و 5 هه‌زاره‌ چۆن دێت بۆ ئێره‌؟ مه‌حمود وتی: ئێران ته‌رتیباتی ئۆتۆمبیل و گواستنه‌وه‌یان بۆ ده‌كات، چه‌كی قورس ئێران دابینی ده‌كات و پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ هه‌قی هیچی نییه‌، ئێوه‌ لێره‌ چه‌كی سوكیان ده‌ده‌نێ‌، ده‌مانچه‌ و كڵاشینكۆف، شوێنی خواردن و جلوبه‌رگیان بۆ دابینده‌كه‌ن، باقی شته‌كانی كه‌ گواستنه‌وه‌ و پاراستن و تۆپخانە و ئه‌وانه‌ ئێران دابینی ده‌كات. وه‌زیری به‌رگری وتی: شوێنی حه‌وانه‌وە هیچ كێشه‌ نییه‌ جلوبه‌رگ هیچ كێشه‌ نییه‌. ئێمه‌ هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌مانچه‌یه‌ك و كڵاشنكۆفێكیشی ده‌ده‌ینێ‌. ورده‌كاری قسه‌ زۆر كرا، ئاخر شت وتیان ته‌واو؟ وتی ته‌واو. من له‌ جێگای خۆم وتم هیچ ته‌واو نییه‌! باشه‌ ئێوه‌ له‌خۆتانه‌وه‌ ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م شت ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ پێویستی به‌ رێككه‌وتنێكی سیاسییه‌، ئه‌مه‌ كارێكی عه‌سكه‌رییه‌. باشه‌ كێ‌ ده‌ڵێت كوردی سوریا ئه‌م شته‌ قبوڵ ده‌كه‌ن؟ ئێوه‌ پێش ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ كوردی سوریا ڕێككه‌ون. ڕێكه‌وتنی سیاسی، دووه‌م وتم لێره‌ ئه‌حزابی كوردی سوری هه‌یه‌، كێ‌ ده‌ڵێت ئه‌حزابی كوردی سوریا ئه‌م رێككه‌وتنه‌ قه‌بوڵ ده‌كه‌ن؟
پرسیارێكی مه‌نتقییه‌ ئێوه‌و حوكمه‌تی سوری رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد بكه‌ن، هیچ نه‌بێت رازییان بكه‌ن بڵێن ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ دێت بۆ پاراستنی ئێوه‌ دێت.

*مه‌حمود گه‌رگه‌ری‌ هیچی نه‌وت؟
– وتی نانا ئه‌حزابی كوردی سوری هه‌مووی له‌باخه‌ڵی منه‌!! حه‌ز ده‌كه‌یت هه‌مویت بۆ سواری فڕۆكه‌یه‌ك ده‌كه‌م ئینجا تۆ له‌ ئاسمان به‌ریده‌ده‌یته‌وه‌ یان نا، ئه‌وه‌ كه‌یفی خۆته‌! لیوا عه‌لی رووی له‌من كرد و وتی: تۆ ره‌ئیت چیه‌؟ ئێ‌ منیش بیرم كرده‌وه‌ خۆ له‌ناو مه‌جلیسه‌كه‌ ناڵێم راست نییه‌ ئه‌و قسه‌یه‌! وتم سیاده‌ت لیوا مه‌حمود له‌ قامشلی زۆر ژیاوه‌ ئه‌و شاره‌زای ناوچه‌كه‌یه‌ من شاره‌زای نیم. وتم ئه‌م پێنج هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌كوێدا دێن بۆ سوریا؟ تورك له‌ رێگایه‌تی، تورك رێگایان لێ‌ ده‌گرێت وا نییه‌؟ په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌، مه‌جالتان نادات كوردستانی سوریا به‌موڵكی خۆی ده‌زانێت، مه‌حمود وتی ئه‌م شتانه‌ هه‌مووی ئاسانه‌، كاك مه‌سعود له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌تی قه‌ندیل و موراد قه‌ره‌یلان قسه‌ ده‌كات و چاره‌سه‌ری‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ توركیاش چاره‌سه‌ری‌ ده‌كات ئه‌وانه‌ هیچ كێشه‌ نییه‌.

* ئه‌و پێنج هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌ هی پارتی بوو یان هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی؟
– نا هاوبه‌ش، پارتی و یه‌كێتی به‌ناوی حكومه‌ت.

*ئه‌و رێكه‌وتنه‌ واژووكرا؟
-نا ئیمزا نه‌كرا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكه‌وتین دوای‌ خواحافیزی، مه‌حمود گه‌رگه‌ری عه‌لا ئه‌ساس رۆژی‌ دواتر بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و رێككه‌وتنه‌كه‌ بباته‌وه‌ هه‌ولێر و وەڵام بداته‌وه‌، به‌ڵام مه‌حمود گه‌رگه‌ری گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان و نه‌هاته‌وه‌.

