سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » رێكەوتنی توركیا ‌و حكومەتەكەی سەراج، ئەوروپای نیگەران كردووە

رێكەوتنی توركیا ‌و حكومەتەكەی سەراج، ئەوروپای نیگەران كردووە

وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا رێكەوتنەكەی نێوان توركیا ‌و حكومەتەكەی فایز سەراج لە تەرابلوسی لیبیا تاوتوێكرد، كە رێگە بە توركیا دەدات، بچێتە ناوچە ئابوورییە كێشە لەسەرەكان لە دەریای سپی ناوەڕاست.
رێكەوتنی سنووری دەریایی كە هەفتەی رابردوو پەرلەمانی توكیا پەسەندی كرد، ململانێیەكی توندی لە نێوان توركیا ‌و یۆنان ‌و قوبرس ‌و میسر دروستكردووە دەربارەی مافی گەڕان بەدوای نەوت ‌و غازدا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ‌و هەر زوو ئەو سێ وڵاتە كە لە رووی جوگرافییەوە دەكەونە نێوان توركیا ‌و لیبیاوە، دژی رێكەوتنەكە بوون ‌و بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییان لە قەڵەم دا.

پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی
لە كاردانەوەیەكیدا لە بەرامبەر رێكەوتنەكە، كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە رەتدەكرێتەوە، یۆنان باڵیۆزی حكومەتەكەی فایز سەراجی لە وڵاتەكەی دەركرد.
لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتییەكەشدا كە رۆژی دووشەممەی رابردوو لە برۆكسل بەڕێوەچوو، نیكۆس دنیاس وەزیری دەرەوەی یۆنان داوایكرد قسە لەسەر مەسەلەكانی پەیوەست بە ئیمزاكردنی یاداشتەكەی نێوان توركیا ‌و حكومەتەكەی تەرابلوس بكرێت ‌و رێكەوتنەكەی بە پێشێلكردنی راستەوخۆی یاسای نێودەوڵەتی ‌و دەریاوانیی نێودەوڵەتی وەسفكرد. وەزیری دەرەوەی یۆنان داوای لە وڵاتانی یەكێتییەكە كردووە كە ئیدانەی یاداشتەكە بكەن ‌و پشتگیریی لە هەڵوێستی وڵاتەكەی ‌و قوبرس بكەن. تەئكیدیشیكردۆتەوە كە یۆنان هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتەگەڕ، لە پێناوی پاراستنی سەروەری ‌و مافە سیادییەكانی.

پشتیوانیی یۆنان دەكەن
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ: جۆسیپ بورێل كۆمسیاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا ئاشكرایكردووە، لە كۆبوونەوەكەدا یاداشتەكەیان تاوتوێكردووە ‌و ئەو مەسەلەیە نیگەرانیی جددی لێكەوتۆتەوە. روونیشیكردۆتەوە: یاداشتەكە كە لەنێوان توركیا ‌و حكومەتەكەی سەراج-دا ئیمزا كراوە، تەنها لەم دواییانەدا بڵاوكراوەتەوە.
ئاژانسەكانی دەنگوباس بڵاویانكردەوە: ئەلیكساندەر چالینبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا سەرسوڕمانی خۆی راگەیاندووە لە دابەشكردنی دەریای ناوەڕاست لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا ‌و بەپێویستی زانیوە شێوازێك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیدا بدۆزرێتەوە.
لای خۆیەوە، ستێف بلوك وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاندووە: وڵاتەكەی هەمیشە لایەنگری بەهێزی حوكمی یاسای نێودەوڵەتییە ‌و پشتیوانیی هۆڵەندای بۆ یۆنان دەربڕیوە.
میدیاكان باس لەوە دەكەن، ئەنقەرە یاداشتی ناڕەزایی قوبرسی رەتكردۆتەوە، ئەمەش حكومەتی نیقۆسیای ناچاركردووە كە پەنا بباتە بەر دادگای نێودەوڵەتیی لە لاهای، بۆ پاراستنی سەروەرییەكانی بە هەموو شێوازێكی یاسایی.

سوپای نیشتمانیی لیبیا دەستەوەستان ناوەستێت
پێشتریش ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا ئیدانەی ئیمزاكردنی یاداشتەكەیان كرد كە لە نێوان حكومەتەكەی فایز سەراج لە تەرابلوس ‌و توركیا ئیمزا كراوە ‌و بە خیانەتی مەزن ناوی بردووە. هۆشداریی ئەوەشی داوە كە سوپای نیشتمانیی لیبیا دەستەوەستان ناوەستێت.
لای خۆشیەوە سوپای نیشتمانیی لیبیا بەپێویستی زانی لە دژی رێكەوتنەكە بوەستێتەوە ‌و جەختیشیكردەوە كە شەڕی ئێستایان بۆتە بەرەنگاربوونەوەی داگیركاریی دەرەكیی بۆ سەر لیبیا.
سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوە دەكەن، نزیكەی مانگێكە ئەو سوپایە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی بەرفراوانی دەستپێكردووە، بەئامانجی لەناوبردنی میلیشیا توندڕەوەكانی تەرابلوسی پایتەخت بە فەرماندەیی فایز سەراج.

ناوچەی دەریاییان بۆ خۆیان دیاریكردووە
بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان، توركیا ‌و حكومەتەكەی سەراج لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ناوچەی دەریاییان بۆ خۆیان دیاریكردووە. هەروەها لەكاتی بوونی سامانی سروشتیی لە ناوچەیەكی ئابووری لایەنێكیان، بۆ لایەنەكەی تریش دەبێت ‌و هەردوولاش دەتوانن رێكەوتن ئیمزا بكەن، بۆ دەرهێنانی ئەو سامانە سروشتییانە بەشێوەیەكی هاوبەش.
جێی ئاماژەیە، سەرەڕای ئەوەی توركیا ‌و یۆنان لە پەیمانیی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) هاوپەیمانن، بەڵام دەربارەی كۆمەڵێك دۆسێ دەیان ساڵە ناكۆكن، لەنێویشیاندا ململانێی ئیقلیمی لە دەریای ئیجە.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

 545 جار بینراوە