سەرەکی » ئاراستە » حاجی عەوێنەیی پێنجەم شەهیدی خێزانێك

حاجی عەوێنەیی پێنجەم شەهیدی خێزانێك

حەیدەر مەنتك

ئەوێ‌ رۆژێ‌ گوندی عەوێنەی شەهیدبەخش و لانەی پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رۆڵ و پێگەیان لەشۆڕش وكوردایەتی رۆژ لەدوای رۆژ لە بەرزی و بەهێزیدابوو، ئەوان بیركردنەوەو هزریان لەچوارچێوەی كوردایەتیەكی تۆخ ئەخولایەوە، ئەوان بەرخودان و تێكۆشانیان كردبووە پەیڕەو پڕۆگرامی ژیانیان، بۆ ئەوێ‌ رۆژێ‌ گوندی عەوێنە لە رووی دانیشتوانەوە گەورەترین گوندی دەشتی هەولێربوو، لە شۆڕشی نوێی گەلەكەمان دەیان پێشمەرگەو چەندین فەرماندەی تێكۆشەریان هەبوو لەمەیدانی خەبات ئەسپی شۆرشگێری خۆیان تاودەدا. ئەگەرباس لە شەهید و قوربانیانی ئەم گوندە خۆڕاگرە بكەین دەبینین لە خوێن بەخشینش سەرقافڵەو پێشەنگن.
یەكێك لەوخانەوادانەی دەمانەوێ‌ ئاماژەی پێ‌ بكەین بنەماڵەی شەهید (حاجی بەكر ئیبراهیم) عەوێنەیییە كە لەیەك خێزان پێنج كوڕو هەشت كەسی تریش لە بنەماڵەكەیان شەهیدبوون.
شەهید حاجی عەوێنەی بۆ ئەوەی كاروانی شۆڕش نەپساوەبێت دەبێتە پێشمەرگە تا ئازادی و سەرفرازی بۆ میللەتە چەوساوەكەی بەچاوی خۆی ببینێ‌ و دڵی ئاسودە بێت، لەپاش ئەو هەموو قوربانی و خوێنەی بەخشیوە بەكوردستان، بەڵام بەداخەوە تەمەنی پێشمەرگایەتی درێژنەبوو لە داستانی قەیوان-ماوەت لە ساڵی 1986دا گەیشتە كاروانی نەمران. روحت شاد.
ژیاننامەكەی
شەهید حاجی بەكر ئیبراهیم خدر ناسراو بە حاجی عەوێنەیی، لە دایكبووی رۆژی 1/7/1962ی گوندی (عەوێنە)ی ناحیەی گوێڕ- قەزای مەخمور.
ساڵانی 1983-1984 زیندانی بووە لە بەندینخانەی بەغدا، ساڵی 1985 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی 1986 بووە بە پێشمەرگە لە كەرتی چواری تیپی 87 ی قەرەچوغ.
جگە لەخۆی، چوار برای دیكەی بەناوەكانی (عوسمان، شاكر، نەبی و زكری) شەهیدن و دوو ئامۆزاشی بەناوەكانی (محەمەد و عەباس ) شەهیدن، هەروەها دوو برازای بەناوەكانی (عیزەت و كاوە) و مامێكی بەناوی (حاجی جەمیل) و ژمارەیەكی تر لە كەسوكارەكەی شەهیدی دەستی رژێمی بەعسن.
شەهید حاجی لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا بەشداری زۆربەی نەبەردی و داستانەكانی سنووری تیپەكەی و شەڕەكانی سەركردایەتی كردووە و دووجاریش بریندار بووە.
بەداخەوە، رۆژی 6/9/1986 لە داستانی قەیوان- ماوەت شەهیدكراو گەیشتە كاروانی سەروەران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*