سەرەکی » وتار » ژینۆ محەمەدلە 25ی نۆڤەمبەردا، پەیامێكی مرۆڤانە بۆ پیاوان

مێخەک

ژینۆ محەمەدلە 25ی نۆڤەمبەردا، پەیامێكی مرۆڤانە بۆ پیاوان

كنێر عەبدوڵڵا

من باوەڕم بەوە هەیە كە پێش ئەوەی ژن بم، مرۆڤم . پێش ئەوەی بۆ مافەكانی ژنان بجەنگم، دەمەوێت لەپێناو بنەما مرۆڤایەتییەكان تێبكۆشم، بۆیە دەمەوێت دڵنیا بیت‌ كە خەباتی منی ژن لەپێناو سەندنەوەی دەسەڵاتی تۆی پیاو نییە بەتەنها بۆ خۆم، ئەوەندی بە ئامانجی هاوبەشبوونمانە پێكەوە، چونكە دڵنیام پێكەوەبوونمان هیچ كاممان پەراویز ناكات و كەسمان ناكات بە زۆردار یان دەسەڵاتدار یاخود تاوانبار و بكوژ بەسەر ئەوی ترەوە. دڵنیام ئەو كاتەی وەك مرۆڤ بیر دەكەمەوە هیچ كات بە زۆرەملێ و زۆرداری و توندڕەوی و تەنها لەپێناو حەزو چێژوەرگرتنێكی یەكلایەنەی كاتیدا بێ رەزامەندی ئەویتر، جووت نابم و خۆم بەتاڵ ناكەمەوە و دوور لەئیرادەی كەسی بەرامبەریش منداڵ ناهێنمە دونیاوە.
تێ دەگەم دەبێت لە ئەرك و مافەكانماندا وەكیەك بین، نەك داوای ماف بكەم، بێ ئەوەی ئەركەكانم بەجێ بهێنم، هەوڵی ئەوە دەدەم لە قۆناغە قورسەكانی پەروەردەی منداڵەكانمدا بەشدار بم؛ نەك گەر باش و راستی كرد بڵێم ئازایەتیی باوكێتی و گەر رەفتارێكی خراپ ‌و هەڵەیشی كرد بیخەمە ئەستۆی دایكی و خەتاباری بكەم. دڵنیا دەبم گەر منداڵەكانم كەسێكیان ویستیان خێزان پێك بێنن لەگەڵ ئەو كەسەی خۆشیان دەوێت، كوشتن و رەدووكەوتن و سزادان ناكەمە چارنووسیان؛ هەروەك چۆن دڵنیام توندوتیژییەكان ناگەیەنمە لوتكەی نامرۆڤایەتی تا بەرامبەرەكەم بگەیەنمە ئاقاری چارەنووسێكی نادیار كە كۆتاییەكەی خۆكوشتن، خۆسوتاندن، لێدان و ئەشكەنجەدان یان لووت بڕین ولەدەستدانی بەشێكی جەستەی بێت. سەرەڕای ئەوەی نابمە دادوەرو بێ ویستی خۆی بڕیار لە چارەنوسی بدەم، بەوەی‌ گەورە بە بچوك، ژن بە ژن، شیربایی، بەشودانی زوو وەخت یان خەتەنەی بكەم، چونكە دەزانم ئەو كاتەی وەك مرۆڤ بیر بكەمەوە، ئەوەی بۆخۆم بەڕەوای دەبینم، بۆ مرۆڤەكەی بەرامبەریشم بەڕەوای دەزانم .
بۆیە ئامانجی من لەم رۆژەدا بۆ تۆی پیاو؛ تێگەیشتنە لەم پەیامە تا بتوانین وەك مرۆڤ یەكتریمان خۆش بو‌ێت و رێز لەیەكتری بگرین. من وەك مرۆڤ بتوانم ما‌مەڵەت لەگەڵ بكەم، تۆش بتوانیت‌ وەك مرۆڤ من ببینیت‌ و وەك مرۆڤیش رەفتارم لەگەڵدا بكەیت؛ تا لە كۆتاییدا هەردووكمان؛ وێڕای شانازیمان بەرەگەزبوونی خۆمانەوە، بەڵام لوتكەی سەركەوتنی پەیوەندییەكانمان لە مرۆڤبونماندا ببینینەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*