سەرەکی » وتار » با بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ په‌یامه‌كان كێشه‌كان قوڵتر نه‌كه‌نه‌وه‌

کوردستانی هاوپەیمانی

با بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ په‌یامه‌كان كێشه‌كان قوڵتر نه‌كه‌نه‌وه‌

كاوه‌ی‌ مه‌لا حسێن

له‌ڕۆژی‌ به‌ره‌نگاری‌ بوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ دژی‌ ژنان 25 ی‌ نۆڤومبه‌ر ده‌مه‌وێت، له‌سه‌ربابه‌تێك قسه‌بكه‌م كه‌ زۆرجار به‌ناوی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌، یاخود خسته‌ڕووی‌ ڕووداو بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، به‌بێ‌ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی‌ چ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌و په‌یامانه‌ی‌ كه‌ له‌میدیاوه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ پرسی‌ ژنان و هه‌واڵی‌ خۆكوشتنی‌ ژن یاخود خۆسوتاندن، یاخود خۆخنكاندن، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ چی‌ خزمه‌تێك به‌پرسی‌ به‌ره‌وپێشبردنی‌ ژنان ده‌كات، هه‌روه‌ها چ ئاسه‌وارو كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌هۆی‌ ئه‌و په‌یامه‌وه‌ لای‌ ژنان جێده‌هێڵێت، ئایا كاتێك ژنێكی‌ دیكه‌ یاخود كچێك كه‌ به‌ به‌رده‌وامی‌ له‌ژێر چه‌وساندنه‌وه‌و هه‌ژموونی‌ پیاوسالاریدایه‌، گوێ بیستی‌ هه‌واڵێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێت چ پرسیارێك لای‌ دروست ده‌بێت و چ كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌هه‌ڵسوكه‌وتیدا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ندێك له‌شاره‌زایانی‌ بواری‌ ڕاگه‌یاندن پێیانوایه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ خزمه‌ت به‌دۆزی‌ ژن ناكات، به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك كات ببێته‌ هانده‌رێك بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ هه‌مان هه‌ڵه‌و هه‌مان كاری‌ نابه‌جێ، به‌داخه‌وه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌میدیای‌ كوردی‌ وه‌ك سه‌رجه‌م كایه‌كانی‌ دیكه‌ له‌قه‌یرانێكی‌ قوڵدایه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكانێك ئاراسته‌ی‌ ده‌كه‌ن ته‌نها بیر له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌، بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ ئه‌و په‌یامانه‌ی‌ بڵاوی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ چ كاریگه‌رییه‌كی‌ لایه‌نی‌ سایكۆلۆژی‌ و سیسۆلۆژی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌، یاخود كه‌یسی‌ ژن و پرسی‌ ژن به‌كوێ ده‌گه‌یه‌نێت. به‌داخه‌وه‌ له‌باشووری‌ كوردستان ئه‌وه‌نده‌ به‌شێوازێكی‌ خراپ و به‌رژه‌وه‌ندی‌ خواز كار ده‌رباره‌ی‌ ژنان و پرسه‌كه‌یان كراوه‌، تا ڕاده‌یه‌كی‌ زۆر بێ ئیراده‌كراون، له‌كاتێكدا ژن ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكرێت له‌ڕۆژئاوای‌ كوردستان سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و سیستمه‌ی‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت له‌هه‌موو كایه‌كاندا سه‌رمه‌شقن و ڕۆڵ و كاریگه‌رو به‌رخودانیان دیاره‌، بۆیه‌ میدیا ئه‌ركێكی‌ زۆر قورسی‌ له‌سه‌رشانه‌ به‌رامبه‌ر ده‌ربازبوونی‌ ژن له‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و سیستمه‌ی‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت، چ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ به‌كۆتا كورسیان پێده‌درێت، چ له‌كابینه‌كان كه‌ له‌18 بۆ 19 وه‌زاره‌ت ته‌نها ژنێك ده‌بینرێت، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌كایه‌كانی‌ حزبیشدا په‌راوێزخراون، كه‌ ده‌بێت میدیا و میدیا كار به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر هۆشیارانه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و به‌ربه‌ست و له‌مپه‌رانه‌ بكات، كه‌ هۆكارچییه‌ ژن وا په‌راوێزخراون، نه‌ك ته‌نها ئاماژه‌ به‌وه‌ بكات ژنێك له‌شارێك یاخود شارۆچكه‌و و شاره‌دێی‌ و گوندێك به‌هۆی‌ سته‌مه‌وه‌ بڕیاریدا كۆتایی‌ به‌ژیانی‌ خۆی‌ بهێنێت بڵاویبكاته‌وه‌و ئاسه‌واری‌ خراپ به‌دوای‌ خۆیدا به‌جێبهێڵێت، من وا هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ ورد بكرێت له‌و باره‌یه‌وه‌ واهه‌ست ده‌كه‌م به‌هۆی‌ ئه‌و په‌یامه‌ هه‌ڵانه‌وه‌ چه‌ندین ژن بوونه‌ته‌ قوربانی‌، لێره‌دا به‌ئه‌ركی‌ ده‌بینیم و ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌رشانمه‌ به‌رامبه‌ر به‌ژنان ئه‌م په‌یامه‌ له‌25 ی‌ نۆڤمبه‌ردا به‌گوێی‌ هه‌موولایه‌كیدا بده‌م و ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاره‌كان هۆشیارتر ببنه‌وه‌ له‌ده‌ستبردن بۆ په‌یامه‌كان و بزانن چی‌ په‌یامێك خزمه‌ت به‌ژن ده‌كات و هۆكارو بێ ئیراده‌بوونی‌ ژن له‌باشوور چییه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*