*كاتێك گه‌رگه‌ری‌ هاته‌ دیمه‌شق نووسینگه‌یان هه‌بوو؟
– با مه‌كته‌بیان هه‌بوو، به‌ڵام نه‌هاته‌وه‌. له‌و ماوەیەدا جارێك هات و مه‌كته‌به‌كه‌یان داخست. خانووی خۆیان بوو، پارتی سێ‌ خانوویان هه‌یه‌ له ‌دیمه‌شق. مه‌حمود رۆیشت بێ‌ ئه‌وه‌ی من ببینێ‌ پێش ئه‌وه‌ی لیوا عه‌لی ببینێت ڕۆیشته‌وه‌، هه‌موو شته‌كانی بۆ براده‌رێك به‌ناوی (ع) باس كربوو، من پێموایه‌ ئه‌و پیاوه‌، پیاوی توركیایه‌ و یه‌كسه‌ر قسه‌و رێككه‌وتنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سوریا قسه‌مانكرد بۆ توركیای ناردبوو، ئه‌وانیش له‌ولاوه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ كاك مه‌سعود كردبوو وتبویان ئه‌وه‌ به‌ته‌مای شتێكی وان؟ كاك مه‌سعودیش وتبووی به‌ڵێ‌. وتبویان شتی وا قه‌بوڵ ناكه‌ین! بۆیه‌ دواتر حكومه‌تی سوریا گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر كوردی سوریا و هه‌ستا چوو په‌یه‌ده‌ی هێنا.

*پێتوایه‌ ئه‌مریكا شتێك بۆ كورد بكات، كه‌ ئێستا چه‌ك و تفاقێكی زۆر بۆ په‌یه‌ده‌ ده‌نێرێت؟
– پێموایه‌، هه‌ر پاره‌و چه‌كیان ده‌ده‌نێ‌ و كوڕی كورد شه‌هید ده‌بێت، هه‌تا ئێستا چه‌ند كورد شه‌هید بووه‌؟ باشه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی كێیه‌؟ پێموایه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی توركیایه‌.

*هه‌تائێستا چه‌ند جارێك مفاوه‌زات له‌نێوان كورد و سوریا ده‌ستی پێكردووه‌، ئه‌وه‌ چۆن بووه‌؟
– سه‌ره‌تا مفاوه‌زات له‌ڕێی‌ منه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، دوو وه‌فدیان نارد، جارێك ئه‌كره‌م حه‌سۆ و ئامینه‌ ئۆسی‌ هات و جاری دووه‌م، ساڵح گه‌دۆ و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بوو.

*هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان پێبو؟
– نا نه‌مزانیوه‌ پرۆژه‌یان پێبووبێت.

*باشه‌ سوریا له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی‌ رۆژئاوا مفاوه‌زاتی ده‌كرد، یان له‌گه‌ڵ قه‌ندیل؟
– نانا له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی‌ رۆژئاوا. یه‌ك جار وه‌فدێكی به‌رزیان هاته‌ سوریا له‌ڕێگه‌ی‌ ئێمه‌وه‌، ئه‌وانیش سه‌بری ئۆك و ژنێكی له‌گه‌ڵ بوو، هاتن له‌گه‌ڵ لیوا عه‌لی دووجار دانیشتن. ئه‌وكاته‌ ئه‌و وتی ئێمه‌ هیچ گرفتێكمان نییه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ین و گرفتی كورد چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام یه‌ك كێشه‌مان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ئێمه‌ كێشه‌ی‌ كورد چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، ئه‌ی‌ چی له‌ئه‌مریكا ده‌كه‌ن؟ وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێن جبت الدب علی‌ كرمك، واته‌ به‌ده‌ستی خۆت ورچه‌كه‌ هێناوه‌ته‌ ناو ره‌زی تا ترێیه‌كه‌ بخوات. وتی باشه‌ ئێوه‌ ئه‌مریكاتان به‌خۆتان هێناوه‌ چی لێده‌كه‌ن؟ به‌سه‌راحه‌ت به‌ سه‌بری ئۆكی وت؛ وتی رێزم هه‌یه‌ بۆتۆ، به‌ڵام تۆ خه‌ڵكی توركیای‌ هاتووی مفاوه‌زات له‌سه‌ر كوردی سوریا ده‌كه‌ی‌؟ هیچ حه‌قی ئه‌وه‌ت نییه‌، تۆ رێزت هه‌یه‌، پێشتر به‌یه‌كه‌وه‌ دانیشتوین، به‌ڵام تۆ مافی ئه‌وه‌ت نییه‌.

