سەرەکی » ئابووری » هەرێم رێكەوتنی لەبارەی بـودجەوە لەگەڵ بەغدا راگەیاند

لە چەند رۆژی داهاتوودا رەشنووسـی بودجەی 2020 دەنێردرێتە پەرلەمان

هەرێم رێكەوتنی لەبارەی بـودجەوە لەگەڵ بەغدا راگەیاند

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە پرسی بودجەی 2020ی كۆبووەوە.

وردەكاری ئەو رێككەوتنە
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم، لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك و ئەندامانی وەفدەكە، وردەكاری ئەو رێككەوتنەیان خستەڕوو، كە لەژێر رێنمایی و بە چاودێری سەرۆكی حكومەت لە گەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق لە بارەی بودجەوە ئەنجامدراوە.
وەفدەكە ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق گەیشتووەتە دەرئەنجامی كۆتایی لە سەر پڕۆژەی بودجەی 2020. ئەمەش یەكەمجارە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی سەرەتایی ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی فیدراڵ بەشدار بێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیوادارە رێككەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت و داواش لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی دیكە لە پەرلەمانی عێراق دەكات لە قۆناخی داهاتوو كە پڕۆژەی بودجە دەچێتە پەرلەمانی عیراق، هاوكار و پشتیوان بن لە چەسپاندن و پاراستنی ماف و شایستە داراییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

پڕۆژە یاسای بودجە 2020ی عیراق
پێشتریش، د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەئێستادا هەرێم و بەغدا رێككەوتوون و هیچ كێشەیەك نەماوەو هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە بەردەوام دەبن لە ئاماكارییەكان بۆ بەڕێوەبردنی سەرژمێری گشتی.
پێشووتریش دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكانیشان لەگەڵ وەفد باڵای حكومەتی عیراق، خالید شوانی وەزیری هەرێم و ئەندامی وەفدەكە رایگەیاند: تائێستا كۆبوونەوەكان بەئەرێنی بەڕێوەدەچێت و هەنگاوی زۆر باشنراوەو هیوادارین ئەو لێكتێگەیشتنانەی هەیە لەكۆبوونەوەی داهاتوودا بگەینە رێككەوتنی كۆتایی.
وتیشی: «لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە 2020ی عیراق لەگەڵ لایەنی عیراقی سەرقاڵی داڕشتنەوەی ناوەرۆكەكەین».

بڕی 10 تریلیۆن و 500 ملیار دینار پشكی دەبێت
هەر پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداو رێكەوتنی هەردوولا، شیروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردسات نیوزی راگەیاندوە، بەپێی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە، هەرێم رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغدا دەكات، لە بەرامبەردا هەرێم لەكۆی بودجەی خەمڵێنراوی عیراق كە 162 تریلیۆن دینارە، هەرێمی كوردستان بڕی 10 تریلیۆن و 500 ملیار دینار پشكی دەبێت.
وتیشی: «ئەو 200 هەزار بەرمیل نەوتەشی دەمێنێتەوە، شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی پێدەدرێت. هەروەها هەرێم سەرجەم گرێبەستەكانی دەخاتە بەردەم حكومەتی بەغدا، ئەوانیش لەڕێگەی كۆمپانیایەكی جیهانی وردبینی بۆ تێچووی نەوتی هەرێم دەكەن».

رێككەوتن لەسەر داهاتە ناوخۆییەكان و فیدراڵییەكان
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژە بەوەشدەكات، هەردوولا رێككەوتوون كە حكومەتی عیراق مانگانە بڕی 454 ملیار دینار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، پشكی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی بودجەی فەرمانبەرانی هەرێم دیاریكراوە نەك وەزارەتی بەرگری عیراق.
شیروان میرزا ئاماژەی بەوەشكرد، تاوەكو ئێستا رێككەوتن لەسەر داهاتە ناوخۆییەكان و فیدراڵییەكان نەكراوە، وابڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا وەفدی هەرێم بە سەرۆكایەتی بریكاری وەزیری دارایی و چەند راوێژكار و بەڕێوبەرێكی گشتیی لە بەغدا بمێننەوە، تا رێككەوتنی كۆتایی لەسەر تەواوی بڕگەكان دەكرێت.
وتیشی: «حكومەتی عیراق لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا رەشنووسی بودجەی 2020 دەنێرێتە ئەنجومەنی نوێنەران».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*