*پێتوایه‌ كورد به‌ره‌و كوێ‌ بڕوا له‌ سوریا؟ یان بتوانن شتیك له‌و ململانێیه‌ ده‌ست بخه‌ن؟
– من پێموایه‌ ئه‌مریكا لێره‌ ده‌كشێته‌وه‌، كورد به‌جێده‌هێلێت! ئه‌مریكا په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزیشی هه‌یه‌. من پێموایه‌ ئه‌مریكا له‌سوریا ده‌كشێته‌وه‌، من دوو ساڵ له‌ 2017 شێخ لاهورم بینی وتی ئه‌مریكییه‌كان له‌سوریا ده‌كشێنه‌وه‌ و گرژی له‌گه‌ڵ توركیا دروست ده‌بێت. سورییه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌زانن. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بكشێته‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ 200 سه‌ربازێك بهێڵنه‌وه‌! ئه‌وه‌ له‌خزمه‌ت كورددا نییه‌، ئه‌وه‌ بیانوو ده‌داته‌ ئێران كه‌ بۆ ئه‌مریكا ده‌كشێته‌وه‌ كه‌چی 200 سه‌رباز به‌جێده‌هێلێت؟

*ئێرانییه‌كان رۆڵیان له‌ گفتوگۆی نێوان كورد و سوریا هه‌بووه‌؟
– رۆڵیان نه‌بووه‌، من ئێرانییه‌كانم بینیوه‌، ئه‌وان ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین حه‌قی كورد له‌سوریا بدرێت. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد بكرێته‌وه‌ تا رێگه‌یان بۆ بكرێته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ده‌وێت، پرسی كورد شتێکی کەمی لێ چاره‌سه‌ر بكرێت.

*پێتوایه‌ سوریا ئیداره‌ی‌ خۆی له‌ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان بكێشته‌وه‌؟
– حكومه‌تی سوریا ئیداره‌ی‌ خۆی ناكێشێته‌وه‌، بۆ بیكات؟ له‌گه‌رمه‌ی‌ شه‌ڕ و ناخۆشی نه‌یكرد ئێستا نایكات.

*پێتوایه‌ كورد و سوریا دوای‌ شه‌ڕی داعش به‌گژ یه‌كتریدا بچن؟
– من پێموایه‌ حكومه‌تی سوریا هێرش بۆسەر كورد ناكات، وه‌ك ده‌ڵێن به‌شار ئه‌سه‌د بڕیاریداوه‌ شه‌ڕی سه‌ربازیی لەگەڵ كورد نه‌كات. من پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌مریكا له‌سوریا بكشێته‌وه‌، هاوكات هه‌ڕه‌شه‌ی‌ توركیا ده‌بێت دواتر، له‌وانه‌یه‌ سوپای سوریا خۆی كۆبكاته‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كان. من وای ده‌بینم به‌راستی.

*به‌عسییه‌كان هاتنه‌ سوریا له‌دوای‌ رووخانی سه‌دام؟
– به‌عسیه‌كان زۆربه‌یان هاتنه‌ سوریا له‌دوای‌ روخانی سه‌دام، له‌وانه‌ ساجیده‌ هاته‌ سوریا. خۆت ده‌زانی لێدوان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌درا. پرۆپاگه‌نده‌ بڵاوبویه‌وه‌ كه‌ سوریا له‌ژێر گوشاری‌ ئه‌مریكا به‌عسییه‌كانی ده‌ركردووه‌، به‌ڵام من پێموایه‌ له‌سه‌ر داوای ئێران بووه‌.

*باشه‌ محه‌مه‌د یونس لێره‌ بوو؟
– به‌ڵێ لێره‌ بوو، به‌ڵام خۆت ده‌زانی خۆ له ‌جاده‌ و بان نه‌ده‌گه‌ڕا، به‌ڵام لێره‌ بوو.

*باشه‌ ئه‌وكاته‌ جاشه‌كانی كورد هاتن و ئه‌وانیش لێره‌ بوون وانییه‌؟
– به‌ڵێ‌ جاشه‌كانی كوردیش هاتنه‌ ئێره‌، کە بەشێکیان لە ناسراوو تاوانکارەکانیش بوون و ماڵیان لێره‌دانا و حكومه‌ت به‌وانه‌ی‌ نه‌وت بڕۆن، زیاتر به‌وانه‌ی‌ وت كه‌ جموجۆڵی سیاسییان هه‌بوو. هه‌زاران عیراقی روویان له‌ سوریا كردووه‌ و دواتر گه‌ڕانه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*